"an independent online kurdish website

رووداو : پۆلیسی سۆران رایدەگەیێنێت، ئەو کەسەی ئەندامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ـی کوشتووە، کوڕەکەی خۆی بووە و دوای چەند کاژێرێک دەستگیرکراوە.

 

رائید هاوار ئەرگوشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “بکوژی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) کوڕەکەی خۆی بووە، دوای چەند کاژێرێکیش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا”.

 

بەگوتەی هاوار ئەرگوشی، بکوژەکە ناوی محەممەدە، لەدایکبووی ساڵی 1996ە و پیشەی خوێندکارە. بە چەکەکەی باوکی تاوانەکەی ئەنجامداوە و زیاتر لە 10 گوللەی کڵاشینکۆفی لێداون. ئاماژەی بەوەش کرد کە لای پۆلیس دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رەتیشی کردووەتەوە لە کوشتنی باوکی پەشیمان بێت.

 

وەک هاوار ئەرگوشی باسیکرد، بکوژەکە هۆکاری کوشتنی باوکی بۆ پۆلیس ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، باوکی بۆ ماوەیەکی زۆر مامەڵەی خراپی لەگەڵ خۆی و خانەوادەکەی کردووە، هەروەها چەند رۆژێک پێش ئێستا لێیداوە و هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بۆیە ئەویش ئەمڕۆ کوشتوویەتی. ئەرگوشی جەختی لەوەش کردەوە کە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لێکۆڵیەوە بەردەوامدەبێت.

 

کاژێر 6:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 30-3-2018، لە قەزای سۆران تەقە لە ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەناوی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) کرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

 

ئەحمەد میر ئەحمەدی لە ساڵی 1964 لە دایکبووە، بەگوتەی کەسوکارەکەی 40 ساڵ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و، سێ جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کراوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 1-3-2018، لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ناوی سەڵاح عەباس تەقییەوە، بەهۆیەوە خۆی و کوڕێکی تەمەن 33 ساڵی بە ناوی سەباح برینداربوون. دوای چەند کاژێرێک مانەوەش لە نەخۆشخانە سەباح گیانی لەدەستدا.

 

هاوکات رۆژی 7-3-2018، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بەناوی (قادر قادری) لە ناوچەی بالیسانی باشووری کوردستان تەقەی لێکرا و کوژرا.

 

دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتی کوشتنی قادر قادری خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، راشیگەیاند: “تاوانبارانی تیرۆرکردنەکە باندێکی پێنج کەسی بوونە (ژنێک و چوار پیاو) و سەرجەمیان دەستگیرکراون، فەرمانیشیان لە ئیتڵاعاتی ئێرانەوە وەرگرتووە”.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

..

بابەتی پەیوەندی دار

کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبی دێموکرات ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

کوردستان میدیا: سەبارەت بە کوژرانی کاک ئەحمەد ئێرانی ئەندامی چالاکی حیزب لە شاری دیانای باشوری کوردستان، کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

pdki-arm- 

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

بۆ ئاگاداری ڕای گشتیی

 

بەداخەوە کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٠ی خەکەلێوەی ١٣٩٧ کاک “ئەحمەد ئێرانی” خەڵکی نەغەدە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای سۆران لە باشووری کوردستان کەوتە بەردەستڕێژی کەس یان کەسانێکی نەناسراو و گیانی لە دەست دا.

 

رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و دواتر لە راگەیەندراوێکدا هەموو لایەک لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەینەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیونی سیاسی نیزامی

١٣٩٧/١/١٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی