"an independent online kurdish website

 ڕێژیمی ئاخوندی ئێران وەك دەیەی ٩٠ی زاینیی هەرێمی کوردستانی کردۆتەوە شوێنی ڕاوکردن و لە ناوبردنی موخالیفانی و لە ماوەی چەند مانگێكدا،

muhamad-suleimani

محەممەد سولەیمانی

بەداخەوە کۆمەڵێك لە تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و حدک یان بە ئامانج گرتووە و ئەگەر هێزە ئەمنیەکانی کوردستان سنوورێك بۆ ئەو کردەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران دانەنێن، چیتر باشووری کوردستان ئەو شوێنە ئەمن و ئامانەی نابێت بۆ هێزە سیاسی و تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە، نیشتەجێی ئەو بەشەی وڵاتن.  کەس دژی پەیوەندی دوو قۆڵی لە نێوان حکوومەتی ئاخوندی و هەرێمی کوردستاندا نیە و هەر دوولایەنی پەیوەندیدار لازمە وەك نەریتێکی هاوسێیەتی ڕێزی سەروەری یەکدی بگرێ و هیچ لایەك نەبێتە هۆی بشێوێ و نائارامی بۆ یەکدی. بەڵام پاش ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکان بە دوایی رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەردا کۆمەڵێك دەرهاویشتەی نامۆ  و ناشیاو گریمانەی سەرهەڵدانەوەیان هەیە و یەك لەوان دەست پێکردنەوەی زنجیرەی کردەوە تیرۆرستیەکانە لە لایەن ڕێژیمی تاران.  حکوومەتی ئاخوندی بە دەست پێکردنەوەی دووبارەی پیلانی گەورەی تیرۆری  سیاسی نەیارانی لەو بەشەی کوردستاندا، بێگوومان  نیەت و ئامانجی خۆی هەیە و زۆر زیرەکانە ئەو کردەوانەیان پەرەپیدەدەنەوە بۆ ئەوەی زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی و کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەیی ئەو دوو بەشەی کوردستان بگەیەنن. هەربۆیە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەوە زیاتر بەرچاویان روون بێ و ڕێگری لە زیاتر بڵاو بوونەوەی دیاردەی خۆفرۆشی بگیرێ و ئەوانەی خەیانەتی سیاسی و نەتەوەیی ئەنجامدەدەن، لازمە  بە توندترین شێوە سزا بدرێن. ڕێژێمی تاران لە بەر ئامانجی خاسی خۆی  هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی بە ئامانج گرتووە و هەوڵی لە نێوبردنیان لە باشووری کوردستان دەدات، چوونکی زۆرباش دەزانێت کە حدکا و حدک و هێزەکانی تری ڕۆژهەڵات وێڕای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و ئەزموونی سیاسی ئەو بەشەی کوردستان، ناوچە سنووریەکانیان بەرەو قووڵایی باشوور چۆلکرد و دەستبەرداری خەباتی سیاسی و چەکداریان بوون و لە کاتی ڕیفرادۆمیشدا زۆر بە ئاشکرا و بەرچاو،  هاوکاری و پشتیوونیان بۆ هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەیەکانی رێزدار مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. پاش  دەرکەوتنی  ئەنجامەکانی ڕیفرۆدۆمیش، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شوعار و وتنەوەی سروودی نیشتیمانی و بەرزکردنەوەی  ئاڵای کوردستان و دەنگی شادمانیان، هەستی خۆشحاڵیان بۆ گەلی برای باشوور دەربری.

کاربەدەستانی ئێران زۆر چاك دەزانن کە پەیوەندیەکی دێرین و مێژووی گەش لە نێوان ئەو دوو بەشەی کوردستاندا هەیە و بۆ تێکدانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ راوکردن و تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات دەسنیشانکردوە هەتا لەو ڕێگایەوە ناکۆکی و کۆدەنگی نەتەوەیی نەمێنێ و هەستێکی تر دروست بکەن. لە بەر تیشکی رووناکایی ئەو ئەگەر و گریمانە مەترسیدار و زیان هێنەرانەدایە کە دەڵێین ئەرکی نەتەوەیی  حکوومەت و هێزە ئەمنیەکانی کوردستانە کە زیاتر لەجاران هەوڵی پاراستنی ژیانی هاو وڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی، دانیشتووی هەرێمی کوردستانیان لە بەر چاو بێت و ئیدی بە رێگا نەدرێت مەبەستی  حکوومەتی ئاخوندی کە پەرەپێدانی ئاژاو و ناکۆکیە لە نێوان گەرمێن و کوێستاندا، ئەو  پیلانە مەترسیداریان  گەشەبکات و زیان بە ئاستی هاوخەباتی ڕۆژهەڵات و باشوور بگەیەنێت. ئەگەر سەیری رووداوە سیاسی و مێژوویەکان بکەین، پەڵەیەكی جێگای شەرم لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نادۆزینەوە کە بۆ مەرامی خاس و بە بەستراوەیەن بە داگیرکەرانی کوردستان، ڕۆڵەکانی بەشەکانی دیکەیان بە دەستی تیرۆر یان شەهید کرابێ.

لە ئێستادا سەلامەتی ژیانی هاو وڵاتیانی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆی هەر تاکێکی کوردستانە و زۆر بەداخەوە کە هاوپشتی و هاوخەباتی ڕۆژهەڵاتیەکان، بەو جۆرە وڵام بدرێتەوە. ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی تایبەتی و لووقمێك نان، خۆفرۆشی دەکەن و براکانیان دەکوژن، جێگای ئەسەف و داخە، چوونکی کوردی ڕۆژهەڵات هەرگیز خراپەی نەبووە و لە کاتیتەنگانێدا هەردەم بە دەنگی براکانیان لە باشوورەوە هاتوون. مرۆڤی بە وێژدان و هەق وێژی کوردستان، نابێت لەوەی زیاتر ڕێگابدەن دەستی باندە تیرۆریستیەکانی حکوومەتی ئاخوندی بەوخۆرە کراوە و ئاواڵە بێت و لە باوەشی خەڵکی کوردستاندا، کوردی ڕۆژهەڵات شەهید بکرێ و بکەرەکانیش بێ ئەوەی سزابدرێن،  دەربچن و سزای تاوانەکانیان وەرنەگرن. کوردانی ڕۆژهەڵات لە بەردەم هەڕەشەی تیرۆر و لە نێوبردن دان و ئەگەر ئاوڕێکی جدی لە بارودۆخ و ئاسایشی ژیانیان نەدرێتەوە، مەترسی و زیانەکان ڕەنگە  لەوەی گەورەتریش بن و مناڵی زیاتر بێ باوك و دایک بن. ئەوەی زۆر جێگای داخە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیش وەك پێویست هەڵوێست و کاردانەوەیان نەبووە و تەنانەت بە رێگای تایبەتیشەوە هاوڵیان نەبووە بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی ژیان و ماڵی ئەندامان و لایەنگرانیان  وەربگرن و کاتێك بەرەو سنوورەکان جووڵەیانکرد بارۆدۆخێکی تر بوو و ئێستاش رووداوەکان شتێکی ترن. بەڵام لە کەس روون نیە ستڕاتیژی سیاسی و بەرگری هێزەکان چییە و چۆن خۆیان لە هێرشە  تیرۆریستیەکان  دەپارێزن یان ئەوەتا هەر دەبێت بە ڕاگەیاندراو  دڵنەوایی خۆیان بکەن و هاوبەشی خەمەکان بن!!!!!

محمد سلێمانی  

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی