"an independent online kurdish website

دوێنی شەو سی مارسی ساڵی دووهەزار هەژدە دڵە گەورەکەی کەسایەتی ناوداری کورد کاک عەوڵا گەنجە لە لێدان کەوت.

کاک عەوڵا تێکۆشەری دێرینی دێمۆکرات خۆشەویستی خەباتگێڕان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەت خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار ، شنۆ ، نە‌غەدە، سابڵاغ لە ڕۆژهە‌ڵاتی کوردستان و ناوچەکانی قەڵادزێ، ڕانیە و كۆیە دەورووبەریان لە باشووری کوردستان بوو. کاک عەوڵا لە تەمەنی هەشتا و شەش ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لێکردین ، لە لایەک گەلێک ئەزموونی بە نرخ و لە لایەکی دیکەشەوە غەم و پەژارەیەکی زۆری لە دوای خۆی بۆ بە جێ هێشتین.

کاک عەوڵا وەک کەسایەتییەکی دیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە قۆناخەکانی جۆراجۆری ژیان و بەرخۆداندا ، لە کاتی تێکۆشانی لە نێو ڕیزەکانی دێمۆکرات لە شار و شاخ دا ،لە کاتی دەربەدەری و ئاواروییدا و ئەو کاتەش بە ناچار دەگەڕێتەوە زێدەکەی خۆی پیرانشار وەکوو مرۆفێکی جێگای مەتمانە و کوردێکی دڵسۆز و پشتیوانێکی بە ئەمەگ دەمێنێتەوە و ‌هیوا بەرنادا.

بێگوومان ئه‌مه‌گناسی و پاکی و دڵسۆزی وخه‌باتگێڕی و دڵگه‌وره‌یی و میوانداری ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ و تێکڕای بنەماڵەکەیان لای هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی کە دەیانناسی ڕوون و ئاشکرایە. دڵنیام تێکوشەرانی ڕێگای ڕزگاری لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ئەو سات و کاتانەیان لە بیرناچێ کەلە دەرگای ماڵەکەیان دەدا و بە دڵێکی پڕلە هیوا و ئوومێدە دەرگایان بۆ دەکرایەوە و بە باوەشێکی گەرم وەردەگیران. لە ڕاستیدا ماڵەکەیان ببو بە شوێنی حەسانەوەی و پشوودان و دووبارە تێهەڵچوونەوە.

دیارە تێکڕای ناسیاو ئازیزانت بە ماڵئاوایی کردنت خەمبارن، بەڵام من لە دوو لاوە خەم دایگرتووم. یەکەم هاوڕێیەکی جێگای مەتمانە ڕٶژانی پێشمەرگایەتیم لە دەست داو دووهەم باوکی شەریکی ژیانم سوورییا ژنە بە ئەمەگ و هاوخەم و خۆڕاگرەکەی ڕۆژانی سەختی ژیانم کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بە خاتری من زیاتر لە سی ساڵ لە خۆشەویستی و کۆڕی ئازیزانی و بە تایبەت لە باوەشی گەرمی دایک و باوکی بێبەش بوو. گەلێک تامەزرۆ بوو بۆ جارێکیش بوو بێ لە باوەشیان بگرێتەوە. دواجار چەند ڕۆژ لەوە پێش قسەی لە گەڵ باوکی دەکرد گوێم لێبوو وەک هەمێشە بە وەرەوە دەیگووت بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە. بێگوومان یاد و بیرت لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

به‌و بۆنه‌وه لە لایەن خۆم و تێکڕای بنەماڵەکەمانەوە سه‌ره‌خۆشی له گشت بنه‌ماڵەکەیان بە تایبەت دایە گوڵی خانم ، یاری با وەفا ودیاریە بە نرخەکەی کاک عەوڵا و تێکڕای خوشک و برایان و هاوسەری بە وەفام شیرە ژنەکەی ڕۆژانی سەختی ژیانم سوورییا و که‌س و کار و گشت یاران وئازیزانی ده‌که‌م و له قووڵایی دڵمه‌وه هاوخه‌میانم ، هیوامه سینگ فراوانی و دڵ گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی و خۆ ڕاگری ئه‌و که‌سایه‌تیه له نێو دڵی گشت ناسیاوانیدا بمێنێته‌وه‌ و ئاواتی بەرزی ئەو و هەموومان که‌ ڕزگاری کوردستان و نه‌ته‌وه‌ به‌شخوراوه‌کە‌مانە‌ بێتە دی . له‌ بیرتان ناکه‌ین . ڕوحتان شاد و یادتان به‌رز و به‌ڕێز بێ.

 ….

من و زبێد لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک عەوڵا گەنجە بە گشتی و کاک ئەبوبەکر و خوشکە سورەیا و خوشکە فرشتە بە تایبەتی و هەموو خزمانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

روحی کاک عەبدوڵا شاد بێ

ساڵە نەڵۆسی

..

هەواڵی پەیوەندی دار

 

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد.

کوردستان میدیا: “عەبدوڵڵا نومرە” کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵکی پیرانشار، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١١ی خاکەلێوە، “عەبدوڵڵا گەنجە” ناسراو بە “عەبدوڵڵا نومرە” کوڕی “ڕەشید” خەڵکی پیرانشار، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کوچی‌ دوایی کرد.

عەبدوڵڵا ساڵانی ٤٦ ـ ٤٧ پێوەندی بە تێکۆشەرانی ئەو جووڵانەوە ‌دەگرێت و دەبێت بە یەکێک لە یارمەتیدەرانی ئەو شۆڕشە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و سەرهەڵدانەوەی حیزبی دێموکرات، هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٥ دەبێتە هاوکاری بەشی ماڵیی کومیتەی شارستانی پیرانشار، دوای تووشی ژیانی تاراوگەنشینی دەبێت.

ماوەیەکی زۆر لە شاری قەڵادزێ نیشتەجێ دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵات، بەڵام دڵی هەمیشە لە لای حیزب و تێکۆشەرەکانی بووە.

جیا لە خۆی دوو کوڕی بۆ ماوەی چەند ساڵ پیشمەرگە بوون و یەکیان لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ ماوەیەک زیندانی دەکرێت.

تەرمی ئەم تێکۆشەرە کوردە، لە نێو ئاپۆرای خەڵکی شاری پیرانشار بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

……

پرسەی کاک عەبدوڵا لە پیرانشار بەڕێوە چوو

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی