"an independent online kurdish website

ماڵپەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” کۆمیتەی دانمارک” لە گەڵ دوکتور یەکتا ئۆزونئۆغلۆ ،دۆستی لە مێژینەی شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی پێکهێناوە.dr_yekta_22

دوکتور یەکتا ئووزون ئۆغلۆ گیلانی لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی لە شاری فارقینی  باکووری کوردستان لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٧١ دا بۆ درێژەدان بە خوێندن بەرەو ئورووپا دێت و لە وڵاتی فەرانسە نێشتەجێ دەبێ. لە ساڵی ١٩٧٣ تا ساڵی ١٩٧٩ لە زانکۆی تیباڕشتەی پزیشکی دەخوێنێت و بروانامەی وەردەگرێ.

دوکتور یەکتا پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی هێزەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر کوردستان بە پێشنیاری شەهید قاسملوو و لە گەل تیمێکی پزیشکانی بێ سینوور بەرەو باکووری  رۆژهەڵاتی کوردستان دێت و ماوەیەکی زۆر پێشمەرگە بریندارەکانی حیزب و خەڵک  دەرمان دەکا. بۆیە هەتا ئێستاش ناوی دوکتۆر یەکتا لای خەڵکی ئەو دەڤەرانە ناوێکی ئاشنا و خزمەتکاری گەل و نەتەوەکەیەتی.

 ١-دوکتور یەکتا ئۆزونئۆغلۆ ، جەنابتان چۆن و لە کوێ دوکتور قاسملووتان ناسی ؟

من لە ساڵی ١٩٧١ بۆ دریژەدان بە خوێندنی پزیشکی بەرەو کۆماری چێکۆسلڤاکی هاتم و لەو وڵاتە جێگیر بووم. من ماوەی یەک ساڵ لە دەرەوەی شاری پڕاگ زمانی چکیم دەخوێند و پاش ئەوەی کە زانکۆی “چارلس” منیان وەک خوێندکار قەبوول کرد، بەرەو پراگ هاتم و لەوێ لە خەوتنگەی خوێندکاران دەمامەوە.

رۆژێک یەکێک لە هاورێیانی من لە زانکۆ بە ناوی دوکتور ڤلادێمیر واجلاڤوو لە من پرسی کە ئایا من دوکتور قاسملوو دەناسم یان نا؟ منیش زۆر بە سەرسورمانەوە وتم: قاسملوو !! زۆرم پێ سەیر بوو کە ئەو قاسملوو دەناسێ !

دوای وتم : بەڵێ،ئەو یەکێک لە رێبەرانی گەلی کوردە . ئەویش چاوی لە من کرد و وتی : دەزانی کە ماڵی قاسملوو لە نێزیک ئەو خەوتنگەیە،کە تۆ تێدا دەژی !!!

منیش کە قەت باوەرم نەدەکرد ، وتم تۆ لە کوێ قاسملوو دەناسی ؟ وتی : قاسملوو رەفیقی باوکمە “باوکی یەکێک پسپۆرانی رێفۆرمی کشت و کاڵ لە وڵاتانی سۆسیالیستی”بوو.

دوای لە هەمان رۆژ وتم کە دەبێ من دوکتور قاسملوو ببینم. پاشان لە هەمان رۆژ ئەو منی بۆ ماڵی دوکتور قاسملوو برد کە ٨٠٠ مێتر لە خەوتنگەی ئێمە دوور بوو.

ئێمە بەرەو ماڵی شەهید قاسملوو چووین. بەڵام لە ماڵ نەبوو. خێزانی نەسرین خانم “هێلێنا”و کچەکەی مینا لە ماڵ بوون ، ئەوان رێک وەک ماڵباتێکی کورد پێشوازییان لە ئێمە کرد و ئێمەس قەولماندا کە رۆژێکی دیکە کە کاک دوکتور لە ماڵ بێ، سەردانی ئەوان بکەین.

پاشان ئێمە لە رۆژێکی دیاریکراودا چووینە ماڵیان و کاک دوکتور لە ماڵ بوو و بەو شێوەیە یەکترمان ناسی . شەهید قاسملوو زۆر خۆشحال بوو کە کوردێکی باکووری کوردستان لە کۆماری چێکۆسلڤاکی و لە زانینگەهی ناوداری چارلس لە بواری پزیشکی دا خوێندکارە.

ئەو رۆژە لە ژیانی من دا یەکێک لە گرینگترین رۆژەکانی ژیانی منە و لەو رێکەوتە بە دواوە هەر کاتێک کاتم هەبا سەردانی ماڵی کاک دوکتورم دەکرد و ئەوانم دەبینی.

٢-کەسایەتی شەهید دوکتور قاسملووت چۆن بینیو ؟

من لە ژیانی خۆمدا پاش شەهید کاک دوکتور قاسملوو ، زۆر کەسایەتی ناودارم ناس کرد، وەک: ویلی براندت، شیمۆن پرێس و زۆر کەسی دیکە. بەڵام هیچ مرۆڤێکم وەک کاک دوکتور قاسملوو بە دەم پێکەنین نەبینیوە . ئەو بە دڵیش هەر وابوو و بە دڵیش زۆر دڵپاک بوو.

پێکەنینی شەهید قاسملوو بۆ ژیان و مرۆڤایەتی بوو ، بەڵام بەداخەوە خەیانەت بەو پێکەنینە کرا !

٣-تیرۆری شەهید قاسملوو و زەربەی لە دەست دانی ئەو رێبەرە، چ باندۆرێکی لە سەر بزاڤی کورد هەبوو ؟

قاسملوو هیچ کات لە بیر نەکراوە و ئێستاش لە ئۆرووپا وەک کەسایەتیەکی بەهێز و بێ وێنە دەناسرێت.

لە رۆژهەلاتی ناوەراست تا ئەمرۆ رێبەرێکی وەک قاسملوو پەیدا نەبووە، کە ئەو تایبەتمەندیانەی شەهید قاسملووی هەبێ. قاسملوو وەک رێبەرێکی دێموکراسیخواز هەمێشە یادی دەکرێت.

ژیانی کاک دوکتور قاسملوو پاش رووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ لە چێکۆسلڤاکی و پاش دوورخرانی تودە لە کۆماری چێکۆسلڤاکی، زۆر باش نەبوو.

زۆر زەختیان خستبوو سەر قاسملوو و زۆر گۆشاریان بۆ دەهێنا و بواری ئابووریدا بە تەواوی لە هەموو شتێک بێبەری کرابوو.

ئیدارەی ئیتلاعاتی چێکۆسلڤاکی ،هەمێشە هەرەشەیان لە قاسملوو دەکرد و رێبەری حیزبی تودە زۆر هەوڵیان دەدا قاسملوو لەو وڵاتە دەر بکرێت،بەڵام بە هۆی ئەوەی کە دوکتور قاسملوو کەسایەتیەکی زۆر گەورە بوو و زۆر کەس دەیانناسی زۆر دەرگا بۆ کراوە بوون.

تەنانەت حیزبی تودە ئیزنی نەدا کە کتێبی”کوردستان و کورد”ی شەهید کاک دوکتور قاسملوو کە بە زمانی چکی نوسرابوو ،لە شاری پراگ چاپ بکرێت ! بەڵام هەر بە هۆی دۆستانی شەهید قاسملوو ئەو کتێبە لە پێتەختی سلۆڤاکیا چاپ کرا.

کاک دوکتور قاسملوو سینووری نە دەناسی و وەک کوردێکی راستین لە بەرامبەر ئەو داگیرکەرانەدا بەرخۆدانی دەکرد و گژیاندا دەچوو.

 

٤-یەکێک لە هیواکانی کاک دوکتور قاسملوو بە ناونەتەوەیی کردنی پرسی کورد بوو . بۆ ئەو مەبەستە لەو سەردەمەدا هیچ خەباتێکی هەبوو ؟

با راستیەک پێتان بڵێم . کورد هەرچی هەیە تا ئەمرۆ لە سایەی دیپلۆماسی و لێزانینی قاسملووە.

لە ساڵی ١٩٧٦ من لە چێکۆسلڤاکی، یەکەم چاپخانەی چاپی کتێبی کوردیم بە نهێنی کردەوە.پاشان دەستم بە چاپی کتێبی کوردی کرد و پاشانن بۆ شەهید قاسملووم برد و کاک دوکتور زۆر پێی سەیر بوو کە لە ناو سیستمی تیرۆری ئەوکاتەی چێک دا من ئەو کارە دەکەم.منی لە باوەش گرت و منی ماج کرد.زۆر خۆشحال بوو و وتی دەزانی سزایی ئەو کارەی تۆ چییە ؟ وتم : بەڵێ قۆربان،٨ ساڵ زیندانە،بەڵام ٨ ساڵ زیندان لە بەرامبەر ئەو پێشمەرگانەی کە ژیانی خۆیان بۆ کوردستان بەخت دەکەن هیج نییە !

پاشان رووی لە من کرد و وتی :ئەگەر من هێندێک شت بە تۆ بدەم ئەتوانی چاپیان بکەی ؟ منیش وتم بەڵێ کاک دوکتور .

چەند گۆڤار و رۆژنامەی بە من دا و وتی لە هەر کامە ١٠٠ دانە بۆ من چاپ بکە.منیش وتم :کاک دوکتور، ١٠٠ دانە زۆر کەمە، چۆنکە دەزگای چاپ لە هەر دەقیقەدا ١٠٠ دانە چاپ دەکا و من ١٠٠٠ دانەم لە هەر کامە بۆ کاک دوکتور چاپ کرد و پاشان ئەو گۆڤار و رۆژنامانەم هێنا ماڵیان کە ئەو کات لە ژێر کۆنترۆل دا بوو تەحویلم دا.

کاک دوکتور زۆر خۆشحال بوو و باوەری نەدەکرد کە لە چێکۆسلڤاکی شتێکی وا موممکینە.لەو رێکەوتە بەدواوە من هەموو رۆژنامەکانی حدکام لە ئورووپا چاپ دەکرد.

شەهید قاسملوو بەو حالەش و لە بێ دەرەتانیدا هەمێشە رێگایەکی پەیدا دەکرد کە لە وڵاتانی بیانی دۆست بۆ گەلی کورد پەیدا بکا و پەیداش دەکرد و کەسایەتیەکی وا بە هێز بوو کە هیچ کەس وڵامی “نا”ی پێ نەددا.

قاسملوو لە راستیدا لە گەڵ ئورووپاییەکان سیاسەتی نەدەکرد، بەڵکوو زۆر لە وان بەهێزتر و مەدەنیتر و زاناتر بوو. ئەو چاند و مێژووی ئورووپایەکانی زۆر لەوان باشتر دەزانی و هەر بۆیە هەموو کەسێک دەبوو لایەنگر و دۆستی قاسملوو.

ئەو دۆستانەش لە راستیدا دەبوونە دۆستی گەلی کورد.

من شەهید قاسملووم لە گەڵ کەنداڵ نەزان کە کورە خاڵی منە، ئاشنام کرد.کەنداڵ نەزان هەموو هاوینان دەهاتە پراگ و لە لای من دەماوە. ئێمە پرۆژەی نوسینی کتێبێکمان بە زمانی فەرانسەی لە سەر کورد و کوردستان هەبوو. من بە کەنداڵ پێشنیارم کرد کە بۆ نوسین لە سەر رۆژهەلاتی کوردستان دوای هاوکاری لە کاک دوکتور بکەین و پاش ئەوەی لە گەڵ کاک دوکتور باسمان کرد ئەویش قەبووڵی کرد. پاش ماوەیەکی زۆر کەم ٧٠ لاپەڕەی لە سەر رۆژهەلات بۆ ئێمە نووسی.

کتێبەکە لە فەرانسە چاپکرا و دەنگدانەوەی زۆر باشی بوو و پاشان کە لە ساڵی ١٩٧٧ دا دوکتور قاسملوو لە چێکۆسلڤاکی دەرکرا،ئێمە لە پاریس شوێنمان بۆ کاک دوکتور پەیدا کرد .چۆنکە ئەوکات هەموو کەس قاسملوویان وەک سیاسەتمەدار و رۆژهەلات ناس دەناسی.

٥-چ بیرەوەریەکتان لە گەڵ کاک دوکتور هەیە کە تا ئێستا باستان نەکردووە ؟

شتێک کە قەت لە بیرم ناچێ و تا مردن لە گەڵم دا دەبێ،ئەوەیە کە کاتێک کە زانکۆم تەواو کرد و چوومە پاریس ،مامۆستام، رەفیقی گیانیم، رێبەرم دوکتور قاسملوو بۆ رۆژهەلاتی کوردستان چوبوو و شۆرشی دەست پێکردبوو.

من نامەیەکم بۆ وەزارەتی کار وباری دەرەوەی فەرانسە نووسی و سپاسی ئەوانم کرد کە بۆ درێژەدانی “فۆق تەخەسۆس” منیان قەبووڵ کردووە، بەڵام ئینسرافی خۆم راگەیاند و وتم: نەتەوەکەم وەک پزیشکێک پێویستیان بە من هەیە.

منیش زۆر بە پەلە بەرەو تەهران حەرەکەتم کرد و لەوێ برایی عەزیزم کاک دوکتور شەرەفکەندی بۆ پێشوازی هاتبوو فرۆکەخانە.

چەند رۆژ لە ماڵی شەهید شەرەفکەندی لە تەهران مامەوە و پاشان من و کاک دوکتور شەرەفکەندی چوونی من بۆ مەهاباد مان ئۆرگانیزە کرد.ئێمە سەرەنجام بەرەو مەهاباد رویشتین کە ئەوکات لە دەستی دەوڵەتدا بوو.

لە سپێدەی ٢١.٣.١٩٨٠ من گەیشتمە شاری مەهاباد و هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە بۆ جارێک لە ژیانم دا لە رۆژی نەورۆز لە مەهاباد بم.مەترسی زۆر بوون. ئەو کەسانەی کە بۆ پێشوازی من هاتبوون منیان ماڵ بە ماڵ دەکرد و چەندین ماڵیان گۆری ! من لەو شتە تێ نەدەگەیشتم و سەرەنجام منیان بردە بەر ماڵێک و وتیان ئیتر تەواوە و گەیشتین !! دەرگا کرایەوە و جارێکی دیکە دوکتور قاسملووم بینی ! ئەو پێکەنین و بە زمانی چکی بە منی وت : براکەم بە خێر هاتی بۆ شارەکەت، لەو رۆژە پیرۆزەی نەورۆز دا .

ئەو کە ئەوکات لە شاخ بوو ، ژیانی خۆی خستبوو مەترسیەوە و بۆ پێشوازی من تا مەهاباد هاتبوو.

پاشان بە پێکەنینەوە وتی : فەرموو خواردنی کوردی چاوەرێ تۆ دەکەن ! وەک ئەوەی کە لە مەهاباد دا هیچ پاسدارێک نەبێ رەفتاری دەکرد. بە راستی ئەر رۆژە قەت لە بیر ناکرێن.

٦-پاش ٢٦ ساڵ لە تیرۆری دوکتور قاسملوو ، چ تێروانینێکت لە سەر کەسایتی شەهید قاسملوو هەیە ؟

شەهید کاک دوکتور قاسملوو کەسایەتیەکی بێ وێنە بوو . کەس نەیتوانی جێگای ئەو لەو ٢٦ ساڵەدا پڕ بکاتەوە و پێم وانیە بەم زوانە کەس بتوانێ بیگرێ. قاسملوو وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی کوردستاندا دەدەرەوشێتەوە . ئەوە من ٢٦ ساڵە لە دژی بە راگەیاندن و کۆنفرانس شەهید کردنی قاسملوو لە ئورووپا و بێدەنگی ئورووپایەکان لە هەمبەر ئەو کارەساتە مەحکووم دەکەم و وەک خاڵێکی رەش لە ناو چاوانیان دەدەم.

 

زۆر سپاس بۆ جەنابت کاک دوکتور کە ئەو دەرفەتەتان بە ئێمەدا.

سپاس بۆ ئێوە و ئێوە دوارۆژی نەتەوەکەی منن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی