"an independent online kurdish website

جەمیل کولاهی، خوێندکاری کۆمەڵناسی زانکۆی ئۆسلۆ، لەوەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت، لەئامانجەکانی پەکەکەو دەستوەردانەکانی ئەو هێزە لەبەشەکانی کوردستاندا، پێیوایە، پەکەکە هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکاری کوردستان هاوپەیمان بووە.jemil_kolahi

نوچەنێت: پێناسەیەکی گشتیی بۆ ماهییەتی پەکەکە؟

جەمیل کولاهی: ماهییەتی پەکەکە ماهییەتێکی ئایدۆلۆژییە، ئایدۆلۆژیاش لە بنەڕەتدا لە بیر و بۆچوونی کەسێک یان کەسانێک وەک سەرچاوەی مەشروعیەت کەڵک وەردەگرێ. ئۆجەلان کە دامەزرێنەری پەکەکەیە، لە ئاستێکدا نەبووە کە خۆی تێۆرییەک دابڕێژێ و بیکاتە بناخەی دامەزراندنی پارتەکەی، بۆیە بە ناچار وەک پارتە چەپەکانی دیکەی کوردستان روو دەکاتە لینینزم و مارکسیزم،

پەکەکە لە سەر ئەساسی مارکسیستی-لێنینیستی دادەمەزرێنێ. بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەوە ئۆجەلان خۆی لە سەردەمی لاوێتیدا کەسێکی مەزهەبی بووە، هەر لە بەر ئەوە دەبینین کە پای مەزهەبیش دەکێشێتە ناو پەکەکە و لە شێوەی بەڕێوەبردنی پەکەکەدا، بە وتەی خۆی شێوەی پێغەمبەران دەگرێتە پێش و دەڵێت، تا خۆم هەم مۆڵەت نادەم کەسی یەکەم و دووهەم و سێهەم… لە ناو پەکەکەدا سەر هەڵبدەن.

واتە پارتێکی لینینیستی-مارکسیستی کە بە شێوە سەردەمی بۆ نموونە پێغەمبەری ئیسلام بەڕێوە دەچێ! لەم ناوەدا پەکەکە لە ناوەڕاستەکانی دەیەی هەشتا، بەم لاوە، لە ژێر دەسەڵاتی رژیمێکی داگیرکاری کوردستاندا، دروشمی دامەزراندنی کوردستانی یەکپارچەی کردە دروشمی ئیستراتێژیکی خۆی!

بە گرتنە پێشی ئایدئۆلۆژی مارکسیزم-لێنینیزم پەکەکە کەوتە بەرەی رۆژهەڵاتەوە و دژی رۆئاوا راوەستا! بە تایبەتی چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆ و سەر بە رۆژئاوا بوو، بنکەکانی پەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی سووریای هاوپەیمانی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو و پەکەکەش شەڕی ئیسرائیلی کرد، ئەم دژایەتییە قووڵتر بوویەوە!

بەڵام ئۆجەلان دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا ئاڵووگۆڕێکی قووڵی بە سەر ئایدئۆلۆژیی پەکەکەدا هێنا. بە شێوەیەک کە هەموو دروشمەکانی پێشوو و بنەماکانی رابردوی بێجگە لەم، سەرۆکایەتی خۆی گۆڕی. ئەمجار تێۆری سوسیال ئێکۆلۆژی موورای بووکچینی کردە بنەما و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک، کە لە سەر بنەمای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی بووکچین دامەزراوە، لە جیاتی کوردستانی سەربەخۆی کردە بنەما. رای گەیاند کە کورد دەوڵەت-نەتەوەی تێپەڕاندووە و دژ بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان راوەستا!

نوچەنێت: ئایا کورد دەوڵەت-نەتەوەی تێپەڕاندووە؟

جەمیل کولاهی: دیارە ئۆجەلان خۆی زۆر تێکەڵ بە باسی کۆمەڵناسی و کۆمەڵگە دەکا، بەڵام دەبێ بڵێم بە داخەوە لەو باسانەدا هێشتا هیچ تێنەگەیشتووە، چوونکە لە باسی سۆسیۆلۆژیدا قۆناخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی گرینگییەکی تایبەتیان هەیە. واتە کۆمەڵگەیەک ناتوانی بە سەر قۆناخێکدا باز بدا و بڕواتە ناو قۆناخێکی دیکە! بۆ وێنە بە بێ ئەوەی قۆناخی کاپیتالیستی دیبێ، بڕواتە نێو قۆناخی سوسیالیستییەوە! ئەمە ئاکامەکەی وەک یەکێتی سۆڤێتی لێ دێ و تووشی شکست دەبێ! ئێستاش تا کورد نەبێ بە دەوڵەت، زیان و قازانجەکانی دەوڵەت تەجروبە نەکات و قۆناخی بە دەوڵەت بوون بە چاوی خۆی نەبینێ، ناتوانێ بە سەریدا باز ببات و تێپەڕی بکات! جیا لەوە کورد وەک گەلی بندەست ناتوانی داوای برایەتی گەلان بکات، چونکە ئەوە گەلانن ئەویان بندەست کردووە و خاکی ئەویان داگیر کردووە. کاتێک خۆی رزگار کرد و گەییشتە ئاستی نەتەوەکانی دەوروبەر، ئەوکات دەتوانێ دروشمی برایەتی گەلان بدات، دەنا گەلێک کە خاکی کوردی داگیر کردووە و لە سەر خاکی خۆی دەیخنکێنێ، کەی برایە وکەی دەبێ بە برا؟

نوچەنێت: سیاسەتی گشتی و لە هەمان کاتدا دژ بە یەکی پەکەکە، سەبارەت بە پارچەکانی کوردستان، پڕۆژەی ئەلترناتیوسازی و تەعامولی لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەرەوە؟

جەمیل کولاهی: ئۆجەلان دەڵێ پەکەکە دژەکردەوەیەکە کە لە بەرانبەر هەموو هێزە سیاسی و ئیدۆلۆژیکە دەوڵەت خوازەکانی هەنووکە لە تورکیا و هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەرکەوتووە. ئەمە وتەیەکە کە دەکرێ سیاسەتی پەکەکە بەرانبەر بە هێزەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا بخوێنیتەوە. سیاسەتی پەکەکە لە هەر چوار پارچە، نەهێشتنی پارتە سیاسییەکانی کوردستانە بە هەر فیکر و ئایدۆلژایەکەوە بێ، پرۆژەی ئاڵتێرناتیڤ سازیش لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەر لەم سیاسەتەوە سەرچاوکە دەگرێ. واتە سڕینەوەی پارتەکانی دیکەو جێگیر کردنی پەکەکە لە جێی ئەو پارتانە. ئەمە سیاسەتێکە کە زیاتر بە قازانجی داگیرکەرانی کوردستان تەواو بووە تا نەتەوەی کورد! چونکە لە ئاکامی ئەم سیاسەتە حیزبی چەکداری کورد نییە لە هەر چوار پارچە کە پەکەکە شەڕی لە گەڵدا نەکرابێ!

لێرەدا ناتەباییەک کە لە سیاسەتی پەکەکەدا هەیە ئەوەیە، کە هاوکات کە داوای رزگاری کوردی لە هەر چوار پارچە دەکرد و دەیکا، لە گەڵ ئەو رژیمانەش کە داگیر کەری کوردستانن پێوەندی ئیستراتێژیکی هەیە! پارتێک ناتوانێ هاوکات پێوەندی ئیستراتێژیکی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێ، بەڵام پارتێکیش دابمەزرێنێ و شەڕی کۆماری ئیسلامی بکات بۆ رزگاری کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات! با ئەوەش بڵم پێوەندی پەکەکە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و عێراق و سوریە مافی بێ ئەم لاو ئەولای پەکەکەیە، بەڵام ئەوەیکە ئەو پێوەندییە ناشیرین دەکات، دەستێوەردانی پەکەکە دژی جووڵانەوەی کورد لەو پارچانەیە.

نوچەنێت: مەبەستت ئەوەیە کە پەکەکە وەک کارت، کەڵکی لێ وەردەگیرێ لە لایەن ئێرانەوە؟

جەمیل کولاهی: راست وایە. پەکەکە تا ئێستا وەک کارتی دەستی داگیر کەران کەڵکی لێ وەر گیراوە، کاتێک لە سووریا بوو رژیمی حافیز ئەسەد دژی تورکیا کەڵکی لێ وەر دەگرت. ئێستاش ئێران کەڵکی لێوەر دەگرێ، رووسیاش دژی تورکیا کەڵکی لێ وەر دەگرێ تەنانەت سەددامیش کاتی خۆی دژی حکومەتی هەرێم کەڵکی لێ وەر گرتووە. راستییەکەی ئەوەیە کە سەرچاوەی ئاوی سووریا و عێراق لە تورکیایە، ئەو دوو دەوڵەتە بە بێ ئاوی دیجلە و فورات فەلەج دەبن، بۆیە پێویستیان بە پەکەکەیە بۆ گۆشار هێنان بۆ سەر تورکیا. تەنانەت رژیمی تورکیاش کەڵکی لێ وەردەگرێ، نموونەی هەرە زەقی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی توکیا بوو، کە یەکەمجار ئاکەپە بۆ یەکەمین جار شکستی خوارد و هەدەپە رێژەیەکی باشی دەنگی دەستەبەر کرد. بەڵام ئاکەپە بە کەڵک وەرگرتن لە کارتێک بە نێوی پەکەکە دیسان بوو بە یەکەمین پارتی تورکیا.

تەنانەت لە کاتی ئێستادا ئەرووپا و ئەمریکا وەک کارت کەڵکی لێ وەردەگرن. پەکەکە ناوی لە ناو لیستی تیرۆریستی ئەرووپا و ئامریکادایە، کەچی هەر ئەو وڵاتانە چەکی پێ دەدەن دژی داعش شەڕ بکات. ئەمە گەورەترین پارادۆکسە، ئەگەر پەکەکە تیرۆیستە بۆ چەکی پێ دەدەن؟ ئەگەریش دژی تیرۆریستە بۆ ناوی لە ناو لیستەی تیرۆردایە؟ راستییەکەی ئەوەیە کە رۆژئاوا تەنیا کەڵک لە پەکەکە وەردەگرێ بۆ سەرکوتی داعش کە مەترسییە لە سەر وڵاتانی رۆژئاوا! بەڵام بە هیچ شێوە پشتیوانی سیاسی لێ ناکەن ئەمە یانی کارتی دەست! لەم نێوەشدا پەکەکە خۆی بەربەستێکە لە سەر ئەوە کە رۆژئاوا پشتیوانی سیاسی لێ نەکات!

نوچەنێت: چ بەربەستێک؟

جەمیل کولاهی: ئۆجەلان بە دەستکاری کردنی ماتریالیزمی مێژوویی مارکس، تێزێکی سەقەتی داتاشێوە کە بە تەواوی دژی رۆژئاوایە. ئۆجەلان شارستانییەتی ئەوروپا بە تێز دادەنێ و شارستانییەتی رۆژهەڵاتی ناڤین بە ئانتی تێز. لە ئاکامدا کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک بە سەنتز. ئەم تێزە بێ سەرەو بەرەیە بۆتە بنەمای بەرنامە و ئەساسنامەی پەکەکە و لق و پۆپەکانی و رۆژانە منداڵی کوردی لە سەر بە کوشت دەدەن. واتە پەکەکە لە بەرنامەو ئەساسنامەکەیدا دەڵێ لە کۆنفیدراسیۆنی دیمۆکراتیکی کوردستانەوە بۆ کۆنفیدراسیۆنی دیمۆکراتیکی رۆژهەڵاتی ناڤین، لەوێشەوە بۆ کۆنگرەی دیموکراتیکی جیهان! واتە پەکەکە لە هەوڵدایە کە شارستانیەتی ئەوروپا لە نێو ببات و کۆنفیرالیزمی خۆی لە جێیدا جێگیر بکات. وەهمێکە کە کەس سەری لێ دەر ناکات! ئەم تێۆرییانە خۆی لە خۆیدا دەبنە هۆی ئەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا پەکەکە وەک هەڕەشە سەیر بکەن و متمانەی پێ نەکەن. بۆیە تەنیا وەک کارتێک کەڵکی لێ وەردەگرن و دوایی وەک رابردوو بێ دەنگەی لێ دەکەن.

نوچەنێت: خوێندنەوەی پەکەکە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی، بە تایبەت لە پێوەندی رۆژهەڵات چییە؟

جەمیل کولاهی: خوێندنەوەی پەکەکە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لە چوار چێوەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدایە، دیارە کە باسی نەتەوە دەکرێ باسی دەوڵەتی نەتەوەیی و باسی سنووری نەتەوەیی دێتە ئاڕاوە، بەڵام ئەگەر سەیری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بکەین، ئەم سیستمە دژ بە هەردووکیانە. ئەمە بەو مانایەیە کە پەکەکە دژی ناسیونالیزمی کوردە! چونکە پڕۆژەی ناسیونالیزم پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییە، کە لەودا سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی بە روونی دیاری دەکرێن. ئەم خوێندنەوە هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە.

نوچەنێت: دەستێوەردانەکانی لە باشوور، پەیوەندی لە گەڵ یەکێتیی نیشتمانی وهاوکات کۆماری ئیسلامی، ئایا دەکرێ وەک بەرەیەکی سیاسی و ئایدۆژی پێناسە بکرێن؟

جەمیل کولاهی: ئەم بەرەیە لە مێژە پێکهاتووە. هەر لە سەرەتای دامەزرانی پەکەکەوە بناخەکانی ئەم بەرەیە دانراوە، کاتێک ئۆجەلان و هەڤاڵانی دەڕۆنە سووریا لە رێگای مام جەلالەوە کارئاسانییان بۆ دەکرێ، تەنانەت تا ماوەیەکی زۆر ئۆجەلان و هەڤاڵانی لە ماڵاکەی مام جەلالدا دەبن لە دیمەشقی پێتەختی سووریا. مام جەلام لە سووریا کار ئاسانی زۆر بۆ پەکەکە دەکات و لە رێگای ئەوەوە یەکەمین پەیوەندییەکانیان لە گەڵ رژیمی سووریا دادەمەزرێنن. هەر لە سووریاش کە هاوپەیمانی ستراتیژی کۆماری ئیسلامییە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی پەیوەندی دادەمەزرێنی کە دوایی عوسمان ئۆجەلان دەبێتە بەرپرسی پێوەندییەکانی ئێران و پەکەکە، کە ئەمە شتێکە کە عوسمان خۆی لە وتووێژەکانیدا چەندین بار دووپاتی کردووەتەوە. لە دوای شەڕی داعش ئەم هاوپەیمانییە قووڵتر بۆتەوە. ئێستا کە مام جەلال نەماوە و یەکێتی کێشەی تێ کەوتووە، پەکەکە بە تەواوی بە سەر یەکێتیدا زاڵ بووە، تەنانەت لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەڵن یەکێتی بۆتە کلکی پەکەکە و بەرەو هەر لایەک پێ خۆش بێ هەڵی دەسووڕێنێ!

دەستێوەردانەکانی پەکەکە لە باشوور دەگەڕێتەوە بۆ دوای راپەڕینی باشووری کوردستان، پەکەکە بەرنامەی داگیر کردنی دهۆک و زاخۆ دادەڕێژی، بەڵام لە گەڵ دژەکردەوەی پارتی رووبەڕوو دەبێ، تووشی شکست دەبێ، دوایی ی.ن.د.ک دادەمەزرێنێ کە دیسان پارتی لە نێوی دەبات. ئەم دەستێوەردانە تا شەڕی ناوخۆیی درێژەی دەبێ تا ئەوەیکە لەو شەڕەدا کە لە نێوان یەکێتی و پارتی رووی دا، پەکەکە بە توندی پشتیوانی لە یەکێتی نیشتمانی کرد. لە نامەیەکدا کە ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی دەیەمی پەکەکەی دەنێری دەڵێت، باشووری کوردستان ئیسرائیلی دووهەمە و بنەماڵەی بارزانی بە رەچەڵەک جوولەکەن، ئەم حکومەتە بۆ شەڕ و ئاژاوە و دژ بە پەکەکە پێکهاتووە! ناوهێنانی کوردستانی باشوور بە ئیسرائیلی دووهەمەم شتێکە کە تەنیا لە زاری رەفسنجانی سەرککۆماری پێشووی ئێرانەوە بیستراوە و ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە! ئەم دەستێوەردانە ئێستاش درێژەی هەیە، بە تایبەتی لە شەنگالدا گەیشتە لووتکە! یەکێتی نیشتمانی کە بە توندی لاواز بووە دەیەوێ بە هاوپەیمانی لە گەڵ پەکەکە، دەسەڵاتی خۆی لە بەرانبەر هەژمونی پارتیدا بپارێزێ. بۆیە مەیدان بۆ دەستێوەردانی پەکەکە هێندەیتر ئاوەڵا کراوە کە ئەمە بە تەواوی بە زیانی بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

نوچەنێت: ئاوڕدانەوەیەک لە مەسەلەی کێلەشین. ئێستاش گواستنەوەی هێزەکانی بۆ ناوچەی هەورامان کە ناوچەیی نفووزی حدکا بووە بە شێوەیەکی سوننەتی. رۆڵی یەکێتیی و ئێران؟ ئایا دەکرێ وەک پلانێک بۆ بەربەست کردن و رووبەروو بوونەوە لە گەڵ ئەگەری جموجۆڵی چەکداری هێزەکانی رۆژهەڵات خوێندنەوەی بۆ بکرێ؟

جەمیل کولاهی: چوونی هێزی پێشمەرگەی حدکا بۆ کێلەشین و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان پەکەکە و حدکا و دوایی جێگیر بوونی هێزەکانی حدکا لە کێلەشین، شکاندنی ئەو ئۆتۆریتەی پەکەکە بوو کە ساڵەهایە تەبلیغی بۆ دەکرد و خۆی بە هێزێکی ئەفسانەیی ناو دەبرد.

ساڵی ٢٠٠٢ ئۆجەلان لە رێگای پارێزەرانییەوە فەرمانی بە پەکەکە دا کە هێزەکانیان لەو ناوچەیە جێگیر بکەن و ناوی هەرێمی میدیاکانی لە سەر دابنن و وەک دەوڵەتێکی لێ بکەن، چونکە ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکە کە هیچ دەوڵەت و هێزێک توانای نییە لە دەستی گەریلای دەربێنێ! ئاکامی ئەم فەرمانەی ئۆجەلان پێکهێنانی هەرێمێک بوو لە نێو هەرێمی کوردستانی باشووردا و وەک دەوڵەت خۆی پێناسە دەکرد. بەڵام بینیمان حدکا ئەو هەرێمەی تێکدا و هێزی تێدا جێگیر کرد و وڵامی پەکەکەشی نەدایەوە، کە ئەمە بە تەواوی تەبلیغاتی پەکەکەی کە دەیگوت حیزبەکانی رۆژهەڵات مردوون پووچەڵ کردەوە و پەکەکەی لە باری تەبلیغییەوە تووشی شکست کرد.

رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەکەکە ناوچەیەکی ئیستراتێژیکە، لە هەر شۆڕشێکدا لە شێوەی شۆڕشی کورد سێ شت گرنگە، باری ئابووری، هیزی چەکداری و پێگەی کۆمەڵایەتی. حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتی دیموکرات و کۆمەڵە نزیک بە ٢٠ ساڵ بوو کە بە چۆڵ کردنی رۆژهەڵات لە پێشمەرگە، ببونە هۆی ئەوە کە پەکەکە هەم لە باری ئابووری و هەم لە باری کۆ کردنەوەی هێزی چەکدار دەستی ئاوەڵا بێت. بەڵا ئێستا بە چوونی هێزی پێشمەرگەی حدکا بۆ کێلەشین و جێگیر بوونیان لەوێ پەکەکە بەرژەوەندی خۆی لە مەترسیدا دەبینێ. بۆیە لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێ کە پێگەی خۆی لە رۆژهەڵات بپارێزێ. ناردنی هێز لە لایەن پەکەکەوە بۆ هەورامان کە مەودایەکی یەکجار زۆری لە گەڵ کوردستانی باکوور وەک ناوچەی تێکۆشانی پەکەکە هەیە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە. دەنا لە سنووری هەورامان هیچ هەڕەشەیەک لە سەر یەکێتی نیشتمانی وەک هاوپەیمانی پەکەکە نییە و تەنیا هەڕەشەیەک ئەگەر هەبێ لە سەر کۆماری ئیسلامییە لە لایەن حدکا و حیزبەکانی رۆژهەڵاتەوە.

نوچەنێت: لە ئەگەری رۆشتنی هێزەکانی حدکا بۆ ئەو ناوچەیە، ئەگەری ئەوە هەیە کە پەکەکە هێرشیان بکاتە سەر؟

جەمیل کولاهی: ئۆجەلان لە کتێبی ئۆرفا سیمبولی پیرۆزیدا دەڵێت، پەکەکە دینی ئیبراهیمی سەدەی بیستەمە! ئەگەر پارتێکی چەکدار خۆی وەک دین بناسێنێ، هەردەم بۆ پەرە پێدان و سەپاندنی خۆی ئەگەر پێویست بێ، بێ دوو دڵی دەست دەبا بۆ چەک، هەر وەک پەکەکە تا ئێستا کردوویەتی، نموونەشی هەموو ئەو شەڕانەیە کە لە گەڵ هێزەکانی هەر چوار پارچە کردوونی بۆ وێنە لە کێلەشین و شەهید کردنی پێشمەرگەیەکی حدکا. کاتێک کە ئۆجەلان دەڵێت، ژیانی دەرەوەی پەکەکە تاوانە، واتە ئەوەی لە دەرەوەی پەکەکەیە تاوانبارە و پەکەکە بۆی هەیە لێی بدات. بۆیە من دەڵێم بەڵێ، ئەگەر هێزی نەک تەنیا حدکا بەڵکو هی هەر حیزبێکی رۆژهەڵات روو بکەنە ئەوێ، ئەگەری تووش بوونیان بە شەڕ زۆرە!

نوچەنێت: هێزەکانی رۆژهەڵات مافی رێگرییان هەیە لەو کارە؟ بۆچی مافیان هەیە ؟

جەمیل کولاهی: بەڵێ مافیان هەیە، چونکە کۆمەڵگەی ئامانجی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی، رۆژهەڵاتی کوردستانە، سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات موڵکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەر هێزێکیش بیەوێ رێگریان لێ بکات یان شەڕیان پێ بفرۆشێ و هەڵبوکتێتە سەریان، مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆیانە کە بەرگری لە خۆیان بکەن.

نوچەنێت: پێتانوایە ئەوە هەوڵێکە بۆ دروستکردنەوەی ئەزموونی رۆژئاوا، لەئەگەری سەرهەڵدانی گۆڕانکاری؟ کێن ئەوانەی ئاسانکاری بۆ پەکەکە دەکەن ؟ بۆچی بۆیان دەکەن ؟

جەمیل کولاهی: ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان، لە رۆژهەڵاتدا دووپات نابێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو دوو بەشەی کوردستان لەدوو مێژووی جیاوازدا لە یەکدا تێپەڕیون، رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی حیزبی سیاسی خۆیەتی، خەباتێکی چەکداری تێدا کراوە، رێبازی سیاسی خۆی هەیە، مێژووی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە لە رۆژهەڵات ئەو ئەزموونە دووپات نابێتەوە.

هەر ئیدئۆلۆژییەک خۆی لە خۆیدا دژی سیستمێکی تایبەت پێک دێ، ئیدئۆلۆژی پەکەکەش دژی سیستمی ئاتاتورکی پێکهاتووە، بۆیە ئەو کارکردەی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا نییە، ئەوەش کە لە رۆژئاوا دەبینین بە زەبری چەک سەپاوە. تا ئێستا هاتووە و داهاتووشی بە هیچ شێوەیەک روون نییە! بۆیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، حافیزەی شەڕی چەکداری هەیە و خۆی سیمبولی زۆر بە هێزتری لە هی پەکەکە هەیە، ئەستەمە ئەوەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵات دووپات بێتەوە. ئەوەش کە کێ لە پشتییەوەیە، بە دڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانییە و یەکێتیش بە بێ کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هیچ بڕیارێک دەربکات! لانی کەم لەم چەند ساڵەی دوایی ئەوە سەلماوە کە لە دوای مام جەلال، کۆماری ئیسلامی یەکێتی نیشتمانی بەڕێوە دەبات.

نوچەنێت: ئەرکی هێزەکانی رۆژهەڵات چییە؟

جەمیل کولاهی: ئەرکی هێزەکانی رۆژهەڵات پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەرژەوەندی رۆژهەڵات دەبێ لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسییەکاندا بێ، ئەگەر ئەوە بکرێ زۆرێک لە گیرو گرفتەکانی هێزەکانی رۆژهەڵات چارەسەر دەبێ!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی