"an independent online kurdish website

نەک ڕۆژهەڵاتی ناوین، گۆڕینی دێمۆگرافیای ئورووپاش بەڕێوەیە!

ئەو شەپۆلە کۆچەبەرکراوەی کە ئێستاکە دەینینین لە سنوورە ئاوەڵاوکراوەکانی ئورووپاreuf-gulbeden

خەریکی ئەم سنوور و ئەو سنوور کردنن لە ڕاستیدا بەشێکە لە نەخشەگۆڕانێکی گەورەی دێمۆگرافی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ داهاتووی ناوچەکە کە ” سایس- پیکۆ”  ئاسا هەمدیسان ناوچەکە و وڵاتەکان گۆڕانیان بە سەردا دێتەوە و وەک خۆیان دەیڵێن یان بە کوردییەکەی پاکانە بۆ کردەوەکانی سایس- پیکۆ دەکەن کە گوایە ئەو بەش بەشکردنەی ئەو کات دادگەرانە نەبووە و هەر بۆیە ئەم جارە دەیانهەوێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی تازە سەر لە نوێ هەڵوەشێنەوە و لە نەخشە تازەکەیاندا ڕۆڵ ب نەتەوە ستەم لێکراوەکان وەک نموونە کورد بدەنەوە و کورد لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی تازەدا لەوە دەچێت دیسان بە پێی زۆنی ئەمریکی و ڕووسی دابەشبووبێت و ئەمەش لە ڕاستیدا بۆ داهاتووی کورد دەبێتە کێشە واتە جارێکی‌تر کورد بە ویستی زلهێزەکان بە بێ گوێدانە کورد دابەش دەکرێتەوە!

ئەوەی هەتا ئێستا دیارە باشووری کوردستان بە کەرکووکیشەوە دەبێتە یەکەیەکی سەربەخۆ و لە داهاتووی زۆر نزیکدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێت!

دوای باشوور نۆرەی ڕۆژئاوای کوردستانە کە دوو ڕێگای لە بەردەمدایە کە هەر یەکە لەو ڕێگایانە پێوەندی بە بار و دۆخەکە و هژموونی ڕووس و ئەمریکا و تەنانەت تا ڕادەیەکیش ئێران و تورکیاوە هەیە!

هەتا نەهاتنی ڕووسیا بۆ سووریا و دامەزراندنی هێز لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کوردی ڕۆژئاوا خۆی لە ئەمریکا نزیک دەکردەوە و لە ڕێگەی پشتیوانی کردن و یارمەتی وەرگرتن بەو ئاقارەدا دەچوو کە ئەمریکا بە پێی بەرژەوەندی خۆی و ناتۆ باشوور و ڕۆژئاوا بکەنە یەکەیەکی سەربەخۆ بە ناوی کوردستان و ئیتر کوردستان بە باشوور و بە ڕۆژئاواوە لە ژێر زەخت و هژموونی ئێران و تورکیا دەربێنن و بەوەش لە پلەی یەکەم ئێران و پاشان تورکیا  زەرەمەند دەبێت!

ئێران لە ڕێگەی دەسەڵاتە کارتۆنییکەی بەغداوە هەر چییەک لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ ئەوەی باشووری کوردستان بخاتە ناو گێژاو و قەیران و مووچە بڕین و سەدان کێشە‌ی‌تر کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زەقتر دەبنەوە!

ئێران و بەغدا و لە ڕێگەی بە کرێگیراوانی خۆی لە باشووری کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان کە دەسەڵاتی باشوور لە بنچینەوە هەڵتەکێنن و ئێستە بە کردەوە تا ڕادەیەک ئێران هژموونی خۆی بە سەر باشووردا بە تایبەتیش لە بەشێک لە ناوچەی سەز سەپاندووە و ئەوەتا دەبینین سروودی ئەی ڕەقیب بووە بە سروودێک، کۆنەپەرستتر لە سروودی کۆماری سێدارە!

حێزبەکانی باشووری کوردستان زۆر بە زەقی خۆیان مت کردووە و سوکانەکەیان بە تاران سپاردووە و لە تارانەوە بۆیان با دەدەنەوە!

خوێندنەوەیەکی ئەوتۆیان لە ڕووداوەکان و ئاڵ و گۆڕە قووڵەکانی ناوچەکەدا نییە و تاقمێکیان چارەنووسی خۆیان داوەتە دەستی ڕووداوەکان و تەنانەت چارەنووسیان بە  چارەنووسی ئێرانەوە گرێداوە!

زەقکردنەوە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم  هەمووی مەبەستدارە و هەموو ئەم کارانە بۆ ئەوەیە کە کوردستان لەوە تێبگات کە چارەنووسی لە دەستی یەکێکی‌تردایە کە ئەوەش تەنیا مەبەستی ئێرانە!

ئێران و عێراقی شێعە و داعش

عێراق لە ڕاستیدا دابەش بووە و ئێستاکە ئیتر لانی کەم دوو وڵاتی کوردستان و عێراق(شێعە) هاوسێێ یەکن و عێراقی شێعە جگە لە کوردستان لە گەڵ داعش هاوسێیە!

ئێران لەم کاتەدا کەوتووەتە ناو ئەو زۆنگەوە کە خۆیشی لە درووستکردنیدا دەستی هەبوو!

لە دوای هاتنی داعش و داگیرکردنی بەشێک لە عێراق و بەشێک لە سووریا بە کردەوە سنوورێک بە نێوی سنووری سووریا و عێراق نەماوە و ئەوەی وا هەیە سنووری عێراقی شێعەیە لە گەڵ داعش!

ئێران تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەەوە دەتوانێت بچێتە سووریا و ئیتر ئەو هەموو پارە و هێزەی کە ناردی بۆ سووریا هەمووی دەبێ بە بڵقی سەرئاو!

ئیران و کوردستان

کوردستان ئەو وڵاتە پان و بەرینەیە کە دەکەوێتە نێوان سێ دەریای ستراتژیکی ناوچەکە واتە دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش و کەنداوی فارس و تا ڕادەیەکیش دەریای مازندرانیش کاریگەری ئەم ئاڵ و گۆڕەی بە سەرەوە دەبێت!

ناوەندی گڕیدانی وڵاتانی ئەفغانستان و ئێران و عێراقی شێعە و وڵاتانی کەنداو بۆ ئورووپا دەبێتە ئەم ناوچەیە کە ناوی کوردستانە!

ئێران بە بێ کوردستان تا ڕادەیەک گرینگی ستراتێژی خۆی لە بارستایی هاوکێشەکانی ناوچەکە لە دەست دەدا و ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئێرانی شێت و دین کردووە!

گرینگی کوردستان بۆ ئێران لەوەدایە کە کوردستانە ئێران دەلکێنێ بە سووریاوە و مانای ئەمە ئەوەیە کە کوردستان دەبێتە سنووری دەریای ناوەڕاست بۆ ئێران، ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت ئەوە پیوەندی ئێران و سووریا دەپچڕێت! بە پچڕانی ئەم پێوەندییە ئیتر سنووری دەسەڵاتی ئێرانی شێعە و شێعەکانی ناوچە لە بەر یەک دەترازێت و ئەمەش نەک لە بەرژەوەندی ئێران نییە بەڵکوو لە سەر ژێرخانی ئابووری و  ستراتێژی سیاسی و هەروەها هژموونی ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆ دادەنێ و ئیتر کەڵکەڵەی هیلالی شێعەکەی پووچەڵ دەبێتەوە و ئێرانیش چارەنووسی دەکەوێتە بەر شەپۆلی گۆڕان!

ئەگەر ئێران سووریای لە کیس بچێت کە وا دیارە لە کیسی چووە ئەوجار لوبنان و یەمەنیش ئوتماتیک لە ژێر هژموونی ئێران دەردەچن و دەکەونە ناو بازنەی عەرەبی و بە ئێجگاری لە دەستێوەردانی ئێران ڕزگاریان دەبێت و لە پاشان حێزبۆڵا و تاقمە دەسکردەکان یان هەڵدەوەشنەوە و یانیش خۆیان لە گەڵ بار و دۆخەکە دەگونجێنن!

کوردستان ئەو خاڵەیە کە ئێرانی بە هێز دەکاتە ئێرانێکی بێهێز و بگرە داڕماو!

ئێران لە زۆنگاوی عێراقدا ڕۆچووە کەچی لە کوردستان پەلەقاژە دەکا!

کۆچبەرکردنە یان پەنابردنە؟

لەوەدەچێت گۆڕانی دێمۆگرافیای ناوچەکە ئورووپاش بگرێتەوە و هەر وەک ئاگادارن کاتۆلینا هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵدێنێ و باسک و ئیرلەند و تاد… نیشاندەری ئەوەن کە نەخشەی ئورووپاش سەر لە نوێ دادەڕژێتەوە!

کۆچبەرکردنی بێ سەر و بەرەی وەک ئەم شەپۆلە گەورەیە لە پەنابەران وا دیارە زۆریش بێ سەر و بەرە نییە و بە بەرنامە ئەم کارە کراوە و ئاڵمان بووەتە پاڵەوانی ئەم شەپۆلە و لە پەسا ڕووداو لە دوای رووداو ئاماژەیە کە ئەمە دەسپێکی ئاڵ و گۆڕێکی‌تر لە ناوچەکەیە بە ئورووپاشەوە!

سنوور ئاوەڵاکردن بە شێوەی بێ سەر و بەرەیی مانای ئەوەیە ڕاسپاردە و بەرنامەی لە پێش داڕێژراو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و ئیتر ئەو گرووپ و تاقمانەی کە لە کتووپڕدا وەک کارگ هەڵتۆقین، ئێستە لە پاش جێبەجێکردنی کارەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی‌تر و بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی‌تر!

لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەران هەموو کەس دەزانێت کە ئەم شێوازە پەڕینەوە لە سنوور وەک بە سواری قەتار لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵات کاتییە و لە دوای دەربازبوونی ئەم شەپۆلە کۆچبەرکردنە دیسان سنوورەکان دادەخرێنەوە و بزانیین چ چارەنووسێکمان بۆ لە قەڵەم دەدەن؟!

چاوەڕوانی ڕووداوەکان بن!

ڕەوف گوڵبەدەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی