"an independent online kurdish website

٢٤ی گەلاوێژی ١٣٦٥ بوو. وەک هێزی ئاگری ویستمان عەمەڵیاتێک بە بۆنەی ٤١ مین ساڵی دامەزرانی حیزب ئەنجام بدەین. ئێوارەی ٢٤ی گەلاوێژ سازماندەهی کراین و دابەش بووین بۆ مەبەستی دەست بەسەر داگرتنی دوو پایەگای ڕێژیم کە یەکیان پایەگای گوندی خۆشەکۆ و ئەویدیکەیان پایەگای شاخی خوێبەرلە ناوچەی تەڕگەوەڕ بوو.

ئەوەی لە بیرم بێ ژمارەمان زیاتر لە ٢٠٠ پێشمەرگە بوو لەو عەمەڵیاتە دا. مەوقعیەتی ئەو جێگایانە وایە کە تا دونیا تاریک نەبێ پێشمەرگە ناتوانێ بڕواتە خوار. بۆیە ناچار بووین تا دونیا تاریک داهات جا توانیمان بەرەو شوێنی مەبەست حەرەکەت بکەین.

کە گەیشتینەوە قەراغ گوندی دەربەند سەعات دەوروبەری ١١ی شەو بوو. واتە کات درەنگ بوو. ئەگەر تیمەکان چووبانە خۆشەکۆ لانی کەم تا سەعات ١٢ بۆ ١ جا دەمانتوانی دەست بەکاربین کە ئەوەش زۆر درەنگ بوو و فریا نەدەکەوتین شاخەکان ببڕین بەر لە ڕۆناک بوونی دونیا. چوونکی هەر لە دەربەند ڕا دەبا لە بەر چاوی دەیان پایەگا چووباین تا لە گەڕەشین سەردەکەوتینە قەبری بەیبوون کە پتر لە ٣ سەعاتە و هەمووش هەورازێکی سەخت.

گەیشتینەوە ئەو شوێنەی کە لە وێنەکە دا نووسیومە ( مەرکەزی فەرماندەهیی خۆمان) بەرپرسان سرتەیەکیان کرد و گوتیان لەبەر درەنگ کەوتنی ئێمە، وازمان هێنا لە خۆشەکۆ و تیمەکانی دیاریکراو بۆ خۆشەکۆ لێرە لەم پایەگایە(دەربەند) دەدەین و مەبەستمان گرتنە. هەم پایەگای خۆشەکۆ، هەم دەربەند و هەمیش خوێبەر زۆرتر جاشی ناوچە و فەرماندەکانیشیان پاسدار بوون.

ئەوەبوو هەر تیمەی چووە دوای ئەرکی خۆی. ئەو شەوە من و ئەبووبەکر ئیبراهیمی دیاری کرابووین کە ئەگەر لە سەر پایەگای دەربەند بریندار یان شەهیدمان هەبوو ، ئەودووەمان بڕۆین و بێنینەوە لای مەرکەزی فەرماندەهی. شەڕ دەستی پێکرد. پایەگای دەربەند هەر زۆر زوو ئاگری گرت و پێشمەرگەکانی تیمی هێرش گەیشتنەوە بەردەرگای پایەگا وتەقریبەن مەجالی دەست کردنەوەیان نەمابوو. نارنجۆکێکیان فڕێدابووە نێو تیمی هێرش و بەداخەوە دوو هاوڕێمان بریندار ببوون کە یەکیان کاک جەعفەر مەحموود پوور جێگری بەرپرسی تیمەکە بوو و بەرپرسی تیمیش فەرامەرز عوسمانی بوو(ڕووحی شاد) و بریندارەکەی دیکەش خۆم لە ناو هێنانی دەپارێزم چوونکی لە ناوخۆیە.

بەهادور ئازەری جێگری فەرماندەری هێز و ئەوشەوەش فەرماندەری عەمەڵیات بوو ، گوتی کاووس و ئەبۆ بەو ڕیگایە دا زوو خۆتان بگەیەننە لای تیمەکەی ئەم بەری پایەگا و ئەوان ڕێنوێنی تان دەکەن تا دەگەنە لای تیمی هێرش کە دوو بریندارمان هەیە زوو بیانگوێزنەوە ئێرە.

هەرکە من و ئەبۆ حەرەکەتمان کرد دۆشکەی پایەگای تلوو  ڕاست لە سەر ئەو ڕێگایەی دابەستبوو و لەحزەیەک مەجالی نەدەدا بڕۆین. بەڵام دەورانی جەوانی و زەمانی خزمەت و فیداکاری بوو و دەبا ئەرکەکەمان جێ بە جێ بکەین، بۆیە ملی ڕێگامان گرت و ڕۆیشتین. لەبەر فیشەکی گڕداری دۆشکە چاومان ڕەشکە و پێشکەی دەکرد . هەر زوو زوو ئەبۆ دەیپرسی کاووس؟ منیش بە هەمانشێوە  دەمپرسی ئەبۆ ، کە مەبەستمان ئەوە بوو جارێ ماوی؟

بەهۆی فیشەکی گڕداری دۆشكە زەویەک کە وابزانم گەنم بوو ئاگری گرت، ئەوناوچەیە وەک ڕۆژی ڕووناکی لێهات. هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیاندە تەنیا تیمێک کە لەم بەری پایەگا بوو و کاک سەعید مەحموودنەژاد(ڕووحی شاد) بەرپرسی بوو. گەیشتینەوە لای ئەوان بەهۆی بریندار بوونی ئەو دوو هاوڕێ یە، ناچار تیمەکەی هێرش وازی هێنابوو لە چوونە نێو پایەگا و دەبا بریندارەکان دەرباس بکەن. ئەفرادی نێوپایەگاش ورەیان هاتبووە بەر و دەستیان کردبوو بە نارنجۆک باران و گولەبارانی دەوربەری خۆیان. نوورئەفکەنێکی گەورە بەرانبەرمان بوو ، نەماندەتوانی رەد بین. ئەبووبەکر داوای کرد ئارپی جی بدەن بەو بەڵکوو نوورئەفکەنەکە چارەسەر بکا. ماڵی ئاوەدان لەگەل گرمەی ئارپی جی نوورەفکەن تەمەنی کۆتایی هات و لێی ڕزگار بووین.

ئەوەبوو گوتیان کەس مەیە بۆ بریندارەکان، خۆمان دەیان هێنین ، بەڵام ئێوە بە خەستی پایەگاکە بکوتن تا ئێمە ڕەد دەبینەوە. تیمەکەی کاک سەعید و ئەوان فیشەکیان کەم مابوو. سەعید گوتی ئەبۆ ، کاووس ئێوە فیشەکتان هەیە بە نۆرە و بە ڕەگبار لە پایەگاکە بدەن تا هاوڕێیانی تیمی هێرش ڕەد دەبنەوە. ئەبۆ گوتی ئاخەر ئێمە مافی تەقە کردنمان نیە سبەی تەنبێ مان دەکەن لە سەر فیشەک. سەعید گوتی من بەرپرسی ئێوەم و من وڵام دەرم.

خولاسە دەستمان پێکرد، ئەبووبەکر تەقەی کرد و منیش هیندێک چوومە پێش لە بەر کێلە بەردێکی نێو قەبرستانەکە نارنجۆکێکم فڕیدایە نێو پایەگا. چەند چرکەیەک بێ دەنگ بوون و ئەوجار بە بیکەیسی بەربوونە گیانم، هەر ئەوندەم بۆ کرا خۆم لە بەر کێلە بەردەکە دا مات کەم. ئەبۆ گوتی : وەرە! لەگەل وەرەکەی  یەک خەشابی بە ڕەگبار لەو سەنگەرەی دا کە بیکەیسی تێدابوو و منیش بە هەڵات هەڵات گەیشتمەوە لای ئەوان و ئیدی نەیدیوی سەنگەرەکە بوو.

بە هەر حاڵ هەرچۆنێك بوو تیمەکە دەرباس بوو، ئەوجار دۆشکەکەی تلوو وازی لێ نەدەهێناین و یەک دەقە مەجالی نەدەداینێ. لەوێش ڕەد بووین و گەیشتینەوە لای مەرکەزی فەرماندەهی و پرسیمان پایەگای خوێبەر چی لێ هات؟ گوتیان ئەویش ڕاست وەک پایەگای دەربەند تیمەکە گەیشتوونەتە نێو سیمی پایەگا و بە هۆی نارنجۆکی دەستیی پاسدارەکانەوە بەرپرس و جێگری تیمی هێرش بریندار بوون کە ئەوانیش کاک دێوانە عەبدولا زادە و هاوڕێیەکی دیکەش کە لە ناوهێنانی خۆم دەپارێزم.

( دوای ٢ ساڵ لەگەل کادری لێهاتوومان کاک کامیل ئیبراهیمی( ڕووحێ شاد) چووینەوە مەئمووریەتێک کە کار و باری تەشکیلاتی بوو  و من بەس لەگەل کامیل چووبووم ئاگام لە هیچ نەبوو، لە ماڵێک دوو میوانی هەبوو، کامیل گوتی کاووس تۆ ئەم برادەرە ناناسی، بەڵام ئەگەر بیناسی  تووڕە نابی؟ گوتم بۆ؟ گوتی ئەوە ئەوکەسەیە کە لە سەر دۆشکەی تلوو  فیشاری بۆ ئێوە هێنابوو. ئەوە بوو کەوتینە قسە و زۆریش کوڕێکی خۆش ڕەفتابوو . سەرباز بوو جاش نەبوو).

ئەو شەوە عەمەڵیاتەکەمان ناسەرکەوتوو بوو، کە ناسەرکەوتوو بووین سەرکەوتن لە شاخی هەزار بە هەزاری گەڕەشین تا قەبری بەیبوون(زیارەتێ بەیبوونێ) هاسان نەبوو. گەیشتینەوە ناوقەدی شاخەکە دونیا ڕۆناک بوویەوە و هەر چۆنێک بوو خۆمان ئاودیوی بەری چل بەردیر و بەرەکەشک  و پیوازۆک و بەرەزەر کرد .

ڕۆژی دوایی هاتن لیستیان گرت بۆ فیشەک. من و ئەبووبەکریش ناومان نووسی کە هەرکامەمان چەند فیشەکی پێویستە. کاتێک گوتیان وەرن فیشەک وەرگرنەوە، حەسەن بازووکە فەرماندەری لکی ٣ (ڕووحی شاد) گوتی: ئەبۆ و کاووس ئێوە فیشەک وەرناگرن ، وەک تەنبێ بۆ یەک حەفتە فیشەکتان نادەینێ ، چوونکی قەرار نەبوو ئێوە تەقە بکەن.

هەرچی گوتمان ئەوە کاک سەعید گوتوویەتی من وڵام دەرم و سەعیدیش گوتی ڕاستە من پێم گوتوون، بەڵام لە بەینی دیفاع لە قسەکەی خۆی و تەنبێکەی من و ئەبووبەکر و بڕیاری فەرماندەری لک دا، دیار بوو بڕیارەکەی فەرماندەری لکی ٣ی هەڵبژارد و زۆر جیدی نەبوو لە سەر ئەوەی کە دەبا وڵامدەربێ لە هەمبەر بڕیارەکەی خۆیدا و ئێمە یەک حەفتە فیشەکمان نەبوو.

بەڵام خواهەڵناگرێ ئەو حەفتەیە خۆشبوو هەر خەشابی بەتاڵ بە قەدمانەوە بوون و ماندوو نەدەبووین و نەدەچووینە دیدەبانی و گەشتی سەرشاخ.

ئەم بیرەوەریە پێشتر بڵاو کراوەتەوە 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی