"an independent online kurdish website

 و یادێک لە شەهید ئەرشەد ئەحمەد پوور باوکی مستەفا ئەحمەدپوور.

نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین

بە بۆنەی ساڵوەگەڕی پێشمەرگەی دێرین و خوالێخۆشبوو کاک مستەفا بە پێویستم زانی وەک هاوڕێیەک بۆ رێز گرتن لە خەبات و تێکۆشانی ناوبراو ئەگەر بە کورتیش بێ وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کە قورساییەکی زۆری لە سەرم دروست کردووە، بە باسێکی کورت لە سەر ژیان و بەسەرهاتی ئەم بنەماڵە شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەرە بتوانم تۆزێک لە ئازارەکانم کەم بکەمەوە. و بە بنەماڵە و کەس و کاریان بڵێم ، کەسە نیشتیمان پەروەر و شۆڕشگێڕەکان کە بۆ ئازادی و رزگاری گەل و نیشتیمانیان تێکۆشاون و خەباتیان کردووە. ئەگەر چی بە جەستە دەمرن و لە نێومان نامێنن بەڵام بۆ هەتا هەتایێ ناویان بە بەرزی و زیندوویی ئەمێنیتەوە.

ساڵیک لەمەوبەر لە رۆژی ١٨/٠٢/١٣٩٦ هەتاوی حاجی مستەفا ئەحمەدپوور پێشمەرگە و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشیەکی کت و پڕ کۆچی دوایی کرد.

·       ناو: مستەفا  ناوبانگ : ئەحمەدپوور

·       ناوی باوک: ئەڕشەد

·       لە دایک بووی: ٢٠/١٢/ ١٣٣٠

·       کۆچی دوایی ١٨/٠٢/١٣٩٦

·       لە دایک بو و دانیشتووی گوندی نەناسی ناوچەی دزەی دۆڵ سەر بە شاری ورمێ بوو.

 بەڵام بەر لەوەی باسی کاک مستەفا بکەم  بە پێویستم زانی ئاوڕێک لە باوکی شەهیدی واتە شەهید ئەرشەد ئەحمەدپووور بدەمەوە. مام ئەرشەد کەسایەتییەکی دیار و نیشتیمان پەروەر و لە عەشیرەتی برادۆست و ناسراو بە ” ئەرشەدی خانکۆ” کەسێکی ناسراوی ناوچەکانی دەورو بەری ورمێ بە تایبەت

ناوچەی دۆڵ و یەکێک لە پیاو ماقوول و ریش سپیی دیاری و بەوەجی گوندی نەناس بوو. کە دۆست دوژمن هەمێشە حیسابیان لە سەر دەکرد. و بە تایبەت دوای شؤڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەوری بەرچاوی هەبوو، کە بەردەوام ماڵی شەهید ئەرشەد ماڵی پێشمەرگەکانی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

بە داخەوە پاییزی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی دوای ئەوەی سپای پاسداران‌ و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ‌و چاوساغە کوردەکانیان، لە گەلەکۆمەگییەکی نەخشە بۆ کێشراو‌دا، زۆر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ‌و یەک لەوان شار ‌و ناوچەکانی ورمێ و شنۆیان لە دەست هێزی پێشمەرگە، دەرهێنا‌و دەسەڵاتی جەهەننەمیی خۆیان لێ جێگیر کرد، کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی سمکۆ لە ناوچەی لاجان (سەر بە نەغەدە ‌و پیرانشار) گیرسانەوە‌و بنکەکانی خۆیان لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە دانا. ناوچەی” دزەی دۆڵێ” سەر بە کومیتەی شارستانی شنۆ و هێزی سمکۆ بوو کە دوای کشانەوەی پێشمەرگەکان لەو ناوچەیە رژێم پایگای لێ دامەزراندو دەستیان بە ئازار و ئەزیەتی خەڵکی ناوچەکە کرد. و  شەهید ئەڕشەد یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ژێر چاوەدێری وردی بەکرێگیراوانی رژێم دابوو. رۆژانە خەڵکیان بە بیانووی جۆراو جۆر دەگرت و ئەشکەنجەیان دەدان و بە چاوساغی هندێ ئاغی جاش و خۆفرۆشی ناوچە بە زۆر چەکیان بە خەڵک هەڵدەگرت بۆ ئەوەی وەک سپەرێکی ئینسانی بۆ پاراستنی خۆیان لە ترسی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە کاریان بێنن. دوای ئەوەی پێشمەرگەکان لە هەڵس و کەوتیان لە لایەن خەڵکی وەزاڵە هاتووی ناوچە ئاگادار کرانەوە، لە شەوی ١٤ ی خاکەلێوەوەی ١٣٦١ پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سمکۆ هێرشیان کردە سەر ” پایگای” رژێم لەگوندی نەناس و زەبرێکی گەورەیان لێدان و بە دەیان کەسیان لێ کوشت و بریندار کردن. رژێمی قین لە دڵ بە دوای ئەم زەبرە دەستی کرد بە گرتن و کوشتن و ئازاردانی خەڵکی بێ دیفاعی ناوچەکە. و خەڵکێکی زۆر بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت  و روویان لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە لە ناوچەی لاجان کرد. و چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان لە شان کرد و کۆمەڵەڵێک لەو کەسانە لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و  ئەو کەسانەی کە بە هۆی ماڵ و منداڵیان نەیانتوانیبوو ماڵەکانیان بە جێ بهێڵن زۆریان گیران و زیندانی و ئەشکەنجە دران کە دوای چەند ساڵ زیندانی ئازاد کران.

لە کاتی گرتنی خەڵک بە داخەوە رێکەوتی ١٨/٠١/١٣٦١ مام ئەڕشەد ئەحمەد پوور لە لایەن فەرماندەی بەکرێگیراوی سپای پاسدارانی پایگای نەناس بە ناوی” سوهراب رۆستەمی” بە رۆژی روون لە بەر چاوی ژن و منداڵی ئاوایی درایە بەر دەستڕێژی گولە و شەهید کرا. و ژن و منداڵەکانی مەجبوور بوون لە ترسان ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و روو لە ناوچەکانی تر بکەن و کاک مستەفای کوڕی مام ئەرشەد کە ئەو کات ئەندامی حیزب بوو رۆژی ١٩/٠١/١٣٦١ وەک باقی خەڵکی تری هەڵاتوو لە گەڵ چەند کەسێکی تر  لە چەنگ رژێمی کورد کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران رایان کردو خۆیان گەیاندە بنەکەکانی حیزب لە ناوچەی لاجان و چەکی شەڕەفی پێشمەرگایەتیان لە شان کرد .

کاک مستەفا وەک پێشمەگە لە بنکەی کومیتەی شارستان و پاشان وەک پێشمەرگە و سەرپەرەستی ناوخۆی زیندانی حیزب لە زیندانی گوندی “لکبن”  ئەرکی پێ ئەسپێردرا ، کاک مستەفا سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگەی کومیتەی شارستان بوو بەڵام زۆربەی جارەکان بۆ بەشداری لە چالاکی پێشمەرگایەتی بەردەوام لە گەڵ پێشمەرگەکان بۆ ئەنجام دانی عەمەلیاتی نیزامی لە گەڵ لکی شەهید فەرزەندەی باقری دەچۆوە مەئمووریت بۆ قوڵایی ناوچەکانی شنۆ ، دۆڵ ، دەشتەبێل و دۆڵی قاسملوو و لە چەندین عەمەلیات بەشداری چالاکانەی کرد. کاک مستەفا کەسێکی قسە خۆش و ئینسانێکی تێگەیشتوو خوێندەوار بوو بە دایم بە قسە خۆشەکانی پێشمەرگەکانی هاندەدا و لە کاتی مەئموورییەتەکان بۆ ئەنجامدانی عەمەلیات هەمێشە بە پێشمەرگەکانی دەگوت سەربازەکان هی منن کەس بۆی نییە بیانگوژیت ئەوان تەسلیم دەبن و حیزبیش بڕیاری داوە ئازادیان دەکات.

جێگای ئاماژە پێکردنە لە یەکێک لە کەمینەکانی سەر جادەی نەغەدە بۆ ورمێ لە نێوان گوندەکانی باڵستان و دزێی دۆڵێ کە شەو چووبووین خۆمان لەوێ لە نێوان دوو دەستە تەئمینی جادە کە دەوری دە کەس دەبوون لە ژێر قەسەڵ حاشار دابوو، بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەیان ئێوارێ ماشێنەکەیان لێ بستێنین و دەوری کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ یەکێک لە تەئمینەکان لای گوندی دزێ بە توونگە ئاوێکەوە چوون بۆ لای ئەوانەی تر کە گەشتە راستی ئێمە ئێمەش بە دیلمان گرت بە قسەی خۆی سەرباز بوو ، زۆر پاڕایەوە دەیگوت من سەربازم دوو منداڵم هەیە و تەنیا ١٦ رۆژم ماوە تەواو دەبم. کاک مستەفا بە پێکەنینەوە پێی گوتین پێم نە گوتوون کارو بە سەربازەکانی من دا نەبیت؟ بەری هەڵدەن با بڕوات. و سەرپەلەکەشمان کاک سمایلی ئازەرپوور بوو لە بەر پێکەنینێ هیچ پێ نەدەگوترا هەر ئەوەندەی دەگوت کاک مستەفا راست دەکات، بەریدەن با بڕوات دوو جار ئازادمان کرد و گرتمانەوە دیسان پێیان ئازاد کردین بێ ئەوەی چەکەکەی لێ بستینین هەر ئەوەندەمان پێ دەگوت لای رەفیقەکانت باسمان نەکەی قەولی دەدا و سوێندی دەخوارد و دەپاڕایەوە. بەڵام درۆی کرد دوای رۆیشتنی بۆ لای ئەوانەی تر چاومان لێ بوو بە ئیشارەتی دەستی شوێنەکەی پێشان دەدان ئێمەش لەو ماوەیەدا نزیکەی دووسەد میترێک لە جادەکە دوور کەوتینەوە کە هیچ پەناگایەکی نەبوو، دانیشتین سەیرمان دەکردن. هەموویان هاتن بۆ سەر پردەکەی سەر جادەکە کە پێشتر ئێمە لێی بووین. کە سەیری سەرەوەیان کرد چاویان بە ئێمە کەوت. ئێمەش دانیشتبووین سەیرمان دەکردن خۆیان هاویشتە پشت بەردەکانی سەر لێواری پردەکە دەستیان بە تەقە کردن کرد. گوللەیەکیان لە بن پێی شەهید مەولوود حاجی زادە دا. ئینجا پێمان گوت کاک مستەفا ئەم سەربازانەی جەنابت زۆر بێ وەفان مەجبوورین لییان بدەین دوای نێو کاتژمێرێ بەو گردە رووتەنە کە دێمە کار بوو هەڵگەڕاین هەر جارێ دوو کەسمان تەقەمان دەکرد هەتا ئەوانەی تر هێندێک وەسەر کەون بە حاڵە حاڵ بە سڵامەتی نەجاتیمان بوو نازانم ئەوان چیان بەر کەوت یان نا ئێمە دەرچووین و بۆ بەیانی رادیۆی ورمێ بڵاوی کردەوە ٣٠ ی کەسمان لە ” زدی ئینقلاب ” واتە  پێشمەرگەکان کوشتووە. بەڵام ئێمە هەر پێنج کەس بووین و هەمووشمان بە سڵامەتی دەرچووین. سمایل ئازەرپوور سەرپل، شەهید سولیمان بێکەس، شەهید مەولوود حاجی‌زادە و من و کاک مستەفا. نازانم چۆن ئەو درۆ زەلامەیان کرد.

خوالێخۆشبوو کاک مستەفا پێشمەرگەیەکی زۆر بە ورە و دەستکەرەوە بوو و کەسێکی لە سەرەخۆ هەتا لە کاتی شەڕ و تەنگانەش بزەی هەر لە سەر لێوان بوو .

بە داخەوە بە هۆی وەزعی بنەماڵە و خێزانێکی زۆر کاک مستەفا لە سەرداوای حیزب پاییزی ساڵی ١٣٦٣ گەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵی. کاک مستەفا لە دوای خۆی ٩ نۆ منداڵی بەچی هێشتووە کە شەش کوڕ و سێ کچن و هیوای تەمەندرێژی بۆ منداڵ و نەوەکانی بە ئاوات دەخوازم. خوالێخۆشبوو دوای گەڕانەوەشی وەک کەسێکی نیشتیمانپەروەر خەڵک رێزی زۆریان لێ دەگرت و کەسێکی بەوەجی گوندەکە بوو و بۆ ماوەی دوازدە ساڵ بەرپرسایەتی شۆرای گوندی نەناسی لە لایەن خەڵکی دێ پێسپێردرا. بەڵام بە داخەوە لە ١٩ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٩ هاوسەری بە ناوی تانجێ عەبدیلزادە کە دەکاتە ئامۆزای خۆم بە هۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

کاک مستەفا ساڵی ١٣٩٠ چوو بۆ مەکە و زیارەتی حەجی کرد. حاجی مستەفا بەردەوام ئاواتی ئەوە بوو رۆژێک کوردستانی ئازاد بە چاوی خۆی ببینی کە بە داخەوە لە رۆژی ١٨/٠٢/١٣٩٦ بە هەمان شێوەی هاوسەری بە هۆی نەخۆشی دڵ لە ناکاو کۆچی دوایی کرد  . خوالێخۆش بوو هەر کاتێک من قسەم لە گەڵ دەکرد زۆر بە پەرۆشەوە بەر لە هەموو شتێک هەواڵی حیزبی لێ دەپرسیم و باسی دەورانی پێشمەرگایەتی خۆمانی بۆ دەگێڕامەوە و لە هاوڕێ دێرینەکانی دەپرسی و سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی بە خۆشترین رۆژەکانی ژیانی دەزانی.

لە دواین جار رێکەوتی ١ی رێبەندانی ١٣٩٦ کە بە وینە پێکەوە قسەمان دەکرد. هەر وەک دە دڵی من دا بیت پێ گوتم دەزانم پێت خۆشە وێنەی من هەبیت، با وێنەیەکی خۆشمت بۆ بنێرم منیش پێم گوت وێنەی ئێستام دەوێت، هەر ئەو کات ئەم وێنەیەی بە موبایلەکەی خۆی گرت و بۆی بەڕێ کردم، کە بە داخەوە ئەوە دوایین قسەکردن و دیداری بە وێنەی من و خوالێخۆشبوو حاجی مستەفای ئەحمەدپووری سەربازی ون بوو. روحی  شاد و تەمەنی درێژی بۆ منداڵەکان و نەوەکانی بیت هیودارم بتوانم رۆژێک لە نزیکەوە بچمە سەر گۆڕەکەی و چەپکە گوڵی وەفا و خۆشەویستی لە سەر گۆڕی سەربازی ون دانێم و پێ بڵێم روحت شاد بیت تێکۆشەر.

رێکەوتی ١٨/٠٢/١٣٩٧- ٠٨/٠٥/٢٠١٨

مەولوود عەبدیلزادە،  سوئێد

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی