"an independent online kurdish website

ساڵی پار کە لە پۆلی پێنجەمی قوتابخابەی بنەڕەتیدا بووم، لە زمانی کوردی، لە وانەی داڕشـتـندا، کە مامۆستاکەمان بابەتـێکی داڕشـتنی دەداینێ


و داوای لێدەکردین کە بۆ هەفتەی داهـاتوو، لایەنی کەمەوە شەش دێـڕ، لەسەر بابەتە داواکـراوەکەی بنووسین. هـۆڵم لێدەهات، تا شەش دێـڕ رستەی کـاڵ و کـرچم دەنـووسی، بە هیلاک دەچـووم. لە راستیدا خۆشم نووسینەکـانی خۆمم بە دڵ نەبوون، لە رووشم ناهـات، کە لە بەردەم هـاوڕێکانم و مامۆستاکەماندا بیان خوێنمەوە. گەرچی ئاستی داڕشتنەکـانی زۆربەی هـاوڕێکـانیـشم، لە ئاسـتی داڕشتنەکانی من بەرزتر نەبوون. تەنها نووسینەکـانی (جـوان)ی هـاوڕێمان نەبێت، ئەو لەسەر هـەر بابەتـێک زیـاتر لە پانـزە دێـڕی دەنووسی، کە لە بەردەماندا دەیخوێندنەوە، وشە و رستەکانیان هێندە جـوان و شـیرین بوون، سەرنجی هەموومانی رادەکێشان.. گومانم دەکرد کە جوان خۆی داڕشتنەکانی بنووسێت.. دەموت لەوانەیە کەسێکی بۆی بنووسێت.

تا رۆژێک مامۆستاکەمان لەسەر تەختەڕەشەکە، سەرناوی بابەتی داڕشتنی ئەو هەفـتەیەی بۆ نووسین (کوردسـتان نیشـتمانی خۆشەویسـتمانە) کە بۆ هەفـتەی داهـاتوو لایەنی کەمەوە حەوت دێـڕ لەسەر ئەم بابەتە بـنووسین.

 مامۆستا: هێشتا دە خولەکی ماوە بۆ کۆتایی وانەکەمان، کێـتان ئێستا بەبێ نووسـین، بە زاری دەتـوانێت لەسەر ئەم بابـەتە قسەبکات؟

جـوان (دەستی هەڵـبڕی): مامۆسـتا من دەتـوانم.

مامۆستا: فـەرموو جـوان گـیان.

جـوان زیاتر لە پێنج خوولەک لەسەر کوردستان نیشتمانی خۆشەویستمانە قسەی کـرد.. وشە و رستەکـانی جـوان و ناسک بـوون.. ئافـەریمان کـرد و چەپڵەیـەکی قـایمان بۆ لـێدا.
گۆمانیشم نەمـا و دڵنیابووم، کە جـوان خۆی داڕشتنەکـانی دەنـووسێت.

لە پشووی دوای ئەو وانەیەدا، چووم بۆ لای جوان و لێم پرسی: جوان گیان تۆ ئەو وشە جـوان و رسـتە ناسک و شـیرینانە لە کـێوە فـێربـووی؟

جـوان ( بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): هـەڵاڵە گـیان، من لە مامۆستاکانی ماڵەوەمـان ئەو وشە و رسـتانە فـێربـووم.

وامزانی کە جـوان گـاڵتەم لەگـەڵـدا دەکات. ئەو یەکسەر هـەستی کـرد کە من لە مەبەستی قسەکـەی تێنەگەیشـتم.

جـوان: هـەڵاڵە بەیانی رۆژی هـەینییە، وەرە بۆ ماڵـمان، تا بە مامۆستاکـانی ماڵەوەمـان ئاشـنات بکەم.

ئەو شەوە بیرم لە قسەکەی جـوان دەکـردەوە، دەمـوت: دەبێ مامۆستاکـانی ماڵەوەیان کێبن؟ لە دایک و باوکی زیاتر کێن؟ دایک و باوکیشی مامۆستا نین. ئەی ئەو مامۆستایـانە کـێن؟

بەیانی رۆژی هەینی مۆڵەتم لە دایک و باوکم وەرگرت، چووم بۆ ماڵی جـوان، کە کۆڵانێک لە پشتی ماڵی ئێمەوەن. جـوان زۆر بە رووخـۆشی و بە رێـزەوە بەخێرهاتنی کردم. بردمی بۆ ژوورەکەی خۆی. لەسەر دیوارێکی ژوورەکەیدا، نەخشەیەکی رەنگاوڕەنگی کـوردستانی هـەڵواسی بوو، لەگەڵ تابلۆیەکـدا کە بریتی بوو لە وێنەی کۆمەڵێک پێشمەرگـەی کـوردسـتان. پەرتـوکخـانەیەکی جـوانیش لە ژوورەکەیدا بوو. بە مەزنـەی من زیاتر لە سەد و بیست و پێنج پەرتـوک و گۆڤـاری رەنگاوڕەنگی منـداڵان، لە ناو پەرتوکخـانەکەیـدا بوون.
جـوان سەیـرێکی منی کـرد و دەستی بۆ لای پەرتـوکەکـانی راکێـشا.

 جوان: مامۆستاکـانم، هەڵاڵەی هاوپۆلم و هاوڕێی خۆشەویستم، هاتووە کە بە ئێوەی دڵـسۆز ئاشنابێت.. هـا هـەڵاڵە گیان ئێستا لە مەبەستی قسەکەی دوێنێم تێگەیشتی؟
وتم: بەڵێ جوان گیان، ئێستا زانیم مەبەستت لە مامۆستاکـانی ماڵەوەتان کێن.

جوان تێنووسێکیشی پێشانم دام، کە لەسەری نووسیبووی (گۆڵبژێرێ وشە و رستە جوانەکـان)
جـوان: من رۆژانە لە کاتژمێرێک زیاتر پەرتـوک و گۆڤـار دەخوێنمەوە، هەر وشە و رستەیەکی جـوانم لە خۆێندنەوەی بابەتەکانی پەرتوک و گۆڤارەکانم بەرچاو کەوتووبن، لەم تێنووسەدا نووسیویانم، لە کـاتی پێویستدا سوودێکی زۆرم لێوەرگـرتوون.

سوپاسی جوانم کرد، دوای ماوەیەک پێکەوە قسەکردن گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.

بیـرۆکەکەم بۆ دایـکم و باوکـم باسکرد، داوام لێکردن، کە پەرتوکخـانەیەک و کۆمەڵێک پەرتوک و گۆڤاری منداڵانم بۆ بکڕن. هەردووکیان داواکەمیان زۆر پێخۆشبوو. هەر ئەو رۆژە چووین بۆ بازاڕ. پەرتوکخانەیەکی جـوان و بیست و پێـنج پەرتـوکی ئاسان و گۆڤـاری کوردی منداڵانمان کـڕی.

دەستم بە خوێندنەوە کـرد.. ژمارەی پەرتوک و گۆڤـارەکانیشم مانگ لە دوای مانگ زۆرتر دەبوون. دوای چـوار مانگ، هەستم کرد کە ئاستی رۆشـنبیریـم بەرزبۆتەوە و وشەکـانم زۆرتـر بوونە.. بـڕواشم بە توانـای خۆم کـرد. دوای ئەو ماوەیە، کە مامۆستای کوردیمان داوای نووسینی هـەر بابەتێکی داڕشتنی لێبکردینایە زیاتر لە دە دێڕم لەسەر دەنووسین، بە وشەی جوان و بە رستەی ناسک دەمەڕازانـدنەوە. بە دڵخۆشیشەوە لە پۆلـدا دەمخـوێندنەوە، ئافـەرین و دەستخۆشی مامۆستاکەمـان و چەپڵەلـێدانی هـاوڕێکانم بە دەسـت دەهـێنان.

لە پشووی هـاوینی رابردووشدا، هەلێکی زیاتـرم بۆ خوێنـدنەوە بۆ رەخسا. لەگەڵ جوانی هـاوڕێشم دا، هەفتەی جارێک دەچـووین بۆ بەشی منـداڵان لە پەرتوکخانەی گشتی شارەکەمان و پەرتوکی منداڵانمان دەخوازی و لە ماڵەوە دەمانخوێندنەوە.. تا ئەمڕۆش سەردانی بەشی منداڵان لە پەرتوکخانەی گشتی شارەکەمـان دەکـەین. لە ئێستادا، بـوومە بە هـاوڕێی هـەمیشەی پەرتـوک و خوێنـدنەوەش بـووە بە بەشـێک لە ژیـانم.

ئەمساڵ کە لە پـۆلی شەشەم دام.. هەست دەکـەم ئاستی رۆشـنبیری گشتی و توانای داڕشتن و گوزارشتکردنم لە گەڵ پارەکەدا، زۆر بەرزتر بۆنەتەوە. لە وانەی داڕشتندا، هـەموو جارێک لە دوای جـوانی هـاوڕێمەوە.. من هـەڵساوم و یەکسەر بە زاری گـۆزارشتم لەو بابەتانە کـردوون، کە مامۆستای کوردیمان داوای لێکردوویـن.

 
من و جـوان نیازیشمان وایە، لە ئەمـڕۆ بـەدواوە، چیـرۆک و هـۆنـراوە بۆ منـداڵان بنووسین، لە گۆڤـارە کوردییەکانی منـداڵانـدا بڵاویـان بکەینەوە.

نەرویـج

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی