"an independent online kurdish website

رووداو – هەولێر

 ئەشواق حەجی، کچێکی کوردی ئێزدییە دوای رزگاربوونی لە دەست داعش دەچێتە ئەڵمانیا، بەڵام ئەو چەکدارەی داعش کە کڕیویەتی، لە ئەڵمانیاش دەیدۆزێتەوە، ئەوەش ئەشواق ناچاردەکات لە ترسی ژیانی بگەڕێتەوە کوردستان.


 

ئەشواق حەجی هاوشێوەی سەدان کچی کوردی دیکەی ئێزدی لە 3ی ئابی 2014دا کەوتووەتە دەستی داعش.  ئەشواقی تەمەن 19 ساڵ بە 100 دۆلار دەفرۆشرێتە چەکدارێکی داعش بەناوی ئەبوو هومام، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2014دا توانی هەڵبێت و بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

 

پرۆگرامێکی حکومەتی ئەڵمانیا یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی لە ساڵی 2015دا ئەشواق و دایکی و برایەکی بچووکی لە شارۆچکەیەکی نزیک شتوتگارت لە ئەڵمانیا نیشتەجێبن.

 

ئەو کچە کوردە ئێزدییە چاوی لەوەبوو ژیانێکی نوێ لەو وڵاتە ئەوروپییە دەستپێبکات، بەڵام لەوێش ئەبوو هومام دەرکەوت و زانیاری تەواویشی دەربارەی ژیانی ئەشواق لە ئەڵمانیا هەبووە.

 

لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، ئەشواق حەجی زانیاری نوێ لەبارەی ئەو چەکدارەی داعش ئاشکرادەکات کە لە ئەڵمانیاش وازیلێنەهێناوە.

 

رووداو: لە کوێ ئەبوو هومام-ت لەنێو داعشدا بینیبوو؟

 

ئەشواق حەجی: لە رۆژی 3-8-2014، 77 کەس لە ماڵباتی ئێمە دەستگیرکران، سەرجەمی بنەماڵەکان، چ مامەکانم و کچە مامەکانم، کوڕی مام، خاڵ و کچەخاڵ و خوشک و براکانمان، بنەماڵەی ئێمە بەتەواوی دەستگیرکران. تاوەکو ئێستاش هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیان نازانین. ئێمەیان لەگەڵ خۆیان بردە سووریا، ماوەی هەفتەیەک لە سووریا ماینەوە، بنەماڵەی ئێمە هەموومان بەیەکەوەبووین، نەک تەنیا بنەماڵەکەی ئێمە، بەڵکو ژمارەیەکی دیکەی زۆری ئێزدییەکان لەوێ بوون.

 

ئێمە هەفتەیەک لەوێ ماینەوە و پاشان ئێمەیان گەڕاندەوە عێراق، دواتر کچەکانیان لە ماڵبەتەکانیان جیاکردنەوە، هەر لە کچی تەمەن 6 ساڵانەوە  تاوەکو سەروو، هیچ کچێکیان لەگەڵ ماڵباتەکانیان نەهێشتن، هەموویان بردن بۆ فرۆشتن، پاشان هەموویان دەستدرێژی سێکسیان کرایەسەر.

 

من دەمەوێت هەموو وڵاتان حاڵی ئەو کچ و ژنانە بزانن کە کەوتوونەتە دەستی داعش، ئەمڕۆ کە من قسە دەکەم تەنها باسی خۆم ناکەم، بەڵکو بە هەزاران کچ و ژن لە دەستی ئەواندان، شتێک لەبارەی چارەنووسی ئەوان نازانین.

 

رووداو: لە چ ساڵێک بوو کاتێک ئەبوو هومام-ت بینی؟

 

ئەشواق حەجی: لە ساڵی 2014 بوو، نزیکەی 4 بۆ 5 هەفتە تێپەڕبووبوو بەسەر کڕینی ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە، دوای ئەوە ئەبوو هومام هات و منی لە ناوچەی بەعاج کڕی و منی بردە رەمبووسی ماوەی 3 مانگ لەوێ بووم.

 

رووداو: تۆ پێشتر باسی ئەوەتکردبوو کە ئەبوو هومام بە 100 دۆلار تۆی لە کەسێکی دیکە کڕیوە، ناوی ئەو کەسە چیبوو کە ئەبوو هومام تۆی لەو کڕی؟

 

ئەشواق حەجی: ناوی محەممەد عێراقی بوو.

 

رووداو: ئەی ئەبوو هومام خەڵکی کوێ بوو؟

 

ئەشواق حەجی: ئەبوو هومام خۆی خەڵکی بەغدایە، ناوی راستەقینەشی محەممەد رەشید بوو، من دڵنیام ئێستا نیوەی خانەوادەکەی لە بەغدا دەژین و نیوەی دیکەشیان لە ئەڵمانیا دەژین.

حاڵی ئێمە ئێستا لە عێراق لە مەترسیدایە، چونکە دەزانم ئێستا نیوەی خانەوادەکەی لە بەغدان و نیوەشیام لە ئەڵمانیا دەژین ئەوان منیان بینیووە.

 

رووداو: کاتێک ئەبوو هومام تۆی کڕی، ماڵیان لەکوێ بوو؟

 

ئەشواق حەجی: کاتێک منی لە بەعاج کڕی، راستەوخۆ منی بردە رەمبووسی، بەڵام ئێمەیان لەگەڵ خۆیاندا دەگێڕا، ئێمەیان دەبردە سووریا، دەبردە بەعاج، موسڵ، ئێمە بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆیاندا دەگێڕا، ئێمە وەکو قەڵغانێک بۆخۆیان بەکاردەهێنا. من لەگەڵ ئەبوو هومام بووم بۆ ماوەی 3 مانگ لە رەمبووسی، من ئەوکاتەی لە رەمبووسی بووم ئەو ئەمیری شەرعی داعش بوو، هاوکات بەرپرسی دیلەکانی ئێمە بوو.

 

رووداو: تۆ کەی چوویە ئەڵمانیا؟

 

ئەشواق حەجی: من لە 22ی 10 لە دەستی داعش رزگارم بوو، نزیکەی 6 مانگ لای باوکم و براکەم مامەوە، دواتر لە ساڵی 2015 چوومە ئەڵمانیا.

 

رووداو: تۆ لە ئەڵمانیان زمانی ئەڵمانیت دەخوێند، بۆچی لە ئەڵمانیا گەڕایەوە کوردستان؟

 

ئەشواق حەجی: ئەڵمانیا بۆ کچ و ژنانی ئێزدی کەمتەرخەمی نەبوو، ئەڵمانیا بۆ هەموو پەنابەران کەمتەرخەمی نەکردووە، بەڵام لە ساڵی 2016، کاتێک ئەو داعشەم بینی و چاودێری منی دەکرد، لەڕێگەی نێوان بازاڕ و ماڵی ئێمە چاودێری منی دەکرد، من سەیری دواوەی خۆم کرد بینیم کەسێک بەدوامەوەیە، بەڵام وابیرمکردەوە کە رەنگە ئەو نەبێت، پێموابوو ئەو پیاوی داعشە و نایەتە ئەڵمانیا، من ئەو حاڵەتەم بۆ دایکم گێڕایەوە، دایکم گوتی شتێکی وا لە ئەڵمانیا نییە، ئەوەبوو هیچم نەکرد، دواتر بەشێوەیەکی ئاسایی چوومەوە قوتابخانە و بەبێ ترسی ئەو ماوەیەم لە ئەڵمانیا تێپەڕاند، لە ساڵی 2018 کاتێک لە قوتابخانە بووم لەسەر کار هاتمەدەرەوە، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ دەبوو، ئۆتۆمبێلێکی سپی هات، تەنها ئەو نەبوو بەڵکو پیاوێکی دیکەشی لەگەڵدابوو، بە ئۆتۆمبێلە سپییەکە هات و لای من وەستان گوتی دەکرێت پرسیارێکت لێبکەم، بە ئەڵمانی قسەی لەگەڵ کردم، منیش هەر بە ئەڵمانی جوابم دایەوە و گوتم فەرموو، لێی پرسیم گوتی تۆ ئەشواقی؟ منیش گوتم من ئەشواق نیم، گوتی ئەی تۆ کێی؟ من رووی خۆم وەرگێڕا و گوتی من ئەبوو هومامم دەشزانم تۆ ئەشواقی، منیش گوتم من نە تۆ دەناسم و نە ئەوەی دیکەش. گوتی بەڵێ دەزانم تۆ لە ساڵی 2015ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، لە کوێش دەژیت، مێژووی ژیانی منی لە ئەڵمانیا هەمووی دەزانی، پێیگوتم درۆم لەگەڵ مەکە من دەزانم تۆ ئەشواقی، منیش پێمگوت من ئەشواق نیم من نەمدەزانی لە ترسان بچمە کوێ.

 

رووداو: کاتێک بۆ جارێ دووەم چاوت بە ئەبوو هومام کەوت لە چ شارێک بوو، چ کاتێک بوو؟

 

ئەشواق حەجی: جاری پێشتر و جاری دووەم هەر لە شارێکی سەر بە شتوتگارد بوو، دواجاریش کە منی بینی لە مانگی 2ی 2018 بوو.

 

رووداو: کاتێک تۆی بینی تۆ بە چییەوە سەرقاڵبووی؟

 

ئەشواق حەجی: ئەوکاتەی لەسەر کار دەگەڕامەوە من بە تەلەفۆن سەرقاڵبووم، دەمویست بچمە مارکێت بۆ نیوەڕۆ شتێک بۆخۆم بکڕم و بگەڕێمەوە سەر کارەکەم، کاتێک گەیشتمە سەر شەقام ئەو بە ئۆتۆمبێلێک هات و لە پێشم وەستا، ئەگەر راستی بڵێم ئەو لە بەیانییەوە چاودێری منی کردبوو بۆ ئەوەی بزانێت چ کاتێک دێمە دەرەوە.

 

رووداو: ئایا ئەو هەوڵی ئەوەیدا تۆ لەگەڵ خۆیدا ببات، یان بتخاتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی، چۆنیش زانیاری لەسەر تۆ پەیداکردبوو؟

 

ئەشواق حەجی: من نازانم، بەڵام رەنگە ئەو وای دانابێت کاتێک من ببینێت بمڕفێنێت یان شتێکم لێبکات، کاتێک جاری یەکەم منی بینی شوێنەکەمی پێزانی، جاری دووەم کاتێک قسەی لەگەڵ کردم بۆ ئەوەی بوو من بزانم ئەو پیاوە لە ئەڵمانیادا دەژیت وەکو من، رەنگە ئەگەر جارێکی منی دیتبایەوە منی رفاندبا، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە منی دیتبایەوە و منی رفاندبا، کەس نەیدەگوت ئەو کەسە منی رفاندووە، چونکە خەڵک دەیانگوت ئەو تەمەنی 18 ساڵە لە ئەڵمانیا مرۆڤ ئازادە لەوەی لەگەڵ کەسێک بڕوات، کەس نەیدەگوت یەکێکی داعش هاتووەتە ئەڵمانیا و ئەو کچەی رفاندووە، ئەمڕۆش کە ئەو هاوار هاوارەمە، بە سەتان کچی وەکو من لە شتوتگاردن ئەو پیاوە داعشە دەبینن، بەڵام کەس هاوکاریان ناکات و بەدەنگیانەوە ناچێت و کەسیش دەنگی ئەوان ناگەیێنێت.

 

رووداو: ئەو کەسە چۆن توانیبووی ئەو زانیاریانە لەسەر تۆ کۆبکاتەوە؟

 

ئەشواق حەجی: منیش سەرم سووڕماوە، منیش حەزمدەکرد بزانم چۆن ئەو کەسە زانیاری لەسەر ژیانی من دەستکەوتووە، منیش نازانم چۆن زانیویەتی من لە ساڵی 2015مەوە لە ئەڵمانیام.

 

رووداو: ئایا بە بڕوای تۆ ئەمە نیشانەی ئەوەیە چەکدارانی داعش لە ئەوروپاش هەمان کاری خۆیان دەکەن و بەدوای کچانی کوردی ئێزدیدا دەگەڕێن؟

                  

ئەشواق حەجی: من لە گەلێک لە کچەکانم بیستووە کە لە شتوتگاردن، کە ئێمەیان وەکو پەنابەرێک بردووەتە ئەڵمانیا و ئێمە بردووەتە هەرێمی شتوتگارد، ئەو کچانەی لەدەستی ئەوان رزگاریان بووە هەموویان لە هەرێمی شتوتگاردن، گەلێک لە کچەکان پیاوەکانی داعشیان بینیووە، بەڵام ئەو کچانە قسە ناکەن، بەڵام کاتێک من ئەو پیاوە داعشەم بینی، من ئەڵمانیام جێهێشت و گوتم خۆم دەکەمە قوربانی ئەو کچ و ژنە ئێزدیانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە.

 

رووداو: پۆلیسی ئەڵمانیا لە بادن ڤۆرتمبرگ لە رۆژی 13ی ئازاری ئەمساڵدا لە ئەژمارەکەیان لەسەر توویتەر دەڵێ، ئەوان ناچاربوون لێكۆڵینەوەكانیان دابخەن چونكە، نەیانتوانییوە قسە لەگەڵ تۆ بكەن، چونكە تۆ گەڕابوویەوە بۆ كوردستان، ئایا ئەم بیانووە راستە؟

 

ئەشواق حەجی: من نازانم ئەو شتە راستە یان نا، بەڵام من لەلایەن خۆمەوە کەمتەرخەمیم نەکرد، جاری پێشوو کە ئەو پیاوەم بینی چوومە لای بەرپرسەکانی خۆمان و چوومە لای پۆلیس، چوومە لای هەموویان و داوام تۆمارکرد و گوتم ئەو کەسە لە عێراق دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەرم، من چەند رۆژێکە لە ئەڵمانیا دەیبنینم، ئەگەر بێت و دوو رۆژی دیکە من بڕفێنێت دەبێت هەمووتان ئەوە بزانن ئەو کەسە لە ئەڵمانیایە، مانگ و نیوێک لە ئەڵمانیا بەو هیوایەبووم، بەڵام کاتێک بینیم هیچ شتێکیان نەکرد و داواکەی منیان فەرامۆشکرد و کەسی خۆی لێ بەخاوەن نەکرد، ئەگەر بێت و داواکەیان بردبا بۆلای بەرپرسانی باڵا دەکرا شتێکیان کردبا، بەڵام ئەوان داواکەیان لای خۆیان هێشتەوە، بۆیە گەڕامەوە عێراق.

 

رووداو: ئایا لە ترسان گەڕایتەوە؟

 

ئەشواق حەجی: بێگومان، ئەگەر دوو رۆژی دیکە لەوێ منی رفاندبا، کەس نەیدەزانی کێ منی رفاندووە و هەموو دەیانگوت لە ئەڵمانیا مرۆڤە ئازادە و ئەو خۆی لەگەڵی چووە.

 

رووداو: مامەڵەی پۆلیس چۆن بوو کاتێک ئەو حاڵەتەت بۆ ئەوان باسکرد؟

 

ئەشواق حەجی: کاتێک من ئەو باسەم بۆ گێڕانەوە، گوتیان دەبێت بەڵگە هەبێت، منیش پێمگوتن لەبەردەم ئەو مارکێتەی کە قسەی لەگەڵ من کردووە، ئەگەر کامێرای چاودێری هەبێت لە دەرەوەی مارکێتەکە وێنەی ئێمەی گرتبێت، چونکە ئێمە لەنێو مارکێتەکە قسەمان نەکردووە، بەڵکو لەسەر شەقامەکە بووە بەرامبەر مارکێتەکە، گوتم بەس وێنەی گرتبێت، گوتم دەچین سەیر دەکەین و ئێمە ببینن، گوتیان خەمت نەبێت، بەڵام هیچیان نەکرد.

 

رووداو: بە بڕاوی تۆ پۆلیس جددی نەبووە، ئەو کەسە دەستگیر بکەن؟

 

ئەشواق حەجی: ئەوان گوتیان ئێمە هەوڵدەدەین و هەر شتێک لەدەستمان بێت کەمتەرخەمی لێناکەین، هەموویان لای خۆیان نووسی، لەگەڵ ئەوان چوومە ڤایپلینگن، هەموو پرسیارێکیان لێمکرد دەربارەی ئەوەی شێوەی چۆنە، قەڵەوە یان لاوازە، بەژنی درێژە یان کورتە، منیش هەموویم پێگوتن، وێنەی هەمان ئەو پیاوەیان دەرهێنا، ژمارەیەکیان پێمدا گوتیان ئەگەر جارێکی دیکە ئەو کەسەت بینییەوە بەو ژمارەیە پەیوەندیمان پێوە بکە، ئەگەر جارێکی دیکە ئەو کەسەم دیتبایەوە و منی رفاندبا، من چۆم پەیوەندیم بە پۆلیس کردبا و کێ دەیزانی کێ منی رفاندووە، ئەگەر منی کوشتبا یان شتێکی لێم کردبا، کەسێک نەیدەزانی کێ ئەوکارەی کردووە.

 

رووداو: بە بڕوای تۆ پۆلیس خەمساردبووە بۆ گرتنی ئەو کەسە؟

 

ئەشواق حەجی: وەکو ئەوان گوتیان کەمتەرخەمی ناکەین و بەدوای ئەو پیاوەدا دەگەڕێین و دەیگرین، منیش مانگ و نیوێک بەو هیوایە مابووم، بەڵام بینیم هیچ شتێکیان نەکرد و ئاگاشیان لە من نییە، ئەوە بوو من و دایکم و براکەم بە یەکەوە گەڕاینەوە.

 

رووداو: ئایا ئەبوو هومام دەیگوت خانەوادەی ئێوە دەناسم و دەزانم لە کوێ دەژین و ماڵتان لەکوێیە، لە ناوچەیەی شتوتگارد، تۆ هەرگیز لەسەر ئەوە بیرت لەوە کردووەتەوە ئەو کەسە چۆن ئەو ناونیشانانەی پەیداکردووە و ئەو هەموو زانیارییەی دەستکەتووە؟

 

ئەشواق حەجی: منیش نازانم، من بەو بەرپرسەی خۆمانمان گوت و گوتم ئەو کەسە چۆن مێژووی ژیانی من دەزانێت و چ کارێک دەکەم لە ئەڵمانیا و لە کوێش دەژیم، بەڵام کاتێک گوتی لەو شەقامە دەژین، بە بیرم هاتەوە کاتێک جاری یەکەم بەدوای منەوە بوو، من پێموانەبوو ئەوە، چونکە لەو بڕاویەدابووم پیاوێکی داعش نایەتە ئەڵمانیا.

 

رووداو: ئێستا تۆ میوانی رووداوی، هەموو دونیا تۆ دەبینێت، لێرەوە پەیامی تۆ بۆ پۆلیسی ئەڵمانیا و وەزارەتی دادی ئەڵمانیا چییە؟

 

ئەشواق حەجی: من هیوادارم ئەو پیاوە دەستگیر بکەن، چ پیاوێکی داعش هەیە لە ئەڵمانیا دەریانبکەن، ئاوڕێکیش لە کچ و ژنانی ئێزدی بدەنەوە، دوو رۆژی دیکە ئەگەر چەند کچێک بڕفێندرێن، پاشان کێ دەزانێت کێ ئەوانی رفاندووە، من لە گەلێک لە کچەکانم زانیووە کە ئەو پیاوە لە شتوتگاردە، لە نێو شەمەندەفەر و لە رێگەکان ئەو پیاوە داعشەیان بینیووە، منیش خۆم کردە قوربانی هەموو ئەو کچ و ژنانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، من گوتم هەندێک حیساب بۆ من و بۆ ئەوان بکەن، دوای ئەوەی لە دەستی داعش رزگارمان بووە و چووینە وڵاتی غەریبان و چووینە ئەوروپا، هێشتا بەدوای ئێمەدا دێن  و هەوڵدەدەن لەوێش بمانڕفێنن.

 

رووداو: دەتەوێت پەیامێک بۆ ئەنگێلا مێرکڵ بنێریت و دەتەوێت چی پێبڵێی؟

 

ئەشواق حەجی: من هیوادرام لەگەڵ هەر بەرپرسێکی باڵا قسە بکەم، پرسیاری یەکەمی من ئەوەیە زیاتر لە 3 هەزار ئێزدی گیراون، 4 ساڵە هیچیان لەبارەوە نازانین، دەمانەوێت شتێکیان لەبارەوە بزانین. 41 لەو 3 هەزار لە ماڵباتی منن، چ خوشک، چ برا، چ مام و چ کچە مام و زاوا، کەسوکاری ئێمەیان هەموو گرتوونە کەسیان رزگاریان نەبووە، هیوادارم هەواڵێک لەبارەی ئەو دیلانەی خۆمان بزانین و شتێک بۆ ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە بکرێت، چ لە ئەڵمانیا و چ لە عێراق و لە هەر کوێیەک بن، رۆڵیان دیار بێت و ئەو داعشانە لە ئەڵمانیا دەربکەن، ئەگەر بەو شێوەیە بێت گەلێک کچی دیکە لە ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە و ئەڵمانیاش بەو داعشانە خراپ دەبێت.

 

رووداو: دەتەوێ چ پەیامێک بە یەكێتیی ئەوروپا بگەیێنی و چیان پێدەڵێی؟

 

ئەشواق حەجی: هەمان داخوازیم هەیە، من بۆ هەر کەناڵێک قسەم کردبێت، چ بەرپرسێک بێت، کێ گەورەیەک بێت و کێ سەرۆک بێت، داخوازی لە پێشینەی من ئەوەیە شتێک لەبارەی چارەنووسی ئەو 3 هەزار و 600 ئێزدیانەی گیراون بزانین، ئەوە داخوازی هەرە لە پێشینەی منە. دووەمیش ئەوەیە شتێک بۆ ئەو کچ و ژنانە بکەن، کە لە دەستی داعش رزگاربوونە، دوای ئەو هەموو سەختی و ئازارکێشان و دەستدرێژیکردنە جارێکی دیکە چاویان بە پیاوانی داعش بکەوێتەوە.

 

رووداو: داوات لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە بۆ ئەوەی ئەو داعشانەی هەڵاتوون و چوونەتە ئەو وڵاتانە و داوای مافی پەنابەریێتیان کردووە، دەستگیریان بکەن، بۆ ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئێزدییەکان خەڵکی دیکەش؟

 

ئەشواق حەجی: بێگومان ئەو پیاوانەی داعش، دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر پێش هەموویان من و پاشان کچە ئێزدییەکانی دیکە، بێگومان ئێمە دەمانەوێت سزابدرێن و لە ئەڵمانیان دەربکرێن. ئێمە بۆ شوێنێک چووینە نامانەوێت کەسێک ببینین کە لەوێ ناسیبێتمان، تاوەکو ئێستاش بە بیرماندێتەوە کە چۆن دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر کچی 6 ساڵی و سەرووتر و چۆن کچیان بە تەنیا 100 دۆلار دەفرۆشت، تاوەکو دونیا ماوە ئەو شتانەمان لەیادناچێت، تاوەکو دەشمرین، هەموو کەس دەزانێت دۆخی ئێمە کاتێک گیرابووین چۆن بوو، ئەو کچانەشی تاوەکو ئێستا لەدەستی ئەواندا ماون، دۆخی ئەوان ئێستا لە جاران زۆر خراپترە. کاتێکیش ئێمە چووینە ئەڵمانیا و هەر دەوڵەتێکی دیکە، ئەگەر بێت و ئەو داعشانە لەوێ بن و ئێمە بڕفێنن، واتە دەبێت خۆمان بکوژین، ئێمە نە بە کەڵکی عێراق و نە دەوڵەتێکی دیکە دێین. من خوازیارم دەنگم بگەیێن بە هەموو وڵاتانی جیهان، هەر یەکێک شتێکی لەدەست بێت دەنگی ئێمەیان پێبگەیێنن، ئەمڕۆ من کە قسە دەکەم، تەنها لەسەر خۆم نادوێم، لەسەر هەموو ئێزدیان قسە دەکەم، بەتایبەت ئەو کچ و ژنانەی تاوەکو ئێستا بەدیلی لەدەستی داعشدا ماون، ئەوە چوار ساڵە لەدەستی ئەواندان و شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانین.

 

رووداو: چ داواكارییەكت لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە؟

 

ئەشواق حەجی: من لە هەموو حکومەتەکان خوازیارم شتێک لەبارەی دیلەکانی خۆمان بزانین، ئەو پیاوەی داعش سزابدەن، نەک تەنها ئەویش بە هەزاران داعش لە ئەڵمانیا لە ناوچەی شتوتگاردن، پێویستە سزابدرێن، ئەو داعشانە دەربکەن، یانیش ئەڵمانیا بە هەمانشێوەی عێراق خراپ ببێت، وەکو چۆن عێراق خراپ بوو، چۆن منیان لە شنگال دەرهێنا و منیان فرۆشت..

 

رووداو: تۆ گوتت کەسوکاری ئەبوو هومام لە بەغدان، ئایا چ داواکارییەکت لە حكومەتی عێراق  هەیە؟

 

ئەشواق حەجی: داواکاری من لە حکومەتی عێراق هەیە کارێک بۆ داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بکەن و شتێک بۆ ئێزدییەکان بکەن، ئێمە بە کەڵکی عێراق نایەیێن، ئێمە ناوێرین لە عێراقدا بژین، من دەزانم نیوەی خانەوادەکەی ئەبوو هومام لە بەغدا دەژین، نیوەشیان لە ئەڵمانیادا دەژین، ئێمە نە دەتوانین لە ئەڵمانیا بژین نە دەتوانین لە عێراق بژین.

 

رووداو: ئەو وێنانەی لە پشتتەوە دیارن، وێنەی کێن؟

 

ئەشواق حەجی: ئەمە وێنەی هەموو خانەوادەکەی منە، 41 کەس 5 برام و خوشکەکەم و دوو مامم بە خانەوادەکەیانەوە، پوورەکانم بە خانەوادەکانیانەوە، زاواکەمان و کوڕە مامەکانم بە خانەوەدەکانیانەوە، هەموویان رفێندراون و 4 ساڵ هیچ شتێکیان لەبارەوە نازانین.

 

لە کۆتاییدا هیوادارم لە وڵاتانی جیهان کارێک بۆ ئێزدییەکان بکەن، بەتایبەت ئەو دیلانەی ماوەی چوار ساڵە شتێکیان لەبارەوە نازانین. بەسە تاکەی بە هیوای گەڕانەوەیان بین، ئەگەر لە ژیاندان پێویستە بزانین ئەگەر نەشماون هەردەبێت بزانین.

 

لینکی روداو و  ڤیدیۆ

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی