"an independent online kurdish website

لە ئەمڕۆدا پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، ئێمە لە سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و گۆڕانکـاری خـێرا و داهێـنانی سەیـر و سەمەرەدا دەژین، لە جیهانێکی جەنجاڵی پـڕ لە کێشە و قەیـران و کارەساتـدا دەژین.

reza_showan

منداڵانی ئەمڕۆمان، لە سایەی داهێنانی نوێدا، لە منداڵانی سەدەی رابردوو، زیرەکتر و کراوەتـر و وریـاتر و رۆشنبیریتر و زۆرزانـترن، هـیوا و خـەون و خواستەکانیشیان، هەمان هـیوا و خواست و پێداویستییەکانی منداڵانی سەدەی بیستەم نین.

هەرچەندە دایکان و باوکان و پەروەردەکـارانی ئەمڕۆش، رۆشنبیریتـر و هۆشیارتـر و بەڵەدتـرن لە رێبازەکـان و لە شێوازەکـنی پـەروەردەی نوێی منـداڵاندا. لەگەڵ ئەمەشدا، رووبەڕووی گەلێ بەرهـەڵست دەبنەوە، کە ئەرکەکانیانی زیاتر قـورس کـردوون.

بەڵام ئەمە ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی ئەستۆیانە، چونکە ئەمان منداڵەکانیان هێناونەتە کایـەوە.. لە سەریانە کە بە جـوانی پـەروەردەیـان بکەن و بە دروستی رێنماییان بکەن  و بە باشی ئاراستەیان بکەن.. پێداویستییەکانی گەشکردن و پێشکەوتنشیان بۆ دابـین بکەن. هەر کەمتەرخەمی و هەڵەکـردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا، زیانێکی گەورە بە چـارەنووسی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منـداڵەکانیان و بە گەلەکەمـان دەگەیەنن.

(ئەلـیزابێت مـاخ) دەڵێ:” لە کـاتی ئەنجـامدانی پەروەردەکـردنی منداڵەکـانماندا، هـەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگێک کە لە پێناوی داهـاتوویەکی باشتردا دەستمان داوەتـێ

بێگومان هەمـوو دایکـان و باوکـان هـیواخوازی ئـەوەن، کە منـداڵەکانیان جیـاواز و بەهێزبن.. ببن بە سەرکـردە و رابـەر و پێـشەنگ و جێی متمانەی هـاوڕێکانیان بن. هەرگیز دایکان و باوکان حەز ناکەن کە منـداڵەکـانیان ببن بە پاشکۆی منـداڵانی تر.

حەزی زاڵـبوون و دەسەڵات و خـۆدەرخستن، حەزی رابـەری و سەرکـردەیی، حەزی رەمەکین لە مرۆڤـدا، لەگەڵ بوونی گەردوونـدا، ئەم حەزانەش لەگەڵ مرۆڤدا هاتوون.

بە کـورتی با بـزانین واتای”سەرکـردە” چییە؟

تا ئێستا پێناسەیەکی گشتی سەرکردە نییە، بەڵام هەندێ را و راڤەی نزیک لە یەکتروە هەن. وەکو:”سەرکـردەیی ـ سەرکردایەتی ـ بـزوانـدنی خەڵکـییە بـەرەو ئامـانج

سەرکـردەیی، هونـەرێکە، دەکـرێ بە فـێربـوون و راهێـنان وەربگـیرێت

(وارن بـلاک) دەڵێ:” هیچ مـرۆڤـێک بە سەرکـردەیی لەدایک نەبـووە، سەرکـردەیی پـرۆگرامکـراوی جـینە بۆ ماوکـان نییە، دەکـرێ بە فێربوون و راهێنان وەربگیرێت

(پیـتەر وارکـەر) یش دەڵێ:” پێویستە فـێری سەرکـردەیی بيت، ئەمەت پێـدەکـرێت

هەنـدێ کەس لەو باوەڕەدان، کە کەسایەتی سەرکـردە تەنها بەهـرەیەکە لەگەڵ مرۆڤـدا لەدایک دەبێت. ئەمەش بە پێچەوانەی جەختکردنی شارەزایانی ئەم بـوارەیە، کە پێیان وایە سەرکردەیی، لە منداڵییەوە بە تێپەڕبوونی کات، وەردەگیرێت. دەکرێت مرۆڤ زیاتر لای شیرین بێت و گەشەی پێـبدات.

سەرکـردەیی واتـا دەسـەڵات، دەسەڵاتـدار یا سەرکـردەی لێهاتوو و دڵسۆز و شایستە، پێویستە ئەو بەرپـرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرێت، کە کـاروانـەکە بە لاڕێـدا نەبـات و بە سەرکەوتوویی بیگەیەنێـتە کۆتایی رێگـاکە و بە ئامـانج، گەر کـاروانەکە نەگەیەنێت و بە لاڕێـی دا ببات.. پێویسـتە لە بەرپرسیارییەتی خـۆی نەدزێتـەوە و ئامـادەبێت بۆ لێپرسینەوە.

ئێمە باس لە پەروەرەکردنی منداڵی سەرکـردە دەکەین.. چونکە ساڵانی یەکەمی تەمەنی مرۆڤ واتا قـۆناغی بەرایی منداڵی (قۆناغی پێش قوتابخانەی بنەڕەتی) کە گرنگـترین و هەستیارترین قـۆناغە لە ژیـانی مـرۆڤـدا، چونکە لەم قۆناغـەدا ناسنامەی ئەو منـداڵە دەرەکەوێت کە لە داهـاتوودا چ کەسایەتییەکی لێـدێتە کایـەوە. بۆیە پێویستە گرنگییەکی زۆر بەم قـۆناغـە هەستیارەی تەمـەن بـدرێت، بە تایبەتیش گرنگیدان بە ئەو منداڵانەی کە سیما و خەسڵەتەکانی سەرکـردەییان لێبەدیدەکـرێن، پێشبینی ئەوەیـان لێدەکـرێن کە لە داهـاتوودا ببن بە سەرکردە و بە رابەر و بە پێشەنگ و پێشەوا.

منداڵی سەرکردە هەر لە منداڵییەوە، سیما و خەسڵەتەکانی سەرکردەیی لێبەدی دەکرێن، وەکو: بەهـرەمەندە، بڕوابەخۆیە، ئیرادە بەهێزە، ئازا و چاونەترسە، راستگۆیە، ئارام و لەسەرخـۆیە، زیـرەکە، ژیـرە، هـاوڕێـدۆستە، دڵـسۆزە، خـۆپەرست نییە، هـاوکـارە، ورەبـەرزە، چـاکەخـوازە، گـەشـبینە، بەرپـرسیاریەتی هـەڵـدەگـرێت، دادپـەروەرە، دەستپاکە، چـالاکە، رووخـۆشە، کۆمـەڵایەتییە، رێـزدارە، رەوشـت بـەرزە، دووربیـنە، کەسایەتییەکی هـاوسەنگە، جـوان پـۆشە، توانـای چارەسەری کـێشەی هـەیە.. هتد.

بۆیە دەبینین کە مامۆستایانی رابـەری پۆلەکـان، بە زۆری ئەو قوتـابیانە دەکەن بە (چـاودێری پـۆل) کە ئەم خەسڵەتە جوانانەیان هەیە.. یا سەرکـردە و سەردەستەکانی (تیـپی دیـدەوانی قوتابخـانە) کان، ئەو قوتابیانە دەکەن بە سەرکردە و بە سەردەستە  شیاوی ئەم پایـە و پلانانەن و توانای بەڕێوەبردنیان هەیە.

گەر ئێمە هـاوڕاین لەسەر ئەوەی، کە هەموو کەسێک، شایانی سەرکـردەیی نییە و لە باریدا نییە کە ببێت بە بە سەرکردە و بە رابەری کەسانی تر. چونکە سیما و خەسڵەتە  پێویستییەکـانی سەرکـردەیی و رابـەری و پێـشەوایی و بەڕێوەبـردنییان تێـدانین.

دێینە سەر گرنگترین خەسڵەتانەی منداڵی سەرکردە، وەکو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی منـداڵی بەهـرەوەمەند و بە تـوانا و لێهـاتـوو، کە بە شایـانی سەرکـردەی دەزانـێن.

پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان رابهێنین و بە جوانی پەروەردەیان بکەین، ئازادی و سـۆز و خۆشەویستی و رێـز و متمانەیان پێـببەخشین، بۆ ئـەوەی ببنە سەرکـردەی دڵسۆز و سەرکەوتووی داهاتووی گەلەکەمان لەو بـوارانەی کە تێیاندا هـەڵکەوتوون.

١ـ بـاوەڕبەخـۆبوون: یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتەکانی منداڵی سەرکردە، منداڵێکی گەشبینە و هەمیشە بـڕوای بە خۆی و بە تواناکـانی هەیە، بۆ گەیشتنیش بە هیـوا و ئامانجەکانی، ئەوپەڕی تواناکانی بەکاردەهێنێت. بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگرێت، ئەوەش دەزانێت کە بڕیارەکـانی گـرنگ و چـارەنووسازن، لەوانـەیە زۆر شـت بگـۆڕن، هـەر بڕیارێکی دروست بدات، سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکـانی دەپێکێت، هەر بڕیارێکی هەڵەش بدات، لەوانەیە کـارەساتێکی لێبکەوێتەوە، بە پلەی یەکەمیش خـۆی باجـی بـڕیارە هەڵەکـانی دەدات. منـداڵێکیش بـڕوای بە خـۆی نەبێـت، ئـازایی بڕیـاردانی چارەنووسازی نییە و ناتـوانێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت.

٢ـ بوونی خەسڵەتی جـوان: خەسڵەت جـوانی و رەوشت بەرزی رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە دروستکـردنی منـداڵی سەرکـردە، وەکو: ئـازایەتی، راستگـۆیی، دەستپاکی، دادوەری، بەزەیی، خـاکی، لەخۆنەبایی، رووخـۆشی، رێک پۆشی، یارمەتی،..هـتد. ناکرێت منداڵی سەرکـردە، درۆزن، ستەمکـار، دووڕوو، لەخـۆبایی، خۆپەرست بێت.

گەر دایک و باوک بە راستی بیانـەوێت، هـەر لە منـداڵییەوە، منـداڵەکـەیان ببێت بە سەرکـردە، دەکـرێ بە ئاسانی ئـەو خەسڵەتە جوانـانەی فـێربکەن و رایبهـێنن، بە مەرجێک خۆیان لەم رووەوە نموونە و پێشەنگ بن و لە خۆیاندا بەرەجەستە بووبن.

٣ـ بە ئازادی و بە راشکاوی گـوزارشت لە را و بۆچوونەکانی دەکات: شانازی بوونی ئەم خەسڵەتە گرنگە لە منـداڵدا، بۆ دایک و باوکی زرنگ و هۆشیار دەگەڕێتەوە، کە رێگر نەبوونە، لە بەردەم ئازادی منداڵەکەیان بۆ گوزارشتکردن له هیـوا و لە خەون و خواستەکانیان، بۆ دەربڕینی ئەوەی لە بیر و ناخیان دایە.. بە پەرۆش و دڵخـۆشیشەوە گۆیان لێگرتـوون و را و بۆچوونەکانیان هەڵسەنگانـدوون، را و بیـرۆکە ئـەرێنی و جوانەکانیان بەرز  نرخـاندوون. پێداویستییەکانی گەشەکـردنی بەهـرەکانیان بۆ دابین کردوون. ئەمەش پشتگیری و هاندانێکی باشە و متمانە و بڕوابەخـۆبوونێکی زیاتر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت.. شتێکی باش و ئەرێنییە، کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەیاندا دادەنیشن و لێیان دەپـرسن کە بەبێ شەرمکـردن گوزارشت، لەو بیرۆکـانە بکات کە لە خەیاڵی دان، یا سەرقاڵی چییە.. ئەم پێکەوە دانیشتنانە لە رووی دەروونیشەوە دڵنیایی و متمانەیەکی زیاتـر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت، گەشە بە بیرکـردنەوەکـانی دەکات، هەستیش بەوە دەکات، کە بە هەندی دەزانن و رێز لە کەسایەتی دەگرن و راو و پێشنیار و بۆچوونەکانیشی فەرامـۆش ناکەن.. لە بڕیارەکانی خێزانیشدا، مافی بڕیاردانی هەیە. بێگومان ئەم پەروەردە دروستەی منـداڵ، لە لایەن خـێزانەوە، وا لە منـداڵ دەکات کە ئـازایی ئەدەبی هەبێت و بەبێ شەرم و ترس بە جـوانی لە بەردەم کەسوکار و هاوڕێ و مامۆستاکانیدا بە زمانێکی پەتی بدوێت و گوزارشت لە بەهـرە و لە بیرۆکەکانی بکات.

٤ـ پشت بە خـۆی دەبەستێت: ئەمەش خەسڵەتێکی گـرنگی تری منـداڵی سەرکـردەیە. پشت بە خۆبەستن وا لە منداڵ دەکات، کە خۆی تاقـی بکاتەوە بۆ سەرکەوت و گەیشت بە هـیوا و ئامانجەکـانی و بۆ هێنانەدی ئەو پەیـامەی کە لە ئەستۆی گـرتووە، ئەوپەڕی تواناکـانی خۆی بەکـاردەهێنێت، بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگـرێت. ئەمەش لە منـداڵێکی کەسایەتی بەهێزی بڕوابەخۆو دەوەشێتەوە.. دایک و باوکی هۆشیاریش هەمیشە هانیان دەدەن، کە کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.. بۆ نموونە: داوا لە کچەکەتان یا کوڕەکەتان بکەن، با خۆیان ژووری نووستنیان پاکبکەنەوە و رێکیبخەن. یا ئيشێکیان پێبسپێرن، ئافەرین و دەستخۆشییان لێبکەن.

بە داخەوە کە هەنـدێ لە دایکان و باوکان، هەموو شتێکیان لە منداڵەکانیان کـردوون بە (بـڤە) سەری زمان و بنی زمانیان (مەکەن) (ئێـوە ناتـوانن) ( ئیشی سەربەخۆ مەکەن.. بە ئێمە بڵێن) ئەم شێوە مامەڵەکردنەیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا، وایان لێدەکەن کە بـڕوا و متمانەیان بە تواناکـانی خۆیان نەبێت و خۆیان بەبێ دەسەڵات بزانن. بۆیە ئەم منداڵانە ناتوانن ببن بە سەرکـردەی منـداڵانی تر.. چونکە وا رانەهێنراون کە ببن بە سەرکردە.

٥ـ هەوڵـدان و راهێنان بۆ هێنانەدی ئامـانجێک: منداڵی سەرکردە، چاودەبڕێتە هێنانەدی ئامانجێک، پلانی گونجاو و نەخشەڕێگایەک دادەنێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەی.. پـلان دانـان و نەخـشەڕێگا، هۆکـارێکی گـرنگن بۆ راهێـنان و کارکـردن و جێبەجێکـردن و هێنانەدی. سوودیش لە کـات وەردەگـرێت و بە فـیڕۆی نادات.. فێری ئەوەش دەبێت کە بە کـرداری هەنگاو بۆ هێنانەدی هـیوا و ئامانجەکانی بنێت. ئەمەش دەبێتە یاسایەکی دەقگـرتووی ژیـانی و درێـژەی پێـدەدات بۆ هێنانەدی هـەر هـیوا و ئامـانجێکی تر، گەر ئامانجێکی بچووکیش بێت.

٦ـ گرنگی دان بە لایەنی جەستەیی و تەندروستی: وتراوە (ئەقـڵی تەندروست لە لەشی تەندروست دایە) مرۆڤ یەکەیەکی پێکهاتووە بۆ بنیاتنانی کەسی تاک، ناتوانین لایەنی دەروونی لە لایەنی جەستەیی و کۆمەڵایەتی دابڕین. تەندروستی جەستەش بە خواردنی  خـۆراکی گـونجاو دێتەدی. گـرنگیدانیش بە وەرزش پێویستی بە وزەیـە، وزەش تەنها سوود بە تەنـدروستی جەستە ناگەیەنێت، بەڵکو ئـارامی بە دەروونیـش دەبەخـشێت.

٧ـ ورەبەرزی فـرەخـوازە: خەسڵەتێکی تری منداڵی سەرکـردە، هەمیشە ورەی بەرزە و سنوورێکی دیاریکـراوی بۆ خواستەکـانی نییە، هەردەم هـیوای شتی زیاتر دەخوازێت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، بۆ هێـنانەدی هیـواکانی بە گـەرمی هـەوڵـدەدات. ئەمـەش بۆ ئـیرادە و ورەبەرزی و متمانەبەخۆبوونی دەگەڕێتەوە، ویست و ئیـرادەش هێـما و کلیلی سەرکەوتنەکـانن، ئـیرادە یەکـەمین هەنـگاوە بۆ گەیشـتن بە هــیوا و بە ئامـانج. لە فەرهـەنگی منـداڵی خـاوەن ئیـرادەی بەهـێزدا، تەمەڵی و بێـزاری و کۆڵـدان و ئەستەم بوونیان نییە.. ئەو هەمیشە دەڵێت (بەڵێ دەتـوانـم).. ئەگەر بڵێت (ناتـوانم، پێم ناکـرێت، ئەستەمە) کەواتە خەسڵەتی سەرکردەیی و سەرکەوتنی تێدا نییە.

٨ـ خـۆدەرخـەر و خـۆبەرەپێـشەوەیە: منـداڵی بە توانـا و لەبـار، هەمیشە خـۆی دەباتە پێشەوە و دەیەوێت خۆی دەربخات و بەهـرە و تواناکانی بسەلمێنێت. بۆیە خۆی لە زۆر کـار و شـتدا هەڵـدەقـورتێنێت، بەڵام منداڵی بێ دەسەڵات و هیچ لەبـار، داخـراوە و خۆی بە دووردەگـرێت، ئـازایی خۆتاقیکردنـەوەی نییە و لە شکستی دەتـرسێت.

٩ـ هەستکردن بە بەرپـرسیاریەتی: منداڵێک کە جێبەجێکردنی ئەرکـێکی پێـدەسپێرن، تەنانەت گـەر ئەرکـێکی بچـووکیش بێت، گـەر بە سەرکەوتـووی ئەنجامیـدا، واتـا هەسـتی بە بەرپرسیاریەتی ئەستۆی کـردووە.

ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بەشێوەیەکی رەهـا و بەبێ چاودێریکردن منداڵان سەرپشک بکەین و هەموو بڕیارێکی گرنگ و چارەنووساز بدەن. بەڵکو پێویستە لە پشتیانەوەبین و رێنـمایی دروست و ئاراستەی پێویستیان بکەین. چونکە لەوانـەیە بڕیـارێکی هەڵـەی مەترسیدار بـدەن و کارەساتێکی لێبکەوێتەوە.. ئۆبـاڵی ئەم ئاکـامە نەخـوازراوەش لە ئەستۆی ئێمەدایە، کەواتە نابێت بواری منداڵان بدەین کە زیـادەڕۆیی لە سەرکێشی و خۆهـەڵقـورتاندن لە کـاری مەترسـیداردا بکەن.. کە سوور دەزانین ئاکامێکی خـراپی لێدەکەوێتەوە.. باشتر وایە بۆیان روون بکەینەوە و تێـیان بگەیەنین کە لە قۆنـاغی داهـاتوودا دەتوانن ئەم کـارانە و لەمانەش گەورەتـر ئەنجـام بـدەن.

١٠ـ بوونی بەهـرە و ئامادەیی: هەر منـداڵێ لە بـوارێک یا زیاتـردا بەهـرەی هـەیە. دایکان و باوکان دەزانن کە منداڵەکـانیان لە چ بوارێکدا بەهـرەمەنـدن و ئـارەزووی چییان هەیـە. بەهـرەبوون ئامادەییە لە منـداڵاندا، پێویستە ئەم بەهـرانەیـان بقـۆزنەوە و زاخـاویان بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر گەشەبکەن.. بوونی بەهـرەش ئەو هەستە بە منـداڵ دەبەخشێت کە جیاوازە. دەشبێتە پاڵنەرێکی واتایی بۆئەوەی خـووی پێوەبگرێت و لە چەندین بواری تریشدا خۆی سەرقاڵ بکات و خۆی تاقیبکاتەوە.. ئیرادەش تەواوکەری بەهرەیە. زۆربەی کەڵە زانا و داهێنەرەکانی جیهان لە منداڵییاندا وەکو بەهـرەمەندێک، دەستیان بە تاقیکردنەوەی بەهـرە و ئارەزووەکانیان کردوون، گەشەیان پێدان و لەگەڵ گەورەبوونیاندا، بەهرەکانیشیان گەورەبوون و تا گەیشتن بە ئەنجام و بە بەرهەمـدان

١١ـ کـاریگەری لە منداڵانی تر: منداڵی زیـرەک و بلیمەت و بە توانا، زمـان شیرینە، دەتـوانێت بە ئاسانی و بە شێوازێکی دیـپلۆماسی، قەنـاعەت بە هــاوڕێکانی بکات و کاریان تێبکات، خۆی لایان خۆشەویست و شیرین و رێـزدار بکات، منداڵانیش وەکو کەسایەتییەکی کاریـزمەیی بـزانن، بە پێشەنگ و رابەری خۆیان هەڵیبژێـرن، ئەمەش خەسەڵەتێکی گرنگی منداڵی سەرکـردەیە.. شارەزایانی پەروەردەی منـداڵان، ئەمە بە باشترین جـۆری سەرکـردەیی دەزانـن، چـونکە بە شـێوەیەکی دیموکـراتی لە لایـەن هاوڕێکانیەوە هـەڵیان بـژارد و بـڕوا و متمانەی خۆیان پێـبەخشی.

١٢ـ  ئامادەی قـوربانیـدانە: ئەو منـداڵەی کە بە ئـارەزووی خۆئ، ئەوپەڕی ئامادەیی تێدایە و دەیەوێت لەپێناوی هێنانەدی بەرژەوەنـدی و ئامانجە گشتییەکاندا، قوربانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات، ئەوە منداڵێکی خۆپەرست نییە، شایانی ئەوەیە کە ببێت بە منـداڵێکی سەرکـردە و بە رابەر و بە پێشەوای هـاوڕێکانی.

بێگومان قوتابخـانەش رۆڵێکی گرنگی هەیە و لە رۆڵی خـێزان کەمتر نییە لە پێکهێنانی کەسایەتی منـداڵانـدا، دەتـوانێت بە پێی ستراتـیژییەتێکی نەخـشەداڕێـژراوی پێـویست، گەشە بە کەسایەتی منـداڵان بکات، بەهـرە و تواناکانیان لا شیرین بکات و هـانیان بدات کە پشت بە سەربەخـۆیی خـۆیان ببەستن.

با ئـەوەش بە بیـری خـۆمان بهـێنینەوە، کە زۆر لە سەرکـردەکـانی وڵاتـانی جیـهان ، لە قوتابخـانە و لە یـانە و لە تیـپ و لە رێکخـراوەکـانی قـوتابیانـدا سەرکـردە بـوون.

پێـویستە رێگریشـبین لە بـەردەم ئـەوەی، کە منـداڵی سەرکـردە، ببـێت بە دیکـتاتـۆر و ستەمکار و زاڵبێت بەسەر هـاوڕێکانیدا و بیان چەوسێنـێتەوە. دەتوانین بە گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی مەبەستدار دەربارەی کەسان و سەرکردە سەرکەوتووەکان و سەرکردە سەرنەکەوتووەکان رایبهـێنین.. ئەوەشی پێبڵێین کە تا ئەو سـنوورە ئـازادە، کە پێشێلی ئـازادیی هـاوڕێکانی و کەسانی تـر نەکات.

وەکو لە سەرەتاوە باسمان کرد، کە دایکان و باوکـان و مامۆستاکان، رۆڵـی سەرەکییان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان و لە چاندنی بەهـای بەرز و پرەنسیپە مرۆییە ئەرێنییەکان لە هـزر و لە ناخی دەروونییاندا.. دەتوانن هەر لە منداڵییەوە بە فێرکردن و راهێنان، خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی سەرکـردەیی لە منـداڵەکانیادا بـڕوێنن.. گەر بیانەوێت، لە سایەی خۆماندووکـردن و پشوودرێـژیـدا، ئەمە کـارێکی ئەستەم نییە.

(حەبووبە حەداد) دەڵێ:”منداڵەکەت کوتاڵێکە لە بەردەست دایە.. زیرکبە لە دوورینی“.

 

هیـچ گەلـێکیش نیـیە، کە بە قـەی گـەلی کـوردمان، هێـندە پێـویستی بە سەرکـردە و بە پێشەوا و بە رابـەری ئـازا و دڵـسۆز و دەستپاک و راستگۆ و دادپەروەر و ژیر و دانا و زانـا و خۆنەپـەرست و کـورسی نەپـەرست و خـۆبەخـتکەر بێت.

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٤ /٨ / ٢٠١٨

(*) تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە، تا رادەیەک سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگرتووە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی