"an independent online kurdish website

ئێران ساڵانێكی زۆرە دەستی كراوەیە لەكوردستان، ئاڕاستەی روداوە سیاسی‌و سەربازییەكان دیاریدەكات، لایەنەكان بەشەڕ دەداو پاشان ناوبژییان دەكات، نەیارەكانی خۆی بەرۆژی روناك‌و بەشەوی تاریك تیرۆر دەكات. چاوساغەكانی ئێران لەهەرێمی كوردستان كێن؟


 

ئا: ئاوێنە

 لای كەس شاراوە نییە كە لەساڵانی رابردودا سەدان نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستاندا تیرۆر كراون، ئیتیلاعات‌و سوپای پاسدارانیش لەپشت ئەم تیرۆر كردنانەوە بون. لەم سێ‌ چوار ساڵەی رابردودا جموجۆڵی ئێران بەشێوەیەكی بەربڵاوتر لەهەرێمی كوردستاندا هەست پێدەكرێ‌، بەتایبەتی گوشار خستنە سەر دیموكرات‌و كۆمەڵەكان‌و پارتی ئازادی. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین تۆڕی سیخوڕیی لەنێو ئەو حیزبانەو دەرەوەی ئەو حزبانەشدا ئاشكرا بون كە سەر بەئیتیلاعات بون‌و پیلانیان داڕشتوە بۆ تیرۆركردن‌و تەقاندنەوەی بۆمب‌و زانیاری كۆكردنەوە لەسەر جموجۆڵی كەسە چالاكەكانی ئەم حزبانە‌ بەمەبەستی تیرۆركردنیان.

 ئەم تۆڕە سیخوڕیانە جگە لەو كارانە كاریان لەسەر هەڵخراندن‌و فریوودان‌و بردنەوەی پێشمەرگەی حزبەكان‌و رادەست كردنەوەیان كردوە، لەهەمانكاتیشدا رۆڵیشیان هەبووە لەخستنە بۆسەی بەشێك لەو پێشمەرگانەی گەڕاونەتەوە كوردستانی رۆژهەڵات بۆ ئەنجامدانی چالاكی سیاسی یاخود کاری چەكداریی. ئەم تیم‌و تۆڕانەی كە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئیتیلاعات‌و هێزی قودسی سوپای پاسداران هەبوە، بەشێكیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و بەشێكیشیان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بون كە پێكەوە ئیشیان كردوەو هاوكاری ئیتیلاعات بون.

ئیتلاعات، یه‌كێكه‌ له‌و كۆڵه‌كه‌ قایمانه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانییان له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌. ئیتلاعات له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگای‌ موسادی‌ ئیسرائیلیدا، به‌گه‌وره‌ترین‌و به‌كاراترین ده‌زگای‌ سیخوڕی‌‌و پۆلیسی‌ نهێنی رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست داده‌نرێن. ئیتیلاعات له‌ساڵی‌ 1983دا ده‌ستی‌ به‌كاركردو به‌تیرۆركردنی‌ سه‌دان كه‌سایه‌تی‌ ناڕازی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ناوخۆی‌ ئێران‌و له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌دا تاوانبار ده‌كرێت. كوردستان، له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ ئامانجێكی‌ ئیتلاعات بوە.

 

 ئێستا چالاكیەكانی ئیتیلاعات‌و سوپای پاسداران لەڕوی چۆنایەتییەوە پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە، كە بەموشەك یاخود بەفڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان هێرشدەكەنە سەر بنكەو بارەگاكانی حزبی دیموكرات لەكۆیە، بەبێ‌ ئەوەی هێزی زەمینی تیا بەكاربهێنرێ‌.

ئەوەی لەم چالاكییەدا جێی سەرنجە، شوێن‌و كاتی پلینیۆمەكەی حزبی دیموكراتی كوردستانە بەوردی، وەک لەئامانج پێكانی موشەكەكانی ئێراندا دەردەكەوێ‌. ئەم چالاكییە كاری هاوبەشی ئیتیلاعات‌و سوپای پاسدارانە، كە ئیتیلاعات لەڕێگەی سیخوڕەكانیەوە زانیاری وردی هەبوە لەسەر كۆبونەوەی سەركردایەتی حدك‌و سوپای پاسدارانیش لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە چالاكییەكەی ئەنجامداوە.، کە بوە هۆی شەهیدکردن‌و بریندارکردنی دەیان کادێری ئەو حزبە.

 لەچالاكییەكی بەمجۆرەدا گومان دەكرێ ئێران چاوساغ‌و سیخوڕی زۆر گرنگ‌و متمانەپێكراوی هەم لەناو دیموكراتدا هەبوبێت‌و هەم لەناو هەرێمی كوردستانیشدا. ئەم سیخوڕانە كێن‌؟

 پرسیارەکە وەڵامدانەوەی زۆر ئاڵۆزە، بەسەرنجدان لەو هەمو كارە تیرۆریستیانەی بەرامبەر بەنەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدراون، تا ئێستا كەس روبەڕوی سزادان‌و حوكمدان نەبوەتەوە، تەنانەت ئەگەر كەسێك یان چەند كەسێكیش بەو تۆمەتە دەستگیركرابێتن زۆری نەخایاندوە ئازاد كراون.

دیموكرات‌و كۆمەڵەكان‌و هاوڵاتیانی كوردستانیش نیگەرانن لەئاشكرا نەكردنی ئەو سیخوڕانەو چاوساغانەی ئیتیلاعات‌و سوپای پاسداران کە تاوانبارن. بەشێک لەچاودێران هۆکاری ئاشکرانەکردنی دەگەڕێننەوە  بۆ ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەنێوان ئێران‌و یەكێتی‌و پارتیدا هەیە، کە ئەمە وایکردوە ئاسایش دەستی كراوە نەبێت لەئاشكراكردنی هەمو سەرەداوو بكەرەكانی ئەم هێرشەو تەقینەوەو تاوان‌و تیرۆركردنەكانی رابردودا. بەحوکمی ئەوەی زۆرجار یەکێتی‌و پارتی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران پێگرنگترە لەئیعتباری دەزگای ئاسایشەكەی خۆیان‌و ئارامی ناوچەكەیان.

بابەتی پەیوەندی دار

کاک محەممەد حەسەن پوور بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بە داخەوە گیانی لە دەست دا

بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە بۆردوومان کرا

ناو و وێنەی ئەندامانی حدک کە لە بۆردوومانی کۆیە گیانیان لەدەستدا بڵاو کردۆتەوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی