"an independent online kurdish website

حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە بە گشتى لە حەوت حزب پێکهاتوون، لە ساڵى ١٩٩١ بارەگاکانیان لە قەندیل و سنورەکانى ئێرانەوە گواستەوە هەرێمى کوردستان و لەوکاتەوە تا ئێستا چەندجارێک بارەگاکانیان لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.


حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و حزبى دیموکراتى کوردستان کە پێشتر یەک حزب بوون لە سنورى کۆیە بنکە و بارەگایان هەیە، حزبەکانى دیکە بەشێکیان لە سنورى سلێمانى و لە ناوچەى زڕگوێز جێگیربوون وەکو کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى، حزبى کۆمۆنیست، جگە لەو حزبانە پارتى ئازادى کوردستان لە سنورى هەولێر بنکە و بارەگاى هەیە و لە نیسانى ئەمساڵدا حسێن یه‌زدان په‌نا سکرتێرى حزبەکە لە هەولێر ڕووبەڕووى هەوڵێکى تیرۆرکردن بووەوە کە حزبەکە ئێرانى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.

لەناو ئەو حزبانەدا تەنها پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) لەناو شارەکانى هەرێمى کوردستاندا بارەگاى نییە و بارەگاکانى لە قەندیلە.

بارەگاکانى حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتى کوردستان چەند کیلۆمەترێک لە کۆیەوە دوورن و تا ئێستا چەندجارێک لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

جارى یەکەم لە ڕۆژی ٢٨ی تەموزی ١٩٩٦دا بوو کاتێک مەفرەزەیەکى پاسدارانی ئێران بە چاوساغی هێزەکانی یەکێتی سنوری کوردستانیان بە قوڵایی ٢٥٠ کیلۆمەتر بەزاند و لە هەیبەت سوڵتانەوە پەلاماری بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیاندا، دواى نزیکەى مانگێک لەو ڕووداوە و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا سوپای عێراق بە چاوساغی هێزەکانی پارتی هێرشیانکردە سەر هەولێر.

دووەم هێرشى سەر بارەگاکانى حزبەکانى ڕۆژهەڵات لە ساڵى ٢٠١٦دا بوو، کاتێک تەقینەوەیەک لە بارەگایەکى حدک لە کۆیە ڕوویدا و ئەو حزبە ئێرانى بە ئەنجامدانى تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد، کە بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگەى ئەو حزبە و دوو کارمەندى ئاسایش شەھیدبوون.

دوایین هێرشى ئێران بۆ سەر بارەگاکانى حزبەکانى ڕۆژهەڵات لە ڕۆژى شەممە هەشتى ئەم مانگەدا بوو، کە بارەگاکانى حدک و حدکا لە کۆیە بۆردومانکران.

بۆردومانەکەى ئێران دواى پێکدادانەکانى ئەم دواییەى نێوان حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئیران دێت، کە بەشێکى زۆرى پێکدادانەکان لەنێوان حدکا و ئێراندا بووە بەتایبەتى لەم دوو ساڵەى دواییدا کە ئەو حزبە قۆناغێکى نوێی خەباتى ڕاگەیاند.

لە چەند مانگى ڕابردووشدا ئێران هەڕەشەى هێرشکردنە سەر بارەگاکانى حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى کردبوو ئەگەر هەرێمى کوردستان سنور بۆ چالاکى ئەو حزبانە دانەنێت.

هەر لەوبارەیەوە لە مانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا کونسوڵگەرى ئێران لە هەولێر یاداشتێکى ناڕەزایی ئاڕاستەى حکومەتى هەرێم کردبوو کە تێیدا جه‌خت له‌ مافى ئێران کراوه‌ته‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى هێرشه‌ چه‌کدارییه‌کان که‌ ده‌کرێنه‌ سه‌ر سوپاى پاسداران.

هەر لەو مانگەدا هەردوو حکومەتى هەرێم و ئێران پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشیان ڕاگەیاند، بە ئامانجى سنوردانان بۆ چالاکییە چەکدارییەکانى ئەو حزبانە دژبە ئێران.

کۆمارى ئیسلامى ئێران بەردەوام حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى تۆمەتبارکردووە بەوەى لە خاکى هەرێمەوە هێرشدەکەنە سەر ئیران، بەڵام ئەو حزبانە بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە ئەوان خاکى هەرێمیان بەکارنەهێناوە و لە قوڵایی خاکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە هێرشەکانیان ئەنجامداوە.

س.س  ،  NRT

مێژووی بۆردومانکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

مێژووی بۆردومانکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Publicerat av NRT Lördag 8 september 2018

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی