"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: سەبارەت بە ئێعدامی چالاکانی سیاسی لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هەروەها پەلامارە تێرۆریستییەکەی ڕۆژی ڕابردوو لە کۆیە، دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیەندراوی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی شەممە ١٧/٦/١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٨/٩/ ٢٠١٨ی زایینی، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی ئێعدامی سێ لاوی تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوەبرد؛ هەر لەو کاتەدا، کەمپی ئازادی و دەورووبەری کە شوێنی نیشتەجێ بوونی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانیانە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران کەوتە بەر مووشەکبارانی ئەو رێژیمە و لە ئاکامدا بەدەیان کەس لە دانیشتووانی ئەو کەمپە کە ژن و منداڵیشیان لە نێودا بوون شەهید و بریندار کران.

بێجگە لەوانە بە پێی راگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە کە لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سەر بەرێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکەوتی ١٩ لەسەر ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە کێلەشین بە برینداری کەوتبوونە دەستی رێژیم لەو رۆژانەدا شەهید کراون.

هەمووی ئەو کردەوە جینایەتکارییانەی رێژیم لە حاڵێکدایە کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٢٦/٧/٢٠١٨ی زایینی بیروڕای گشتی، وڵاتانی رۆژئاوایی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و … لە هەڕەشەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران بۆ هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانی ئەوان ئاگادار کردبووە و داوای لێکردبوون کە زەخت بخەنە سەر ئەو رێژیمە بۆ پاشگەزکردنەوەی لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە. بەڵام بەداخەوە ئاکامی بێدەنگی هەموو لایەنەکان بوو بەهۆی ئەم هێرشە لە خاکی وڵاتێکی دیکە و گیان لەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەو شوێنە و لە هەمانکاتدا دەست ئاواڵەیی رێژیم بۆ کوشتن و قەڵاچۆکردنی تێکۆشەرانی کورد و ژن و مناڵیان تەنانەت لە وڵاتێکی دیکە بەتاوانی داخوازی مافە رەواکانیان کە دەیان ساڵە لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە هەموو شێوەیەک پشتگوێ دەخرێ.

ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی کردەوەی ئێعدامی لاوە تێکۆشەرەکانی کورد لە ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری ئەو لاوانە دەکەین.

هەر لەوحاڵەدا بۆمبارانکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی حیزبی دێموکرات و ژن و منداڵی ئەوان لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان مەحکووم دەکەین، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی ئەم رووداوە دەکەین و ئاواتی زووتر چاکبوونەوەی بریندارەکانمان هەیە.

بە پێویستی دەزانین بۆ جارێکی دیکەش وەبیر رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنینەوە ئەگەر لە ماوەی چل ساڵی رابردووی تەمەنیدا لە رەوتی کوشتن، زیندانی کردن و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد بەردەوام بووە، بەڵام نەیتوانیوە خەڵکی وشیار و مافخوازی کورد بە سەرکووت کردن لە داخوازی مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە، بێگومان لە داهاتووشدا لەو پیلانە سەرکەوتوو نابێ و، گەلی کورد لە ئێران تا گەیشتن بە مافەکانی خۆی لە تێکۆشان کۆڵ نادا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێری

١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٩ی سپتامبری ٢٠١٨ی زایینی

راگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

هەر وەک ڕۆژی ١٧/٦/١٣٩٧ی هەتاوی لە پێوەندی لە گەڵ مووشەکبارانی بنکەکانی کۆیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رامانگەیاند دوو پێشمەرگەی حیزب تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون کە بریتین لە:

ـ شەهید “فاروق حەسەن خەیات”؛ ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەنێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بوو، پاش ڕەوانەکردنی بۆ قوتابخانە توانی سەرکەوتووانە بڕوانامەی فەوق لیسانس (کارناسی باڵا)ی لە رشتەی موهەندسی کشاوەرزی وەدەست بهێنێت؛ شەهید فاروق نموونەی پێشمەگەیەکی لێهاتوو، ئازا و وشیار بوو کە بەو هۆیەوە بوو بە مامۆستای فێرگە و وەک کادرێکی سیاسی و نیزامی بەبڕشت ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی خۆی لەوپەڕی دڵسۆزیدا بەڕێوە دەبرد.

ـ شەهید “موختار قادرپوور”؛ ناوبراو ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە ئاوایی تایربۆغەی سەر بە شاری سەقز لە نێو بنەماڵەیەکی گەلدۆست لە دایک بوو. شەهید موختار یەکێک لەو  پێشمەرگە گیان لەسەر دەست، ئازا و لێهاتووانەی حیزب بوو کە دلسۆزانە کار و ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە دەبرد و بەهۆی ئاکارە شۆرشگێڕانەکانی ببوە سەرباشقەی هاورێ و هاوسەنگەرانی، هەر بەو هۆیەشەوە بوو بە مامۆستای فێرگە و وانەکانی نیزامی فێری فێرخوازانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە دەکرد.

لەلایەکی دیکەشەوە بە پێی هەواڵی گەیشتوو، دوو پێشمەرگەی ئازا و چاونەترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە رێکەوتی ١٩ لە سەر ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی کێلەشین بە برینداری کەوتبوونە دەست هێزە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەم رۆژانەی دواییدا شەهید کراون، ناوی ئەو دوو پێشمەرگە سەربەرز و قارەمانە کە بە برینداری تا دوافیشەک لە بەرانبەر دوژمن کۆڵیان نەدا، بریتییە لە:

ـ شەهید “ئەحەد شەباب” کوڕی قادر، خەڵکی مەهاباد کە لە ساڵی ١٣٩٥ پەیوەست بوو بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ـ شەهید “ناسر عەزیزی” کوڕی خالید ناسراو بە “هەژار” خەڵکی مەهاباد کە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خزمەتی بە خاک و نیشتمانەکەی دەکرد.

هەر دوو هاوڕێی شەهید  لە مەئموورییەتەکانی حیزبیدا چالاکانە بەشدار بوون و دواجار گیانی ئازیزیان کردە پردەبازی ئازادی.

لە لایەن ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزی پێشمەرگەی کورستانەوە بە بۆنەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و دوو شەهیدی شەڕی کێلەشین سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان و کەس و کاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین، ڕۆحیان شاد.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی