"an independent online kurdish website

 ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، ڕۆژی تاوانی گەورەی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامییە کە بۆ یەکم جاری نەبووە کە بە تاوانکارییەکی گەورە، دێوی دزێوی ڕێژیمەکەی بۆ دونیا بسەلمێنێ.


لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨دا سوپای تێرۆریستی پاسداران چەند مووشەکی بە بنکە و بارەگەکانی حیزبی دێموکرات و کەمپی شوێنی نیشتەجێبوونی ژن و منداڵی ڕۆژهەڵاتی لە بنەماڵەکانی دێموکراتەوە نا و بەداخەوە چەند مووشەکێکیان بەر شوێنەکان کەوتوون و کاولکاری و تاوانکارییان خولقاند و ١٥ شەهید و چەندین برینداری لێ کەوتەوە.

ڕووداوی مووشەکبارانی کەمپی دێموکرات، لە ڕۆژی ٨ی سێپتامبردا کاردانەوە و لێکدانەوەی زۆری بەدوادابوو، هەم مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی و هەم پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هاوخەمی و هاودەردیی جیهانیی بەدواوە بوو.

لێرەدا بە کورتی باس لە چەند خاڵی گرینگی ئەو ڕووداوە دەکەین و بە دڵنیاییەوە باسی زۆر زیاتر و قووڵتری پێویستە و بەشداریی هەمەلایەنەی هەم بۆ شیکاری و هەم بۆ هەڵوێستگرتنی دەوێ.

دەمهەوێ بەو خاڵە جێی سەرنجەوە بچمە نێو باسەکەوە کە لە ڕووی ڕێکەوتی هەتاویەوە هاوکات بوو لەگەڵ ١٧ی خەرمانان، کە ساڵی ١٣٥٧، ڕێژیمی پاشایەتییش تاوانێکی وەهای خولقاند و دەیان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانی کۆمەڵکوژ کرد، لە ڕووی ڕێکەوتی زایینیشەوە چەند ڕۆژ نیزیک بە یازدەی سێپتامبر بوو کە تێرۆریستانی ئەلقاعیدە چەند فڕۆکەیان ڕفاند و کارەساتی تێرۆریستیی بورجەکانی نیۆیۆرکیان خولقاند. بەم بینینەوە دەچینە سەر باسی هێرشی تێرۆریستیی مووشەکبارانی کەمپ و بارەگاکانی دێموکرات لە شاری کۆیە.

ئەم مووشەکبارانەی سوپای پاسداران هەرچەند تاوانێکی گەورە بوو و بەداخەوە پۆلێک لە مرۆڤە نیشتمانپەروەر و خەباتکارەکانی لە گەلی کورد ئەستاند و چەندین بنەماڵە و بە گشتی کوردی داخدار کرد، ڕێژیمیش وای دەویست و دەنوێنێ کە بە زەربە لێدان، هەم ترس بخاتە نێو دڵی خەڵکی کوردستانەوە و هەم نمایشی هێزی خۆی بکا و بە قەولی ڕاگەیەندراوەکانی سوپا و بەرپرسانی ڕێژیم، دوژمانیان چاوترسێن بکەن و لە فکری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دووریان بخەنەوە، بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و چەند هەڵەی ستراتژیکیان کرد.

هەڵە ستراتژیکەکانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران بریتین لە:

یەکەم: ساڵانێکی دوور و درێژە کە کۆماری ئیسلامی لەباری هەزینەی سیاسی و مرۆیی و ماددیەوە هەزینە دەکا کە بە سێ ئامانج لە کوردستان بگات یەکەم؛ هێزە سیاسییەکان لە یەک دوور بخاتەوە و هەوڵی درزتێخستنیان بدا. دووهەم؛ هێزە سیاسییەکان لە خەڵک و کۆمەڵگا داببڕێ و بەگژ یەکیاندا بکا. سێهەم؛ جاری لەنێوچوونی حیزبەکان و فەرامۆشکرانیانی دەدا و دەیگوت لە ئێراندا کێشەیەک بە ناوی کورد بوونی نیە.

ئێستا سوپای پاسداران مووشەکی بە خەیاڵی خۆی بە بارەگاکانی حێزبی دێموکراتەوە ناوە، بەڵام لەوپەڕی بێهزریی و داماویدا، مووشەکی بە پیلانی چل ساڵە و هەموو هەزینەکانیەوە ناوە!

قسەیەکی فارسی هەیە دەڵێ ” عدو شود سبب خیر گر خدا خواهد!” یانێ دوژمن دەبێتە هۆکاری خێر گەر خودا بیهەوێ! ئێستە بێئەقڵی و شپرزەیی سوپای پاسداران ئەوەی لێ کەوتۆتەوە.سەرەتا، هێزە کوردیەکان سەڕەڕای هەر گرفت و بۆچوونێکی جیاواز کە هەیانبێ و سروشتیە کە جیا لەیەک بیر بکەنەوە، بەڵام ئێستە هەموو حیزبەکان پێکەوە هاوهەڵوێست و هاوهەنگاو بەرەوڕووی ئەم تاوانە وەستاونەتەوە.

دوایە؛ بە دوای ئەو کردەوە تاوانبارەیەی ڕێژیمی تێرۆریستیی تاراندا، بەتایبەت بە مانگرتنی سەرتاسەریی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژی ٢١ی خەرماناندا، هەموو پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەگژیەکداکردنی حیزبەکان و کۆمەڵگای کوردستان کران بە بڵقی سەرئاو و ئەوە حیزبەکانن کە بە خۆڕاگری و هاوهەڵوێستییان کۆمەڵگای کوردستانیان بەگژ کۆماری ئیسلامیدا کرد.

دواتریش، ئەم چەندین ساڵە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەویست وا نیشان بدا کە کێشەیەک لە ئێران بە ناوی کێشەی کورد نیە و حیزبەکانی کوردستانیش نەماون و تێداچوون، بەو مووشەکە هەموو سیاسەت و فرتوفێڵەکانی خۆی بەبادا کرد و بە دەستی تێرۆریستی و ئەقڵی نەخۆش و پەرێشانی سوپای پاسداران سەلماندیەوە کە هەم حیزبەکان لە مەیدانی خەباتدا هەنە و هەم پرسێکی گرینگ بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا هەیە.

هەڵەی ستراتژیکی دووهەمی کۆماری ئیسلامی بریتیە لەوەی کە ساڵانێکی زۆرە کە هەم لە نێو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەمو لە نێو خەڵکی ناوچەکە پڕۆپاگەندای ئەوە دەکا کە ئەو وەکوو ڕێژیمێکی دادپەروەر لەگەڵ خەڵکەکەیە. بە تایبەت هەوڵی زۆر و بە فرتوفێڵ و هەزینەی زۆری داوە کە کورد لە بەشەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژاوا کۆماری ئیسلامی وەک دۆست ببینن. لێرەشدا ئەقڵی شپرز و پەلەقاژەی کۆماری ئیسلای و سوپای تێرۆریستیەکەی، بە مووشەکباران سەلماندیان کە چل ساڵە درۆ دەکەن و هەزینەی چل ساڵەیان بە فیڕۆ دا! لە هەر سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان، زۆربەی هەرە زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکان کردەوەی تێرۆریستیی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتیان مەحکووم کرد و ڕێژیمی ئیسلامیی تارانیان وەکوو تاوانبار و دژە کورد ناساند و نەتەوەی کورد لە هەر سێ بەشەکەی دیکە کوردستان بینیانەوە کە کۆماری ئیسلامی دژە کوردە. لە ناوچەشدا جارێکی دیکە خەڵکی نیشتمانیی عێراق و خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بەچاوی خۆیان دوژمنکاریی کۆماری ئیسلامییان بینی و  مەحکوومیان کرد.

سێهەم هەڵەی ستراتژیکی ڕێژیمی شپرزەی تاران ئەوەیە کە بە بەرچاوی دونیاوە سەلماندی کە مووشەکەکانی نەک دیفاعی نین و بۆ پاراستنی وڵات نیە، بەڵکوو هەموو مووشەک کڕین و دابینکردنی تەجهیزاتی کۆمەڵکوژ بۆ هەڕەشە و ئاژاوەیە لە دەوروبەر و هەرچی مەودای مووشەکەکانی دوورتر بڕوا، مەترسیی کۆمەڵکوژی لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیەوە زۆر زۆرتر دەبێ و گەر دەستی بە چەکی ناوکیش بگا حەتمەن “وەلیی فەقیه” فێستیڤاڵی خوێنڕشتن دەگێڕێ. دامەزراوە و چەکی مووشەکی و گەورە کاتێک دەتوانێ سیمای دیفاعیی هەبێ کە هێرشێکی گەورە لە دەرەوە کرابێتە سەر وڵاتێک و ئەویش دیفاع لە خۆی بکا! نەک ئەوەی کە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر کۆماری ئیسلامی و خۆیشی لەم ساڵانەدا هەمیشە ئیدیعای کردوە کە ئەمنییەتی تەواو پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نیە. ئەی لە کاتی نەبوونی مەترسیدا بۆچی مووشەکی دوورمەوەدا بە خاکی وڵاتێکی دیکەوە دەنێێ؟ وەلیی فەقیه و سوپای پاسداران هەم دەوڵەتی عێراقیان ناچار کرد کە کردەوەی تاران مەحکووم بکا و هەم هەموو ڕێکخراوە جیهانییەکان لە مەترسیی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی وشیار بوونەوە و ڕێژیمی تاران تێرۆریستبوونی خۆی بە بەڵگەی مووشەکی و بە فیلم و ڕاگەیەندراو بەهەموو جیهان سەلماند. ئێستە ئیدی دەبێ بەرنامە مووشەکیەکانیشی دەبێ تێکەوە پێچێ دەنا تێکیەوە دەپێچن.

لە کۆبەنددا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هۆکاری ئەم هەڵە ستراتژیکیانەی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران بۆچی دەگەڕێتەوە؟

کۆماری ئیسلامییەک کە چل ساڵە هەزینەی جۆربەجۆر دەکا، لە یەک کردەوەی بێ مێشکانەدا هەمووی بەفیڕۆ دەدا، دەبێ شتێک لەو پشتەوە هەبێ کە وای لێ کردوە. تەنیا شتێک کە دەتوانێ ڕێژیمی تێرۆریست و تاوانباری وەکوو کۆماری ئیسلامی و هێزی دژە گەلیی سوپای پاسداران ناچار بکا کە گەورەترین هەڵەی ستراتژیک بکەن. ترسیان لە داڕمانی ڕێژیم و ڕووخانی دەسەڵاتە کە وەکوو ترسی مێژوویی و هەمیشەییان، زەندەقیان لە کوردستان چووە و ترسیان هەیە کە لە کۆتاییەکانی ژیانی ڕێژیمدان و دەبێ زەربەیەکی گەورە لە کوردستان و کورد بوەشێنن هەتاکوو بەشکوو بەو پەلەقاژەیە لە مردن ڕزگاریان بێ.

بەڵام سیستم و سیاسەت و ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ ئیدی لە چوارچێوەی پەلەقاژەی تێرۆریستدا بەرتەسک نابنەوە. ئەم پەلەقاژەیەی ڕێژیم بەتەواوی بە زیانی شکاوەتەوە و شکستی گەوری تێدا خواردوە.

داهاتووی شکستەکەشی زۆر زوو دەردەکەوێ و وەک لە ڕووداوەکانی یازدەی سێپتامبردا، هێزی ئەلقاعیدە وای دەزانی کە زەربەیەکی گەورەی لە ئامریکا وەشاندوە، بەڵام هەر ئەو زەربەیەە بوو بە دەسپێکی لە نێوچوونی تێرۆریزمی ئەلقاعیەدە و هاوپێوەندیی جیهانیی لەگەڵ ئامریکا پێک هێنا، تێرۆریزمی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیش هەم کوردستانی یەکگرتوو کرد و هەم هاوپێوەندیی ناوچەیی و جیهانیی بە نیسبەت کوردەوە پێک هێنا و هەم دەبێتە دەسپێکی کورتکردنەوەی دەستی دێوی و لە ئاکامیشدا هەروەک چۆن لێی دەترسێ، داڕمانی ڕێژیمی بەدواوە دەبێ.

 

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی