"an independent online kurdish website

 ئێستا زامەکانی تێکۆشەرانی دێمۆکرات سارێژ نەبوونەوە خەمی تۆشی هاتەپاڵ دایکە دڵسۆزەکەمان . سەرلەبەیانی ئەمڕو چاردەی سیپتامبری دووهەزار هەژدە دڵە گەورەکەی دایکی دڵسۆزمان گوڵی خانم لە لێدان کەوت.


گوڵی خانم دوای فەوتی هاوسەرە بە ئەمەگەکەی كاک عەوڵا گەنجە زۆری نەخایاند خەمێکی زۆری دوای خۆی بۆ بە جی هێشتین. دایکێکی بڕوا بەخۆ بە ئەمەگ خۆشنێو و جێگای مەتمانەی کەسووکار و بنەماڵە و تێکڕای ناسیاوانی بوو . گوڵئەندام خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار ، شنو ، نە‌غەدە، سابڵاغ لە ڕۆژهە‌ڵاتی کوردستان و ناوچەکانی قەڵادزێ، ڕانیە و كۆیە دەورووبەریان لە باشووری کوردستان بوو. گوڵی خانم لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لێکردین . لە لایەک گەلێک ئاکار و ڕەوشتی جوان و ئەزموونی بە نرخ و لە لایەکی دیکەشەوە غەم و پەژارەیەکی زۆری لە دوای خۆی بۆ بە جێ هێشتین.

دایە گوڵی شان بە شانی هاوسەرە بە وەفاکەی کاک عەوڵا گەنجە وەک کەسایەتییەکی دیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە قۆناخەکانی جۆراجۆری ژیان و بەرخۆداندا ، لە کاتی تێکۆشانی لە نێو ڕیزەکانی دێمۆکرات لە شار و شاخ دا ،لە کاتی دەربەدەری و ئاواروییدا و ئەو کاتەش بە ناچار دەگەڕێتەوە زێدەکەی خۆی پیرانشار وەک دایکێکی دڵسۆز و پشتیوانێکی بە ئەمەگ دەمێنێتەوە و ‌هیوا بەرنادا.

بێگوومان دایکێکی پەپوولە ئاسا، پاکی و دڵسۆزی و دڵگه‌وره‌یی و میوانداری ئەو لای هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی کە دەیانناسی ڕوون و ئاشکرایە. دڵنیام پێشمەرگەکان تێکوشەرانی ڕێگای ڕزگاری لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ئەو سات و کاتانەیان لە بیرناچێ کەلە دەرگای ماڵی دایە گوڵە یان دەدا و بە دڵێکی پڕلە هیوا و ئوومێدە دەرگایان بۆ دەکرایەوە و بە باوەشێکی گەرم وەردەگیران. لە ڕاستیدا ماڵەکەیان ببو بە شوێنی حەسانەوەی و پشوودان و دووبارە تێهەڵچوونەوە. گوڵی خانم بۆ خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە ونیشتمانەکەی هەرکات دەرفەتیبایە گوێی لە دەنگی شمشاڵی بە سۆزی ‌قالە مەڕی نەمر ڕادەگرت بۆ ئەوەی لە ئازارەکانی دووری ئازیزانی کەمبکاتەوە.

دایە گوڵێ گیان، هەموومان تێکڕای کوڕ و کچ و نەوە و کەسووکار و ناسیاو ئازیزانت بە ماڵئاوایی کردنت خەمبارین، بەڵام من لە دوو لاوە خەم دایگرتووم. یەکەم دایکێکی جێگای مەتمانە و دڵسۆزم لە دەستدا کە نەمتوانی وەک پێویست ئەرکی خۆم لە حاست دڵگەوەیی و خۆشەویستی و خۆشدڵی تۆ بەرانبەر بە خۆم و کەسووکارم بە جێبگەێنم. دووهەم دایکی شەریکی ژیانم سوورییا ژنە بە ئەمەگ و هاوخەم و خۆڕاگرەکەی ڕۆژانی سەختی ژیانم کە بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بە خاتری من زیاتر لە سی ساڵ لە خۆشەویستی و کۆڕی ئازیزانی و بە تایبەت لە باوەشی گەرمی دایک و باوک و کەسووکاری بێبەش بوو. گەلێک تامەزرۆ بوو لە پەنایان بێ و لە باوەشی گەرمیان بگرێتەوە.

گوڵی خانم دوای فەوتی هاوسەرە بە ئەمەگەکەی كاک عەوڵا گەنجە تاقەتی زیاتر مانەوەی نەهێنا و زۆری نەخایاند کە ماڵئاوی لێکردین . به‌و بۆنه‌وه لە لایەن خۆم و تێکڕای بنەماڵەکەمانەوە سه‌ره‌خۆشی له گشت بنه‌ماڵەکەیان بە تایبەت كۆڕ و کچ و کەسوو و تێکڕای ئازیزان و شیرە ژنەکەی ڕۆژانی سەختی ژیانم سوورییا ده‌که‌م. له قووڵایی دڵمه‌وه هاوخه‌متانم ، هیوامه سینگ فراوانی و دڵ گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی و بە وەفای ئەو دایکە مەزنە، له نێو دڵی گشت ناسیاواندا بمێنێته‌وه‌ و ئاواتی بەرزی ئەو شێرە ژنە کە یەکتر خۆشەویستی و ڕزگاری کوردستان و نه‌ته‌وه‌ به‌شخوراوه‌کە‌یەتی‌ بێتە دی . له‌ بیرتان ناکه‌ین ڕوحتان شاد و یاد و ناوتان بەرز و پیرۆز بێ دایە گوڵێ.l

وەرگیراو لە فەیسبووکی کاک ئەبوبەکر.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی