"an independent online kurdish website

 پ م نیوز: رۆژی پێنج شەممە 20180920  حاجی حوسێن حەداد لە تەمەنی 80 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد . حاجی حوسێن کەسێکی چالاک و ناسراوی حیزبی دێمۆکرات بوو و ناوی بۆ زۆربەی ئەندامانی حیزب ئاشنایە.


بەداخەوە لەم ماوە کورتە دا  دوهەمین خەباتکاری بنەماڵەی گەورەی حەداد بە جێیان هێشتین و ئیدامەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە هاوسەنگەرانیان دەسپێرن.  لە مووشەک بارانی کۆیەش خوشکە نەسرین حەداد لە گەڵ هاوڕێیانی گیانی بەختی رێگای رزگاری گەلەکەی کرد.

روحیان شاد بی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی حەداد دەکەین و روحیان شاد بێ.

 

دەقی بلاو کراوە لە لایەن بنەماڵەی حاجی حوسێن حەدداد و بەشێک لە هاورێ و دۆستانی نەمر حاجی حوسێن حەدداد لە ماڵپەڕی گیارەنگ

 کۆچی دوایی کەسایەتی سیاسی و تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حدک بەرێز حاجی حوسێن حەدداد لە وڵاتی نۆروێژ

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرە بەرێز کاک حاجی حوسێن حەدداد

کەسایەتی خۆشناو و سیاسی و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش ماوەیە بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی و ناسازی ئەمرۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ـ ٠٩ ـ٢٠١٨ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرێدریکستاد لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

حاجی حوسێن حەدداد لە ٠٥ ـ ٠٣ ـ ١٣١٧ هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی گەورە و کوردپەروەر و ناسیاوی شاری سەردەشت لە دایک بوو. ژیانی منداڵی خۆی وەک منداڵانی ئەو سەردەم تێپەر کردووە ، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەنێردرێتە قوتابخانە ، چوونی بۆ قوتابخانە هاوکات دەبێ لەگەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان. وەک بۆ خۆی باسی دەکرد هاتووچۆی ئەندامانی بنەماڵەکەی و مالی خاڵەکانی ( بنەماڵەی حەسەن‌پوور) بۆ شاری مەهاباد و هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ شاری سەردەشت و هەروەها دیتنی چەکداری پێشمەرگە لەو تەمەنەدا ، کاریگەری لە سەر هەست و دەروونی هەبووە و جموجۆڵی پێشمەرگانە و باس و خواستەکان لە سەر دامەزرانی کۆمار بوونە هۆی خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە و بۆ شۆڕش و بۆ کوردایەتی.

حاجی حوسێن حەدداد تا پۆلی شەشی قەدیمی دەرس خوێندوە . ئەو خوێندنە بۆ ئەو کات و لە شارێکی بچووکی وەکی سەردەشت کە شارێکی دوورەدەست بووە ، لەو سەردەم دا وەک خوێندنی باڵا سەیری دەکرا. ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی خۆی لە ئامیزی بنەماڵەدا تێپەر کردووە و هەر لە منداڵی‌یەوە ئۆگری کار و هاوکاری کردن بە بنەماڵەکەی بووە، بە هۆی ئەوە کە بنەماڵەکەیان ئاسەنگەر بوون، هەر بە لاوەتی شانی وەبەر کاری قورسی ئاسنگەری داوە و وێرای براکانی لەو پیشەیە دا ساڵانێکی زۆر وەک ئاسنگەرێکی بەتوانا وەک وەستای ئاسنگەری کاری کردووە و خەڵکی ناوچەش بۆ پێداویستی‌یەکانی ژیان ڕوویان لە دووکانەکەی کردووە و لە سۆنگەی ئەو کارەوە خەڵکێکی زۆری لە گوندنشینەکان و خەڵکی دیکەی ئەو ناوچەیە ناسیوە.

بە هۆی ئەوە کە شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری شوێنی بوژانەوە و هەستانەوەی هەموو شۆڕشەکانی نێوخۆی کوردستانی ئێران و بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها شۆڕشی باشووری کوردستان بووە، هاتووچۆی شۆڕشگێران بۆ ئەو ناوچەیە زۆر ئاسایی بووە. لەو پەیوەندی‌یەدا بە هۆی بەربڵاوی کاری ڕێکخستن و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری دا، بە هۆی ئەوە کە خاڵەکانی و برا گەورەکەی و هەندێک لە خزمانی تێکەڵ بە ریزەکانی نەهێنی و ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون، ئەو بیرە زیاتر لە میشکی حاجی حوسێن دا چەقرە دەکا و دواتر بە هۆی وریایی خۆی چەند ساڵ پێش خەباتی چەکداری ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی پەیوەندی بە کادرەکانی ئەو کاتەی حدکەوە دەکات و لە ڕێگەی خزمەکانیەوە زۆر زوو لە لایەن بەرپرسانی حیزبی‌یەوە متمانەی پێدەکرێ و لە ڕێکخستنە نەهێنی‌یەکانی ئەو کات دا سازمانی دەدەن و بەرێزیشیان بە حەق لە گەیاندنی نامە و هەواڵ و پێداویستی‌یەکانی شۆڕش و پێشمەرگەکان دا دریغی نەکردووە.حاجی حوسێن لە شۆڕشە چەکداری‌یەکەی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی دا زیاتر دەردەکەوێ و بە ڕادەیەکی بەرچاو هاوکاری بە کادرەکانی وەکوو شەهید مەلا ئاوارە و موعینی‌یەکان و کەسە دیارەکانی ئەو کات دا دەکا و بە وردی و بە وریایەوە هەنگاوی خەمخۆرانەی هەڵێناوەتەوە.

دوای سەرکوتی شۆڕشی ساڵەکانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی، حاجی حوسێن نائومێد نابێ و هەروا لەگەڵ ئەو بەشە لە کادرەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان و گەرمێن لە پەیوەندی دا دەبێ و وێرای کەسابەت و کاری ئاسنگەری بە نەهێنی لەگەڵ چەند کەس لە هاورێیەکانی ئەرکە حیزبی‌یەکانیش بەجێدەگەیێن.

لەگەڵ یەکەم چەخماخەی بزووتنەوەی سەرتاسەری گەلانی ئێران بۆ تێکرووخانی حکوومەتی پەهلەوی، حاجی حوسێن وێرای هاورێ و دۆستەکانی جموجۆڵەکانی خۆیان زیاتر دەکەن و لەگەڵ هاتنەوەی کادرەکان بۆ نێوخۆی کوردستان، ئەرکی سەرشانی قورستر دەبێ، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران حاجی حوسێن لەگەڵ گەرانەوەی یەکجاری کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە یەکەم کەسەکان دەبێ کە چەکی شەرەف و پێشمەرگایەتی لە شان دەکا و دەبێتە پێشمەرگە. لە دوای ئەوە کە دەبێتە پێشمەرگە زۆر زوو بە هۆی خۆشناوی و لێزانی و شارەزایی و هەروەها بە هۆی ئەزموونی دەبێتە کادری کۆمیتە شارستان و بە هۆی دەست پاکی و بەنێوبانگی لە لایەن کۆمیتە شارستانی سەردەشتەوە دەکرێتە بەرپرسی هەموو گومرگەکانی ناوچەی سەردەشت، لەیەکەم کۆنفرانسی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دا وەک ئەندامی کۆمیتە شارستانی سەردەشت هەڵدەبژێردرێ و دەبێتە بەرپرسی کۆمیتەی شارەدێی میراوێ و دواتریش لە کۆمیتە شارستانی سەردەشت دەبێتە هەئیەتی ئیجرایی و ماوەیەکیش وەک بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی مەزرا کار دەکا.

حاجی حوسێن لە لایەن دەفتەری سیاسی‌یەوە وەک بەشی دارایی دەنێردرێتە نەخۆشخانەی شۆڕش و دواتر کە نەخۆشخانەکان حیزب دەبنەوە بە یەک وەک بەرپرسی دارایی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ و دواتریش نەخۆشخانەی ئازادی دیاری دەکرێ. حاجی حوسێن بەرپرسایەتی جۆراوجۆری لە سەر شان بوون لە کۆمیسۆنەکانی ماڵی و تداروکات دا کاری کردووە، لە کۆمیسیۆنی ماڵی دا وەک بەشی لێکۆلینەوە و لێپرسینەوە و بازرەسی حیزب کاری کردووە و تا کاتی دانانی چەکی پێشمەرگایەتی بەردەوام لە بەشی تداروکاتی گشتی حیزبدا خزمەتی کردووە.

حاجی حوسێن لە چەندین کۆنگرەی حیزبی دا بەشداری کردووە، چەندین دەورە ئەندامی کۆمیتە شارستانی سەردەشت بووە، لە بەشی جۆراوجۆری حیزبدا کاری کردووە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و کۆنگرەکان دا ساحەب قسە و بە هەڵوێست بووە، کادرێکی لێوەشاوە و تێگەیشتوو و پێگەیشتووی حیزب بووە و بە گشتی کاری بۆ چاکسازی و بۆ کەم کردنەوەی کەم و کوری‌یەکان کردووە. بە حەق لە کاری حیزبی دا سادق و پاک و ماندوویینەناس بوو. شۆرشگێرێک بە مانای وشەی شۆرشگێری بوو، لە نێو خەڵکدا خۆشەویست و لە نێو بنەماڵەی دێموکرات دا کەسێکی جێگای باوەر و متمانەی هەموو لایەک و بە تایبەت ڕێبەری حیزب و ڕێبەرانی شەهیدمان بوو.

کاک حاجی حوسێن حەدداد مرۆڤێکی سیاسی و تێکۆشەرێکی خۆشناوی گەلەکەمان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بوو، لە جەریانی تەقاندنەوەی مینی‌بووسی حیزب لە ٢٩ ـ ١٠ ـ ١٩٩١ دا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە بناری قەندیل ئەنجامی دا حاجی حوسێن و کامرانی کوڕی لەگەڵ پۆلێک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزب بە تووندی بریندار بوون و سێ کادری بەوەجی حیزبیش شەهید بوون. حاجی حوسێن مرۆڤێکی بە بیروباوەر، بەهەست و شۆرشگێر، ماندوویینەناس، هەڵسوور و خەمخۆری گەلەکەمان بوو، ئەو کەسێکی باوەرمەند بە ئیسلام، دەستگەرەوە و یارمەتیدەری هەژار و بێ‌دەرەتانان بوو، لە خەم و شادی و لە نەهامەتی‌یەکانی گەلەکەمان دا مرۆڤێکی دەرەوەست و بە هەست بوو. حاجی حوسێن وێرای ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە نووسین شێعر و هۆنراوە و بابەتگەلی جۆراجۆرکەم تەرخەمی نەکرد و لە دەرەوەی وڵاتیش دوو کتێبی و چەندین نووسراوەی بە پێزی لە دوای خۆی بەجێهێشتوون و بەم کارەی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر کردووە.

حاجی حوسێن لە پێگەیاندن و پەروەردە کردنی کوڕ و کچ و نەوەکانی دا دریغی نەکرد و وێرای ئەوە کە لە نێو شۆڕش دا بوو، بەڵام بەوپەری هەست بە بەرپرسایەتی‌ کردنەوە دەستی باوکانەی بە سەر سەری هەموو منداڵەکانی و بگرە پێشمەرگە سەڵتەکان و جیرانەکانیشی دا دێنا . لەو پەیوەندی‌یەدا حاجی خورشیدی هاوسەری پشتیوانی سەرەکی حاجی حوسێن بووە و بە یەکەوە لەو پەروەردەیە دا هاوکار بوون

کاک حاجی حوسێن لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا لە هەموو ناوچەکانی سوێسنایەتی، گەورەکایەتی، نەڵێن و باسکی کۆڵەسە و ئالان کاری کردووە، لە سەریەک نزیک بە شەش دەیە وەک ئەندامی هەڵسوور و چالاکی حیزب خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە و ٢١ ساڵ لە تەمەنی خۆی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان دابووە و لە هەموو ئەوا ساڵانەدا دڵی تەنیا بۆ ئاشتی و بۆ ئازادی گەلەکەی لێداوە. ساڵی ١٣٧٨ ی هەتاوی دوای ساڵانێک خزمەت لە ریزەکانی حدک دا بە هۆی بە ساڵاچوویی و وێرای منداڵەکانی ڕوو لە هەندەران دەکا و لە وڵاتی نۆروێژ درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدا، لە هەموو ئەو ساڵانەدا وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە خزمەت حیزب و کۆمیتەی دەروەی وڵات و نۆروێژ دابووە و خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە گشت لایەک کردووە.

حاجی حوسێن تا دوایین هەناسەکانی ژیانی هەروا چاوەروانی گەرانەوەی بوو بۆ زێدی لە دایکبوونی خۆی و هیچ کات ئامادە نەبوو کە سەر بۆ دوژمن نەوی بکا و بە دڵەوە ژیانی تاراوگەیی و هەندەران هەڵبژارد بۆ ئەوەی تەسلیمی ویستی دوژمن نەبێ.

بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی حوسێن حەدداد لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزمان و دۆست و ئاشنایان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە خەمباری لە دەست دانی ئەو مرۆڤە گەورەیە دەزانین.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

لە لایەن بنەماڵەی حاجی حوسێن حەدداد و بەشێک لە هاورێ و دۆستانی نەمر حاجی حوسێن حەدداد

لەگەڵ ڕێز و حورمەرت

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی