"an independent online kurdish website

  بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە خولى دووەمى دەنگدانى پەرلەماندا بە سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژێردرا.    

        

 –  بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی، لە کوردستانی عیراق، لە دایکبووە.

–  لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندیی کردووە بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.

–  لە ساڵی ١٩٧٩دا، دووجار لە لایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانەوە. ماوەی ٤٣ رۆژ لە زیندانەکانی ئەمن لە ھەیئەی تەحقیقی خاسسە لە کەرکوک دەسگیر کراوە و بە چەندین شێواز ئەشکەنجە دراوە.

–  دوای ئازادکردنی لە زیندان، خوێندنی ئامادەیی بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە و پلەی یەکەمی لە سەر ئاستی کوردستان و پلەی سێیەمی لە سەر ئاستی عیراق بەدەستھێناوە دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەدا ٩٦,٥نمرەی %ی وەرگرتووە.

–  بە ھۆی چاودێریی ئەمنییەوە عیراقی جێھێشتووە و روویکردۆتە بەریتانیا.

–  لە سەرەتای ھەشتاکانەوە بۆتە ئەندام لە رێکخستنەکانی ئەوروپای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بۆتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە لەندەن.

–  سەرباری سەرقاڵبوونی بە خەباتی سیاسی، خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری مەدەنیی و بیناسازیی ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا، بەدەستھێناوە.

– خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئاماروپراکتیزەی کۆمپیوتەر لە ئەندازیاری گشتیی لە ساڵی ١٩٨٧ لە زانکۆی لیڤەربول لە بەریتانیا.

–  وەک ئەندازیاری راوێژکار لە کۆمپانیایەکی ئەوروپیی کاری کردووە.

–  لە یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوەو ئەرکی بەڕێوەبردنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەمریکای پێسپێردراوە.

–  نوێنەری یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێم بووە لە دوای یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی١٩٩٢دا، بۆتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەمریکا- واشنتۆن.

–  تۆڕی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی فراوانکردووە لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتۆن و بەشدارییکردووە لە چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی و کۆنگرەکانی بەر لە رووخانی رژێمی بەعس.

–  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە لە ماوەی نێوان کانونی دووەمی ٢٠٠١ و ناوەڕاستی ٢٠٠٤ لە سەر داواى سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

–  لە دوای رووخانی رژێم بووە بە جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتیی عێراق لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان بووە وەزیری پلاندانان لە حکومەتی ئینتیقالی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥. دواتر بۆتە جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەڵبژێردراوی عێراق لەکابینەی نوری مالکی و سەرۆکایەتی لیژنەی ئابووری پێسپێردراوە.

–  بە نوێنەرایەتی حکومەتی عیراق، پرۆژەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ عێراق بە شەراکەت لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەستپێکردووە. پەیماننامەی نێودەوڵەتی؛‌ بەڵگەنامەیەکە بۆ ئیلتزاماتی ھاوبەش لە نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ھاوکارییکردنی بەغدا لە پابەندبوون بە ئیلتزامەکانی لە بونیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی، فیدراڵیی گەشەکردوو کە لەگەڵ خۆی و دەوروبەرە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکەیدا بە ئاشتیی وھێمنیی بژی.

–  زانکۆی ئەمریکیی لە عێراق – سلێمانی دامەزراندووە و بۆ ماوەیەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئەمیندارانى ئەو زانکۆیە بووە.

–  لە (٢٥ ى تەمموزى ٢٠٠٩) کاندید کراوە بۆ سەرۆکایەتی لیستی کوردستانیی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دواتریش ئەرکی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی پێسپێردرا و کابینەکەی لە ١٩ وەزارەت پێکھاتبوو.

– دوای پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە جێگری دووەمی سکرتێری یەکێتی، لە( ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٨) دا قەوارەیەکی سیاسی بە ناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دروستکرد.

– لە( ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٨) دا گەڕایەوە ناو یەکێتی و لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدکرا.

– د. بەرھەم ئەحمەد ساڵح خاوەنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی کوردستانی و عیراقی و ھەرێمایەتی و نێو دەوڵەتییە و وەک سیاسییەکی میانڕەو لەگەڵ ھەموو ھێز و رەوتە سیاسییەکانی وڵاتدا کراوەیە و خاوەنی پەیوەندییەکی پتەوە لەگەڵ ناوەندە میدیایی و رووناکبیرییەکاندا.

– خاوەنی چالاکییەکی بەرچاوە لە بواری رووناکبیری و لە پشتگیریکردنی چالاکییەکانی کۆمەڵی مەدەنی . سەرۆکی دەستەی ئەمی (مولتەقای عیراقی) یە کە چەترێکی دیموکراتیی عیراقییە و چەندین کەسایەتی دیموکراتی و نیشتمانیی و کەسایەتی لە چین و توێژەکانی کۆمەڵی عیراقی لە خۆدەگرێت، مولتەقا خاوەنی پرۆژەی واعیدون و پرۆژەی ھیوایە بۆ پشتگیری کردنی خوێندکاری زیرەک و بەھرەمەند لە زانکۆکانی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراقدا.

– خێزاندارە ودوو مناڵی ھەیە.

– ئەمرۆ(٢ ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨) وەک سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژێردرا.

س.س

سەرچاوە: NRT

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی