"an independent online kurdish website

داعش کە سەرەتا لە عێراق بوو و چالاکی دەکرد، بەشێک بوو لە ئەلقاعیدە. ئەبووبەکر بەغدادی کە یەکێک لە زیندانییەکانی ئامریکا بوو، دوای ئەوە کە دۆخی سووریە تێکچوو، رووی کردە سووریە و داعشی لە ئەلقاعیدە جیا کردوە!


داعش دوای ماوەیەکی کورت بە شێوەیەکی سەیر گەشەی سەند و بەشێکی گەورە لە سووریە و عێراقی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند. دوای ئەوە بە چەکی رۆژئاوایی و بە تایبەتی ئامریکایی لە رۆژئاوا و باشووردا هێرشی کردە سەر کورد و بە تایبەت کۆبانی و و دەوربەری و شەنگالی کاول کرد و بە هەزاران ژن و کچ وەک کوێلەی سێکسی لە گەڵ خۆی برد!

داعش چی بۆ دنیا هەبوو؟

هەموو وڵاتانی بە هێزی دنیا ماوەی ٨ ساڵە لە گەڵ داعش شەڕ دەکەن! ئایا داعش ئەوەندە بەهێز بوو؟ ئایا لە سەدام و قەزافی بەهێزتر بوو کە بەرگەی مانگێکیان نەگرت؟ بۆچی ئەوەندە درێژەی کێشا؟

سووریە لە رێگەی داعشەوە ئۆپۆزسیونی خۆی لە نێو برد و هەمووی خستە پەراوێزەوە بە شێوەیەک کە ئێستا کەس ناوی ئۆپۆزسیونی بەشار ئەسەد نازانێ! لە عێراق ئێران لە رێگەی داعشەوە ناوچە سۆننە نشینەکانی بە تەواوی کاول کرد و دێمۆگرافی ناوچەکە خەریکە بە تەواوی دەگۆڕدرێ! هەر لەو ماوەیەدا ئێران توانی بە هەبوونی داعش بیرۆڕای گشتی خەڵکی ئێران بەرەو دەرەوەی سنوورەکان بە لاڕێدا بەرێ و خەڵکی ئێران لە سووریەیی بوون و بە عێراق بوون بە چەشنێک بترسێنێ، کە ئێستاش لە گەڵ ئەوەی دۆخی ئێران لە باری ئابوورییەوە لە سووریە و عێراق خراپترە، خەڵکی ئێران ناوێرن دژی حکومەت بێنە مەیدان، چونکە دەترسن ئێران ببێتە سووریەوە!

ئۆرووپا و ئامریکا کە چەندین ساڵ بوو لە نێو قەیرانی ئابووریدا بوون لە سایەی سەری داعشەوە ئەو قەیرانەشیان تێپەڕاند، زیاتر لە یەک ملیون کرێکاری هەرزان و ئامادە روویان کردە ئۆرووپا، چەک و چۆڵێکی یەکجار زۆریان بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤی فرۆشت! بە سەرهەڵدانی داعش لە لیبیش جیا لەوە کە نەوتێکی هەرزانیان دەستکەوت، دەیان میلیارد دۆلار پارەی لیبی کە لە بانکەکانی فەرانسە بوو ئاساروپاساری نەما! رووسیە بە شەڕی زەڕینگەرانە لە گەڵ داعش داگیرکارییەکەی لە ئۆکراین لە بیر دنیا بردەوە و کردی بە ئەمری واقع و هەر وەها بوونی خۆی وەک لایەنێکی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بیمە کرد و ئێستا کەس ناتوانێ بە بێ رووسیە باسی سووریە بکات! جیا لەوە پرۆژەی گواستنەوەی گازی سروشتی رۆژهەڵاتی ناڤین و قەفقازی بۆ ئۆرووپا پەک خست، تا ئۆرووپا هەروا ملکەچی خۆی بێت! تورکیە بە کڕینی نەوت لە داعش بە نرخی زۆر هەرزان پلەی خۆی وەک پلەی بیستەمی ئابووری جیهان راگرت، جیا لەوە تورکیە سەدان هەزار کەس کرێکاری هەرزان و تاڵانی خەڵکی سوریەی خستۆتە خزمەتی ئابووری وڵاتەکەی! رۆژهەڵاتی ناڤینیش ئەوەندە وێران بووە بەش سەرمایەی ٥٠ ساڵ خەرجی دەوێ تا وەک ٢٠ ساڵ پێشی لێ بکرێتەوە کە هەمووی ئەو سەرمایەش دیسان دەڕواتە ناو گیرفانی کۆمپانیاکانی وڵاتانی زلهێز!

کوردیش لەو هەموو کاولکارییە و کۆشت و کوشتارە نیوە خەڵاتێکی نۆبلی ئاشتی پێی بڕا، تا دنیا بەو شێوەیە رۆخساری دزێوی خۆی لە پشت پێکەنینە قیزەونەکانییەوە بشارێتەوە! نێڵسۆن مانێلام کەوتەوە بیر! نێڵسۆن ماندێلا کاتی خۆی کە دژی ئاپارتاید خەباتی دەکرد، چونکە رژیمەکە لایەنگری رۆژئاوا بوو، ماندێلایان بە لایەنگری سۆڤیەت لە قەڵەم دەدا بۆیە ناوی لە ناو لیستەی تیرۆری ئامریکا و بریتانیادا بوو، دوای روخانی سۆڤیەت لە پڕێکدا ماندێلا ئازاد کرا و بۆ بە سەرۆک و دوایی خەڵاتی ئاشتی نۆبلیان پێی دا تا دیسان روخساری خۆیان بشارنەوە!

پیرۆزمان بێت!

سەرچاوە:  لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

 

….

کۆمیتەی نۆبڵ  لە وڵاتی نۆورێژ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018ی دا  نادیە موراد و دێنیس ماکوێگا. 

سەرۆکی لێژنە، برێریت رێیس ئاندرسێن: لیژنەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بۆ 2018 دەدرێ بە دێنیس مەکوێگ و نادیە موراد ( نادیە یەکەم کوردە ئەم خەڵاتە وەردگرێ) بۆ هەوڵەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە تووندوتیژی سێکسی .

روداو: نادیە موراد کچە چالاکڤانێکی کوردی ئێزدییە، خەڵکی گوندی کۆچۆیە و لە ساڵی 1993 لە دایکبووە. 6 برا و دایکی لە هێرشی داعش بۆ گوندەکەیان گوللـەبارانکراون. یەکێکە لەو کچە کوردە ئێزدیانەی لەدەست داعش رزگاریبووە. ساڵی 2016 پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ. ساڵی 2016 خەڵاتی ساخارۆڤی بە هاوبەشی لەگەڵ لەمیا بەشار پێبەخشرا و ئێستاش و لەساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە.

دێنیس ماکوێگا، ساڵی 1955 لەدایکبووە، خەڵکی کۆنگۆیە، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنانە و پێشتر چەندین خەڵاتی گرنگی وەرگرتووە. خەڵاتی ئۆڵف پاڵمە، خەڵاتی سوارچاکی فەرەنسا، خەلاتی ساخارۆف، خەڵاتی نۆبڵی ئەلتەرناتیڤ و خەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی