"an independent online kurdish website"

ئەلیزابێت شافێر براون Elizabeth Schaeffer Brown خەڵکی ئامریکا، پێشتر بەرهەمی یەخچالی دەفرۆشت و دواترفرۆشیاری تەلەفوونی دەستی کامێراداری سۆنی ئەریکسۆن بوو.


نادیا موراد خەڵکی گوندێکی باشووری کوردستان زیندانی گرووپی ئیسلامی داعش بوو، کە لە مەرگ ڕزگاری هات و ئێستا بۆتە دەنگی تڕاژێدی ئیزەدییەکان. براون کە پیشەی بواری تەبلیغاتە، لە سیمای نادیا موراد، ئانا فرانک دەبینێ، ئەو کەنیشکەی کتێبی بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی، بوو بە بەڵگەی ڕووداوی هۆلۆکاست لە سەدی بیست.

نادیا بە پێی پرۆژەیەکی هۆمانیستی لە کوردستانەوە لە گەڵ کۆمەلێک خەڵکی شەنگاڵ و دێهاتەکان بۆ ئاڵمان گوێزرایەوە، تا گەێندرایە نەتەوە یەکگرتووەکان و بوو بە سەفیری ئەم دەزگایە و بەرنامەی دیداری لە زۆر شوێنی جیهان لە گەڵ بەرپرسانی حکوومەتی و سیاسی و دام و دەزگای ئایینی، ژنان بۆ پێکهێندرا و لە سەفەرێکی پێنج ڕۆژە بۆ ئیسرائیل داوای لە پاڕلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە کارەساتی ئیزەدییەکان وەک ژینۆ ساید بناسرێ.

ساڵی ٢٠١٧ ناوی بۆ خەڵاتی نۆبێل تۆمار کرا، خانمی حقووقناس ئامال کلۆنی Amal Clooney بریتانیایی بە ڕەچەڵەک لوبنانی تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی کارەساتی کووشتاری ئیزەدییەکان بەرێتە دادگای ناونەتەویی جنایەتەکانی شەڕ. کلۆنی داستانی ژیان و بەسەرهاتی نادیا موراد وەک تراژێدییەکی کەم وێنە دەبینێ!

مێنێجێر، ڕاوێژکار و دام و دەزگاکانی پاڵپشتی نادیا، دەبێژن داستانێکی تراژیکی لەو چەشنە پێویستی بە مێدیا، پرۆپاگەندە و رێکخستن هەیە بۆ ئەوەی بە جیهانی بکرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستە کتێبی ” من دەنگی ئێوەم” بڵاوکرایەوە و بازاری چاکی پەیدا کرد. دێر شپیگل پار لە ژمارەی ٤٤ ی دا نووسی کە نادیا موراد وەک “سوپر ستار” لە وڵاتان پیشوازی لێ دەکرێ و داستانی ئەو کراوەتە بەرهەمێکی باش، هەر وەک دەگوترێ هەر بەرهەمێکی باش پێویستی بە ڕێکلام و دەنگدانەوەی باش هەیە. نادیا کراوەتە “ئیکۆن” نیشانەی بەرچاو بۆ خستنە ڕووی بارودۆخی ژیان و چۆنیەتی ڕۆژگاری ژنان بە تایبەت لە وڵاتانی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی ئینسان، بە تایبەت ژنان! نادیا لە پارلەمانی ئیسرائیل بەسەرهاتی جوو و ئیزەدییەکان وەک یەک دەخاتە بەر چاو و دەبێژێ ئێمەی ئیزەدی دوای ٧٤ کارەسات هەر زیندووین وەک مووساییەکان.

نادیا دەچێتە هەر شوێنێک باسی “کۆچوو” گوندەکەیان دەکات، باسی ژیانی خۆیان، کە مریشک و مەڕیان هەبوو، کشت وکاڵیان دەکرد و دایکی بە دەستی خۆی نانی دەکرد. من نووسەری ئەم دیڕانە لە چەند ساڵی ڕابووردوو لە گەڵ کۆمەڵێک کچانی ئیزەدی هاوتەمەن و گچکەتر لە نادیا ئاشنا بووم، ئینسانگەلێکی سادە و ساکار، پڕ لە هەست و خۆشەویستی. لە ناویاندا خزم و هاوگوندی نادیا هەن کە ئەو جار بەجار سەریان لێدەدا. ڕابووردوی زۆربەیان تاڵ و ناخۆش بووە و لێرە لە کار و خوێندن و فێربوون چالاکن، هەرچەند زۆربەیان لە گوندەکانیان دەرفەتی خوێندنیان کەم بووە. لێرە بە حەزی گەڕانەوە خۆیان پێدەگەیینن.

ئەو ڕۆژەی کە تازە هەواڵی بەخشینی خەڵاتی نوبێل بڵاو کراوە، بە یەک لەو کەنیشکانەم گووت کە خزمەکەتان خەڵاتی وەرگرتووە، تێنەگەیشت، دوایە لە گەل خانمی دەرسوێژی ئینگلیسی و ئاڵمانییەکەی گووتمان ئەو خەڵاتە چییە، چاوەکانی گەش بووە و گوتی دەچمەوە بە دایکم دەلێم، لە پڕ بە دەنگی بەرز گوتی منیش دەمەوێ خەڵاتێکی وا وەرگرم. ئەو نۆزدە ساڵانە و لە گوندەکەی خۆیان هەتا کەلاسی پێنجی خوێندووە، چوار ساڵە لە ئاڵمان دەژی و ئێستا لە کەلاسی دە دەرس دەخوینێ.

نادیا کچێکی سادە و ساکارە و ژیانی کەوتۆتە ناو بازنەیەکی جیاواز و بەردەوام لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەچێ و هەرچی وەزەی هەیەتی لەو رێگایەوە بە کاری هێناوە. نادیا ناوی حاجی سەلمان و داعشەکانی تری لە بیر ماوە و دەیگێڕێتەوە کە چیان بە سەر هێناوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە وەک نادیا بوون لە بەر شەرم و حەیا خۆیان کووشتووە، ئەو بەردەوام بەسەرهاتە تاڵ و دڵتەزێنەکانی خۆی و بنەماڵە و ئیزەدییەکان دەگێڕێتەوە. ئەو چوارچێوە و داب و دەستوورە داخراوەکانی ئیزەدییەکانی تێپەڕاندووە و باس لەو بڤانە دەکات، کە کەمتر ژن و کەنیشکی کورد باسیان دەکەن. بە هەزاران و سەد هەزاران کچ و ژنی کورد هەیە کە ژیانی ڕۆژانەی تەنانەت ناو خێزانەکانیان پڕ لە کارەساتە و بێدەنگن لە ئازارەکانی خۆیان. نادیای کەم خوێندەواری گوندێکی ساکار لە سەر سەکۆکانی ئەم جیهانە، لە ناو بازنەی سەرانی جیهان دەنگ هەڵدەبرێ، کارێک کە بە هەموو حزب و دەستە و گرووپ و بە سەرجەم نوخبەی کورد نەکراوە و ناکرێ.

هەمووی ئەو کارانە نادیا نەیکردووە و ئەو دام و دەزگایانە دەیکەن کە لە پشت نادیا وێستاون و پسپۆڕی بە جەهانی کردن و گەرم ڕاگرتنی داستانی نادیان. سناریۆنووس و بەرنامەڕێژ و کارگیڕانی دەزگاکانی پشت نادیا لە ئاستی هەرە بەرزدا کارەکان ڕادەپەڕێنن.

لە پارلەمانی ئیسرائیل کاتێ نادیا بەرەو ئەوە دەچێ ورد ودرشتی بەسەرهاتی زیندانی بوونی خۆی بگێڕێتەوە، ڕاوێژکارەکانی داوای لێدەکەن هەموو شت باس نەکات و هەرکەس ویستی با بچێت کتێبەکە بخوێنێتەوە، واتە کتێبەکە بکڕێ.

ژێنۆسایدی ئیزەدییەکان پێنج هەزار کووژراو، حەوت هەزار ژنی ڕفێندراو و سێ هەزار بێ سەرو شوێنی لێکەوتەوە، تا ئێستا نەبیستراوە و نە دیتراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرانی حکوومەت و حزبەکانی لێرە و لەوێ کارێکیان کردبێ و وەشوێن مەسەلەکە کەوتبێتن. حکوومەتی ناوەندی عێراق کارەساتی ئیزەدییەکانی بە هی خۆی نەزانیوە و ئاوڕی لێ نەداوەتەوە.

خانمی شافێر براون کەسێکی سەرکەوتوو بوو لە بواری تەبلیغات، ئەو لە نیۆیۆرک لە بازنەی ئەو ژنانەدا بوو کە دەیانویست بارودۆخی ژیانی ژنانی جیهان باشتر بکەن. دواتر دوچاری قەیرانی مانایی و فکریی هات و بەرەو ئەو پیشەیە ڕۆیشت کە لە سەرەوە باس کرا. دواتر ڕێکخراوێکی جیهانی مولتی مێدیالی پێکهێنا بۆ فێرکردن و بارهێنانی ژنان لە ئەفغانستان، لە هایتی و دواتر لە پرۆژەی تر بەشداری کرد، هەتا گەیشتۆتە پرۆژەی نادیا موراد. داستانی نادیا بۆ خانمی براون تراژێدییەکی تایبەتە کە کۆتایی پێنەهاتووە و بەردەوامە. بێگوومان ئەم سناریۆیەیە دەگاتە سەر پەردەی سینەما و مولتی مێدیای سەردەم و بازاڕێکی مەزن لە خۆی دەگرێ، کە ئەوە تەنیا لایەن نییە و لایەنی سیاسی، حقووقی، ئەدەبی، ئینسانی، هونەریی، کۆمەڵایەتی، ژنان و…لە خۆ دەگرێ.

داستانی نادیا موراد، داستانی ئانا فرانک بۆ ئەلیزابێت شافێر بڕاون زیندوو دەکاتەوە، ئەو لە تەمەنی پازدە ساڵان کتێبەکەی ئانا فرانکی خوێندۆتەوە، کە بۆتە هۆی گۆڕینی تێڕوانینی ئەو نیسبەت بە جیهان. نادیا بۆ براون زیندووبوونەی ئانا فرانکە، ئەو پێیوایە نادیا هەمان هێز و وزەی ئانا فرانک دەنوێنێ. ئیلیزابێت دەڵێ گەر سیاسەتمەدارانی جیهان بە پێی پێویست لە گەڵ ئەم مەسەلەیە مامەلەش نەکەن، کارێکی گەورەی کە دەکرێ ئەوەیە کە نەسل و نەوەیەکی نوێ لە ڕێگای داستانی نادیا مورادەوە پەروەردە دەکرێن. لەم رێگایەوە ئەو شانسە بە کچان دەبەخشرێ، کە نەوەیەکی نوێ لە ژنان پەروەردە بکرێ. ئێلیزابێت بۆ هەر شوێنێک لە گەڵ نادیایە، تەنانەت بۆ ئاودەستخانە، ئەو خواردنی بۆ دەهێنێ، سەیری تەلەفوونەکە و وێنەکانی دەکات و هێدی هێدی فێری ئینگلیسی کردووە.

لە ئیسرائیل لە نادیا دەپرسن ئەو هەموو هێز و وزەیە لە کوێڕا دەهێنێ؟ کچە گوندییەکەی کوردستان دەبیژێ” ڕووحی لە دەستچووم هانم دەدا”. ئانا فرانک پاش مەرگی ناوبانگی دەرکرد، نادیا موراد ناوی ئانا فرانکەکان و بە ملیۆن ملۆین ژنانی “ڕووح ڕفێندراو”ی زیندوو کردۆتەوە.

ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە کە کچە ئیزەدییەکەی خۆم، کەی خەڵات وەردەگرێ. لای من هیچ خەڵاتێکی جیهان بایخی نییە، لای من نادیا موراد، ئانا فرانک، ئێلیزابێت شافیڕ بڕاون، ئاماڵ کلۆنی و هەزارانی وەک ئەوان نڕخیان هەیە، کە سەدەیەکی جیاواز لە سەدەکانی پێشوو بونیاد دەنێنن. ئەوان سەر دەکەون!

برایم فەڕشی

 

 

نویترین هەواڵ و بابەت