"an independent online kurdish website

سەرەنجام پاش سێ‌ هەفتە لەگەڕان بەدوای چارەنوسیدا، سعودیە دانی نا بەوەدا كە جەمال خاشوقچی لەكونسولخانەی سعودیە لەئەستەنبوڵ كوژراوە. خاشوقچی، كە كوشتنەكەی لەمەرگەساتی رۆمانێكی تاوانكاری یان فلیمێكی سامناك دەچێ‌،


لەپشت سیمای ریفۆرمخوازو ئازادیخوازانەی ئێستایەوە، كەسایەتییەكی پڕ لەرەمزو رازی گرێدراو بەدەزگا مخابەراتیەكانی سعودی‌و رۆژئاوا شاراوەیە.

 

ئا: ئاوێنە

 

جەمال خاشوقچی، نوسەرو رۆژنامەنوس‌و سەرنوسەری پێشوی كەناڵی عەرەب نیوز‌و رۆژنامەی وەتەنی سعودی، كە ساڵی 2017 لەسعودیە هەڵات، لەبەرئەوەی وەك خۆی دەیوت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئەویان لەدەستگەیشتن بەتویتەر بێبەش كردوە‌و دواتر چەندین وتاری رەخنەئامێزی لەدژی محەمەد بن سەلمان‌و پادشای سعودیە نوسی. ساڵی 1958 لەشاری مەدینە لەدایكبوە.

 

خاشوقچی، نازناوی باپیرە گەورەی بو كە بەبنەچە توركی ئۆزبەكی بوەو كاتێك بوە بەپزیشكی تایبەتی شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەری پاشایەتی سعودیە، هاوسەرگیریی لەگەڵ خانمێكی سعودیدا كردوە.

 جەمال خاشوقچی برای عەدنان خاشوقچی ملیاردێری ناوداری سعودییە، كە لەدەیەی هەشتای سەدەی رابردودا وەك دەڵاڵی گواستنەوەی چەك لەئەمەریكاو ئیسرائیلەوە بۆ ئێران لەمەسەلەی ماكفارلین – ئێران كۆنتراوە تێوە گلا. كوڕی خاڵی دودی فایدی عاشقی شازادە دیانایە، كە پێكەوە لەهەولومەرجێكی ناڕوندا لەپاریس گیانیان لەدەستدا.

 جەمال پاش تەواوكردنی خوێندنی زانكۆی لەئەمەریكا لەبواری بازرگانی، دەبێتە پەیامنێری رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەساڵی 1983ەوە، زۆربەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەكاتی كاركردن وەك رۆژنامەنوس لەئەفغانستان كاری بۆ دەزگای هەواڵگری سعودی‌و بەریتانی‌و ئەمەریكی كردوە.

 جەمال خاشوقچی لەگەشتەكانیدا بۆ ئەفغانستان روماڵی جەنگی موجاهیدینی لەدژی سوپای سور دەكرد‌و رۆژنامەنوسێكی نزیك لەبڕیار بەدەستانی ریاز بو، چەندین جار چاوی بەئوسامە بن لادن كەوتوە لەتۆڕا بۆراو لەسودانیش. ئوسامە لەجەدە گەورە ببو، ئەو شوێنەی جەمال خاشقچی لەدەیەی 1970وە زۆر هاتوچۆی دەكردو هەردو بنەماڵەی ملیاردێریی بن لادن‌و خاشوقچیش ئاشناو دۆستی یەكتر بون. ئوسامەو جەمالیش لەهەڕەتی گەنجێتییانەوە كەوتونەتە ژێر كاریگەری رەوتی ئیسلامییەوە، ئوسامە بەرەو سەلەفیەت رۆشتوەو جەمالیش بەئاڕاستەی ئیخوان موسلمین.

ساڵی 1999 تا 2003 سەرنوسەری رۆژنامەی وەتەن بوە، نا بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەتێكی رەخنەئامێزەوە لەئیبن تەمیمەی دامەزرێنەری رێبازی وەهابیەت، لەپۆستەكەی لادەدرێت. لێرەوەیە كە جەمال خاشوقچی ئیتر وەك كەسایەتییەكی ریفۆرمخوازو ئازادیخواز لەرۆژئاوا ناو دەردەكات.

 پاشان رودەكاتە لەندەن‌و وەك راوێژكاری شازادە توركی فەیسەڵی باڵوێزی سعودیە لەبەریتانیا‌و پاشان ئەمەریكا كار دەكات. شازادە توركی فەیسەڵ لەساڵی 1977ەوە تا 2001 بۆ ماوەی 24 ساڵ سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە بو، جەمال خاشوقچیش یەكێك بو لەهاوكارو هاوڕێ‌ نزیكەكانی.

 خاشوقچی ساڵی 2007 جارێكیتر بوەوە بەسەرنوسەری وەتەن، بەڵام دوای سێ‌ سال دیسان بەهۆی بڵاوكردنەوەی پارچە شیعرێكەوە كە تیایدا رەخنە لەسەلەفیەت دەگیرێت، لەپۆستەكەی دوردەخرێتەوە. بەدوای ئەوەشدا جەمال رویكردە دەرەوەی وڵات‌و وەك شرۆڤەكاری سیاسی لەمیدیاكانی سی ئێن ئێن‌و بی بی سی‌و جەزیرە ناوبانگ دەردەكات.

 بەدەسەڵات گەیشتنی محەمەد بن سەلمان، مانەوەی جەمال لەسعودیە دژوار دەكات، كە دەبێت بەیەكێك لەرەخنەگرانی سەرسەختی دەوڵەتی سعودی. ساڵی 2017 رودەكاتە ئەمەریكاو لەگەل رۆژنامەی واشنتۆن پۆست كار دەكات.

 خاشقچی لەڕێگەی هەبونی دو ملیۆن لایكەوە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، ببو بەیەكێك لەناودارترین شارەزایانی جیهانی عەرەب‌و جێی بایەخی ئەمەریكی‌و بەریتانیەكان.

 بەر لەكوشتنی یەكێك لەدۆستانی محەمەد بن سەلمانی جێنشینی پاشای سعودیە، پێشنیاری وەرگرتنی پۆستێكی راوێژكاریی دەخاتە بەردەم، بەڵام خاشوقچی رەتیدەكاتەوە، سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن ئەم رەتكردنەوەیە رۆڵی هەبوە لەیەكلاكردنەوەی بڕیاری كوشتنیدا. بەتایبەتی كە خاشوقچی لەسەرەتای 2018ەوە حزبێكی سیاسی لەئەمەریكا دامەزراند بو بەناوی “ئێستا، دیموكراسی بۆ جیهانی عەرەب”، كە ئامانجی دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامی بو لەسەرتاسەری ناوچەكەدا لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادەوە. ناكۆكی‌و جیاوازی خاشوقچی لەگەڵ رێبازی وەهابیەت دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی باوەڕی بەئیخوان موسلمین بو.

 جەمال خاشوقچی، لە2ی ئەكتۆبەرەوە كە پێیخستە كونسولخانەی سعودیەوە لەئەستەنبوڵ‌ بێسەرو شوێن بو، هەمو رای گشتی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد، تا دەوڵەتی سعودیە چوە ژێر باری ئەوەی كە لەناو كونسولخانەكەدا بەهۆی مشتومڕو شەڕەوە كوژراوە. بەڵام رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی بەپێچەوانەی ئەو گێڕانەوەیەی سعودیەوە، ئاماژە بەوە دەكات جەمال خاشوقچی لەكونسولخانەكەدا پەنجەكانی وەك سزادان بەهۆی دەستگرتنی قەڵەمەوە بۆ رەخنەگرتن لەدەسەڵاتدرانی سعودیە قرتێنراون‌و پاشان سەر بڕاوە. 15 كەسیش كە سیانیان پاسەوانی تایبەتی شازادە محەمەد بن سەلمان بون دەستیان لەم تاوانەدا هەبوە.

 هەمو گومانەكان رو لەمحەمەد بن سەلمان جێشنشینی پاشای سعودیەن، بەڵام پێدەچێت قورسایی ئابوری سعودیە لەئاقیبەتی ئەم روداوە كەم بكاتەوە، تەنانەت داننانی ریاز بەكوشتنی جەمال خاشوقچیدا، وەك سەفقەیەكی سێقۆڵی لەنێوان ئەنقەرەو ریازو واشنتۆن ئاماژەی بۆ دەكرێ‌.

 رۆژنامەی هۆمانیتەی چاپی فەرەنسی لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ترامپ لەوەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی دوركەوتنەوەی ئەمەریكا لەسعودیە بەهۆی كوشتنی خاشوقچییەوە، وتویەتی “بیر لەشتی وا ناكەینەوە، لەبەرئەوەی ئەمەریكا گرێبەستی فرۆشتنی چەكی بەبڕی 110 ملیار دۆلار لەگەڵ سعودیە ئیمزا كردوە، هەرچەندە زۆر سیناتۆر دێن بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستە، بەڵام ئەم گرێبەستە 500 هەزار هەلی كار بۆ ئەمەریكیەكان دەڕەخسێنێت، كەواتە بۆچی زیان بەخۆمان بگەیەنین؟”.

 

سەرچاوە:  ماڵپەڕی ئاوێنە

20181021

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی