"an independent online kurdish website

شەهید ئیبراهیم شێخاڵی لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە باوەشی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر لە گوندی پەسوێ سەر بە ناوچەی پیرانشار لە دایک بووە.


 کاک ئیبراهیم خوێندنی سەرەتایی خۆی هەر لە پەسوێ تەواو کرد و دواتر بۆ درێژەپێدانی خوێندن بەرەو شاری نەغەدە رۆیشت و خوێندنی ناوەندی لەوێ تەواو کرد؛ دواتر بۆ زیاتر درێژەپێدان لە قۆناغی دواناوەندی بەرەو شاری پیرانشار رۆیشت. دوای تەواو کردنی خوێندن دەنێردرێ بۆ خزمەتی زۆرە ملی سەربازی لە هێزی ئەفسەرانی تایبەت لە تاران. دوای تەواو کردنی سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی و بە مەبەستی خزمەت بە منداڵانی گەلەکەی پیشەی مامۆستایەتی هەڵدەبژێرێ و بۆ ماوەی ساڵێک ئەو ئەرکە بەجێ دەگەیەنێ. کاک ئیبراهیم ئازاری گەلەکەی بە دڵ و گیان کردە دروشم و کاتێک زوڵم و زۆرداری ئەو رێژیمە کۆنەپەرستەی بینی هەستی نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونی ئەو لاوە تازە پێگەیشتووە توند و تۆڵتر بوو، نەورۆزی خوێناوی سنە و شەڕی نەغەدە بوو ئیبراهیمی روناکبیری گەیاندە ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرە کە رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو تۆوی دوژمنایەتی دژی گەلی کورد چاندووە. دیتنی رۆڵە لە خوێندا شەڵال بووەکانی گەلەکەی بە دەست رێژیمی خوێنڕێژ هەستی ناسکی ئیبراهیمی زیاتر جووڵاند و بۆ بەرگری لە نەتەوەکەی بڕیاری دا کە لە بەهاری ١٣٥٨ دا چەکی شەرەف لە شان بکات و بێتە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

شەهید ئیبراهیم شێخاڵی کە لە رێی ئەشق بە ئازادی نەتەوەکەی و بیروباوەڕ بە خۆشەویستی نیشتیمان و باوەڕ بە مافە نەتەوایەتی بەرگی ئامانجی بۆ نەتەوەکەی پۆشی زوو توانی جێگای خۆی بکاتەوە، ئەو تایبەتمەندییانەی لە شەهید ئیبراهیم دا هەبوو بووە هۆی ئەوەی ئیبراهیمی قارەمان بە فەرماندەری لقی ”شەهید مراد شیرێژ” لە هێزی ”شەهید ئەفشین”ی پێشوو دیاری بکرێ، ئیبراهیم شێخاڵی شۆڕشگێرانە رووبەڕووی پیلانە رەنگاوڕەنگەکانی رێژیم دژی حیزب وەستایەوە، کاتێک تاقمێکی ٧ کەسی بە هاندانی حیزبی توودە و بە مەبەستی بە چۆکداهێنانی جووڵانەوە لە حیزب جیابوونەوە زۆریان هەوڵ دا بیروباوەڕی رێبەرانی حیزب بەرامبەر ئیبراهیم بشێوێنن بەڵام ئیبراهیم شۆڕشگێرانە بەرامبەر ئەم پیلانانە وەستا و بیروباوەڕ و خۆشەویستی خۆی بۆ نەتەوەکەی و حیزبەکەی سەلماند. ئیبراهیم شێخاڵی لە لایان لقی سیاسی دووی ”نەغەدە” لە پاییزی ساڵی ١٣٦٠ وەک ئەندامی کۆمیتە شارستانی نەغەدە هەڵبژێردرا. هەر لەو کاتەشدا وەک فەرماندەی لک لە بنکەکانی دەشتی قوڕێ و لیکبن دەمایەوە. ئیبراهیم شێخاڵی لە هەموو دەرفەتێک بۆ رونکردنەوەی ئازارەکانی گەلەکەی و زوڵم و چارەڕەشی کورد و رێگاچارەسەرییەکەی بانگەشەی دەکرد و لە هەر شوێن و بنکەیەک بوایە سرنجی خەڵکی رادەکیشا.

شەهید ئیبراهیم مرۆڤێکی خەڵک‌دۆست و خاکی بوو و بە قسەکانی هەموو دەم خەڵکی بەرەو خەبات دژی رێژیمی کۆنەپەرەست هان دەدا و بووە هۆی ئەوەی گەنجێکی زۆر چەکی پێشمەرگایەتی دژی کۆماری ئیسلامی هەڵگرن، شەهیدبوونی هەر پێشمەرگەیەک داخی زۆری دەخستە سەر دڵی ئیبراهیم و رۆژ بە رۆژ بەهێزتری دەکرد بۆ خەباتی پێشمەرگایەتی، کاتێ هاوسەنگەرێکی شەهید ببا خێرا قەڵەم و کاغەزێکی دەردەهێنا و وێنەیەکی دەکێشایەوە و لە ژوری بنکەی هەڵداوەسی تاکوو یاد وبیرەوەرییەکانی هەموو دەم لە پێش چاوی بن، کردەوەی شۆڕشگێڕانە و تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک و هاوسەنگەرانی و ئازایەتی و نەترسی، بیروباوەڕی قوڵی کوردایەتی، هێزی بەڕێوەبەرایەتی و فەرماندەری شۆڕشگێڕی لە خەباتی پیرۆزیدا بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ( ١٣٦١) لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە بە فەرماندەری هێزی شەهیدانی دیواندەرەی پێشوو دەسنیشان بکرێ و گۆڕەپانێکی تازە بۆ خەباتی شەهید ئیبراهیم دیاری بکرێ و بە هەمووان نشان بدات لەو قۆناغەش دا سەرکەوتوو دەبێت.

ئیبراهیم بە کردەوە نیشانی دا کە شیاوە بۆ فەرماندەری و لە بەرامبەر گرفتەکاندا نابەزێ، کار و تێکۆشانی شەهید ئیبراهیم شێخاڵی لە زمانی هاوڕێیەکی لە هێزی شەهیدانی دیواندەرە کە هاوخەباتی ئەو رۆڵەی دێموکرات بوو ئاوا دەیگێڕێتەوە: کاتێک لە نزیکەوە لەگەڵ کار و تێکۆشانی ئیبراهیم شێخاڵی ئاشنا بووم لە ناوچەی دیواندەرە شەش مانگ بوو چبوومە ئەو شوێنە، ئەو هێزە بە راستی پێویستی بە فەرماندەرێکی دڵسۆز و کارامە هەبوو کە بتوانێ گیانێکی تازەی پێ ببەخشێ، کاک ئیبراهیم هۆشیارانە دژی هەمو ئەوانە دەست بە کار بوو کە دەیانهەویست کۆسپ بخەنە سەر رێگای تێکۆشانی هێزی شەهیدانی دیواندەرە، بۆیە چەند چالاکییەکی دژی دوژمن داڕشت و چەندین چالاکی شۆڕشگێڕانەی لە دژی هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژیمی ئاخوندی لە ناوچەکانی (تەورێز خاتون) و (گەچساران) و لە نێو شاری دیواندەرەدا فەرماندەری کرد و زەبری کاریگەری لە پەیکەری هێزە دژەگەلییەکانی رێژیم وەشاند و ورەی خەڵکی ناوچەکەی بردە سەر و بزەی خستە سەر لێوی خەڵکی ئازارچەشتووی ئەو ناوچەیە. دوژمنانی رەنگاوڕەنگی حیزبی دێموکرات هەوڵی زۆریان دا ئیبراهیم شێخاڵی وەک کۆسپێکی سەر رێگایان لەو ناوچەیەدا لابەرن بەڵام بیرو باوەڕی شۆڕشگێڕانە و زیرەکی ئیبراهیم شێخاڵی رێگەی نەدا بە ئامانجەکەیان بگەن.

ئیبراهیم شێخاڵی توانی هێزی شەهیدانی دیواندەرە بە جوانی رێک بخات و گۆڕەپان بۆ شۆڕشگێڕەکانی ئەو ناوچەیە خۆشتر بکات. ئیبراهیم شێخاڵی تەنیا فەرماندەرێکی ئازا و نەترس نەبوو بەڵکوو کادرێکی سیاسی تێگەیشتوو بوو کە لە هەمو دەرفەتێكدا هەوڵی بەرزکردنەوەی پلەی زانیاری هاوسەنگەران و خەڵکی ناوچەکەی دەدا. لەو ماوەیەدا کە ئیبراهیم شێخاڵی فەرماندەری هێزی شەهیدان بوو دەیان چالاکی لەو ناوچەیە ئەنجام دا و تەنگی بە دوژمنان هەڵچنیبوو.

کارنامەی سەرکەوتووی ئیبراهیم شێخاڵی لە دیواندەرە و سەرکەوتنەکانی لە چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی پێشمەرگەیەکی بە ئەزمونی لێ دروست کرد و بووە هۆی ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید ئیبراهیم شێخاڵی بە فەرماندەری هێزی ”نحۆ” و هەروەها ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی دەستنیشان بکات کە بتوانێ دڵسۆزانە بارودۆخی عەشیرەتی ناوچەی ورمێ ئیدارە بکات.

ئیبراهیم شێخاڵی کە پێویستییەکی زۆر بە پشکنینی برینی لاقی هەبوو بەڵام وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز بڕیاری حیزبی بەجێ‌گەیاند و لە بەهاری ١٣٦٣ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی تازەی بەرەو ورمێ بەڕێ کەوت بۆ خزمەتی زیاتر بە حیزب. ناوچەیەکی تازە و عەشیرەتی تازە و کێشەکانیان شارەزا بونی ئیبراهیم شێخاڵی بە زوویی لێ چاوەڕێ نەدەکرا بەڵام زۆر بە خێرایی خۆی لەگەڵ ناوچەکە رێکخست و لە یەکەمین رۆژەکانی چوونی بۆ ئەو ناوچە لەگەڵ پێشمەرگەکانی هێزی ”نحۆ” لە شەڕی بەناوبانگی ”شەوەزەن” لە ”تەرگەوەڕ”ی ناوچەی ورمێ‌دا بەشداری کرد و فەرماندەری شەڕەکەی بە ئەستۆ گرت و نەترسی و شۆڕشگێڕی خۆی دیسان نشان دا و زۆر بە خێرایی ئاوایی بە ئاوایی ناوبانگی دەرکرد لە ناو خەڵکی ناوچەکە.

ئەو ئازایەتییە سەرەتایەک بوو بۆ نزیک بونەوەی زیاتری ئیبراهیم لە پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەکە. ئیبراهیم شێخاڵی زۆر بە خێرایی توانی کۆسپەکانی بەردەمی لاببات و هێزەکان بە تەواوی رێک بخات و گەنجێکی شۆڕشگێری زیاتر بهێنێت بۆ ناو ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات. ئیبراهیم شیخاڵی دژی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان بوو بۆیە خەباتێکی سەختی دژی تریاک فرۆشی دەست پێ کرد کە لە لایەن هەندێک لە قاچاخچییە کوردەکان ئەنجام دەدرا، ئیبراهیم شێخاڵی دەیکوت:” ژمارەیەک ساماندار دەیانهەوێ بەم جۆرە رۆڵەی داهاتوی گەلەکەمان لە نێو بەرن و لاوەکانمان وەک خونچەیەکی پێنەگەیشتوو هەڵوەرێنن بۆیە خەبات دژی ئەوانە لە خەباتی سیاسی جیا نییە”.زۆرجار لە لایەن قاچاخچییە گەورەکان هەڕەشەی لێ دەکرا کە واز لە ئەوان بهێنێ بەڵام ئیرادەی بەهێزی ئیبراهیم شێخاڵی بەهێزتری دەکرد لەو ئامانجە. ئیبراهیم شێخاڵی بۆ هەر گوندێک چووبا وەک کادرێکی سیاسی خەڵکی کۆ دەکردەوە و گوتاری شۆڕشگێڕانەی بۆ دەدان تەنانەت لە گوندە ئازەریەکان.

”ئیبراهیم دێموکرات” ناوێکی ئاشنا بوو لە ناو گوندە ئازەرییەکاندا چونکە بە زمان و وشەی ئازەری وەک هاوڕێیەک قسەی بۆ دەکردن و پیلانەکانی دوژمنی بۆ دروست کردنی دووبەرەکی نێوان دوو گەلی کورد و ئازەری روون دەکردەوە. ژیانی پێشمەرگایەتی ئیبراهیم شێخاڵی جیاواز نەبوو لە پیشمەرگە و هاوسەنگەرەکانی و لەگەڵ ئەوان دەژیا و بە تەواوی شارەزای بارودۆخی پێشمەرگەکان بوو.

شەڕی قارەمانانەی بە ناوبانگی سێ رۆژەی ”جەتەر” لە ناوچەی سۆمای ورمێ دیسان شکۆی شەهید ئیبراهیم شێخاڵی سەلماند. شەڕی جەتەر یادەوەری فەرماندەری شەهید ئیبراهیم و ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتە و وەک لاپەڕیەکی زێڕینی حیزبی دێموکرات بەدی دەکرێ لە ژێر فەرماندەری ئیبراهیم شێخاڵی کە هەموو جار بە دەنگە بە هێزەکەی بە پێشمەرگەکانی دەکوت: “مەترسن لێیان دەن و ورە بەرمەدەن دوژمن ورەی نەماوە” وەک فەرماندەیەک ئەرکی بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگەکانی بە جێ دەهێنا. لەو شەڕە دا هەرچەند ئیبراهیم شێخاڵی بریندار بوو بەڵام بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان ورەیان دانەبەزێ تا کۆتایی شەڕەکە نەیهێشت کەس بە بریندار بوونی بزانێ.

ئیبراهیم شێخاڵی لە چەند شەڕی بە ناوبانگی تری حیزبی دێموکراتدا بەشدار بوو وەکوو: شەڕی بەرازان، خێ زەن، شەڕی سەرگردەی پیرانشار، شەڕی نەغەدە، رێگای مەڕگەوەری ورمێ.

ئیبراهیم شێخاڵی وەفاداری رێگای دێموکرات و رۆڵەکانی گەلی کورد و ئاو و خاکەکەی بوو و درێژەدەری رێگای شەهیدان بوو بۆیە دەیگوت: هاوڕێیانی پێشمەرگە ئاگادارن کە خەباتی خوێناوی گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بە دەیان هەوراز و نشێوی بەڕێ کردووە و هەزاران رۆڵەی نیشتمانپەروەر لە هەموو چین و توێژەکان بە پیر و گەنجەوە ژیانیان بەخت کردووە بۆ ئەو ئامانجە، ئێمەش رێبوارانی رێگای ئازادی پارێزەری گەل و خاکی کوردستانین و خاوەنی بە حەقی خوێنی ئەو شەهیدانە و بەدیهێنەری ئاواتی بەرزی ئەوانین.

سەید سدیق یەک لە هاوڕێکانی شەهید ئیبراهیم دەگێڕێتەوە کە لە رۆژی ٦ی جۆزەردان ١٣٦٤ لە گوندی جێرمێ لە ناوچەی تەڕگەوەڕ لەگەڵ کاک ئیبراهیم لەبەر دەرگای ماڵێک دانیشتبووین، کاک ئیبراهیم لەگەڵ دو کوڕە شەهید، کە تەمەنیان ٧ساڵ و ٨ ساڵ بوو قسەی دەکرد لە کاتێ کە لە باوەشی گرتبوون، پێی دەگوتن: دەبنە پێشمەرگە؟ گوتیان بەڵی، بۆ دەبنە پێشمەرگە؟ چونکە بابمان پێشمەرگە بوو، بۆچی پێشمەرگەتان خۆش دەوێ؟ چونکە جاش بابمیان شەهید کردووە، لە هەر شوێنێ منداڵی دیتبا دەستی بەسەر دادەهێنان و ماچی دەکردن. سەید سدیق لە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی دەنوسێ: شەهید ئیبراهیم ئێوارە سەرلکەکانی کۆ کردەوە و بەرزاییەکانی دەور و بەری پێ سپاردن، وا بڕیار بوو شەوێ زوو بچن بۆ ئەوەی لە شوێنە دیاریکراوەکان دا جێگیر بن، کاک ئیبراهیم لەگەڵ من لە نێو ئاواییدا نوستبوین، کاتژمێر ٤ و نیوی بەیانی رۆژی ٧ی جۆزەردان لە قەراغ ئاوەدانی دەنگی ئارپیجی هات، زوو خۆمان کۆ کردەوە و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک بەڕێ کەوتین؛ کاک ئیبراهیم لە پێشەوە و ئێمەش بە دوای ئەو. دنیا بەرەو رووناک بوون دەچوو ئێمەش بۆ ئەوەی دوژمن زەفەرمان پێ نەبا بڵاو بووینەوە، من و کاک ئیبراهیم گەیشتینە بن دارە شیلانێک، چەند جاشمان لێ وەدیار کەوتن شوێنێ ئەوان قایم بوو بەڵام شوێنی ئێمە روتەن بوو، چەند میترێکیان مابوو بگەنە سەرمان کە لە هەموو لایەکەوە تەقەیان لێ کردین و ئێمەش تەقەمان لێ کردن، کاتژمێر ٥ی بەیانی بوو کە فیشەکێک بەر سینگی ئیبراهیم شێخاڵی کەوت، پێشمەرگەیەک هاواری کرد کاک ئیبراهیم راگوێزن، بەڵام تەقە گەرم بوو کەس نەیدەتوانی سەر هەڵێنێ، من مابوم و کاک ئیبراهیمی بریندار، کوڵە پشتی دەرمانم خستە بن سەری تا بتوانم برینەکەی دەرمان کەم، کوتم کاک ئیبراهیم کەمێ تەقە بکە تا من دەرزی حازر کەم بەڵام بەداخەوە خوێنی زۆر لەبەر رۆیشتبوو و هێزی لەبەر نەمابوو و نەیتوانی چیتر تەقە بکا، کاک ئیبراهیم گوتی بڕۆ بەجێم بێڵە، گوتم چۆنت بەجێ بێڵم، رەنگی بە تەواوی زەرد ببوو هێزی لەبەر نەمابوو سەری هەڵێنا کوتی چەند بەڵگەیەک لە ناو کیفەکەمدایە هەڵیانگرە با نەکەوێتە دەستی دوژمن، تەقە توندتر بوو، کاک ئیبراهیم بەحاستەم سەری هەڵێنا کە ئاگای لە بارودۆخەکە بێ بەڵام بە داخەوە فیشەکێکی تری خائین و دوژمنان بە سەری کەوت و کاک ئیبراهیم هەناسەی دوایی هەڵکێشا و شەهید بوو.

کاک ئیبراهیمی قارەمان رۆڵەی دڵسۆزی دێموکرات و پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ شەهید بوو و فرمێسک بە چاوانی منداڵانی کوردستان دا هاتە خوارەوە بۆ لە دەستدانی یاری وەفاداریان، پێشمەرگەکان بۆ لە دەستدانی فەرماندە قارمانەکەیان ماتەمینیان گرت. ئێوارەی ئەو رۆژە پێشمەرگەکانی دەستەی تەخریبی ناوەندی ئاگری بە تۆڵەی خوێنی ئیبراهیم شێخاڵی خۆیان گەیاندە گەلی بەردەڕەش و بە هێرش بۆسەر دوژمن و ئاگرباران بەسەریاندا زیاتر لە ٦٩ کەس لە هێزەکانی دوژمنیان کووشت و ژمارەیەکیشیان بریندار کردن.

شەهید ئیبراهیم شێخاڵی ئێستا لە نێو کۆڕی خەباتگێڕانی دێموکراتدا نەماوە بەڵام هەمیشە رێنمونییەکانی ئاوێزەی گوێی هاوسەنگەرانی و مەشخەڵی دەستی خەباتگێرانە کە دەیگوت: ”بۆ بەجێ گەیاندنی سیاسەت و بڕیارەکانی حیزبی دێموکرات دەبێ لە جاران زیاتر خەبات و تێکۆشان بکەین و هەموو ئەو رێگایانەی زووتر و باشتر نزیکمان دەکەنەوە لە ئامانج بگرینە بەر، شەڕی پارتیزانی پێویستییەکی تەواوی بە پاراستنی یەکڕیزی و تاکتیک و نهێنیکاری و جوڵە هەیە، ئێمە ئەگەر هەموو ئازمونەکانی ئەم چەند ساڵەی خەبات بکەینە سەرمەشق رزگاریمان دێت و بێ شک سەردەکەوین، رێژیمی خومەینی زۆر لەوە بێ هێزترە کە بتوانێ کۆسپ بخاتە سەر رێگامان” 

ناوی شەهید ئیبراهیم شێخاڵی وەک فەرماندەیەکی قارەمان وەک شەهیدێکی سەربەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو دڵی هاوسەنگەرانی و خەڵکی کوردستان هەمیشە زیندووە و یاد و ناوی ورە بە شۆڕشگێران دەبەخشێ، یادی ئەو شەهیدە نەمرە بەرز بێت و رێگای پڕ رێبوار بێ.

 

من کوڕی کوردی شەهیدی رێی خەباتم دایە گیان

کۆتری خوێنین پەڕی باخی وڵاتم دایە گیان

هەر وەکوو بێگانەیێ دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ

لەم هەموو دەستە نەبوو دەستێ، کە بێ و دەستم گرێ

من لە شاری خۆم غەریب و بۆهەموو بێگانە خۆم

کۆتری کوژراوی رێگای لانە خۆم، بێ لانە خۆم

دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ

زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ

دایە گیان ئەو کیژە وا ئەتویست بە بووکی تۆ ببێت

خۆت بدە پیشانی جارێ با بە هیوای من نەبێت

تاکوو بتبینێ کە رەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە

بەڵکوو بڕوا دڵنیا بێ و من لە بیرەو باتەوە

دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ

زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ

شەریف حوسێن پەناھی

تێبێنی: دەقی ئەو گێڕانەوەیانە لە دەست نوسەکانی کاتی شەهید بوونی کە لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو بۆوە وەرگیراوە، هەروەها  وتەکانی شەهید ئیبراهیم شێخاڵی لە فایلە دەنگییە تۆمارکراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەرگیراوە. نوسەر وەک بەشێک لە بنەماڵەی شەهید ئیبراهیم بەرپرسیارە لە هەر زیاد کردنێک.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی