"an independent online kurdish website

ئەردۆغان وەک کەسی هەرە بە” دەسەڵاتی” تورکیە لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بیری لە بەدەست هێنانی هەموو کوردانی باکوور کردووە کە بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی چەوت و ناجێگیری لایەنی باڵا دەستی نێو بزووتنەوەی کوردی ئەوبەشە لە کوردستان ، لە نیزیک بە  تەواوی هەڵبژاردنەکانی پەرڵەمانیی تورکیە لە ماوەی  ١٦ ساڵ دا حیزبەکەی ئەردۆغان و شەخسی خۆی یەکەم و لایەنی کوردی دووهەم بوون لە باکووری کوردستان کە ئەوەیان باسێکی دوور و درێژە و لێی دەرباس دەبم.

لە ٣ ساڵی ڕابردوو دا کە دووبارە شەڕی نێوان لایەنی کورد و دەوڵەتی تورکیە دەستی پێکردووە ، ئەردۆغان و حیزبەکەی هاوپەیمانێکیان هەڵبژاردووە کە لە هەموو بوارێکەوە ناتەبان، جگەلە مەسەلەی کورد. ئەو  هاوپەیمانە بزووتنەوەی نەتەوە پەرەستە بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی.  ڕابردووی ئەو هاوپەیمانەتیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی کوودەتا لە ١٥ی جوولای ٢٠١٦ کە باخچەلی پشتیوانیی لە ئەردۆغان کرد. هەر وەها لە دوو هەڵبژاردنی ئەم دوایانە ی پارڵەمان و سەرۆکایەتی کۆمار دا ئەو بزووتنەوەیە هاوپەیمانی ئەردۆغان و حیزبەکەی بوون، بەڵام بەشداری کابینەی ئەردۆغان نەبوون.

ئێستا تورکیە بەرەو هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەڕوا(ئاداری ٢٠١٩) و ئەردۆغان پیویستیی بە دەنگی باکووری کوردستان و  بگرە کوردانی دەرەوەی کوردستانە( لە ئیستانبوول و ئانکارا و ئیزمیر و مێرسین……..). ئەو پێویستی یەش تەنیا بە پلانێکی فرێودەرانە جێ دەگرێ کە ئەویش بریتی یە لە: دروست کردنی شەڕێکی زێڕینگری لەگەل باخچەلی کەلە کوردستان دا دەنگدەری یەکجار زۆر کەمی هەیە و ئەو بزووتنەوەیە و ئەردۆغان دەزانن کە بەو شەڕی زێڕینگرییە وەک ئەوە وایە بە تیرێک دوو نیشان بپێکن. باخچەلی و بزووتنەوەکەی بە ژدایەتیی کورد و بە پشتیوانی لە بڕیاراتی ئاسمیلە کردنی کورد ناسراوە و ئیدی شتێکی نیە لە کوردستان لەدەست بدات، بەڵکوو دەبێتەوە هۆکار ئەردۆغان دەنگی زیاتر بێنێ و خۆشی لە نێو نەژادپەرەستەکان دا دەنگی زیاتر بێنێ.

ئەردۆغان بە دوور کەوتنی ڕەواڵەتی و دەربڕینی هیندێک لێدوانی فرێودەرانە بە نیسبەت باخچەلی و حیزبەکەی  هەوڵ دەدات سۆزی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. هەر ئەوەی کە حەفتەی ڕابردوو بە بڕیاری دادگایەک لە تورکیە کە لەمەو دوا دەبێ سەرلە نوێ دەست بکرێ بە پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆن و لە قوتابخانەکانەوە بڕۆنە پێش و  مناڵەکان دەبێ لە قوتابخانە دیسان سروودی ” من تورکم و شەریفم و شانازی بە تورک بوونم دەکەم و تورکیە هی تورکەکانە….”  دە ئەسڵ دا بڕیاری ئەردۆغان  بوو بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی زێڕینگرانە لەگەل باخچەلی. ئەردۆغان دەیزانێ کە لایەنی کورد بە دژی ئەو بڕیارە دەوەستێت و دەیکاتە خۆراکی تەبلیغاتی هەڵبژاردن. بۆیە ئەردۆغان هات دژایەتیی کرد و لەوێدا بە جۆرێک چرا سەوزی بۆ کورد هەڵکرد کە : ئەوەتە من لەگەل مافەکانی ئێوەم و دژی بڕیاری ئاسمیلاسیۆن ڕاوەستاوم! لە هەمان کاتیش دا باخچەلی و حیزبەکەی  تەبلیغات بۆ ئەوە دەکەن کە بڕیارەکە بەجێ یە  و ئێمە لەگەل پیادەکردنی ئەو بڕیارەداین.

مەبەستیشیان ئەوەیە کە:  هەم ئەردۆغان لە کوردستان هیندێك دەنگی زیاتر کۆبکاتەوە و هەم باخچەلی و حیزبەکەی لە نێو نەژادپەرەستەکان دا دەنگی زیاتر وەرگرن. واتە ئەردۆغان بە کورد و لایەنگرانی و بگرە دونیاش دەڵێ: من دژی ئاسمیلاسیۆن و ڕەگەز پەرەستیم(کە وانیە و ئەردۆغان تەواو ڕاسیستە) لە لایەک باخچەلی بە ڕاسیستەکان دەڵێ: فەرموو ئەوە من هەر ڕاسیستەکەی جارانم.

ئێستا لەم دۆخەدا باشترین بژاردە ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان پێکەوە بڕۆنە هەڵبژاردن و لایەنی باڵادەست لە نێو ئەحزابی سیاسیی ئەو بەشە لە کوردستان ئەگەر بیەوێ دەتوانێ هەموو حیزبەکانی تر لە خۆی کۆکاتەوە بە دانی چەند شارەوانیەک.  پێویستە لایەنی باڵا دەستی کورد وادابنێ کە: سەرۆکی شارەوانیەک بۆ سۆسیالیستەکان، دێمۆکراتەکان یان ئازادییەکان بێ باشترە تا قەیوومێکی بە ڕەگەز کوردی سەربە ئەردۆغان و باخچەلی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی