"an independent online kurdish website"

 ناکۆکی سیاسی نێوان ده‌وڵه‌تانی ئێران و ئێراق له‌ سه‌ردمی پادشایی محه‌ممه‌د ره‌زا په‌هله‌وی و حیزبی به‌عس له‌ ئێراق، رێکه‌وتنی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ساڵی 1975 له‌ ئه‌لجه‌زائیر-


 جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێراق و ئێران و {بڕیارنامه‌ی (قطعنامه‌) 598 شورای ئه‌منییه‌ت بۆ کۆتایی هێنان به‌و جه‌نگه‌ له‌ 20/7/1988} که‌ {(ئایه‌توڵا خومه‌ینی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی خه‌ڵکی ئێران) سه‌باره‌ت به‌و پریارنامه‌ وتێ: من ناچارم ئه‌و پیاڵه‌‌ ژاره‌ بنۆشم} به‌و رسته‌ دانینا به‌ تێشکانی ئێران له‌ به‌رانبه‌ر ئێراق دا.

کۆتایی هێنانی ئه‌و جه‌نگه‌ به‌و جۆره‌ واته‌ سه‌رکه‌وتنی ئێراق و تێشکانی ئێران به‌پێی سیاسه‌ت و پلانی ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی و ئه‌مریکا دیاریکرا. ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌ سه‌رۆکاکۆماری سه‌دام حسین که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌رمه‌ستی سه‌رکه‌وتن‌ بوو پلانی تێشکانی و له‌ناو بردنی شۆڕشی ئه‌و به‌شی کوردستان که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێراق دایه‌ داڕشت و به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌کێک به‌تایبه‌ت چه‌کی شیمایی په‌لاماری ناوچه‌کانی کوردستانی داوه‌، له‌و هێرشه‌ هه‌م خه‌ڵک و هه‌م هیزی پیشمه‌رگه‌ ناچار بوون ناوچه‌که‌ چۆڵ بکه‌ن.

دەو‌ڵه‌تی ئێراق له‌و‌ کاته‌دا که‌ هه‌ستی به‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆی ئه‌کرد کووه‌یەتی داگیر کرد و هه‌ڕه‌شه‌یشی له‌ عه‌ره‌بستانی سعودی ئه‌کرد. پاشان رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یا باشتر بێژین (رێکخراوه‌ی ده‌وڵه‌تان) داوای له‌ حکومه‌تی ئێراق کرد له‌ کووه‌یەت بڕواته‌ ده‌ر و کووه‌یتی به‌ به‌شێ له‌ ئێراق ئه‌زانی و (ده‌ستوور و سیسمی سیاسی و ئیداری کووه‌یتی) هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و (ده‌ستوور و سیستمی سیاسی و ئیداری ئێراقی) کرد به‌ جێنشین.

به‌ره‌ی (هاوپه‌یمانی جیهانی) به‌ هێزی سه‌ربازی و به‌ جه‌نگ ئێراقیان له‌ کووه‌یت وه‌ده‌رنا. له‌و هێرشه‌دا هێزی سه‌ربازی ئێراق زیانێکی مه‌زنی بینی! به‌ هۆی ئه‌و زیانه‌ مه‌زنه‌ که‌ له‌ سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری و‌ سه‌ربازییه‌که‌ی  ئێراق که‌وت، راپه‌ڕین له‌ شاری به‌سره‌ و چه‌ن شاری دیکه‌ی شێعه‌‌یی به‌دژی ده‌وڵه‌تی ئێراق هاته‌ ئاراوه‌، له‌ کوردستانیش که‌ گه‌لی کورد زه‌به‌روزه‌نگی زۆری ده‌وڵه‌تی ئێراقیان بینیبوو به ‌دژی ده‌وڵه‌تی ئێراق راپه‌ڕین و هێزی سه‌ربازی ئێراق که‌ به‌و جۆره‌ لاواز و بێهێز ببوو، ناچار بوو به‌شی له‌ کوردستان چۆڵ بکات.

پاش ماوه‌یه‌کی کورت به‌پێی رانمایی (ناراسته‌وخۆی) ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌کانی جهان هێرشی ده‌وڵه‌تی ئێراق بۆ سه‌رکوتی راپه‌ڕینی شاره‌ عه‌ره‌به‌کان و کوردستان ده‌ستی پێکرد و (کۆڕه‌وه)‌ گشتییه‌که‌ی‌‌ کوردستان هاته‌ ئاراوه‌. به‌ دوای کۆڕه‌وه‌که‌ له‌ ژێر فشاری مرۆڤدۆستانی جهانی‌‌ ناوچه‌ی (36) پله‌یی(ده‌رجه‌) له‌ به‌رانبه‌ر هێزی ئێراقی دا دیاریکرا و خه‌لک به‌ره‌به‌ره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شار و گونده‌کانی خۆیان. پاش ئه‌وانه‌ له‌ مانگی مارشی ساڵی (2003) پڕۆسه‌ رمانی ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌ سه‌رۆککۆماری سه‌دام ده‌ستی پێکرد، دوای ئه‌و پڕۆسه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ده‌سته‌یه‌کی به‌ سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێ له‌ به‌رپرسه‌کانی خۆی به‌ناوی:(پۆل بریمه‌ر) دیاریکرد بۆ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق.

 

ئه‌و چه‌ن دێڕه پێناسه‌یه‌کی کورتی ئه‌و ده‌ورانه‌یه‌ که‌ خۆتان باشتر ئا‌گادارن، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ باسی:

 

(بڕۆ شوێنێ که‌س نه‌تناسێ

خۆت هه‌ڵکێشه‌ بڕ به‌ کراسێ)

 

با ئه‌و چه‌ن دێڕه‌ بخوێنینه‌وه‌:

{دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند رۆژێک به‌سه‌ر ئیمزاکردنی فه‌رمانه‌که‌دا سه‌باره‌ت به‌ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی پێشوو، سه‌ردانی مه‌سعود بارزانییم کرد له‌ ماڵه‌ شاخاوییه‌که‌ی له‌نزیک صه‌لاحه‌دین له‌ کوردستان که‌ خاوه‌ن فه‌رمانڕه‌واییه‌تێکی خۆییه‌. بارزانیی و خێزان و هۆزه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ به‌عسیه‌کانه‌وه‌ ناڵاندویانه‌، لای شوێنی نیشتنه‌وه‌ی هه‌لیکۆپته‌ره‌که‌ له‌سه‌ر چیایه‌ک که‌ چه‌ند کیلۆمه‌ترێک له‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ دوور بوو. له‌ کاتی سه‌رکه‌وتن به‌ڕێگه‌ قه‌مچوپێچه‌که‌دا بۆ ماڵه‌که‌ی، ئاماژه‌ی بۆ گۆڕه‌پانێکی فراوان کرد به‌ره‌و باکوری رێگه‌که‌ که‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ به‌رزاییه‌کانی چیاکه‌.

به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ره‌زامه‌ندیی پێوه‌ دیار بوو، ووتی، (سالی 1991 لێره‌دا‌ سوپای صه‌داممان شکاند. نه‌مانده‌توانی له‌ دۆڵه‌که‌دا تانکه‌کانی جۆر‌ی تی – 72 رێپێبگرین، به‌ڵام کاتێک که‌ سه‌رکه‌وتن بۆ ئێره‌ تێکمان شکاند).

جه‌نگا‌وه‌ره‌ چیاییه سه‌خته‌‌که‌ ده‌ستی جوڵان بۆ ئاماژه‌دان بۆ لاپاڵه‌ چیاییه‌ تیژه‌کان، که‌ هه‌ندێکیان تا ئێستا شوێنه‌واری به‌فری زستانیان پێوه‌ ماوه‌. چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ ئه‌وێ هه‌وار و مه‌نزاڵگه‌ی گه‌له‌که‌یه‌تی، ده‌کرا شانازیکردنی به‌و دیمه‌نه‌ سروشتییه‌وه‌ هه‌ست پێ بکه‌یت.‌

بارزانیی که‌هێشتا له‌ گۆڕه‌پانه‌کانی جه‌نگی ده‌ڕوانی ده‌ستی گرتم و ووتی، (پیرۆزبایت لێده‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌ کردنی فه‌رمیی سوپای صه‌دام. ئه‌وه‌ی ئه‌نجامتداوه‌ کارێکی نایابه‌. ئه‌و ده‌سه‌لمێنێت هاوپه‌یمانان سوورن له‌سه‌ر بونیادنانی عێراقێکی نوێ و یه‌کگرتوو).

ووتم، (تۆ ده‌زانیت هه‌ندێک که‌س هانیان ده‌داین بۆ ئه‌وه‌ی نوسخه‌یه‌کی بچوککراوه‌ی سوپاکه‌ی صه‌دام پێکبهێننه‌وه‌).

بارزانیی ووتی، (ده‌کرا ئه‌وه‌ ببێته‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌. ئێمه‌ وه‌ک کورده‌کان له‌عێراق جیابووینه‌وه‌. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ دژی سوپای به‌عسی جه‌نگاین. ئێستا ئێمه‌ دوانزه‌ ساڵه‌ فه‌رمانڕه‌وایی خۆییمان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر جارێکی تر به‌عسیه‌کان بگه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وا جه‌نگێکی ناوخۆیی هه‌ڵده‌گیرسێت.

ئێستا ئاماژه‌م بۆ زنجیره‌یه‌ک له‌چیاکان کرد، ئاماژه‌م کرد بۆ خۆرئاواو ووتم، (سوریا و تورکیا و ئێران .. لێره‌ش له‌ عێراق، هه‌موو ئه‌م وڵاتانه‌ کوردیان تێدایه‌. ئه‌و جه‌نگه‌ ناو خۆییشه‌ سه‌ر ده‌کێشێت بۆ جه‌نگێکی هه‌رێمیی.

بارزانی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کردو ووتی (به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا دوور که‌وتووینه‌ته‌وه‌ له‌و کاره‌ساته‌).

به‌ عه‌ره‌بی وه‌ڵامم دایه‌وه‌، (إنشاءالله‌). لاپه‌ڕه‌ (83 و 84)}

 

کتێبی، {(ساڵه‌که‌م له‌ عێراق) به‌ پێنووسی (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)}

**

له‌و چه‌ن دێڕه‌دا مه‌سعود بارزانی به‌ (پۆل بریمه‌ر) ئێژێ:

(سالی 1991 لێره‌دا‌ سوپای صه‌داممان شکاند. نه‌مانده‌توانی له‌ دۆڵه‌که‌دا تانکه‌کانی جۆر‌ی تی – 72 رێپێبگرین، به‌ڵام کاتێک که‌ سه‌رکه‌وتن بۆ ئێره‌ تێکمان شکاند).

 

وه‌ک خوێنه‌ری ئه‌و په‌راگرافه‌ بیر له‌وه‌‌ ئه‌که‌مه‌وه‌:

چۆن مه‌سعود بارزانی به‌و جۆره‌ باسی (تێشکانی سپای سه‌دام و تانگه‌کان) ئه‌کات؟!

ئه‌و باسه‌ بۆ کێ ئه‌گێڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌ندامانی (پارتی دێموکراتی کوردستانی عیراق) که‌ خۆی رابه‌ریانه‌؟!

ئه‌و باسه‌ بۆ که‌سێ ئه‌گێڕێته‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ئه‌و واته‌ (ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا) له‌ رۆژی 4/7/1958 که‌ سیستمی پادشایی ئێراق، (ئێراقی ده‌ستکردی ئینگلیس) روخا، له‌و رۆژه‌وه‌ تا ساڵی (1975) که‌ پیلانه‌ شوم و نگریسه‌که‌ی ئه‌لجه‌زائیر ئه‌نجامدرا و پاشان جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و ئێراق و داگیرکردنی کووه‌یت له‌ لایه‌ن ئێراق و تێکشکانی هێزی سه‌ربازی و بنه‌مای ئابووری ئێراق، هه‌روه‌ها پلانی جه‌نگی ساڵی (2003) بۆ له‌ناو بردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام تا ئه‌گاته‌ ئه‌و کاته‌ که‌ خودی مه‌سعود بارزانی ئێژێ:

(سالی 1991 لێره‌دا‌ سوپای صه‌داممان شکاند. نه‌مانده‌توانی له‌ دۆڵه‌که‌دا تانکه‌کانی جۆر‌ی تی – 72 رێپێبگرین، به‌ڵام کاتێک که‌ سه‌رکه‌وتن بۆ ئێره‌ تێکمان شکاند).

رۆڵی سه‌ره‌کی گێراوه‌ و که‌س نه‌یتوانیوه‌ پێش به‌ به‌رنامه‌ و پلان و (پیلانه‌کانی) بکرێت، ئه‌وه‌ هیزی سه‌ربازی ئه‌مریکا و ئینگلیس بوو له‌شکر و سپای ئێراقیان تێکشان و بنه‌مای ده‌وڵه‌تی ئێراقی هه‌ڵته‌کان!

بۆ ئێمه‌ هه‌ست به‌ بوونی خۆمان وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ین ناکه‌ین؟

ئایا ئه‌و جۆره‌ کار و کردارانه‌‌ سوودبه‌خشه‌‌ بۆمان یا زیانبه‌خش‌؟

 

ئاخر پێشمه‌رگه‌ به‌ دوو کڵاشینکۆڤی کۆنی ده‌یان ساڵه‌ و دوو بابۆڵه‌ نان که‌ له‌ ماڵه‌ هه‌ژارێکی کورد وه‌ریگرتووه و له‌ په‌له‌قاژه‌ی مان و نه‌ماندا ئه‌ژێ و داگیرکه‌رانی کوردستانیش خاوه‌نی هه‌مه‌ جۆره‌ چه‌کی نوێ و مۆدێرنی وه‌ک فڕۆکه‌ی فانتۆم – میک – سیخۆ و تانگ و تۆپ و کاتیۆشا، هه‌روه‌ها پێداویستی جه‌نگ وه‌ک خوارده‌مه‌نی و ده‌رمانخانه‌ که‌ سوودی لێ ئه‌به‌ن بۆ‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان، چۆن تۆ به‌و ‌ جۆره‌ ئێژی، ئه‌وه‌یش لای کێ، لای (پۆل بریمه‌ر) که‌ به‌ وشه‌ی (إنشاءالله‌) به‌و جۆره‌ وه‌ڵامی قسه‌کانت ئه‌داته‌وه‌:   

 

بارزانی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی کردو ووتی (به‌ڵام ئێمه‌ ئێستا دوور که‌وتووینه‌ته‌وه‌ له‌و کاره‌ساته‌).

به‌ عه‌ره‌بی وه‌ڵامم دایه‌وه‌، (إنشاءالله‌).

 

 “ But now we have  escaped this disaster” Barzani smiled.

“  Insh,allah,” I replied” God willing.”

لاپه‌ڕه‌کانی 59 و 60 کتێبه‌ ئینگلیسیه‌که‌ به‌ ناوی: (My YEAR in IRAQ)

 

ئایا ئه‌و وه‌ڵامه‌ به‌ وشه‌ی (إنشاءالله‌)وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ بێژێ (تۆ خۆت ناناسیت و نازانی کێیت)، زیاتره‌؟!

 

با بڕۆینه‌ ناو باسێکی دیکه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ (پۆل بریمه‌ر):   

 

{(بارزانیی که‌ هێشتا له‌ گۆڕه‌پانه‌کانی جه‌نگی ده‌ڕوانی ده‌ستی گرتم و ووتی،

(پیرۆزبایت لێده‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌ کردنی فه‌رمیی سوپای صه‌دام. ئه‌وه‌ی ئه‌نجامتداوه‌ کارێکی نایابه‌. ئه‌و ده‌سه‌لمێنێت هاوپه‌یمانان سوورن له‌سه‌ر بونیادنانی عێراقێکی نوێ و یه‌کگرتوو)}.

 

له‌و باسه‌دا مه‌سعود بارزانی دڵی به‌وه‌ خۆشه‌‌ که‌:

هاوپه‌یمانان سوورن له‌سه‌ر {بونیادنانی عێراقێکی نوێ و (یه‌کگرتوو)}.

به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌، ئێمه‌ی کورد بیر به‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ پێناده‌ین.

**

*وێنه‌ی (پۆل بریمه‌ر) و (مه‌سعود بارزانی) له‌ په‌رتووکه‌ کوردییه‌که‌‌ی (پۆل بریمه‌ر) وه‌رگێراوه.

تێبینی: ئه‌و وێنه‌ له‌ خودی کتێبه‌ ئینگلیسییه‌که‌دا نییه‌!

 

*وێنه‌ی ئه‌و تانگه‌ (T72)وه‌ له‌ ئه‌نترنێت وه‌رگیراوه‌.

 

31/10/2018

سه‌عی سه‌قزی

sai.saqzi@gmail.com

 

نویترین هەواڵ و بابەت