"an independent online kurdish website

NRTV:کۆڵبەرەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسەر سنورەکان لە بەرامبەر دەستکەوتنى بڕە پارەیەکى کەم بۆ دابینکردنى بژێوى خۆیان و خێزانەکانیان شەڕ لەگەڵ مەرگ دەکەن، جا ئەو مەرگە تەقەى هێزە ئەمنییەکانى ئێران بێت یان سەرما و ستونە بەفرینەکانى ڕێگا سەختەکانى سەر سنور بێت.


بەڵام هەرگیز مەترسى سەرما و سۆڵەى سەخت بەقەد لولەى تفەنگى هێزە ئەمنییەکان کۆڵبەرانى ڕووبەڕووى مەرگ نەکردووەتەوە، ئامارى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤیش ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە زۆرینەى قوربانییەکان لەناو کۆڵبەرەکاندا بە تەقەى هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

لە دوایین ئاماریشدا ڕێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێوارەى ڕۆژى یەک شەممە هێزە ئەمنیەکانى ئێران کۆڵبەرێکیان لە ناوچە سنورییەکانى پیرانشارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کوشتووە و تا ئێستاش تەرمەکەی ڕادەستى کەسوکارى نەکراوەتەوە.

بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوەکە کوشتنى کۆڵبەران لەسەر سنورەکان زیادی کردووە، بە جۆرێک تەنیا لە ماوەى سێ ڕۆژى ڕابردوودا چوار کۆڵبەرى خەڵکى شارى سەردەشت بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانى ئێران کوژراون و بریندار بوون و، لە ماوەى یەک هەفتەى ڕابردوودا ١١ کۆڵبەر لە سنورەکانى پارێزگاى ئورمییە کراونەتە ئامانج کە لەو ژمارەیە ٧ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و چواریشیان برینداربوون.

بەپێى ئامارى ڕێکخراوەکانى بوارى مافى مرۆڤ لە ماوەى ١٠ مانگی ڕابردوودا نزیکەى ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کوژراون و نزیکەى ٧٠ کۆڵبەریش بریندار کراون کە بەراورد بە ساڵى ڕابردوودا ڕێژەى کوشتنى کۆڵبەران ٣٠% زیادیکردووە.

کوشتنى ئەو ژمارە زۆرەى کۆڵبەران و داخستنى سنور بەڕوویاندا پەیوەندى بە هەوڵەکانى بەرپرسانى ئێرانەوە هەیە کە دەیەوێت سەرجەم دەروازە سنورییە نافەرمییەکانى خۆى لەگەڵ هەرێم دابخات و بە تەواوەتیش کۆتایى بە کارى کۆڵبەرى بهێنێت لە سنورەکاندا.

جگە لە کوشتنى کۆڵبەران، هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە نۆ مانگى ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەریشیان دەستگیرکردووە و لەم مانگەشدا ١٥ کەس لەلایەن دادگاکانى ئێرانەوە سزاى ٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە و هاوکات بە بڕی ١٢٥ ملیۆن تمەن سزا دراون.

هەروەها بەهۆى تەقەکردن و لە ترسى کوشتنیان لە ڕابردوودا ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنورەکان کەوتوونەتە ناو کێڵگەى مینەوە کە تەنیا لە ١٠ مانگى ڕابردوودا ١٠ کەس برینداربوون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٧ى تریشیان برینداربوون.

بە هەزاران کەس لە شارە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆى نەبوونى هیچ کار و بژێوییەکەوە ناچاربوون پەنا بۆ ناوچە سنورییەکان ببەن و کارى کۆڵبەرى دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتى ئێران لەجیاتى چارەسەرکردنى ژیان و گوزەرانى کۆڵبەران بووەتە گەورەترین مەترسى لەسەر ژیانیان.

ع.م ، nrttv

ڤیدیۆ

کۆڵبەرێکى دیکەى ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنورییەکانى ئێران کوژرا

کۆڵبەرێکى دیکەى ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنورییەکانى ئێران کوژرا

Publicerat av NRT Måndag 29 oktober 2018

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی