به سه‌پاندنی پاكەیجێكی نوێی گه‌مارۆەکان به سه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا لە ٥ی نۆڤامبەرەوە، خوێندنه‌وه‌ی جودا بۆ ئامانج و كاریگه‌ری گه‌مارۆكان و داهاتووی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كرێ.
هێندێك پێیان وایه كه به حوكمی ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر كاریه‌وه، گه‌مارۆی جۆراوجۆری تاقی كردۆته‌وه، ده‌توانێ ئیداره‌ی وڵات بكات. هەر وەها له به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی سه‌ركووتگه‌ری رێكخراو (مونه‌زه‌م)یشی هه‌یه ده‌توانێ كونترۆڵی دۆخه‌كه بكات. ئه‌م جۆره بۆچوونه پشت ده‌به‌ستێ به ئه‌زموونی كوریای باكوور و عێراق كه توانیان به ده‌یان ساڵ خۆراگری بكه‌ن له به‌رامبه‌ر گه‌مارۆكان دا.
هێندێكیش پێیان وایه كه كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دا تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمریکا، له گه‌ڵ گه‌مارۆكان ئیداره بكات. به‌و هیوایه‌ی، کە سەرۆک کۆمارێکی دیمۆکراتەکان هەڵبژاردنەکان بباتەوە و ئێران بتوانێت له گه‌ل دیموكراته‌كان، كه لایه‌نێكی نه‌رمتر له ترامپی کۆماریخوازن، بگه‌رێته‌وه سه‌ر مێزی دیالۆگ و وت‌و وێژەوە.
به‌شێكیش پێیان وایه كه ئه‌گه‌ر ولاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، بتوانێت ئێران ناچار بە جێبه‌جێ كردنی ١٢ خاله‌كه‌ی پامپیوو بکات، ئه‌گه‌ری رۆخانی رژیم زیاتر دەبێ. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی كه وه‌ك دژبەری كۆماری ئیسلامی خۆیان ده‌ناسێنن، به‌لام بیرۆکەی كۆدیتایه‌ك له لایه‌ن سپای پاسداران، كه نەبزی سیاسەت و ئابووری ئێرانی لە دەستدایە به دوور نازانن. ئه‌م به‌شه له دژبەرە ناوەندگەراکان، كۆدیتا به تەنیا ڕێگای پاراستنی یه‌كپارچه‌یی ئێران ده‌زانن. ئه‌م ته‌یفه کە گرووپە نەتەوەییەکانی نێۆ جۆغرافیای سیاسی ئێران بە هەڕەشەیەک دەزانن بۆ یەکپارچەیی وڵات، كۆدیتایان پێ باشتره تا شۆرشێكی سه‌رانسه‌ری له ئێران دا.
به‌لام ئایا ئامانجی ولاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، رۆخانی كۆماری ئیسلامیه؟
وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاسان نیه. چونكه ناوەندە فەرمییەکانی ولاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بەردەوام پێداگری ئەوە دەکەن کە نیەتی ڕۆخانی ڕێژیمی ئێرانیان نیە و تەنیا دەیانهەوێ کۆماری ئیسلامی ڕەفتاری خۆی بگۆڕێ. دیاره سێ خاڵ له‌و دوانزه خاڵه‌ی كه وه‌ك مه‌رج بۆ ئێران دانراون، په‌یوه‌ندی به پرسی ناوه‌كی و ئەوانی دیکە په‌یوه‌ندییان به ره‌فتاری رژیمه‌وه هەیە و ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وەی وڵات، به ته‌واوی سنووردار ده‌كات.
زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر، بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی سنه، سیاسه‌تی هێرشبەرانە و ته‌وسعەته‌ڵه‌بانەی كۆماری ئیسلامی له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو، په‌ره‌سه‌ندی پرۆژه‌ی شیعه‌گه‌ری – هیلالی شیعه – وه‌ك مه‌ترسیه‌كی حه‌یاتی چاو لێ ده‌كه‌ن. دیاره به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیش وه‌ك عه‌لی یونسی، ڕاوێژکاری سه‌ركۆمار بۆ كاروباری (كه‌مینه‌كان) له ئێران، به راشكاوی باس له ئیمپراتوری فارس و كونترۆلی ئێران به سه‌ر زیاتر له چه‌ند پێته‌ختی عه‌ربی ده‌كه‌ن. .
دوای هێرشی ساڵی٢٠٠٣ بۆ سەر عێراق، و لە دوای به‌هاری عه‌ره‌بی ٢٠١١ەوە، ئیدی كۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە لوبنان، عێراق، سوریه و یه‌مه‌ن جێپێی خۆی به هێز بكا. له په‌یوه‌ندی له گه‌ل سیاسه‌تی هێرشبەرانەی كۆماری ئیسلامی، له وته‌یه‌كدا عادل جبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سه‌عوودیه رایگه‌یاند کە ئیدی ( وڵاته‌كه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و هێژمۆنی كۆماری ئیسلامی قه‌بووڵ ناكاو ده‌بێ ئێران بگه‌رێته‌وه ئه‌و حه‌جمه‌ی کە پێش ٢٠٠٣ هەیبووە). واته ئه‌و كاته‌ی سه‌دام حوسه‌ین له سه‌ر كار بوو.
ئەگەر لە بیرمان بێت یەکێک لە درۆشم و بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ، بریتی بوون لە پرسی ناوەکی ئێران و ئەو ڕێککەتنەی کە بە بەرجام ناسرابوو. ترامپ لە سەفەرەکەی بۆ عەرەبستان ڕێکەوتنێکی چه‌ند سه‌د میلیاردی لە گەڵ سعوودییەکان واژۆ کرد کە ده‌توانێ په‌یوه‌ندی هەبێ به:
– کۆتایی هێنان بە ده‌ستێوه‌ردانەکانی كۆماری ئیسلامی له كار‌و باری وڵاتانی ناوچه‌كه،
– كۆتایی هێنان به پرۆژه‌ی ناوه‌كی ئێران و تاقیكاریه مووشه‌كیه‌كانی كه ده‌توانێ، راسته‌وخۆ یان له رێگای – شه‌ڕی نیابه‌تیه‌وه – ئاسایشی ئیسراییل بخاته مه‌ترسیه‌وه.
دیارە نابێ رۆڵی ئێسراییل بۆ سەرگرتنی ئەۆ ڕێکەوتنەی نێوان ئەمریکا و سعوودییە لە بیر کەین. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیله‌وه هه‌یه، ولاتانی عه‌ره‌بی، هژمووونی ئێران و ده‌ستێوه‌ردانی له كاروباری وڵاته‌كانیان، وه‌ك مه‌ترسییەکی جدیتر له ئێسراییل چاو لێ دەکەن. هه‌ر بۆیه په‌یوه‌ندیه‌كانی ئیسراێیل و به‌شێكی وڵاتانی عه‌ره‌بی، نزیك بوونه‌وه‌ی به‌ر چاوی به خۆیه‌وه بینیوه.
سەرڕای هەموو گرژیی و جەمسەر بەندییەکان لە ناوچەکە، ئه‌گه‌ری شه‌ڕ زۆر لاوازە و بە جیددی چاوی لێ ناکرێت، ئەگەر چی هەڵەی لایەنێک دەتوانێت هەڵگیرسێنەری شەڕێکی نه‌خوزراو بێت. لە کاتی ئێستا دا وەرێخستنی شه‌رێك، ئاسان نایتە بەر چاو و هێشتا هاوپەیمانییەک وەکو ئه‌وه‌ی پێش دەست پێکردنی شەڕ دژ بە عێراق، داعش، یان یوگوسلاڤیای پێشوو، بوونی نیە و کۆدەنگی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا لە وڵاتانی کەنداو و ئێسراییل تێ نەپەڕیوە.
لە بەرامبەریش دا دوو بیرۆکە لای دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بوونی هەیە کە یەکیان باس لە خۆ ڕاگری لە بەرامبەر گۆشار و گەمارۆەکانی ئەمریکا دەکا و ئەوی دیکە بە ئاشکرا باس لە کاریگەریی کەمەر شکێنی گه‌مارۆكان بە سەر ئابووری وڵات دەکەن.
بۆیە من پێموایە ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا ئێران ژێرواژێر سه‌رقاڵی وتووێژیش نه‌بێ، به دوور نازانم كه له داهاتوویەکی نزیكدا زۆربه‌ی زۆری مه‌رجه‌كانی وتوێژ قه‌بوول بكات و مل بۆ هەموو یان بەشێک لە داخوازەکانی ئەمریکا دانەوێنێ. چوونكه سه‌رانی كۆماری ئیسلامی و تیۆریسیەنەکانی ئەو نیزامە كه وه‌ك ئایه‌توڵا خۆمه‌ینی بیر ده‌كه‌نه‌وه، » حفظ نظام اوجب واجبات ه« واتە پاراستنی نیزام لە پێش هەموو شتێکە. ماوه‌ته‌وه ببینین تا چ راده‌یه‌ك به‌سته‌ری نێوده‌وڵه‌تی له بار ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا مەرجەکانی خۆی به سه‌ر كۆماری ئیسلامی دا بسه‌پێنێ و، تا چ راده‌یه‌ك ئه‌مریكیه‌كان سوورن له سه‌ر چه‌سپاندنی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه دایان ناوه.
لە هەر حاڵ‌دا ئێستا دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لووتکەی سەرکەوتنەکانیەوە له لانیكه‌م له دوو ده‌یه‌ی راپووردوودا، خه‌ریكه بەرەو خوار شۆڕده‌بێته‌وه و ده‌كرێ به »پیاوە نەخۆشەکەی « ڕۆژهەڵاتی ناوین ناوی ببەین.