"an independent online kurdish website

 لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی گەلی کوردەوە تا ئێستا، مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵی بەرچاویان لە شۆڕش دا هەبووە.


هۆیەکی بەرچاویش ئەوە بووە کە ئەوان توێژی هەرە خوێندەواری گۆمەڵگای کوردی بوون، کە هەستیان بە زوڵم و زۆری حکومەتەکان و ئاغا و دەرەبەگەکان کردووە. خەڵکیان ڕێکخستووە و ڕێبەریان کردوون.  لە کاتێکدا کە زۆربەی گوندەکانی کوردستان قوتابخانەیان نەبووە، دایک و باوکەکان منداڵەکانیان ناردۆتە حوجرەی فەقێیان و وەبەر خوێندنی ئایینیان ناون. زۆربەی شاعیرانی کورد لە حوجرەی فەقێیاندا پەروەردە بوون و بوونە هێمای شۆڕشگێری بۆ لە قاودانی زوڵم و زۆری دەورانی خۆیان، چ لە لایان دەرەبگەکانەوە چ  لە لایان دەسەڵاتی ئەو کاتەوە کە بە تەواوی لە بەرژەوەندی دەرەبەگەکاندا بووە و بۆتە هۆی چەوساندنەوەی زیاتری جوتیاران.

جودایی دین لە دەوڵەت و مامۆستای ئایینی!

بە پێی ڕادەی خوێندەواری بۆچوونی کەسەکانی لە سەر ڕووداوەکانی دەورووبەریان ڕەنگێکی دیکە بە خۆیەوە دەگرێ، قەبوڵکردنی شتەکانیش بە لێکدانەوە و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە دەبێت. بە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شادا و پەیدابوونی بۆشاییەک لە بواری خوێندن لە زۆربەی گوندەکانی کوردستاندا هاتە کایەوە. حیزبی دێموکڕات هەر زوو هەستی بەو بۆشاییە کرد. مامۆستایانی شۆڕش ئەو کەلێنەیان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا پڕ کردەوە و نەیانهێشت منداڵانی کورد لە گوندەکان لە خوێندن بێبەش بن.

——

بە دوای گیرانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستاندا لە لایان ڕێژیمەوە، بۆشاییەکی دیکە لە بواری پەرووەردەدا دروست بوو کە چەند ساڵێکی خایاند. ماوەیەکی زۆری پێچوو تا دەرگای قوتابخانەکان لەو ناوچانەدا بەڕووی منداڵانی کورددا کرانەوە.  ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی گوندەکان کە تەمەنیان بەرەو سەرتر چوو بوو لە خوێندن وەدوا کەوتبوون. لەو ماوەدا خەڵک بۆ بێبەش نەبوونی منداڵەکانیان لە خوێندن منداڵەکانیان دەناردە حوجرە تا دەرسی ئایینی بخوێنن. ئەو دیاردەیە هێندە بەر بڵاو بوو کە دەکرێ بڵێین هەر مەلایەک بۆ خۆی چەند فەقێیەکی هەبوو و بە ڕواڵەت دەرسی پێدەگوتن. بەشێک لەو مەلایانە، هەر چەند زۆر زەبر و زەنگیان بە کار دەهێنا، بەڵام زۆر بە باشی ئەرکەکەیان بە جێدەگەیاند. زۆر کەسیان فێری خوێندەواری کرد. لە نێو مامۆستایانی ئایینیدا کەسانی زۆر دڵسۆز بۆ کورد هەبوون و زۆر لەوانەی کە لە ژێر دەستی ئەوانیشدا پەروەردەبوون زۆر دڵسۆز بوون و زۆرجار بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ئاکاری حکومەت و دامودەزگاکانی سەر بە حکومەت دەردەبڕی و زۆرجاریش لە سەر هەڵوێستەکانیان تووشی زیندان و لێپرسینەوە دەبوون. ئەو ڕەوتە تا ئێستاش هەروا بەردەوامە.

———-

بە دوای کۆنگرەی حەوتەمی حیزبدا، کە لەودا ئاڵوگۆڕ بە سەر بەرنامەی حیزبدا هات و لەودا هاتبوو کە لە حکومەتی خودموختاری کوردستاندا دین لە دەوڵەت جیا دەبێ. باسێکی زۆری لە سەر دەکرا و یەکەم پرسیار کە ماموستایانی ئایینی ڕووبەڕووی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبیان دەکردەوە، ئەوە بوو کە حیزب مەبەستی لە جودایی دین لە دەوڵەت چیە؟ مەبەست ئەوەیە کە کەسانی ئایینی ناتوانن لە نیو حیزب یان حکومەتی خودموختاری کوردستاندا دەسەڵاتیان هەبێت؟ دەبێ کەسێک کاری سیاسی دەکات، واز لە کاری ئایینی بێنێت؟  زۆر پرسیاری دیکەی لەو بابەتە کە مامۆستایانی پێیانوابوو حیزب هێدی هێدی بەرنامەی بۆ وەلانانی ئەوان هەیە.

مامۆستایەکی ئایینی لە گوندێکی ناوچەی سەردەشت زۆری حیزب و پێشمەرگە خۆش دەویست. لە هەموو دەرفەتێک بۆ هاندانی خەڵک بۆ یەکگرتوویی کەڵکی وەردەگرت و هێرشی  دەکردە سەر کەسانی سەر بە حکومەت. خوتبەکانی نوێژی هەینی مامۆستا لە گوندەکانی دەورووبەر باسیان دەکرا. ئەو یەکێک لەو مامۆستایانە بوو کە خوێندنەوەی زۆر بوو و زۆریش باش ئاگاداری وەزعیەتی دەورانی خۆی بوو. ناوبراو زۆرجار ئەو باسەی لە گەڵ پێشمەرگە ورووژاندبوو بەڵام بە قەنانەت نەگەیشتبوو جودایی دین لە دەوڵەت بە مانای چیە!!!

———

وەک تیمی تەشکیلاتی لە ناوچەدا بووین و مامۆستا داوای لە چەند کەسێکی جێگای متمانە، کە دەیزانی کادرەکان هاتووچۆی ماڵیان دەکەن، کردبوو  کە پێی خۆشە بیان بینێ. دیارە  دەمێک بوو کادرەکان دەیانویست بە شێوەیەک چاویان بە مامۆستا بکەوێت، بەڵام پێشتر واهەڵکەوتبوو کە ئەو لە ماڵ نەدەبوو. ئەوجارە مامۆستا لە ماڵ بوو و دوای نوێژی خەوتنان بە درەنگەوە سەردانی مامۆستامان کرد. لە باسی زۆر سادە ڕا  گەیشتینە باسی جودایی دین لە دەوڵەت. ئەو هەر لە سەرەتادا گوتی؛ “تا ڕادەیەک دڵنیام کە مەبەست دوورخستنەوەی مامۆستایانی ئایینی لە کار و باری سیاسی و دەوڵەت نییە، بەڵام پێمخۆشە باشترم بۆ ڕوون بێتەوە“.

 کادری تەشکیلاتی؛ مەبەست لە گونجاندنی ئەو خاڵە ئەوە نیە کە زۆر کەس وای لێک دەداتەوە کە پیاوانی ئایینی ناتوانن لە بەڕێوە بردنی وڵاتدا بەشدار بن. مەبەست ئەوەیە کە لە حکومەتی خودموختاری کوردستان و نێو حیزبدا هیچ دینێک یان مەزهەبێک وەک دین یان مەزهەبی ڕەسمی دیاری ناکرێت. کۆمەڵگای کوردی لە کوردستانی پیڕەوی تەنیا ئایینێک یان مەزهەبێکی دیاریکراو نین و ئەگەر دینێکی ڕەسمی لە حکومەتی خودموختاری کوردستاندا هەبێت، بە مانای هەڵاواردنی شوێنکەوتووانی ئایینەکانی دیکە دێت. بۆ خۆت دەبینی کە لە کۆماری ئیسلامیدا مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی وەک مەزهەبی ڕەسمی وڵات دیاریکراوە. بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی شوێنکەوتووانی ئایینەکانی دیکە  ناتوانن نە ببنە وەزیر، نە سەرۆک کۆمار. ئایینی ڕەسمی بە مانای لە ژێر پێنانی مافی هەموو ئەو هاو نیشتیمانیانەیە کە پێڕەوی لە ئایینێکی دیکە دەکەن. بەمجۆرە ئەوان لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پەڕاوێز دەخرێن و ناتوانی لە تواناکانی ئەوان کەڵک وەربگیرێت. ئەگەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خودموختاری کوردستاندا یان لە نێو حیزبدا وەک نمونە ئایینی ئیسلام، مەزهەبی سوننی وەک مەزهەبی ڕەسمی دیاری بکرێت، شوێنکەوتوانی ئایینی شیعە، یارسان، کریستیان، جو و کەسانێک کە پێڕەوی لە هیچ ئایینێکی تایبەتی ناکەن…هتد. ناتوانن تواناکانی  خۆیان بۆ بەرەو پێشبردنی کوردستان بخەنە گەڕ. مەبەستی گونجاندنی ئەو خاڵە ئەوەشە کە دانیشتووانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خودموختاری کوردستان مافی وەک یەکیان هەبێت و هیچکەس بە هۆی باوەڕی ئایینی پەڕاوێز بخرێت.

باسەکە زۆری کات گرت تا مامۆستا گوتی؛ “من ئێستا زۆرتر لەو بارەوە زانیاریم هەیە و باشتر لەو بەندەی بەرنامەی حیزب گەیشتووم. هەروەها باسەکە زۆریش پڕ نێوەرۆک بوو. جێگای خۆشحاڵی بوو کە کەسێک ئاوا بە تێگەیشتنەوە بەرنامەی حیزب قەبوڵ بکات. کاتێک سەیری کاتژمێری ماڵی مامۆستام کرد نیزیک بە دوو سەعات و نیو بوو لە گەڵ مامۆستا باسی سیاسیمان کردبوو. شەو زۆر درەنگ بوو و تیمەکە دەبووایە درێژە بە جەولەکەیان بدەن و ڕێگایەکی دووریان لە بەر بوو. مامۆستا داوای کرد کە جاری دیکەش دووبارە یەکتر ببیننەوە، کە دڵنیاکرایەوە هەرکات ڕێگایان کەوتە ئەو ناوە، حەتمەن سەردانی دەکەن. ئامۆژگاری پێشمەگەکان ئەوە بوو کە لە سەر هەڵوێستەکانی خۆی بۆ هاندانی خەڵک بۆ یەکگرتوویی بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەش لە بیر نەکات کە ئەو لە نێو خۆدا دەژی و زۆر کەس، بە تایبەت لایەنگرانی حکومەت لێی لە بەهانەن  تا بە گرتنی بدەن. بەمجۆرەش هەم حیزب کەسێکی هەڵسوڕی خۆی لە دەست دەدا، هەم خەڵکی ئەو گوندەش لە پشتیوانێکی خۆیان بێ بەش دەبن.

بە هیوای تەمەندرێژی و ساغی و سڵامەتی بۆ ئەو مامۆستایە و هەموو مامۆستایانی کوردپەروەر و دڵسۆز.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی