"an independent online kurdish website

پ م نیوز: پاش چەندین ساڵ زەحمەت  و تێکۆشان و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر کورد و کوردستان هاوڕێ حەدادی کتێبی “Finding Kurdistan”  بە زمانی  ئینگلیزی لە ئەمریکا چاپ و بڵاو کردەوە.


کاک هاوڕێ کوڕێکی گەنج و بە توانا ،  کوڕی کاک کەریم حەدادی و فەوقی لیسانسی علومی سیاسی هەیە  .

ئێمە لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە کاک هاوڕێ دەکەین و داوای سەرکەوتنی زیادتری بۆ بە ئاوات دەخوازین.

 ئەرسەلان چەلەبی لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ئەوا باسی ئەم کتێبە دەکا: 

کتێبی “Finding Kurdistan” واتە دیتنەوەی کوردستان بە قەڵەمی “هاوڕێ حەدادی” لە ساڵی 2018ی زایینی لە ئامریکا چاپ و بڵاو بۆتەوە. نووسەری ئەو کتێبە پاش چەند ساڵ هەوڵ و ماندووبوون ئەزموون و روانگەی خۆی لە مەڕ کوردستان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دووتوێی کتێیکی 212لاپەڕەیی بە زمانی ئینگلیزی خستووەتە بەر دیدی خوێنەرانی ئامریکا و گشت وڵاتە ئینگلیزی زمانەکان!
ئەو کتیبە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە، واتە کورد کییە و لە چ وڵات‌گەلێک دا دەژیت و کلتوور و داب و نەریتیان چییە و هەورەها ئەو وڵاتانە چۆناوچۆن لە گەڵ گەلی کورد هەڵس و کەوتیان کردووە،
بەشی دووهەمیشی وەک کورد دەڵێ: “جێم بینی و چیم نەبینی” نووسەری کتێبەکەیە کە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردبوو وەک بۆکان و مهاباد و سەردەشت و بانە، وەکوو سەفەرنامەیەک باسی دۆخی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی کردووە کە لە چ دۆخێکی نابەرابەر دا دەژین. هەروەها نووسەر ئاوڕی لە کێشەگەلی ژن و دۆخی ژنان و ناعیداڵەتییەکانی داوەتەوە کە بە سەریان دا سەپاوە.
هەورەها لە بەشێک لەو کتێبە دا نووسەر باسی ئەزموونی خۆی دەکا کە لە بۆکان خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن ئیتلاعاتەوە بە تاوانی جاسووسی بۆ ئامریکا دەستبەسەر دەکرێن و ئەزیەت و ئازارێکی زۆر دەدرێن.
بە گشتی ئامانجی نووسەر لە بڵآو کردنەوەی ئەو کتێبە ناساندنی گەلی کوردە بۆ خەڵکی ئامریکا کە لە هیچ چەشنە ماف و ئازادییەک بەشدار نین. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئەو کتێبە زۆرتر ئاوڕی داوەتەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باسی ژینگەی ئەوێی کردووە.

هاوڕێ حەدادی، ماستەری لە زانکۆی بۆستۆن وەرگرتووە. لە دایکبووی ساڵی 1995ی زایینی لە شاخەکانی سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشوور، دایک و باوکی ناوبراو بە هۆی ئەندامبوونی و پێشمەرگایەتی لە ناو حیزبی دێموکڕات دا بە ناچار لە ساڵی 1997ی زاینییەوە لە ئامریکا دەگیرسێنەوە!
ئەگەر حەزتان کرد بۆ پشتگیری و دڵگەرمی نووسەر بابەتەکە هاوبەش بکەن!

دەتوانن ئەم کتێبە لە ماڵپەڕی ئامازۆن بکڕن

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی