"an independent online kurdish website

ماوەیەکە کۆنە کۆمەڵەییەکان لە دوو بەرنامەی جیاواز (لە لایەن موحەمەد خاکی وبەختیار بلوری ) دا کەوتونەتە هەوڵ و تەقەلا بۆ هێنانە بەر باسی شەڕی ناڕەوای حدکا و کۆمەڵە


لەو لایڤانەدا ئەو دوکەسە مەبەستی دیاری کراوی خۆیان هەیە هەوڵ ئەدەن هەراو و هوریای درۆینی سەردەمە شەڕ بکەنە ڕاستیەکی حاشا لێ نەکراو بۆ نەوەی نوێ .

ئەو دوو کەسە وەها نیشان دەدەن کە نیاز پاک و بێلایەنن ( من گومانم هەیە لە نیاز پاکی و بێلایەنیان) و مەبەستیان ئەوەیە کە ڕاستی ڕوداوەکان وەک خۆی بۆ مێژو بنوسنەوە.

سەرەتا ، ئەم نوسینەی من پاساو و پاکانە نیە نە بۆ خۆم و نە بۆ حدکا بەڵکو ڕاستکردناوەی ئەو چەواشە کاریانەیە کە بە ناو دڵسۆزی و بێلایەنیەوە پاش ساڵانێکی دور و درێژ زۆرتر خەڵکی پێ چەواشە دەکرێت.

هەر وەها وەک خۆم داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان دەکەم کە بەشداری ئەو شەرە نەخوازراوەم کردوە، ئەو شەرمەزارییەم هی ئێستا و ساڵانێکی دواتر نییە بەڵکو لە یەکەم جاری بەشداریم لەو شەرە ناچارییەدا کاتیک چومە سەر یەکەم جەنازەی قوربانیەکی کۆمەڵە تفم لە خۆم دەکرد و شەرمەزاری سەر تا پێمی داگرتبو کە نەدەبو بچمە سەر جەنازەی کەسێک کە وەک من دژی کۆماری ئیسلامیە .

شەڕی حدکا و کۆمەڵە و هێنانە بەرباسی ئەوشەرە لەم کاتو ساتە هەستیارە لە لایەن ئەو دوو کەسەوە ، جێگای سرنج و وردبینیە و پێویستی بە کەسانی شارەزا و پسپۆر لێکۆلینەوەیەکی دورو درێژ هەیە .

ساق کردناوەی تاوانباران و بەرپرسانی ئەو شەڕە نە ئەرکی منە و نە لە توانا ی منداڕیە.

ئەوەی کە ئەرکی ئەخلاقی (پڕ لە شەرم) منە خستنە ڕوی راستی ڕوداوی دوو شەری خۆ کوژی هەورامانە.

لە پەیوەندی شەڕەکانی هەوراماندا من پێم وایە کە تائێستا ڕێبەرایەتی هەر دوو لا جیا لە هەرا و هوریای درۆینەی سەردەمی شەر ڕاستی ڕوداوەکەیان نەزانیوە یا خۆیان لێ گێل کردوە و کۆمەڵەییەکانیش هەوڵ دەدەن هەرا و هوریای درۆینەی سەردەمی شەڕ بکەنە ڕاستییەکی حاشا لێ نەکراو .

دەمێکە ئەو چەواشە کاریانەی کۆمەلەییەکان لەسەر شەڕی هەورامان سرنجی ڕاکیشاوم و بە نیاز بوم شتێکی لە سەر بنوسم بەڵام دواتر پاشگەز بومەتەوە.

لایڤی ئەو دوو کەسە و قسەکانی ئەم دواییەی کاک تەها هەورامی( خوسرەوی) وەک بەشدار و بەرپرسێکی کۆمەڵە لەو شەڕە دا هێنامیانە سەر ئەو قەناعەتە کە چەواشەکاریەکانی کۆمەڵە بە گشتی و کاک تەها بە تایبەتی ڕون بکەمەوە.

کاک تەها باسی چەند روداوێک دەکات کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان نیە بەشەڕەوە ، بەپیویستی دەزانم کە بۆچونی خۆمیان لە سەر بنوسم .

۱باسی سالاری جاف دەکات کە گوایە دوای هەڵهاتنی شا هاتوەتە شاری پاوە بۆ پشتیوانی لە شا، دروستەکەی ئەوەیە کە لە گەرمەی نارەزایەتیەکان دژی شا سالاری جاف وەک نوێنەری هەورامان و جوانڕو لە پارلمانی ئێران بە پشتیوانی هندێک لە جوانڕۆییەکان و هاوکاری هندێک لە پاوەییەکان و بەرپرسانی حیزبی ڕەستاخیز لە پاوە ویستیان ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە شا لە شاری پاوە ڕێک بخەنە کە ئاکامەکەی بە کوژرانی کۆمەڵێک کەس لە هەردوو لا کۆتای هات و دواتر شا لەژێر زەختی ناڕازییەکان ناچار سالار جافی دەسبەسەر کرد و پاش هەڵهاتنی شا و هاتنەوەی خومەینی سالاری جافیان پاش چەند مانگ زیندانی زەمانی شا لە زیندان دەرهێنا و ئیعدامیان کرد کە کوژرانی سالار پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی پاوە و جوانڕۆی ئاڵۆزتر کرد.

۲لەو بابەتەیدا کاک تەها هەورامان بە دەوروبەری پاوە و ناوچەی ئێناخی و زەردۆیی ناو دەبات ئەوە لەکاتێکدایە کە هەورامانی ئەوکات بریتی بوو لە ناوچەیەکی بەر بڵاو کە لە هانەگەرمەڵەوە ( نزیک شارۆچکەی بیاارە لە باشور) دەس پێدەکات تا نزیک شاری سەرپێڵ و شارەکانی نەوسود و جوانڕۆ و ڕوانسەر و پاوە دەگرێتەوە.

۳کاک تەها باسی هێزی چەکداری بەعس دەکات لە شەڕی پاوەدا ،کە ئەمە بە تەواوی ناڕاستە و کاک تەها ناتوانێت تاکە کەسێکی چەکداری بەعس بناسێنێت، هەرچەندە دەوری شەڕئەنگێزی بەعسیەکان و بنەماڵەی هەڵهاتوی سالاری جاف و پالیزبان و ساواکیەکان لەو شەڕەدا ئینکار ناکرێت.

ئەمانەو چەندین نمونەی دیکە لەو ناڕاستی و چەواشەکاریانە ئەوە دەسەلمێنێت کە کاک تەها چەندە لە گێڕانەوەی ڕوداوەکاندا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خۆی و حیزبەکەیەوە نیە ئەمانەت پارێز و ڕاستگۆیە، ئەی ئەگەر ڕوداوەکان و تاوانەکان پەیوەندی بە خۆی و حیزبەکەی هەبێت داخوا چۆن هەوڵی تێکدانی دەدات.

۱کاک تەها باسێکی تێکەڵ پێکەڵی حامید بەگ دەکات و مەبەستەکەی بۆ گوێگر ڕون نیە، حامید بەگ بەگزادەیەکی باوەجانی دژبەری شا و پاشان هەڵهاتوی باشوور کە لەگەل باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کەوت و بە کۆنە جەلالی دەناسرا ، پاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە باشوری ئیراق( رومادیە) گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی (قشڵاغ) پاش بەشدارلە شەڕی پاوە لە سەر پێشنیاری مام جەلال بو بە چەکداری ئێراق و زیاتر لە دوو هەزار چەکداری هەبو کە لە ناوچەی جوانڕۆ وئەزگڵە و شێخ ساڵح هەڵسورانی چەکداری هەبو. بە باوەڕی خۆم حامید بەگ و زەبیحی و شێخ عیزەدین و شێخ جەلال و کۆمەڵە ڕێکخراوێکی نایەکگرتوی پێشنیار کراوی مام جەلال بوون بۆ مەبەستی دیاری کراوی خۆی.پاش شەڕی سێ مانگە بە پشتیوانی مادی و مەعنەوی یەکیەتی نیشتمانی و حامیدبەگ کۆمەڵە لە هەورامان سەری هەڵدا و کەوتنە چالاکینواندو، لە باری راهێنان و پەروەردەی چەکداری بەردەوام یەکیەتیە بە ئەزمونەکان ڕێنما و پێشرەویان بون لە یەکەم تێکهەڵچونەکانی مەریوان عەلیە بچکۆڵی یەکیەتی شەهید بوو و دواتر لە هەمو شەڕ و کەمینەکاندا کاک شەوکەتی حاجی مشیر دەوری دەگێڕا و بەناوی کۆمەڵەوە تواو دەبو.

لە باری چەک و تەقەمەنی و پارەوە حامید بەگ پشتیوانێکی بە تەواو مانای کۆمەڵە و ی ن ک بو

ئەوە لە کاتێکدا بو بە ماشین چەک و تەقەمەن و پارە ی بەعس لە ئەزگڵەوە دەهاتە نەوسود کەچی کۆمەڵەییەکان منداڵانی قوتابخانەیان هاندەدا بۆ بەردەبارانی بنکەکانی دیموکرات بە بیانوی ئەوەی کە بۆنی بنزینی بەعس دێت. لەباسە تێکەڵ پێکەڵەکەیدا کاک تەها باسی دیلەکانی حامید بەگ دەکات کە تەحویلی کۆمەڵەی داون و هندیکیان لەلاین کۆمەڵەوە ئیعدام کراون و هندیکیشیان لەگەل دیلەکانی دیموکرات لای سپای پاسدارانی پاوە دیل بە دیلیان پێ کراوە، کە ئەم بابەتە فڕی بەسەر راستیەوە نییە، ئەودەمە دوو پیشمەرگەی دیموکرات لە ناوچەی باینگان بە برینداری بە دیل گیران، دواتر فەرمانداری پاوە (ناسر کازمی) شێخی نجاری راسپاردبو کە گیانی ئەو دوپێشمەرگەیە بەستراوەتەوە بە ئازاد کردنی حەوت دیلی پاسدار لای حامید بەگ. بە پێی بەرپرسیاریەتیم لە ناوچەی دەسەڵاتی حامید بەگ راسپێردرام کە داوای یارمەتی لە حامید بەگ بکەم بۆ چارە سەری ئەو گرفتە، پاش ماوەیەک هاتو چۆ بەلێندان دواتر پاشگەز بونەوە و تەحویدانی دیلەکان بەکۆمەڵە و بێ ئاکامی هەوڵەکانی ئێمە دوو پیشمەرگەی دیموکرات لە شاری پاوە ئیعدام کران و چەند شەو دواتر کۆمەلە بۆ نێشاندانی هێزی خۆیان بەناو تۆڵەی ئەو دوو پێشمەرگەیە دوو پاسداری دیلی حامید بەگیان لە نزیک شاری پاوە ئیعدام کرد و ئەو پێنج کەسەکەی دیکە ڕەوانەی مەریوان کران کە من زانیاریم لەسەریاننیە چییان بە سەر هات

ئەوەی کە کاک تەها و کۆمەڵەییەکان خۆیانی لێ گێل دەکەن و هیچ کاتێک خۆیان نەداوەتە قەرەی و باسی ناکەن ، کاتێک کە حامید بەک وەک تەرحی هێرش بۆ سەر سپای ڕزگاری لە کامیاران تەرحی هێرش بۆ سەر کومیتەی حیزب لە شێخ ساڵح دادەڕێژێت بەشی هەرە زۆری پێشمەرگەو ئەندامانی حیزب چەک دەکات و حاجی یوسف بە دیلی تەحویڵی کۆمەڵە دەدات و کەلەشینکۆفە ئستیلە جوت لاقەکەی موزەفەری حاجی یوسف بە دیاری دەداتە عەببدوڵای بابان بەرپرسی ئەوکاتی کۆمەڵە لە هەورامان ، ئەوە ئەو گێچەڵە بو کە کۆمەڵە بە حیزبی دەکرد و یەکەم هەنگاو بو بۆ شەڕی ناوخۆیی بە پشتیوانی حامید بەگ، ئەو ڕوداوە بو بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری تاوگۆزییەکان بکەونە داوی جمهوری ئیسلامی و ببنە جاش و دواتر هەر ئەوانە تیمێک پێشمەرگەی کۆمەڵەیان زۆر بێ بەزەییانە کۆمەڵکوژ کرد.

داستانی شکەنجە و تەرحی ئیعدامی حاجی یوسف لەلایەن کۆمەڵەوە و دواتر ئازاد کردنی حاجی یوسف و وەر گرتنەوەی چەکەکە لە عەبدوڵای بابان و دیلەکانی حامید بەگ دور و درێژە و هەڵی دەگرم بۆ کاتێکی دیکە.

دواتر بە هۆی ئاشکرا بونی پەیواندیەکانی حامید بەگ لەگەل ی ن ک بۆ حیزبی بەعس، حامید بەگ بە ناچاری هەڵهات و هاتە لای کۆمەڵە لە نەوسود و پاشان لە سەر پێشنیاری خۆی شەوکەتی حاجی مشیری ڕاسپارد کە بێتە لای حیزبی دیموکرات و تەحەمولی ئەو منداڵبازاڕییەی کۆمەڵەییەکانی نییە ( منداڵ بازی وتەی حامید بەگە کە بۆ خۆم لێم بیستوە) ، پاش هاتنەلای حیزب لە سەر داوای خۆی ڕەوانەی مهاباد کرا و لە پیلانێکی چریک فیداییەکان ( زۆرینە) بێ سەر و شوێن کرا.

دوای نەمانی دەسەڵات و ئیمکاناتی حامید بەگ کۆمەڵەییەکانیش لە هەورامان ئاشبەتاڵیان کرد و هەورامانیان چۆڵ کرد.

۱۱/۱۱/ ۲۰۱۸ یوتبوری / مەنسور

کولانەوەی برینێکی پڕ ژان بەشی ۲، مەنسور ئیراندوست

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی