"an independent online kurdish website"

مردن، دوا قۆناغە،کە کۆتاییەکی تاڵ و دڵتەزێن و یەکجاری بە ژیانی مرۆڤ دێنێت. لەم یاسایەدا هیچ کەس هەڵنابوێرێت و هەموو لێرەدا یەکسانین.


 سەرباری ئەوەیشی  کە چاوەڕوانی ئەم ئاکامە وا تاڵ و ناخۆشە،کەچی لە هەندێ باردا زۆر کەس هەن کە نائومێدی ژیان بەسەریاندا زاڵ دەبێت هێشتا بۆی بەئاواتن. گەلێکیش هەن بەرلەوەی ئەو مۆتەکە بێ ڕوحمە سەرسنگیان بگرێت، بەهیوای ئەوەن ئەو چەندەها ئاوات و پرۆژەیەی لە مێشکیاندا خول دەخوات بە ئەنجام بگەیەنن و پێشکەشی بکەن. بەکورتی و کرمانجیەکەی هەن لە پەراوێزی ژیان دا بێ بەرنامە دەژین و لەبەردەم وێستگەی مردن دا چاوەڕوانی دەکەن. هەشە هەمان ڕاستی مردن دەزانێ، وەلێ دەخوازێ پاش خۆشی ژیان هەربەردەوام بێت و خزمەتێ لە پاش خۆی بە خاک و نەتەوە و سەرجەمی مرۆڤایەتی بکات.

ئەم هاوکێشە بە سفتوسۆ و حەتمییە بۆتە یاسا و دەستوورێکی بەڵگەنەویست و لەگەڵ جوانی لەدایک بوون دا هەیە. هەر یەک لە ئێمەش لەگەڵ ماڵئاوایی ئازیز و دڵسۆز و خۆشەویستێکیدا تەزووی ئەو ژان و ئازارەکان پێیدا گوزەر دەکاتەوە و پرسیارە ئەزەلی گشتییەکەمان لەبەردەمدا قووت دەبێتەوە. ژیان چییە؟ بنۆڕە  ژیان چەند بێ مانایە بۆ فڵان کەسیش نەما. سەرلەنوێ فلیمی یاد و یادگار دەکەونەوە کار و کسپە لەهەناو هەڵدەستێننەوە.

ژمارەی ئەو قوتابی و مامۆستا و ئەدیب و شاعیر و دۆست و ئازیزانە زۆرە کە هەر بەناوهێنانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، بروسکەی چەندەها و جۆرەها یاد و بیرەوەریی بەمێشک و خەیاڵیاندا تێدەپەڕێت  و ئاخێکی پڕ ئەفسووس بۆ مەرگی ئەو هێژا و ئازیزە، بۆ ئەو کۆتاییە ناوەختە بۆ ئەو زیانە مەزنەی لەدەستدانی ئەو مامۆستا هێژایە هەڵدەکێشن.

خۆشحاڵم لە ڕێگای گۆڤاری (خوێندکاری کورد)ەوە،ئاوڕێک بدەمەوە لە یەکێ لە شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگر و کوردیزانی هەرە تێکۆشەر و پێشڕەوی ئەدەبی منداڵان و مامۆستایەکی بەئەمەکی بیری کوردایەتی و پسپۆڕێکی پەروەردەکاری بواری پەروەردە و زانستی کوردی. بەسەرکردنەوەی دڵسۆزیی و خزمەتی هەر تاکێکی شەونخوونی کێش و ماندوو و قوربانی دەر لە پێناوی سەرکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی نەتەوەکەمان دا، ئەرکێکی هەرە سەرەتاییە. هەمان کات تۆماری قەرزدانەوە و ئەمەکێکە بە ڕاستی و مێژوو. ئەوجا دادڕینی پەردەی فەرامۆشی ڕووخانی دیواری بێدەنگییە، کە بەهەق دراوە بەسەر چەند ڕۆڵەیەکی سەربازی ونناوی گەلەکەمان دا. لە ڕاستیدا تەرخانکردنی چەند لاپەڕەیەک بۆ کۆچی دوایی ناوادە و پڕ لە ژان و سوێی مامۆستا فەرەیدون، هەموو ئەو یادگار و هەڵوێست و دەریای وردو هەستی ناسک و بیری گەش و قووڵی کوردایەتی و پرۆژەی کار و بەرهەم و ژیانی گشتی مامۆستای پێ لە چوارچێوە ناخرێت.

مامۆستا فەرەیدون بە گەواهی ئەوانەی ناسیویانە و نەیانناسیوە کانییەک بووە، هەمیشە ئاوی ڕوون و شیرین و هیوا و خەندەی لێهەڵقوڵاوە. لە زۆر بواردا شاسوار و باڵادەست بووە. بەو ماڵئاواییە ناوەختەی هەم خۆی بە ئاواتی زۆر شت ڕانەگەیشت و هەم ئێمەی دۆست و بەپەرۆشی ئەدەب و فەرهەنگ و تینووی بیری کوردایەتی لە بەهرەی بەرهەمەکانی بێبەش بووین.

ژیانی ئەدەبی مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٤ وە بە بڵاوکردنەوەی شیعر و چیرۆک و ڕەخنە بابەتی سیاسی و هزری دەست پێ دەکات بۆ ماوەی چل ساڵ لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئاشکرا و نهێنییەکان دا بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە. یەکەم کۆمەڵە بەرهەمی هەر لەهەمان ساڵی ناوبراودا لەگەڵ مامۆستا (عومەر عەبدولرەحیم) بەناوی “پاڵەوانی دواڕۆژ” پێشکەش بە منداڵانی کورد دەکات.

مامۆستا شارەزایەکی لێوەشاوەی زۆر شێڵگێڕی ئەدەبی منداڵان بوو. سەرکەوتنی گەلەکەی و دواڕۆژی بەختیاری و یەکسانی لە نیگای چاوی زارۆیانی کورد دا دەدییەوە. تەماشا دەڵێت:

ڕۆڵە جگەرگۆشەکان! نیشتمان چاوەڕێی هیممەت و هێزی بازووی ئێوەیە. دڵ پاک بن لەگەڵ یەک،دوور بن لە کینە و دژایەتی. هەوڵ بدەن پێ بگەن و ببن بە پێشڕەو”.

مامۆستا فەرەیدون چاک لە باری بندەستی و هەژاری و نەزانینی کورد گەیشتبوو،هێندە دژ بە نەزانین وەستابووە تا لەم بەیتە شیعرەدا ئاخ و داخی خۆی دەردەبڕێت:

ئاخ خوێندەواری داخ خوێندەواری……بۆ کورد دەبیتە مایەی بەختیاری

مامۆستا خەون و خەیاڵی شەو ڕۆژی و کاروپیشەی ئەدەبی و سیاسی خۆی هەر بۆ سوود و بەرژەوەندی و گەیشتنە دوا ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەی و گەیشتن بە کاروانی گەلانی دیکە بەکار دەهێنا. زۆر کوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوو. هەقپەرستێک بوو لە پێناوی داکۆکردن لە ڕاستی، باکی لە هیچ هێز و دەسەڵاتێک  و زیانی ماڵی و گیانی نەبوو. ڕەوشت جوان و بەرز بوو، بەویژدان و پاک و قسە لە ڕوو بوو. لەسەر بیروباوەڕی خۆی کە تێدا یەقین بوو سوور بوو. کوردایەتی دەکرد بە هەموو مانایەکەوە. سەرنجی ورد و هوشیارانەی دەربارەی  مەسەلەکان هەبوو. لە نێو کۆڕی خەبات و یاران دا خۆشەویست و بەڕێز بوو. ماڵی دنیا و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی زۆر لامەبەست نەبوو. هەڵپەی پلەوپایەی نەبوو. کار و پلەیەک بە ڕەنجی خۆی نەهاتایە بەرهەم، ڕێزی لە خاوەنەکەی دەکرت.

پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ و خوڵقانی ئەو بارودۆخەی هەیە،سەرکردایەتی (پاسۆک)چەندین جار ڕوویان لێ ناو برا گەورەییان بۆ سەلماند کاریان لەگەڵ دا بکات، ئەو بە ئەمەک و هێژاوە خەباتی هاوبیرەکانی نرخاندوو، بە نەزاکەتەوە پێی ڕاگەیاندن:” کە ئەو ئامادە نییە بێتە سەرخوانی ئامادە بوو“.

مامۆستا فەرەیدون لە کادێر و سەرکردە هەرە دڵسۆز و خۆشەویست و ماندووبووەکانی “کاژیک” بوو. لە ساڵی ١٩٦٢ هەتا ١٩٧٥پێشمەرگەی شۆڕش و کورد  بوو. لە ڕسکانی (پاسۆک)ئاگادابووە و پرس و ڕای پێ کراوە و باری سەرنجی خۆی هەبووە. مامۆستا بەوردی سەرنجی ڕووداوەکانی کوردستانی داوە و کۆمەڵێ یاداشت و دیدی خۆی تۆمار کردووە مەخابن دەرفەتی بڵاوکردنەوەیان نەبووە. هێندەی ئێمەش ئاگادارین وا خێزانی مامۆستا خەریکی کۆکردنەوە و رێکخستنی بەرهەمە بڵاوکراوە و نەکراوەکانێتی بۆ چاپ کردن. بەهیوای دڵ و چاوی هەمووانی پێ ڕوون بێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون، لە ٢٩/٢/١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەی(ئەمینی کامە حەمەی)ناسراو هاتۆتە دنیاوە. ١٩٥٣  خوێندنی پەیمانگای مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە. بە مامۆستایی لە شارباژێڕ و سلێمانی و چوارتا دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٥ بەکالۆریۆسی لەسەرپەرشتی پەروەردە لە زانستگەی موستەنسرییە تەواو کردووە و دەبێتە سەرپەرشتکار و لێکۆڵەری زانستی. ١٩٨٢ لەسەر داخوازی خۆی خانە نشین دەکرێت. لە ١٩٨٥ وە هەتا ١٩٨٩ لە بەشی کوردی کۆلیژی پەروەردەی زانستگەی بەغدا لێکچەر دەڵێتەوە. مامۆستا لە هەموو پیشە و کارەکانی دا دڵسۆز و سەرکەوتوو بووە.

مامۆستا فەرەیدون… لە دامەزرێنەران و دەستەی بەڕێوەبەرانی( یەکێتی نووسەرانی کورد ) و ئەندامی دامەزرێنەری (کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کورد)ە.

١٩٧٢ هاوسەری خۆی هەڵبژاردووە و دوو کوڕی بەناوی ئاسۆ و ئالان هەیە. ماندوو بوونی ڕۆژانی شۆرش و داخ و حەسرەتی باری ژیانی کورد،زۆر بە قورسی لە تەندروستی دەکەوێت. بۆیەکا لەمەنێکی زوودا و بە دنیایەک فەنتازی و ئاواتەوە لە ڕۆژی ٢٥/١١/١٩٩١ بە نەخۆشی بڕبڕەی پشت لە بەغدا، چاوەکانی لێک دەنێ و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ماڵ و منداڵ و کەس و ئازیزان و نیشتمانەکەی دەکات. لەسەر داخوازی خۆی بۆ گردی سەیوانی سلێمانی دەهێندرێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون چرایەکی ڕۆشنبیریی و هەقپەرستی و گیانی پڕ لە ڕاستی و مەردایەتی کوردایەتی و نموونەی بەرزی گەلەکەمان بوو. بە پەڕۆشەوە  هەوڵی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی دەدا. عاشقی خوێندنەوەی مێژووی کورد و  ئەدەبەکەی بوو. چەندین بەرهەمی بۆ منداڵان بڵاوکردۆتەوە و چەندینیشی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ وەرگێڕاوین.

 

سەرچاوە: خوێندکاری کورد ژمارە٢٦ی گەلاوێژی ٢٦١٠ ـ١٩٩٨

 

دەقی ئەو قەسیدەی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی ڕەوانشاد بۆ مامۆستا فەرەیدونی وتووە.

لە چلەی قەڵەمێکی کەڵدا

    شێرکۆ بێکەس

 

من خۆم نایڵێم (گۆیژە) ئەڵێ:

 

ئەمە چلەی کۆچی بازێکی پەڕوباڵ سپی بەرزەفڕی بە چریکەی

نێو مێژووی ھەتاو و سێبەرمە.

 من خۆم نایڵێم (ئەزمەڕ) ئەڵێ:

 ئەمە چلەی سەفەری گەواڵە ھەورێکی عاشقی بەندەن و دەوەن و

 ڕەوەزی سەر منە.

عاشقێ، سەودا سەرێ، شەیدایەک

 کە ھەر لەچاوکردنەوەی وشەیەوە

لە فامکردنەوەی قەڵەمی ھزر و ھۆشیەوە

ئاوێزانی گەردنی بەرزی زمانە شیرینەکەی کوردی و

باڵای خۆرەتاوی ئەم کوردستانە چاوسەوزە شۆخ و شەنگەبووە.

من خۆم نایلێم گردی مامەیارە ئەڵێ:

ئەم سوارەمان سوارێکی قژ رەشی مل کەڵی ئاوەزەنگی تەقێنی

 بەرکاوی ھۆرەی کورشایەتی بووە.

ئەستێرە نەوەیەکی بە جریوەی دارەکەی (ئەلیاسە قوجە) یە،

 ئەو باپیرە گەورەیەی کە لە قەڵاچوالانی دوانزە سوارە و ھەواری

جوامێرانەوە، لەگەڵ یەکەم کاروانی بەڕێکەوتوودا ھات و

 ئەویش بەردێکی بناغەی ئەم شاری داستانەی دانا

 تانجەرۆی خۆشەویستی نالیی

تانجەرۆی فرمێسکی درێژی ئەم مەڵبەندە سەرومل قرمزییە

 ئەڵێت و من ناڵێم: ئەمە چلەی ئەو کوڕە زرنگ و

 مەردەیە کە لە لانکەی شیعرە ئازاکانی کاکە فایەقیا،

فایەق بێکەسی ئامۆزا و مامۆستادا چاوی بەھرەی پشکووت و بۆ یەکەم جار

لە ئاگردانی ھۆنراوە بە کلپەکەی (ئەی وەتەن) ی ئەوەوە

 ئاگری کوردایەتی بەربووە گیانی و ڕایچلەکان و ھەژاندی و دواتر کردی

 بە چراخانی نێو شەوی تاریک و نووتەک و چاو چاو نەبینی ئەم

ڕێوبانە بە ژەنگ و ژار و تەمتوومان و تووناوتوونەی کوردستان

سووتانی و کردی بە مۆمی کافوریی سەرگاشە بەردەکانی

سیوەیل و بە گوڵ ئەستێرەی کاکۆلی دار و درەختی ئالان و

بە شاھۆیەکی ئاسمانی ئەرخەوانیی ماوەت.

من خۆم نایگێڕمەوە ـ پیرەمەگرون ـ ی مووقەدەس ئەیگێرێتەوە و

ئەلێت : ئەم کوڕە قژڕەشە ڕۆح سووکە خوێن گەرمە دەم و پل

 شیرینەم، ئەم دار قەزوانە ڕەنگ پیرۆزەییەی دەروونم، ئەم

 ڕنووە بەفرەی سەرشان و ملم، ھەر لە منداڵییەوە، قسەی

 دانار داناری لە گوڵ ھەناری بەژن سووری گوێ جۆگەی دامێنی من ئەچوو.

باڵای زیرەکیی ئەم جگەرگۆشە ئازیزەم لە باڵای تەمەن و لەشی ھەڵکشاوتر بوو.

ئەو وەختەی پێی نایە گوڵجاڕی ھەرزەکارییەوە

 ئەتوت: گوڵ خەندەرانێکی بەدەم باوەی لێو بە خەندەی، زیویینی

 بن بنارمە، ئەتوت: گوڵەبەڕۆژەیەکی دڵداری خۆرە.ئەتوت:

 جوانوویەکی چوارپەل سپیی بزۆزی پێدەشتی نێو گیان و ڕۆحی

 شارەزوورمە.

ساڵانە لەگەڵ یەکەمین تڵەتڵی بڵێسەکەی نەورۆز و

 سەرھەڵدانی یەکەم چڵە نێرگز و سوورھەڵگەڕانی گوڵاڵەدا

 ئەمیش بیری گەشتتر و کوانووی سنگی بە تیف و تاوتر و مێرگی

 تەمەنی بۆن خۆشتر ئەبوو.

 کاتێکیش بووە مامۆستا و لەبەر تەختەی ڕەشدا ڕادەوەستا و

کڵۆ تەباشیر بەدەستی چەپەوە و بە نێوان ڕیزە کورسییەکانی پۆلدا

 

کەوتە ھاتوچۆ ئەمبینی:

چاوەکانی دوو ئەستێرکی زیرەکی و وشیاریی بوون و وەک شەپۆلی

 بەرھەتاو شەوقیان ئەدایەوە.

پیرەمەگرون درێژە بە قسەکانی خۆی ئەدا و ئەڵێ

 ئەم ھەر مامۆستای وانە ئاساییەکانی نێو قوتابخانە نەبوو.

 بەڵکو مامۆستای ئەو وانە نھێنییانەش بوو کە لە نەوەکانی

 کورد قەدەغەکرابوون، ئەم دەمامکە ساختەکانی دائەماڵی و

ڕووی ڕاستەقینەی من و شاھۆ و ئارارات و گۆمی وان و

 باخەکانی قامیشلی ئەخستەوە پێش چاوانی کوڕوکاڵانی.

 لەیەک کاتدا بە خۆشەویستیی مەھاباد و کەرکووک و دیاربەکر گوڵبارانی ئەکردن.

 من بۆ خۆم نایڵێم و ئەستێرەی سیوەیل ئەیگێڕێتەوە و ئەڵێ:

 ئەو کاتەی نووکی قەڵەمیشی لە ڕووناکیی بیرو ھۆشدا

 کەوتە چینە و وشەکانیشی کەوتنە قاسپەقاسپ، ئەم

 کەوێکی دەنگ خۆشی لا پاڵی لاپەڕەکانی رۆژنامەی

( ژین) بوو. لەو سەردەمەدا، وتارە نەوازە و دڵگیرەکانی

 مامۆستا (ف)، خوێنەران وەک ڕەشە ڕیحانەی

 ھەڵچوو بۆنیان ئەکرد و وەک نانی گەرم چاوەڕوانیان ئەکرد و

 وەک بەھاری (کانی با) و (تووی مەلیک) بە پیرییەوە ئەچوون.

من خۆم نایڵێم و گڵەزەردەی بە عەشقی مانگ زەرد ھەڵگەڕاو

 ئەو ئەڵێت: کە نەخشەی عێراقی ساختەی

 دزێوی کوردستان قوتدەر، سنووری دەستکردی شمشێر ئاسا،

 لای زۆربەی خوێنەرانی ئەو سەردەمە بووبوون بە بیردۆز و

حەقیقەتێکی جێگیر و ئایەت و دەست بۆ بردنیان کفرێکی کورد

 کوژانەبوو، لە ڕۆژگارێکدا کە بیری کوردستانی وەک یەک

مەسەلەی ئایدۆلۆژی، نەک چەند مەسەلەیەک، دڵدارانی کەم و

 بە پەنجەی دەست ئەژمێردران، فەرەیدون عەلی ئەمین، لە نێو دەستەی

 ڕوناکبیرانی ئەو دەمەدا لاوێکی مەشخەڵ بەدەستیان بوو، ڕابەرێکی

چاوقایمی بیری کوردستانیی و سەرەمێرێکی کەڵی شۆڕشگێڕ و

 زریانێکی ھەڵکردووی ددەربەندی بیروباوەڕی کوردایەتی بوو،

من خۆم نایڵێم و دوندی (کەتوو) ئەڵێ: کاتێکیش بۆ یەکەمین

 جار لە مێژووی تازەماندا، مرۆڤی پێشمەرگەی کورد، لە دەربەندی

بازیان و ھەناوی بەردە قارەمانەوە سەری ھێنایەوە دەرێ و

 ھەڵسایەوە سەر پێ و دیواری بێدەنگیی ڕوخاندەوە و زەمینی لە ژێر

 پێی داگیرکەراندا تەقاندەوە، ئا لەو دەمەدا، بوون بە پێشمەرگە

 لە نێو ڕوناکبیراندا لە ئەڵماس دەگمەن تر بوو. ھێشتا سەرەتای

 چنگ نانە چنگی شۆڕش و ژێردەستیی بوو، کە فەرەیدون عەلی ئەمین

 گفتار و کرداری جووتکرد و بوو بە ھەڵۆی کێوان و دڕیدا بە شەوەزەنگ و

 بوو بە کازێوەی مزگێنیی ئازادیی و ژیان!

من خۆم نایڵێم و شەھیدێکی سەیوان ئەڵێت:

خوێندکارێکی پۆلی بەردەستی( مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین) بووم

 ئەو لە گۆمی پیرۆزی کوردایەتی ھەڵکێشام و یەکەمین وانەی

 عەشقی سەربەستی و سەربەخۆیی پێوتم وـ ئینجا بە بست بەبستی

نەخشەی ئەم کوردستانە ئازیزەدا گەڕان و چیرۆکی ڕەگ و ڕیشەی

 خۆمی لە میدیاوە بۆگێڕامەوە تا ئەگاتە سەر چریکە و هەڵمەتەکانی

 ئاوباریک و دەرسیم و سەقز و تا پەتەکەی ملی قازی و ھەر

 ئەویش مەڵاشووی بە شیعری حاجی و بێکەس و گۆران ھەڵدامەوە و

 دەرگای مێشکمی لەسەر ھەتاوی ئازادیی کردەوە، ئەوسا ئیتر

 منیش ئەو چراوگەی دەستی ئەوم وەرگرت و کەوتمەرێ، کاتێکیش

 لە بەرەبەیانێکی تەماویدا لە بەندیخانەی موسڵ چوومە

 بەر پەتی سێدارە… لەبەردەم مردنیشدا، ھەر ئەو سروودەم

 وتەوە کە بۆ یەکەمجار مامۆستام فەرەیدون عەلی ئەمین فێری

کردبووم.

من خۆم ناڵێم و منداڵانی زەرد و سووری وڵاتەکەم ئەڵێن:

شیعر و نووسینەکانی بابە فەرەیدون بۆ ئێمە لە نوقڵی ترش و شیرین

 خۆشتر و لە ھەنگوین و گەزۆ شیرین تر و لە فڕفڕۆکەی

 ڕەنگاوڕەنگ جوانتر و لە بووکە شووشە چاو شینەکانمان ئێسک

سووکتر بوون، ئەو قسەخۆش و بەتام و ئاودار و ئەو حیکایەتە

 باڵ نەخشینانەی ئەو بۆی ئەکردین، دڵی بچووکی ئێمەی.

 وەک پۆلە کۆتر لەئاسماندا ھەڵئەفڕاند. ئەیخستینە سەر شاباڵی

 پێکەنین، لەگەڵماندا ئەدوا و ئەدوا و وەڕس نەئەبوو.

 وەک ڤۆن پەپوولە لە گوڵ، مانگەشەو لە گۆم، درەخت

لە کلووی بەفر، گژوگیا لە پرژە پرژی تاڤگە وەڕس نابن،

 ئەویش ئاوا لە ئێمە بێواز و بێتاقەت نەئەبوو. ئەو دەروونی

 ئێمەی لە باوک و دایکمان باشتر ئەناسی. ئێمە پاڵەوانی دوارۆژەکەی ئەوین.

ئەی مامۆستا و ھاوڕێم!

دوو ئاوانی ڕوونی گیانی ھەردووکمانی لە دەمێکەوە تێکەڵ

 بەیەکتربوون، لەسەرچاوەی خزمایەتییەوە بۆ ڕووباری

فیکر و ساماڵی ڕوانینی چوونیەکمان. بۆ یەکەمجار تۆ بووی

 لە سێ دەرییەکەی ماڵە گەورەی بابە حاجیماندا، قسەت

 بۆ کردم و شیعرەکانی باوکمت دایەوە بە گوێمدا و دواتریش

لە شانەی خەباتی نەھێنیدا یەکمانگرتەوە، تۆ چرای دیوارکۆ و

 من شیعرێکی تازە پێڕەوکەبووم. ڕۆژھات و چوو. جارێکی

 تر لە ئەشکەوتەکانی پشت (ماوەت) دا و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا

دەستمان کردەوە ملی یەکتر. ڕۆژھات و ڕۆژگار چوو.

 ئاگردانی خۆشەویستی نێوانمان ساردبوونەوەی بەخۆیەوە نەدی.

ڕرۆژگار ھات و ڕۆژگار چوو، دوای نوشوستی شۆڕشی ئەیلول،

 کاتێ یەکترمان بینییەوە، سەردەمێکی تاڵ و تار و ماربوو،

 چەقۆیەک لە کوردستاندا نەمابوو، لەم سەر تا ئەو سەری ئەم نەخشەیە

 تاریکستان بوو. وەختێکیش ھەڵۆسوورەکان چوونەوە شاخ

 یەکترمان بینییەوە، وتت” ئەوانە شەرەفی کوردیان کڕیەوە

لەسەرتای ھەشتاکانیشدا ھاوین بوو، لە چیمەنەکەی ماڵی

خۆتاندا قەسیدە درێژەکەی (داستانی ھەڵۆی سوور)م بۆ خوێندیتەوە

 لە دواییدا پێت وتم” ئەمە بازدانێکی گەورەیە لە تاقیکردنەوەی

 شیعری نوێی تۆدا” تۆ ئەو کاتە و چەند ساڵێ پێشتریش لەژێر چەتری

 پەیوەنداریی ھیچ پارتێکدا نەمابوویت، بەڵکوو ئاسمانی کوردەواری

 چەتری گەورەی سەرسەری تۆ بوو. ھەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی

 بیری کوردستانی لە ھەر سەنگەرێکدا بووبن خۆشەویست و ئازیزی تۆ بوون

 لەم دواییەشدا وەک ھەر جگەر سۆزێکی ئەم خاک و ئاو و دار و بەردە،

ئەم گەلە ستەم دیدەیە، بەرەی کوردستانیی. تەبایی و یەکێتیی ھەموو خەباتگێڕان

 قەڵای ھیوا و جێگەی ئومێدی گەورەی تۆ بوون.

 بەر لە کۆچی ناوەختت … بەچەند ڕۆژێ

 بەر لە سەفەری سەیوانت … بە چەند ڕۆژێ

 بەرلەوەی وەک ئەستێرەیەک بپرژێیتە

 باوەشی ئەم مێژووە سوورەمان و بە چەند ڕۆژێ خۆشبەختانە

شەو و ڕۆژ پێکەوەبووین،ئەو کاتەی بێ دوودڵیی بڕیارتدا لەگەڵ

نووسەرانی سلێمانیدا بەشداریی کۆنگرەی ڕاپەرین لە شەقلاوە

بکەیت تۆ ئەو تاقە قەڵەمە چاونەترسە بوویت کە جێنیشتەی

بەغدادیش بوویت و بەڵام ھەنگاوت لەگەڵ ھەنگاوی ئێمەدا بوو،

 ئەو سەرت بۆ بەغدا فڕێدایە ناو باخەکانی شەقلاوەوە.

کاتێکیش بۆ دواجار ماڵئاواییمان لە یەک کرد، وتت” ئیتر بەغدا بۆ من نابێ و

 ئەمجارەیان بە ئێجگاری ئەگەڕێمەوە“.

من خۆم ناڵێم و کوردستان ئەڵێ

فەرەیدون عەلی ئەمین:

دارسنەوبەرێکی ھەمیشە سەوزی زاوێتەی منە.

چەمی خوڕخوڕە و دار گێلاسێکی ورمێ و

ھاوارێکی دیاربەکر و

مانگێکی شینی مێژووم و

لە گۆیژەیشدا دەم و چاوێکی ھەمیشە دیاری

ھەر چوار وەرزی ساڵی منە!.

نویترین هەواڵ و بابەت