"an independent online kurdish website

خۆناسین، جیهان ناسین و مانا بۆ ژیان پەیداکردن و کەسایەتی چێکردن لە پرسیارە ساکارەکانەوە دەست پێدەکا.


ئەوەی هەر مندالێک ئیمکان پەیدا دەکات پرسیارەکانی لە ناو بنەماڵە، باخچەی منداڵان، مەدرەسە و شوێنی تر بهێنێتە زمان، دەگەڕێتەوە بۆ چەشنی بنەماڵە، کۆمەڵگا و ئەو وڵاتەی کە منداڵ تێیدا گەورە دەبێ.

گەورەترین گرفتی هەر مندالێکی کورد ئەوەیە، کە لە سیستەمێکی دژ بەخۆیدا باردەهێندرێ. کورد کە کیانی خۆی نییە، سیستەمی کۆمەڵایەتی ئیداریی، فەرهەنگی و پەروەردەی خۆی نییە، هەر لە منداڵییەوە، ناسنامە و کەسایەتی نامۆ، زمانی نامۆ، فەرهەنگ و هەستی نامۆ کە دوورە لە زمان و فەرهەنگ و هەستی خۆی، وەردەگرێ. ئەو منداڵە کە گەورە بوو، هەموو ناکۆکییەکانی لە گەڵ خۆی گەورە کردووە، ڕەنگە ئیمکانی خۆدیتنەوە پەیدا بکات و ڕەنگە هەتا کۆتایی ژیان نامۆ لە گەڵ پێکاتەکانی خۆی بمێنێتەوە و هەست بەوە نەکا کە ئەو خۆی نەبووە!

من، نووسەری ئەم دێڕانە، لە شارێکی گچکەی کوردستان لە دایک بووم، لە ناو شار و گوندەکانی خۆمان و لە ناو ئازەری و فارس گەورە بووم، ژیانم لە ناو و دەرەوەی وڵات لە گەڵ منداڵ و لاو و خەڵکانی شوێن شوێنی جیهان وەک شانۆگێڕ، شانۆپێداگۆگ و داڕێژەری سیستەمی فێربوون تێپەڕ بووە. لە شارەکانی کوردستان وەک شانۆگێڕ پێوەندیم لە گەڵ خەڵک و بینەر هەبووە، گوێم بۆ بەسەرهاتی تاک تاکەکانی خەڵک، هونەرمەند و بیرمەندانی وڵاتەکەم شل کردووە. لە بیرم نەچۆتەوە کە بینەرانی شانۆکانی مانگرتن و خودموختاری یانی چی لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان، سەقز، سنە چ هەستێکیان بۆ زمانی دایکی خۆیان دەربڕیوە. قسەی مامۆستایەکی سەقزیی لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ پاش چل ساڵ لە گوێچکەمدا دەزرینگێتەوە کە گووتی” یەکەم جارە لە ژیانمدا شانۆ بە زمانی کوردی دەبینم و دەژنەوەم”. ئەوەشم لە بیر نەچۆتەوە، کاتێک کە ویستم “انشا” لە سەر شارەکەم بنووسم هیچ سەرچاوەیەک وەک کتێب، گۆوار لە بەر دەستدا نەبوو. ئەوەشم لە بیرنەچۆتەوە کە چۆن لە تەورێز و تاران لە تەمەنی مێرمنداڵیدا سوننی بوون و کوردبوون و وەک ئەوان نەبوون و جیاوازبوون، گرفت بوو. هەمووی ئەم شتە ساکارانە پرسیار دەخوڵقێنن. تۆ کێی، ئەوان کێن، بۆ ئەوان وەک تۆ نیین و بۆ تۆ وەک ئەوان نی؟ هەرکام لە ئێمە بە پێی پلان و بەرنامە نامۆ لە گەڵ خۆمان بارهێندراوین و بنەماڵەکانمان خۆیان بەرهەمی هەمان کۆمەڵگا و سیستەم بوون و ئەوانیش وەک ئێمە لە ناو ناکۆکییەکاندا کەسایەتیان خۆی گرتووە.

من کە خۆم کۆی پرسیار بووم، نەدەکرا لە سەر سەکۆی شانۆ درۆ بە بینەر بڵێم، دەبوو بە شوێن ڕاستییەکاندا بگەڕێم و بیخەمە بەر چاوی بینەر بۆ ئەوەی پرسیار لایان درووست بکرێ. کار لە گەڵ منداڵ و لاوان لە کوردستان و ئێران و بە دڕێژایی سی ساڵ لە مەدرەسە و ئاموزشگا و زیندان و لێرە و لەوێی ئاڵمان، خوودی ئینسانی لە لام کرد بە پرسیار.

 لێرەوە تۆ چ بتەوێ و چ نەتەوێ بەرەو فەلسەفە هاندەدرێی بۆ ئەوەی لە ئینسان، لە بوون، لە نەبوون، لە ژیان، لە خۆت، لە نەتەوەکەت لە کورد تێبگەی، لە چارەنووسی پڕ لە ئازاری خەڵکەکەت تێبگەی و پرسیار بکەی بۆ و بۆچی زیادە لە هەموو نەتەوەکانی جیهان تۆ وڵات و کیانت نییە، بۆچی ئەم پرسیارە لە ناو نەتەوەکەی تۆدا نەبۆتە بیر و هزر، بۆچی نووسەران، شاعیران و نوخبەکانی سیاسی لە جەغزیی دیاریکراویی فکریی، ئایینی، ناوچەیی تێنەپەڕیون و  بۆچی ئازار لە ناو کورد کۆتایی پێنەهاتووە، بۆچی سیاسی کورد بەردەوام خۆیان لە کارەساتەکاندا دیتۆتەوە؟

هەموو ئەو پرسیارانە و پرسیاری تر، ئەمجارە نەک لە ڕێگای شانۆنامە بەڵکوو لە رێگای ئەم کتێبەوە ڕووبەڕووتان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دیالۆگ و دانووستان لە نێوانمدا پێک بێ.

کتێبەکە بۆ هەر کەس و هەموو کەس نووسراوە و باسە ڕەق و قوورس و کلاسییەکان خزێندراونەتە تۆی زمانی ئاسایی. بابەتەکان وا داڕێژراون کە دەکرێ جیاواز بەکاربهێندرێن. 

کتێبەکە لەم بەشانە پێکهاتووە: “چوونە ناو باس، ئەدەبیات، پیرۆزی و شانازی، کەسەری شاعیران، خانی و حاجی و هێمن، ڕۆشەنگەر ڕۆشەنگەریی نوخبە، ڕۆشەنگەر و  ڕۆشەنگەریی، ئایین و پێناسەی ڕۆشەنگەر، خۆیی بوون، کورد- پارس، ڕۆشەنگەر و مێژوو، ڕۆشەنگەرکوژیی سانترالیزەکردن، حاجی، خانی و خودا، ڕۆشەنگەری ناو ئەفسانەکان، ڕۆشەنگەری سیما خۆشکێن ، ڕۆشەنگەر و ناسنامەی ونبوو، جەغزەکان، بیرەوەرییەکان، کەسایەتی چەند پارچە، کوردستان و دەریا!، ژێرخانی بنکۆڵکراو، خوداکان، پارسەکان، فەلسەفە، فەلسەفەبافی، دین، دیکتاتوری نەرم، دین دەوڵەت، سیاسەست، سیاسەت و ئێرانی تۆتالیتێر، سیاسەت و ئایین و دیکتاتۆری ئێران، دایک و بابی سیاسەت،           کۆمەڵگای ئایینی و سیاسەت، کەسایەتی، کورد و سیاسەتی گەڕانەوە، پرسیاری گرنگ”

کتێبەکە دەکرێ لە ڕێگای ئەم ئادرەسەوە داوا بکرێ colognelife@arcor.de  . ٣٠% سی لە سەدی فرۆشی کتێبەکە بۆ منداڵانی بێ سەرپەرەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان دەکرێ و سی لە سەد دەدرێتە ئەو ناوەندانەی کتێبەکە دەفرۆشن. کتێبەکە لە ڕێگای پۆستەوە بۆ داواکار دەنێدرێ و بایی ١٠ ئۆیڕۆیە.

برایم فەڕشی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی