"an independent online kurdish website

بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە لەم ساتەوەختە دا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا کەوتۆتە بەر تیشکی لێکدانەوەی جۆربەجۆر و بگرە ڕەخنەی توندی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکان،


 چاوەدیرانی سیاسی، ڕووناکبیران و کەسایەتی کورد، بە بۆچوونی من لە چەند ڕۆانگەوە جێگای تیڕامانانە. جارێ لە سەرەتاوە ئەو بڵیم کە لە گۆشەنیگای منەوە کار و خەباتی هاوبەش لە گەڵ حیزب و ڕێکخراوگەلی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و بگرە ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەی فارسیش لە ئەسڵی خۆی دا کێشە نییە و بەڵکوو زۆریش باشە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو پێشمەرجانەی خوارەوە لە بەر چاو بگرین.

1. هەر پڕۆژەیەکی سیاسی و یان سیاسەت بە گشتی بۆ ئێمەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی موستەعمەرەکراو، دەبێت و زەروورییە کە لە یەکم هەنگاو دا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و بەم پێیەش پتەوبوون و یەکگرتوویی گوتاری و ڕێکخراوەیی کورد بە ئامانج بگرێت. بەڵام با بزانین یەکەم دەستکەوتی ئەم بەیاننامە هاوبەشە بۆ ئێمەی کورد چی بۆوە؟ ئەم بەیاننامەیە هەر لە سەرەتاوە دابڕانی زیاتر و قوتبەندی و پوڵاریزاسیۆنی لە ژینگەی سیاسی کورد و ئازاری دەروونی کەسایەتی کوردی لێکەوتۆتەوە. تەنانەت با وای دابنێن کە ئەم بەیاننامەیە لە ڕووی دووربینی سیاسییەوە شتێکی باشە، بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئاڵۆزی ژینگەی سیاسی کورد، لە ئەساس دا حیزبی کوردی نابێت بیکات. ئەگەر ویستیشی شتی ئاوا بکات دەبێ پێش ئەنجامدانی بە ڕێگای ڕاگەیاندن، سێمینار و کۆڕ و کۆنفڕانس هەم خەڵک ئاگادار کاتەوە و هەم ڕای گشتی لە بەرچاو بگرێت. بەڵام بە داخەوە هەروەک خۆشتان زۆربەی ئێوەی خۆشەویست هەستی پێدەکەن، ئێمە بە هۆی ئەو بەیاننامەیە تووشی ئازاری زۆر و دابران لە یەکتر بووین، با لەو لاشەوە “جنبش جمهوریخواهان دمکرات و لائیک ایران” کە یەک لە ڕیکخراوانی ئەو بەیاننامەیە هەر لە خۆشیان شاگەشکە بن و لە دوورەوە پێمان پێبکەنن. ئەگەر لە ڕۆانگەی زانستی سیاسییەوە قسە بکەم دەمەوێ بڵێم کە سیاسەتی ئێمە دەبی پرۆداکتیف (بەرهەمهێنەر) بیت نە کۆنتراپرۆداکتیف (بەرهەمتێکدەر). بە زمانێکی سادەی کوردی دەبێ لە نێو ماڵی کورد دا بەردێک لە سەر بەردێک دابنێن لە پێش دا.

2. لەو خاڵەی سەرەوەش گرینگتر مەسەلەی تایمینگ یان لە بەرچاوگرتنی کاتی گونجاو لە سیاسەت دا زۆر گرینگە. ئەم جوورە بەیاننامە نووسینانە هی سەردەمی شەری ساردە. بەڵام دەبێ بزانین کە لە سەردەمی ئەمڕۆ دا سیاسەت لە بەیاننامەی هاوبەش لە گەل (بە داوای لێبوردن) لە گەل چەند ڕێکخراوی ئێرانی بی ئادرێس بەرهەم نایەت بەڵکوو سیاسەت زیاتر لەوە دەبێت وەکوو پرۆژە و پرۆسە بەرجەستە بکرێتەوە هەتاکوو بە ئاکام بگات. بە لێکدانەوەی من بە دوای دەست پێکردنەوەی خەباتی شاخ و بە تایبەت بە دوای مووشەک بارانی بنکەکانی دیمۆکڕات لە شاری کۆیە، کە بانگاوازی هاوبەشی هەموو حیزبە کوردییەکان و لە ئاکام دا بزووتنەوەی مێژوویی نافەرمانی مەدەنی کوردی ڕۆژهەڵاتی لێکەوتەوە، قۆناغێکی مێژوویی تازە بۆ ئێمەی کورد دەستی پێکردۆوە (تکایە سرنج بدەنە سەر ئەو دیاردەیە) کە بۆ بەردەوامی و هێشتنەوەی دینامیکی و داهێنەرانەی ئەو بزووتنەوەیە پێویستیمان بە کۆمەڵێک ئامرازی تیۆریکی و گوتاری جیاواز هەیە. بە واتەیەکی دیکە بۆ ئەم قۆناغە مێژووییە تازەیە پێویستیمان بە عەقڵییەتێکی سیاسی جیاواز هەیە، کە ببێتە ناوئاخنی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە رؤژهەڵات و لە هەمان کات دا ڕێگانیشاندەری پڕاتیکی سیاسی ئەم بزووتنەوەیە. دۆستانی حیزبی و غەیرە حیزبی ئەوە بوو سەرمایەی لە بن نەهاتووی ئێمە کە هەم دەیتوانی خەباتی نەتەوایەتی ئێمەی پێ زیندوو بکرێتەوە، هەم وڵات و دیاسپؤرای کورد زیاتر لە هەمیشە لە یەک ببەستەوە و هەم لە ئاستی پراتیکی ڕۆژانەی سیاسەت دا بۆ ئێمە ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی سەرمایەی مادی و فکری بۆ نموونە بە مەبەستی دروست کردنی ناوەندێکی لۆبی و دیپلۆماسی هاوبەش، میدیایەکی نیشتیمانی، هێزی پێشمەرگەی هاوبەش، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستڕاتێژێکی نەتەوەیی و… لە بیرمە ڕۆژی سەرەخۆشی شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای کۆیە لە شاری ستۆکهۆلم پێتەختی سوئید، چۆناوچۆن ئەم بۆنە پیرۆزە وەکوو مانیفێستێکی نەتەوەیەیی و نیشتیمانی ببوو بە مەیدانی لە دەوری یەککۆبوونەوەی سەدان و بگرە هەزاران کوردی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز؛ چەشنێک لە مانیفیستی کۆبوونەوە کە بڕوا بکەن دەیان نەتەوەی دیکە خەونی پێوە دەبێنن. بەڵام بە داخەوە بە هۆی نەبوونی هیچ پێشنیارێکی کۆنکرێت یان پڕۆژە و بەرنامەیەکی درێژخایان ئەو مانیفێستە کە دەیتوانی ببێتە وەرچەرخانێک مادی و مەعنەوی لە مێژووی خەباتی دیاسپۆڕای کورد دا، بڵاوەی لێکرد و دوو حەوتوو دواتر کەوتەوە نێو هەمان ئازاری هەمیشەیی لێک دابڕان و نامۆیی.

3. دۆستانی خۆشەویستم لە سەرکردایەتی حیزبە کوردییەکان دا، هاوڕێیانی بەڕیزم لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی کورد دا، با شتێکی گرینگ پێکەوە بەش کەین. بڕوا بکەن ئەگەر ئێمە پێکەوە لە چۆارچێوی خاڵی ژمارە دوو دا کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە وەکوو کورد بۆ کورد کار بکەین، هەم وەکوو کورد و هەم وەکوو حیزبی کوردی لە هەمیشە بەهێزتر دەبین و زیاتر لە جاران دەبینە خاوەن مەشرووعییەت. ئەو کاتە نە تەنیا “جنبش جمهوریخواهان دمکرات و لائیک ایران” (لە گەڵ هەموو ڕێزم بۆیان) بەڵکوو ئەوانی هەرە گەورەشیان خۆیان بە پێی خۆیان دێن بۆ لامان و منەتباریش دەبن کاریان لە گەڵ بکەین، بەڵام دیسانیش وەکوو هەمیشە بە عەقڵییەتی خۆ بە گەورەزانینی کۆلۆنیالیستییەوە تێکەڵاو بە چاشنێکی زۆری حوقەبازی و پێهەلاگوتن و فریوبازی.

4. قۆناغی مێژوویی تازە داوا لە ئێمە دەکات کە لە پەیوەندی لە گەڵ دەستنیشانکردنی پێناسەیەک بۆ کێشەی نەتەوایەتی خۆمان لە ئێران و هەروەها دەست نیشانکردنی ستڕاتێژی ڕزگاری نیشتیمانی، هێلی جیاوازی پیناسەی کوردبوون و ئێرانی بوون دەستنیشان بکەین. هەزاران کورد ئەمرۆ لەو سەرگەردانییە دا نازانن چۆن هەست بکەن و چی بکەن. هەزاران کورد کە لە ئیلام و کرماشان، خوراسان، قەزوێن، و دیاسپؤڕای کوردی نیو ئێران ئامادەی پەیوەست بوون بە بزووتنەوەی سیاسی رۆژهەڵاتن چاوەڕێن کە ئێمە تەکلیفی ئەم جیاوازاییە هوویەتییەیان بۆ ڕوون کەینەوە. مەبەستم ئەوە نییە، کە شەڕێک بە دژی ئەوانی دیکە ڕابگەیندرێت، مەبەستم ئەوەیە کە بزووتنەوەی سیاسی ئێمە لە ئاستی مەعنا، گوتار و دەستەواژە دا چۆارچیوەکانی ئەم هوویەتە نەتەوەییە کە مافی گەردوونی خۆیەتی دەست نیشان بکات. ئەگەر بڕیارە کە لە داهاتووی ئێران دا کورد و ئێرانی و هەموو ئەوانی دیکە یەک بن، ئەگەر قەرارە ئەو “همزیستی”یەی ئەو بەیاننامەیە باسی دەکات بە قیمەتی داگەڕان و داشکانی هوویەتی ئێمە بێت، هەر لە ئێستاوە لە سەر من حیساب مەکەن. من دەلیلی خۆمم هەیە کە پێتان بڵێم ئەو جوورە داشکانانە سەرناگرن و تەنیا داڕووخانی زۆرتری ئێمەی لێدەکەوێتەوە (فەرموون خۆتان ببینن). ئاخر چونکە ئەو “همزیستی”یە لە سەر بنەمای ئەخلاق و سەداقەتی سیاسی نییە. ئەگەریش قەرارە ئەو “همزیستی”یە درووست بکرێت، ئەوە نەتەوەی فارسە کە دەبێت ئەم دەستپێشخەرییە بکات و ئەو موعادیلە موستەعمەرەگەرایانەی کە خۆیان بە سەر ئێمەیان داسەپاندۆوە هەڵیوەشێننەوە.

لە کۆتایی دا دەڵێم، باشترین دیاردە لە سیاسەت دا هەر وەکوو ئەرەستووی یۆنانی دەفەرموێ ئەخلاق و ئیتیکی سیاسییە. زیرەکی و سیاسەتبازی لە سەردەمی شەری سارد دا باو بوو و ئێستا باوی نەماوە. تازە یەک شتیش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە زیرەکی و سیاسەتبازی دا وەکوو ئەوانی دیکەمان پێناکرێت. ئێمە پیویستیمیان بە سیاسەتبازی و بەڕیوەبردنی سیاسەتی داشکان نییە. دەزانن بۆچی؟ لە بەر ئەوەی ئێمە دیفاع لە حەقیەقتێک دەکەین کە لە گەل بنەما فەلسەفی و حقووقییەکانی مۆڕالی مرۆڤایەتی و هەروەها دەستکەوتە گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ دا بە تەواوی تەبایە. لە ژێر ڕەهێڵی تیشکی ئەم حەقیقەتە دا با گوێ لە تاکی کورد بگرین، با بەها و نرخ بۆ تاکی کورد دابنێن، با تاکی کوردمان خۆش بوێ.

ستۆکهۆلم ١٧ نۆڤامبری ٢٠١٨

خالید خەیاتی


بابەتی پەیوەندی دار

چه‌ند خاڵ سه‌باره‌ت به‌ ته‌فاهۆم نامه‌ی حیزبی دێموكرات و ٩ لایه‌نی دیكه‌، ئاسۆ ساڵح

بانگەواز و لێکتێگەیشتننامە هاوبەشی حیزبی دێموکرات و ٩ ڕەوتی سیاسی دیکە ، کوردی و فارسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی