"an independent online kurdish website

 بەشێك لە کادرو فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵەیەکان کە زۆرینەیان نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن،  هەوڵدەدەن هەر چۆنێك بێت ئۆباڵی ئەو شەڕە بخەنە گردنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و شەخسی دکتۆر قاسملوو.


ئەو گروپە لە کاتێكدا کەوتوونەتە شەڕ فرۆشی و گێچەڵکردن و  بێڕێزیکردن بە رەمزە نەتەوەیەکان  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە هەرگیز هێزە تێکۆشەرەکان و کۆمەڵە و حیزب وەك ئێستا بەینیان باش نەبووە. بەشێکی زۆریان  بە جنێودان و بێ حورمەتیکردن بە دکتۆر قاسملووی سەرنج و خاڵەکانیان  دەخەنەروو و بلووریش دەرفەتی بۆ ڕخساندوون و تەنانەت کە دەشڵێن قاسملووی” خائین و شەڕ فرۆش ” ،  دەنگی لەبەر نایەتەدەر و  مایکیان بۆکراوەتەوە!!

 ئێستا کێ لەو باروودۆخە بەخەمە و لێی بەرپرسیارە بۆ کەس روونیە و ئەو گروپەش لە سەر کارەکانیان کە بەئامانج گرتنی حدکا و رووداوەکانی ڕابردووودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  درێژە بە کردارە شەڕانگێزیەکەیان دەدەن. پرسیار لە ڕێبەری کۆمەڵەیەکان ئەوەیە کە ، ئەی بۆ چی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب تەنانەت لە لایڤەکانیشدا بێ حورمەتی بە کۆمەڵە و  بەشەهیدەکانی  ناکەن و بەرێزەوە ناویان دەبەن وبە تێکڕای داوا لە بلوورییەکاندەکەن دەست لەوکارەی هەڵبگرێ و چێتر خوێ نەکاتەوە نێو برینەکان؟!

 من ناڵێم ئێوە وەك ئێمە ڕێز لە دکتۆر قاسملووی بگرن و وەك ڕەمزێکی نەتەوەیی تەماشای بکەن. بەڵام جنێودان و لێدان لە شکۆی حیزب و شەخسی دکتۆر قاسملووی بەدڵنیایەوە بەزاندنی هێڵی سوورە و ئەگەر ئەو کەسانە بەو جۆرە بیان هەوێت رووداوەکان کێوماڵبکەن ،بێگوومان  زەمینەی ناکۆکیەکان بۆ جارێکیتر قووڵ دەبێتەوە و لێکترازان و بەریەککەوتنەوە ئەگەری روودانەوەی دەبێت.

سەبارەت بە رووداوەکانی کە بەسەر حیزبەکاندا هاتوون، بە خۆش یان ناخۆشەوە، تازە بۆمان ناگەڕێتەوە.  بەڵام دەکرێت هەموو لایەك لەسەر ئەوە کاربکەین کە چۆن هەستی هاوکاری و فرە ڕەهەندی سیاسی و بیرکردنەوەی جیاواز دەرفەتی گەشەکردن و پێشکەوتنی بۆ بڕەخسێت لە داهاتووی سیاسی کوردستاندا و زەمینەی پێکەوە هەڵکردن و هاوکاری کردن بەهێز و بەهێزتر بکرێت.

 دڵنیام بە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی ڕابروو، ئەوەیش بە دەمارگژیەوە، هەوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان نیە. کام لایەن هۆکاربووە و زیاتر هۆکاری ئەو شەرە نگریس و ماڵوێرانکەریەبووە، هیچ لە جەوهەر و بابەتی مەسەلەکەی ناگۆڕیت و نە قوربانیەکان زیندوو دەبنەوە و نە دەسکەوتە لە دەستچووەکانیش تازە دەگەڕێنەوە. بەڵکوو ئەو رووداوە دەبێت وەك دەست مایە و وەرچەرخانێکی مێژووی لە پەیوەندی لە گەڵ کاریهاوبەشدا تاوتوێبکرێت.

 

ناکرێ لە ئاستی  ئەو هەموو بێ حورمەتی و تانەو تەشەرەدا،  تەشکیلاتی حیزب  خۆی بەدوور و بێدەنگ بگڕێ و هەڵوێستی نەبێت؟ ئەو گرۆپە کە لەسەرچاوەیەکی بەتەواوی نادیارەوە دەستیان لە پشتیدراوە بۆ ئەو کارە و دەیان هەوێت بە کۆمەلێك خاڵ و کۆمێنتی ساختە وچەواشاکردنی رووداوەکان، بەقەولیخۆیان ئەوە بسەلمێنن کە حیزبی دێمۆکرات،  بە بکەری ئەو شەرە بناسێن  ئەویش بە شێوازێك کە هەمووی لێدانە لە پێگە و نفووزی حێزب و رێبەرانی شەهیدمان.

 ئەگەر ئەو رووداوە هەروا بەردەوامی هەبێت و کۆمەڵەیەکانیش  لە ئاستیدا بێدەنگی هەڵبژێرن و روو لە کۆمەڵانی خەڵك و هێزەکان شتێك نەڵێن،بێگوومان خەڵکی کوردستان و حیزبیەکانیش مافی خۆیانە لەو پەیوەندیەدا پرسیار لەو بەڕێزانەی پلە باڵای کۆمەڵەی بکەن و بپرسین ئەگەر ئێوە لە جیاتی ئێمەمان چۆنتان هەڵوێست دەگرت!!

  ئەگەر ئەو کەسانە  و دید وڕوانینەکانیان ناچێتە خانەی تێڕامانی کۆمەڵەیەکان لە رووی سیاسی و تەشکیلاتییەوە، لازمە بەدوو دێریش بێت پابەندی خۆیان بە هاوپەیمانی  لە گەڵ حیزبی دێمۆکڕات  روونکردنەوەیەکدا دەربڕن و ئیدانەی ئەو بێڕێزیانە بکرێت کە بە دکتۆر قاسملووی دەکرێت؟  ئەگەر ئەو دەستەیە بە جۆرە بییان هەوێ خەسارناسی بکەن ولاپەڕەکانی ڕابروو هەڵبدەنەوە و لەسەر ئەساسی ئەو بنەما دەمارگرژییە بڕۆنە بەرەوە زیانێکی گەلێك گەورە بە یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستان دەگەیەنن. خەڵکی کوردستان بە چاوی  ڕێزەوە و وەك ڕەمزێکی سیاسی و نەتەوەیی دەڕوانێتە دکتۆر قاسملوو و لێدان لە شکۆی گەورە ڕێبەرێکی لەو چەشنە نەتەوەیی کە بە روحی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕینی نەتەوەیی ناسراوە، بێگوومان بریندارکردنی هەستی خەڵكی کوردستانە و لەو پەیوەندیەشدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن.   

ئەگەر تۆزێك بە ژیری لێکدانەوەی لایڤەکانیان بکرێ، ئەو کات ڕەنگە کەس نیازی بەوە نەبێت بۆ رووداوەکانی ئەو سەردەمەی بگەڕێتەوە کە چۆن ئەو شەڕە سەری هەڵدا و کێ لەو بارگرژییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارە. چوونکی بەداخەوە ئەو کاتیش گروپێکی تەواو حەیار بولشەویکی  و ناسیۆنالیزمی فارس زەمینەی ئەو باروودۆخەیان خوڵقاند.

مرۆڤ ئەگەر بەویژدان و دوور لە دەمارگرژی سیاسی و تەشکیلاتی دێراسەی لایڤەکانی بلووری بکات، لانیکەم بەو ئاکامەی دەگا کە بەداخەوە، وەختی خۆیشی هەر بەجۆرە وەستایانە و شارەزایانە هانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیانداوە گێچەڵ بە حیزب و تەشکیلاتەکەی بکەن هەتا بەریەککەوتن لە نێوان حیزب و کۆمەڵەدا رووبدات.

با خەڵکی کوردستان و بیروڕایی گشتی لەو ڕاستیە تێبگەیەنین  کە ئەندام و لایەنگر و فەرمەندە دێرین و کادرەکانی پلەباڵایەن بۆ جارێکیتر گێچەڵ بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەن  و تەنانەت هێرشی توند و دوور لە ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی بە ڕێبەری شەهید دکتۆر قاسملووش دەکرێت، حیزبی دێمۆکڕات لایەنگری یەکیەتی سیاسی و کۆدەنگی نەتەوەیی دەکا و تەشکیلاتەکەیشی بە باشی پێیەوە پابەندبووە.

 بەداخەوە دۆستانی کۆمەڵەی نەك هەر ڕەچاوی ئەو هاوپەیمانەتیان لە گەڵ حیزبی دێمۆكرات  نەکردوە و تەنانەت هەڵوێستێکی روونیشیان لەو بارەوە نەبووە. ئەو روونکردنەوانە ڕاستە وەك ڕای تاك خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لانیکەم باس لە دیاردەیەك دەکرێت کە بەتەواوی ناروون و گووماناوییە بۆ کۆی هێزە سیاسی و  خەڵکی کوردستان جێگای پرسیارن.

 دکتۆر قاسملوو وەك ڕەمزێکی گەورەی بەرخۆدان و خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی سەیر دەکرێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەك سەمبوولی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات تەماشای دەکەن. شکاندن و لێدان لە شکۆی ئەو، لێدانە لە سەروەریەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. کاتێك دکتۆر قاسملوو و حیزبە کەی بیری نەتەوایەتی و هەستی وڵات پاڕێزیان لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە و  بە شانازییەوە داوای مافی ڕەوایی کوردیان دەکرد، ئەوانەی ئەمڕۆ دێن و جنێودەدەن، بەداخەوە پێیان شەرمبوو بڵێن کوردین و لە بەرامبەری حیمکەت نیزمەکاندا بە شەرمێونی و سوور هەڵگەڕانەوە دەیان گووت کە کوردن.

بۆ ئاگاداری دڵسۆزان وئەندامان و  لایەنگرانی کۆمەڵەییەکان، بەختیار بلووری وەك ئەندامێکی کۆمەڵەی قسەدەکا و زۆ جار دەڵێت” منێکی کۆمەڵەی”  پرسیار دەکا و زۆرجارانیش شیکردنەوەی رووداوەکان دەکا و وەك ئەندامێکی ئەو ڕێخراوەش( کۆمەڵە)   بابەت و رووداوەکان هەڵدەسەنگێنێت. لە لایڤی ئەم شەوی( 18.11.2018)  ئەو بەرێزەدا گەورەترین  بێڕێزی بە دکتۆر قاسملوو دەکرا و بەرێوەبەری ئەو بەرنامەیەش تەنانەت وشەیەك ناڵێت و دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون هەتا بێن  و بەئیشتیایی خۆیان جنێو بەحیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و شەخسی دکتۆر قاسملووی بدەن.

 خەڵکانێك ڕەنگە بپرسن بۆچی شەڕی حدکا و کۆمەڵەی رووداوە و لەسەر چیبووە؟

 ئەو ئاژاوەگێڕی و شەرفرۆشتنە ئەو وەختیش زەمینەی بارگرژییەکەی ڕەخساندووە و بەداخەوە شەر هاتۆتە ئاراوە. حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وێڕایی پێداگری لەسەر  تەبایی و هاوکارییەکانی لە گەڵ لایەنەکانی کۆمەڵەیدا و پەرەپێدان بەهەستی هاوکاری و کۆدەنگی نەتەوەیی و ئەزموون وەرگرتن لە رووداوە تاڵ و ناخۆشەکانی خۆی، بەو ئەنجامەی گەیشتووە کە هەموو لایەك بۆ یەکڕێزی و هاوپشتی نەتەوەیی لە سەنگەر و بەرەیەكدا خۆیان ڕێکبخەن. بەڵام یەکڕیزی و تەبایی سیاسی و نەتەوەیی تەنیا بەلایەك ناکرێ و هەموولایەك وەك یەك لازمە پێیەوە پابەندبن و ڕێگا بە بە گروپ گەلێك نەدرێت تۆوی ڕق و قین بچێن و رووداوەکان بەرەو ئاقارێکی تر بەرن.

 پێداچوونەوە  و گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناخەی کە شەڕی تێدا هاتۆتەئاراوە، ئەویش بەو شێوازە دەمارگرژییەی لایڤە زیندووەکانی بلووری،  کە مەبەست خاستەکاری و شێواندنی رووداوەکان و بێڕێزیکردن بەرێبەری بزووتنەوەی نوێی شۆڕشی کوردستان دکتۆر قاسملوو، بێگوومان سە دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ و مەترسیدارە بە دژی حیزب و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەوانەی خۆیان بەکۆمەڵەی نیشاندەدە و بەشداری لایڤە زیندووەکان دەکەن ، دەڵێی حیزب و کۆمەڵە لە گەرمەی شەری براکوژیدان!!

 پرسیار ئەوەیە کاتێك هاوپەیمانی و هاوکاری لە نێوان حیزب و کۆمەڵەیەکاندا هەیە و هەوڵ دەدرێت بەهێز و پتەو بکرێ!  ئەی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو لە پێناو چ ئامانجێكدایە و چۆنە ڕێبەری کۆمەڵەی هەتا ئەمڕۆش بێدەنگی هەڵبژاردوە و تەنانەت  قسەیەکی بە ئەندامانی خۆیشی نەگووتووە لەو بارەیەوە؟  کەوابوو بەرپرسی ئەو باس و گرفتە تازەیە کێ لێی بەرپرسیارە و بۆ هیچ لایەك قسەیەکی بۆ گووتن پێنیە.   ئەو دەستەی لەپشتی ئەو رووداوەدایە، بەداخەوە ڕەنگە لە ئێستاشدا، ئیشتای  ڕووداوەکانی ڕابروویان کردبێتەوە و بۆ جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکێشنەوە نێو شەرێکی ماڵوێرانتری براکۆژییەوە.

 ئەگینا دەبوو سنوورێك بۆ ئەو هەموو بێڕێزییە دابنرێت کە لە ڕێگای ئەو لایڤانەوە  بە شەخسی دکتۆر قاسملووی دەکرێ و تەنانەت وشەی”خائین و شەڕ فرۆش ”  … و تەنانەت  زۆرشتی تریش دەگووترێت کە نامهەوێت لێرەدا باسی بکەم. چۆن دەکرێ باوەڕ بکرێت کە هەتا ئەمڕۆش کەس سەرەداوی ئەو باسەی  بەسەرتەش نەگەیاندبێتە لایەنەکانی کۆمەڵەی و ئاگادری کارێکی لەو جۆرە نەکرابنەوە؟

ئیدی ئێستا کێیە ئاگری شەرێکی دیکە هەلدەگیر سێنێ و هەوڵی شێواندن و تێکدانی یەکیەتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات؟  بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی شەڕی نێوخۆی لە سەر بنەمای توندئاژۆی و دەمارگرژییەوە بەدڵنیایەوە هیچ گرفتێك چارەسەرناکا و بگرە ناکۆکیەکان سەرلەنوێ تەشەنەی دەستێنەوە کە ئامانج لەو کارەش ڕەنگە هەر ئەوەبێت؟  ئایا ئەوانەی بە کارێکی لەو چەشنەی هەستاون و دەستپێشخەریان کردوە، ئەندام و لایەنگری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانن یان هی کۆمەڵەی؟ کێیە دیسان دەست پێشخەری تێکدانی یەکیەتی و تەبایی سیاسی لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە؟

بزووتنەوەی کوردی بە قۆناخێکی سەخت و دژاوردا گوزەر دەکا و ئەگەر هەموو لایەك هەست بە دڵسۆزی و بەژیری بیر لە ئاکام و کرداری لایڤەکانی بلووری نەکرێتەوە و لە ئاستی  لازیانەکەی بێ هەستی خۆیان نیشانبدەن، ئەوەی زیانی بەردەکەوێتەوە هەرخۆمان  و خەڵکە کەمان دەبێت.لازم  ڕێبەری کۆمەڵەی لەو پەیوەندیەدا هەست بە برپرسیارەتی خۆی بکا و سنوورێك بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە لە ژێرناوی ئەواندا، دژ بە حیزب دەجووڵێنەوە. کەس بەڕەخنە ناروخێ و لە نێو ناچێت، نیەتی ئە ودەستەیە شتێکیترە و مەبەستەکەشیان هەتا بۆ دۆستانی کۆمەڵەیش روون بۆتەوە.

سەرنجڕاکێش هەر ئەوەیە، کە خۆیان میعماری ئەو شەڕە نگریس و ماڵوێرانکەریەی کوردستان بوون، بەو لایڤ و کردارە ناشیرین و پیلان گێڕییان دەیان هەوێت دەستە چاورەکانیان بەحیزب ئیشك بکەنەوە و بۆ جارێکی تر خوێ بکەنەوە نێو برینەکان و ناکۆکیەکان سەرهەڵبدەنەوە.  ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە زادەی ڕەساڵەتی  مێژووی و سیاسیەتی، لە پێناوی ڕزگاری سیاسی و نیشتیمانیدا زۆر بەرپرسیارانە لە گەڵ کۆی رووداوەکان هەڵسوکەوت دەکا و پێشەنگی بارگرژی سیاسی و کۆمەڵایەتی  نابێت بۆ ناتەبایی سیاسی و تێكدانی کۆدەنگی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

 ئەو کارەی کۆمەڵەیەکان بە دژی حیزب دەکەین، خەریکە هێلی سوور دەبەزێنێ و زەمینەی ئاژاوە و ناکۆکی گەورەی لێبەرهەم دێت.

بەداخەوە بۆ تەشکیلاتی کۆمەڵەی و کۆی گشتی ڕێكخراوەکانی کۆمەڵەی کە لەو پەیوەندیەدا هیچ ناڵێن و ناپرسن بۆ ڕێگا دەدرێت لە ژێر ناوی ئەواندا  تەنانەت جنێو و  قسەی ناشیرین بە شەهێدێکی سادەی حیزب بدرێت،  هەتا بگات بە دکتۆر قاسملووی. ئێمە ناڵێین لایەنەکانی تر با وەك خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب ڕێبەرانی شەهیدی ئێمەیان خۆش بوێت،یان وەك ڕەمزی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیان بناسن، بەڵام جنێودان و نێوناتۆرەی جۆر بەجۆر، بریندارکردنی هەستی خەڵك و کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

محمد سلێمانی

20.11.2018

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی