"an independent online kurdish website

بەداخەوە  کاتژمێر پێنج وبیست خولەکی بەیانی ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی  ۱ /۹/ ۱۳۹۷ هەتاوی بەرامبەر۲۲ /۱۱ / ۲۰۱۸ زایینی، کاک کەریم حەداد لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.


ئاسنگەرێک لە ڕەگەزی کاوەی ئاسنگەر ماڵاوای لە نەتەوە و نیشتمان کرد.، نووسینی: ئەحمەد کاکەمەمی

.ئەمرۆ کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی رۆژی ٢٢ی نوامبر نەمر کاک کەریم حەداد ماڵاوی یەکجارەکی لە گەڵ و نیشتمان کرد

ئەم پاییزە چ پاییزێکی زیزە، چ وەرزیکی خەمبار و ناتەمیزە، بۆچی ژیان لە بنەماڵەی حەدادەکان وا بە گوریزە. سەر قافڵەکۆچی ئەم پایزە کیژە نازەنینەخەباتکارەکە نەسرین حەداد و هاوسەر و خالۆزای تێکۆشەرمحەمەد حەسەنپوور و نێوان قافڵە، خەباتکار حاجی حوسێن حەدادی مامی و دوا قافڵە و قافلەوانی کاروانی کۆچمان نەسرەوتوو وبە رابووردوو نەمر کاک کەریم حەدادە. باوکە و دوا ڕەوی قافڵەی کیژ و برا و خاڵۆزایە….

کەریم حەداد(ئاسنگەر) دوای دەیان ساڵ خەباتی بێ وچان و….ساڵ تەمەن وەک هەموو پێشەوا و ڕیبەر و خەباتکارانی ڕاستەقینەی ڕێبازی رزگاری بە ئاوات و ئارەزووی دەستەبەرکردنی ئازادی و رزگاری نیشتمان و نەتەوە سەری نایەوە و دەفتەری پڕ لە شانازی و ئەزموونی بیرەوەریەکانی بۆ نەوەکانی دوایی خۆی جێ هێشت. کەریم حەداد لەو دەگمەن خەباتکار و سەرۆک و سەرکردانەوە بوو کە هەموو تاکەکانی بنەماڵەی خۆی وەک خۆشک و برا، کوڕ و کچ، ئامۆزا و خوارزا و خاڵۆزا و زاوا و تەنانەتی خزمانی دووریشی بە ویژدان و شەرافەت وکەڕامەتی ئینسانی نیشتانپەرسی و نەتەوەدۆستی دەرس دادابوو و بارهینابوو و پەروەردەی کردبوو. بەشداری لەشکرێک لە حەدادەکان و حەکیمزادەکان و حەشەنپوورەکان لە خەباتی رزگاری دا بەرهەمی پەروەردەی دەستی پاک و بیری ڕووناکی کەریم حەدادن.

کەریم حەداد سەردەمانێک ڕێبەرە و سەردەمانیک فەرماندە و پێشمەگەی نیو سەنگەر… لە شەڕدا لە ئاگر سوورترە و لە هێورکردنەوەی دڵانی زامداردا لە ئاو ڕەوانتر. کەریم حەداد ئەو پێشمەرگە چەک لە شانە بوو کە بۆنی هەموو گوڵەکانی کوردستانی بۆ کردبوو، لە ژێر سایە هەموو داربەرو و دارە گویز و دار و دەوەنەکانی کوردستان سابۆوە، لە سەر هەموو دوندنی کوێستانەکانی کوردستان سەنگەری گرتبوو، لە هەموو ئەوشکەوت و زەندۆڵەکانی کوردستان شەوارە و حاشارگەی تەنی بوو، لە هەموو کانیاوەکانی کوردستان ئاوی خواردبۆوە و دەستنوێژی نیەت پاکی خەباتی هەڵگرت بوو، خۆرەی رووبار و کانیاوەکانی کوردستان و گرڤەی تافگەی شەڵماش و سوێری ئاوی دەریای ورمێ ی جێشت بوو. بە جاران لە زێی گەورە و چووک پەڕیبۆوە و لە ئاوی سیروان و گۆلی دووکان و چەمی ئاراس و بادینان بە مەلەباسکە پڕی بۆوە. لە هەموو سەردوند و لاپاڵ و گەوەی کوێستانەکانی برایم جەڵال، بڵفەت، گیارەنگ، هەوارەبا و داڵانپەڕ ئەوەباسکەوباسک کردبوو. ڕێباز و کوێرەڕيێەکانی کوردستان خشپەی پێ و گوڵ و دار و دەونی کوردستان بۆنی ئارەقەی ئەم ڕێبوارەیان دەناسیەوە و هەست پی دەکرد. مار لە ترسی دەخزی و دڕندە لە سامی دەتەزی… کەریم حەداد ئەو ڕێبوارەی ڕێگای ئازادی بوو کە نەک حەوت، هەفتاکاڵەی ئاسنی لەم ڕێبازەدا دڕی، هەزاران مەترسی بە گیان و ژیان کڕی.

ئەو ڕێبوارێک بوو نە قەت لە سام ترسا و نە قەت لە راست دژمن حەبسا. ئەم ڕێگایەی تا سەر بە شانازی پێوا. کەریم حەداد ناو و ناسنامەیەکی ئاشنا و تەبا بۆ گەڵ، بۆ خاک، بۆ ئاو، بۆ هەراو، بۆ دیار و نەیار… کەریم حەداد

ئەو هەڵۆیە بوو کە باڵەکانی بە باڵای باڵی باڵا، ئالای رزگاری کوردستانیان دەشەکاندوە.

ئەگەر کاوەی ئاسنگەر جارێک لە دژی زوحاکی ماردۆش ڕاپەڕی، ئەم ئاسنگەرە هەموو تەمەنی ژیانی….. ساڵەی لە دژی زوحاکانی تاج بەسەر و تەپلەپۆش و عەمامە لەسەر و حەبا بە دۆش دەڕاپەڕین دابوو.

کەریم حەداد ئەو کەسەبوو گا لە زیندانان و گا لە بەندەنان، گا لە نەویان و گا لە بڵندان، گا لە گەرمین و گا لە کوێستان، نە بەهاری دەناسی و نە زستان… هەر دەم گیان لەسەر دەستان بوو.

کەریم حەداد پێشمەرگەیەکی بێ مەرگە، دەگەڵ خەبات هاودەنگە، هەرگیز لێک نابڕین و هەردەم پێک دەبڕێن. حەداد هاوزادی خەبات و ئاودێری داری نەباتی خەبات و ڕێبوارێکی هەنگاوتوندی ڕێگای نەجاتە. خۆسکەم دەخواست لە دوای ماڵاوای حەداد هەر بە کوتکەکەی ئاسنگەری دەست خۆی کێلی بان سەری دەکوترا و پارچەمەکی بەرسینگی ئاسنگەری دەبۆ باڵاوپۆشی و تفەنگەکەی دەبۆ دەستەملانی جەنازەی بێ ناز سەربازی ون. ئەو سەربازە ونەی کە بە دوور لەو نیشتمان و گەلەی بۆی ژیا و بۆی مرد، لە بێدەنگیەکی مات و کڕ و لە سەرمایەکی سەخت و سڕ دا چۆ باوەشی خاکی وڵاتێکی دوورە وڵات. بنوو ڕاحەت بنوو سەربازی گومناو، خەباتکاری ناکاو، پێشمەرگەی هەر دەم لە سەنگەر، پیری زورهانی دەربەدەر، بنوو، ڕاحەت بنوو… تۆ نامری و ناوت وەک ڕەمزی ناوی خەباتکارێکی مەزن هەر دەمێنێت و ڕیگات هەر درێژەیدەبێ.

وتووێژێکی کورتی من لە گەڵ نەمر کاک کەریم حەداد و کاک مەلا حەسەن 20130309

//www.youtube.com/watch?v=Qfz1zWyqKC0

وتەیەکی کاک مەلا حەسەن لە سەر کاک کەریم حەداد

//www.youtube.com/watch?v=OVkVoeqmaY8

 


تێکۆشەری دێرینی حیزب و گەل، کەریم حەداد کۆچی دوایی کرد.

کوردستان میدیا: کەسایەتی دیار و بەبڕشتی دێموکرات، تێکۆشەری دێرین و فەرماندەی چاونەترسی حیزب و گەل، کاک کەریم حەداد ماڵئاوایی لە ژیان و هاوسەنگەرانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر پێنج وبیست خولەکی بەیانی ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی  ۱ /۹/ ۱۳۹۷ هەتاوی بەرامبەر۲۲ /۱۱ / ۲۰۱۸ زایینی، کاک کەریم حەداد لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

کاک کەریم حەدداد ڕۆژی چواری گەلاوێژی ساڵی ١٣٠٩ی کۆچی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە  بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا لە دایک بوو.

هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ئەوەیکە باوک و خاڵەکانی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوون لە گەڵ سیاسەت و نیشتمانپەروەری ئاشنا بوو و هەر لەو کاتانەدا کە تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە لەگەڵ کۆمەڵیک لە هاوتەمەنانی لە شاری سەردەشت یەکییەتی لاوانی دێموکراتیان دامەزراندووە و خۆشی بوو بە یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکیەتییەکە.

 پاش تێپەڕینی چەند ساڵ بە سەر رووخانی کۆماری کوردستان و بووژانەوەی حیزبی دێموکرات بوو بە ئەندامی حیزب و وەک ئەندامێکی کارا و چالاکی حیزب دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد، هەر بەو هۆیەوە وەک نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب کە لە گوندی سونێی باشووری کوردستان پێک هات، هەڵبژێردرا.

دوای کۆنگرەی دووهەمی حیزب و گیرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ساڵەکانی ٣٧ و ٣٨ کاک کەریم وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لەژێر زەبروزەنگی رێژیمی پاشایەتیدا دەستیان بە تێکۆشان کرد.

کاک کەریم یەکێک لەو کەسانە بوو کە جیا لە ئەرکی خزمەت لە ناو حیزبەکەی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە جووڵانەوەی باشووری کوردستانیش کرد، ئەو بە ناوی بازرگانییەوە جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی بەشێک لە پێشمەرگەکانی باشووری دابین دەکرد.

لە جەریانی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ دا یەکێک لە هاوکارانی نزیکی شەهیدان مەلا ئاوارە و سولەیمان موعینی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە پاش دەستگیرکرانی مەلا ئاوارە بە ناچاری لە بەر ئەوەی نەکەوێتە مەترسیی دەستگیرکرانی لە لایەن رێژیمی شاوە، پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە.

لە باشووردا لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە پاش تێکشکانی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ گەڕابوونەوە باشووری کوردستان، یەک دەگرنەوە و تێکۆشانی حیزبی دەست پێدەکەنەوە.

هەر لەو سەردەمانەدا کە ماڵی لە قەڵادزێ بووە دەکەوێتە بەر هێرشی پیاوەکانی رێژیمی شا و نارنجۆکی دە ماڵەکەی دەهاوێن کە بە خۆشییەوە زیانی گیانی لێ ناکەوێتەوە.

لە دوای نسکۆی ٤٧ کە ئەندامانی حیزب بە هۆی ناکۆکی لە شێوازی بەرێوەبردنی ئەرکی حیزبیدا لێک هەڵبڕابوون بە هیممەتی بەشێک لە کادرە سەرەکییەکانی حیزب یەک دەگرنەوە و کۆنفرانسی سێهەمی حیزبی دەگرن، لەو کۆنفرانسەدا کاک کەریم وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەی تا گیرانی کۆنگری سێهەم بە ئەستۆوە بوو.

لە کۆنگرەی سێهەمیشدا کاک کەریم بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێتەوە، لەو کۆنگرەیەدا کاک کەریم بە هۆی لێهاتوویی و خۆشەویستییەوە زۆرترین ژمارەی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وەدەست دێنێ.

لە پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی کادر و رێبەرایەتیی حیزب بۆ ناوخۆی وڵات کاک کەریم وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دیاری دەکرێ و رێکخراوی شارستانی سەردەشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکاتەوە.

لە دوای کۆنگرەی چوارەمی حیزب، کاک کەریم وەک ئەندامی موشاویری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ .

لە پاش دامەزراندنی ستادی پێشمەرگە (شوورای نیزامی) کاک کەریم وەک ئەندامی ئەو ستادە دیاری دەکرێ، دوای گیرانەوەی شاری مەهاباد لە لایەن رێژیمەوە کاک کەریم ئەرکی فەرماندەیی هێزی شەهید موعینیی پێ دەسپێردرێ و هاوڕێ لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی ناوچەی سەردەشت وەک کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی دەستبەکار دەبن و بۆ چەند ساڵ ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە.

کاک کەریم پاش کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک بەرپرسی بەشی تەداروکاتی نیزامیی حیزب دیاری کرا و هەتا دوای کۆنگرەی شەشەمی حیزب و تەمەنی ٦٥ ساڵی ئەو ئەرکەی بەرێوە برد.

کاک کەریم لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی خانەنشین دەبێ و وەک ئەندامێکی بەوەفا و باوەڕپێکراوی حیزب لەگەڵ خەت و رێبازی حیزبەکەی مایەوە.

لە کونگرەی حەوتەم و نۆهەمی حیزبدا بە هۆی باوەڕپێکراوی و خۆشەویستییەوە وەک میوان بەشداری کۆنگرە بووە.

لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٩٩٢ی زایینی(١٣٧١ کۆچی هەتاوی) وەک پەنابەر کوردستانی بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە و لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی ڕووی لە  وڵاتی سوئێد کرد و هەتا دواماڵاوایی هەر لەو وڵاتە مایەوە.

لە ماوەی ساڵانی نیشتەجێ بوونی لە سوئێد وەک ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رێبواری رێگای شەهیدان پێشەوا قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی بە خەبات، دا و هەر بەو هۆیەوە خۆشەویست و باوەڕپێکراوی دۆستان و هاوڕێیانی بوو و رێز و حورمەتێکی زۆری لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە لێدەگیرا.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی هاوڕێ و هاوسەنگەری بەوەفا کاک کەریم حەداد پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری ناوبراو، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و خەڵکی کوردستان بەتایبەت شاری سەردەشت دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.

….

ڤیدیۆ، دیدارێک لە گەڵ نەمر کەریم حەدداد کە یەکەم جارە بڵاو دەکرێتەوە، ساڵە نەڵۆسی

 

//www.youtube.com/watch?v=Wfpn0o8n0X0

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی