"an independent online kurdish website

 ڕۆژانێک، لە نێو چەپەکانی ئێمەدا باو بوو؛ هەرچی لە مۆسکۆ دەگوترا ڕاست بوو و ئەوەی دیکە هەمووی درۆ و دەلەسە بوو،  کە دوژمنانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بۆیان هەڵدەبەست.


وای لێهاتبوو، تۆ کە هەڵوێستێکی جیاوازت لەوان هەبوو، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی سیستەمی سوسیالیستیدا دەتخوێندەوە، دەکەوتیە بەر هێرش و تانە و تەشەری لایەنگرانی بە ڕواڵەت سۆسیالیزمی باو، “موجود”. لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری کتێبەکانیش لە لایان دەروێشەکانی مۆسکۆ وەردەگێڕدرانە سەرزمانی فارسی. ئەوەی بە کوردیش هەبوو، زۆرتر هەر لە لایان حیزبی شیوعی یەوە وەرگێڕدرابوون کە زۆربەی نێوئاخنەکەیان پێهەڵگوتن بە پێشکەوتنەکانی وڵاتانی سۆسیالیستی و کۆمەڵگای ئارمانی کۆمۆنیستی بوو.

هەڵوێستی حیزبەکانی لایەنگری  یەکێتی سۆڤیەتی  بە پێی هەڵوێستی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕی بە سەردادەهات. ڕێژیمێکی دواکەوتووی وەک کۆماری ئیسلامی ببۆ نوێنگەی ئەو حیزبانە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەیانگوت دژی ئیمپێڕیالیستی یە، بەڵام لە ڕاستیدا مەسڵەحەتی یەکێتی کۆمارەکانی شوڕەوی ئاوای دەخواست. دیتمان کە چریکەکان، “اکثریت”  و حیزبی “تودە”، چیان بە سەرهات.

ماوەیەک، بنکەکانی “حیزبی شیوعی ئێراق”، لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بوون و بەشێکی زۆریان لە شوێنێکی نیزیک گوندەکەی ئێمە، بە ناوی “دۆڵە سێو” بوون. ئەوان لە ڕێوڕەسمەکانیاندا پەسنی وڵاتانی سۆسیالیستی و بە تایبەت شوەڕەوییان دەکرد. کە پرسیاری پێوەندی خۆیان و ئێرانت لێ دەکردن، وڵامیان دەدایەوە؛ کە ئێمە وەزعمان لە گەڵ کۆماری ئیسڵامی زۆر باشە. کۆماری ئیسڵامی دژی ئیمپڕیالیستە و حیزبی دێموکڕات بێ هۆ لە گەڵ کۆماری ئیسڵامی شەڕ دەکات. ئەودەم تازە هێدی هێدی چاوم دەکرایەوە و دەستم بە خوێندنەوە کردبوو، بەڵام هەرچەند دەمکرد بۆم وەسەریەک نەدەکەوتەوە کە چۆن کۆماری ئیسلامی و حیزبێکی کۆمۆنیست دەکرێ ببنە دۆستی یەکتر؟

چەند ساڵێک دواتر کە کۆماری ئیسڵامی، دامودەزگای حیزبی تودە و چریکەکانی تێکەوە پێچا، هەڵوێستی حیزبی شیوعیش ئاڵوگۆڕی بە سەرداهات. ئەوجار بوونە دژی کۆماری ئیسلامی و دۆستی حیزبی دێموکڕات.

یەکەم کتێب کە بە پێچەوانەی هەموو ئەو کتێبانەی پێشتر لە بارەی سوسیالیزمی باودا

خوێندبوومنەوە کتێبێک لە ژێر ناوی The New Class

    لە نووسینی “میلوان جیلاس” نووسەری یۆگۆسڵاوی بوو. ناوبرا پێشتر جێگری “ژینڕاڵ تیتۆ”، سەرۆکی ئەوکاتی حیزبی کۆمۆنیست و هەروەها سەرۆک کۆماری یۆگۆسڵاوی بوو بوو. بە هۆی ڕەخنە گرتن لە سوسیالیزمی باو توشی دوورخستنەوە لە حیزب و زیندان هاتبوو. ئەو کتێبەش لە نێو کۆماری ئیسلامیدا وەرگێڕدرابۆوە سەر زمانی فارسی زۆر بۆ پشت پێ بەستن نەدەبوو. دەڵێن ئەوەی لە نێو خۆوە دەبیسترێ وەک گەوهەری نایابە.

———

بەسەرهاتی کەسێکی ئاڵمانی بە نێوی “کارڵ فریتش”٭، کە دایک و بابی بە هۆی ئەندامبوونیان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان دا، دەنێردرێنە ئۆردوگای کاری ئیجباری. بابی برینداری شەری یەکەمی جیهانی بووە و هەر لە نەخۆشخانەش لە گەڵ دایکی کاڕڵ کە پەرستار دەبێت، یەکتر دەناسن. بابی کاڕڵ ئەندامی بەڕێوبەری حیزبی کۆمۆنیست لە شاری بێڕلین بووە و دایکیشی هەرچەند لە بنەماڵەیەکی نێونجی دەبێت بەڵام بۆ خاتری هاوسەرەکەی هەمووی ئەوانە وەلا دەنێ و ئەویش دەبێتە کەسێکی چالاکی حیزبی کۆمۆنیست.  مانگی فێورییەی ۱۹۳۳، مانگێک پێش هەڵبژاردنی پاڕلمانی، بە پێی بەرنامەیەکی ڵە پێشدا داڕێژراو، باڵەخانەی پاڕلمان

   Gestapo ئاور دەدرێ و پۆلیسی نهێنی ، دەیداتە پاڵ حیزبی کۆمۆنیست. بەمجۆرە ڕێگا بۆ سەرکوتی ئەو حیزبە خۆش دەکرێت.

بە دوای ئەو ڕووداوەدا، شەپۆلێکی گرتن و ڕاوەدوونانی ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیست دەست پێدەکات، کە دایک و باوکی کاڕڵیش وەبەر دەکەون.

بابی کارڵ دوای ساڵێک مانەوە لە ئۆردوگای کاری ئیجباری بە بیانووی بەشداریکردن لە پیلانی هەڵاتنی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبەکەی لە لایان  چەکدارانی ئێس ئێس” ەوە.SS، پارێزەرانی زیندانەوە،” دەکوژرێت. کارل بە هۆی کاریگەری دایک و بابی زوو پێوەندی بە ڕێکخراوی لاوانی حیزبی کۆمۆنیست ەوە دەکات. دواتر بە هاندانی بەرپرسانی حیزبەکەی پێوەندی بە ڕێکخراوی لاوانی ناسیۆناڵ سۆسیالیستەوە دەکات. دوای ماوەیەک ئاشکرا دەبێت و دەینێرن بۆ ئۆردوگای کاری ئیجباری. بە هۆی چالاکیەکانی چاوەڕوانی حوکمێکی توندتر لە ئۆردوگای کاری ئیجباری بۆ ناوبراو دەکرا، بەڵام بە هۆی کەمی تەمەن، حوکمێکی بە ڕواڵەت سوکتری بۆ دەبڕێتەوە. لە بەر ئەوەش ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیست لە نێو ئۆردوگاکە لێی دڕدۆنگ دەبن و پێوەندی پێوە ناگرن.

دواتر بە هۆی ئاگاداری زۆری لە سەر کەسانی دەستڕۆیشتوو لە نێو حیزبەکەیدا جێگای خۆی دەکاتەوە. ناوبراو باس لەتەشکیلاتی پتەوی حیزبەکەی لە نێو ئۆردوگاکانی کاری ئیجباریدا دەکات، کە سەرەڕای پارێزگاریەکی توند و تۆڵ، بەڵام ئەوان پێوەندییان لە گەڵ دەرەوە هەر بەردەوام دەبێت.

شتی جێگای سرنج ئەوەیە، کە گرتن و ڕاوەدوونانی ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیست هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری هیتلێرەوە دەست پێدەکات و تا دوایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانیش هەر بەڕدەوام دەبێت. تەنانەت ئەو دەمانەی کە ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی سۆڤیەتی و ئاڵمانی نازیش مۆرکرابوو، ئازاری ئەوان هەروا بەردەوام بوو و یەکێتی سۆڤیەتیش هیچ هەڵوێستێکی لەو بارەوە نەبووە. بە پێچەوانەی هەڵوێستی یەکێتی سۆڤێەتی، ئەوان هەروا بە تەمای گەیشتن بەو ڕۆژە بوون کە ئاڵمانیش وەک ئەوێ ببێتە وڵاتێکی سۆسیالیستی بە ڕێبەرایەتی چینی کرێکار و پێشەنگەکەی حیزبی کۆمۆنیست.  

ئەوەی جێگای تێڕامانە، بوونی کەسێکی بە ڕەگەز ئاڵمانی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان، کە پێشتر لە ترسی ڕاوەدوونانی گێشتاپۆ ئاوارەی شۆڕەوی دەبێت، بە تاوانی جاسوسی بۆ ئاڵمانی  نازی دەگیرێ و دەنێردرێتە سیبری بۆ ئۆردوگای کاری ئیجباری. دوای ڕێککەوتنی ڕیوێنترۆپ مۆلۆتۆف٭٭ دەنێردرێتەوە ئاڵمان و لەوێش دووبارە دەنێردرێتەوە ئۆردوگای کاری ئیجباری.

کاتێک هێزەکانی ئاڵمان هێرش دەکەنە سەر شوڕەوی و دەست بە گرتن و ناردنی خەڵکی ئەو شوێنانە، بە تایبەت لاوان و مێرمنداڵان، بەرەو ئۆردوگاکان دەکەن و بەرەو ئەو ئۆردوگایانەیان دەنێرن. هێنانی لاوان و مێرمنداڵانی ئەو وڵاتانە زۆرتر بە مەبەستی تاقیکردنەوەی چەکی شیمیایی و بیۆلۆژی لە سەریان بووە، گوتەی کاڕڵ.

ناوبراو، بە گوتەی خۆی، بە هۆی زیرەکی خۆی و ناسیاوی زۆر لە نێو ئۆردوگای شابسن هاوسێن دا، لە دەفتەری کاری ئۆردوگاکەدا کاری پێدەسپێردرێت. کاری سەرەکی ناوبراو ڕێکخستنی ئەو لیستانە دەبێت، کە پیاوانی “ئێس ئێس” دەیاننێرن  ئۆردوگاکانی دیکە یان بۆ کورەکانی گازی لە لێهستان، پۆڵۆنیا.  کاتێک بە مەبەستی پاراستنی ژمارەیەک مێرمنداڵ لە ناردنیان بۆ تاقیکردنەوەی چەکی شیمیایی و بیۆلۆژیک، ئەوان بە تووشبوو بە نەخۆشی و نەگونجاو بۆ بەڕێکردن پەنا دەدەن، لێیان وەشک دەکەون. زیندانوانەکان، بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی بە ناو نەخۆشیەکە، بڕیار دەدەن شوێنی مانەوەی منداڵەکان ئاور تێبەر بدەن. لە گەڵ کەسێکی دیکەی هاوڕێی لە چەکدارانی ئێس ئێس وەدەست دێن و ژمارەیەکیان لێ دەکوژن. ژمارەیەکی زۆریش لە منداڵەکان لە سوتان ڕزگار دەکەن، بەڵام بۆ خۆیان دەگیرێن و زۆر ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. کوشتنی تەنانەت چەکدارێکی ئێس ئێس، حوکمی ئیعدامی بە دواو بووە، بەڵام کارڵ، بە هۆی هاوڕێیەتی پێشووی لە گەڵ ئەفسەری لێکۆڵینەوە، حوکمی پێوەندیکردن بە ئەرتەش و ناردن بۆ بەرەی ڕۆژئاوا، واتە “نۆروێژی”، بە سەردادەبڕێت تا ڵەوێ وەک وەرگێڕ کار بکات. ناوبراو لە ئۆردوگادا لە گەڵ ڕۆژنامەوانێکی نۆروێژی ئاشنا دەبێت و فێری زمانی نۆروێژی دەبێت.  ‌لە نوروێژ پێوەندی بە بزووتنەوەی ژێرزەمینی ئەو وڵاتەوە دەکات و هەر کەس کە دەگیرێ و ناوی ئەندامانی دیکە دەدرکێنێ، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە و بەمجۆرە، لە، لەداوکەتن دەیانپارێزێت. دوای ماوەیەک بڕیار دەدات کە لە سوپای نازی ڕابکات و پێوەندی بە بزووتنەوەی ژێرزەمینی نۆروێژەوە بکات. کاتێک خەریکی گوێگرتن لە ڕایەڵەی پێوەندی ئاڵمانیەکان دەبن، بە هۆی کەسێکی نۆروێژی کە پێوەندی بە ئاڵمانیەکانەوە هەبووە شوێنەکەیان ئاشکرا دەکرێ و هەموو ئەوانەی لەوێن بە دیل دەگیرێن. ئەو کە هەوڵی دابوو هەڵبێت تەقەی لێ دەکرێت و بریندار دەکرێت وپاشان بە دیل دەگیرێت. بەشێک لە نۆروێژیەکان ئیعدام دەکرێن، بەڵام ئەو بە هۆی بریندارییەوە ئێعدامکردنکەی وەدوا دەکەوێت. شانسی ناوبراو ئەرتەشی سوور لە بێڕلێن نیزیک دەبێتەوەو هێزەکانی ئاڵمانی نازی خۆیان بە دەستەوە دەدەن و بەمجۆرە ئەو ڕزگاری دەبێت. سەرەڕای ویستی خۆی کە دەیەوێ لای ژنە نۆڕوێژییەکەی لە نۆروێژ بمێنێتەوە، بەڵام دەنێردرێتەوە ئاڵمان. لەوێش دووبارە دەکەوێتەوە زیندان، بەڵام زیندانی هێزەکانی ئەرتەشی سوور. دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێت، بەڵام هەر لە ژێر چاوەدێری دادەبێت. بە هۆی ناسینی بەرپرسانی پایەبەرزی حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان، کاری بڕێک باش دەچیتە پێش. دواتر بە هۆی زیرەکیەوە داوای لێدەکرێت وەک مامۆستای دوا ناوەندی کار بکات. داوای لێدەکرێ هەموو جموجۆڵەکان وەک ڕاپۆرت بداتەوە بە هێزکانی ئەرتەشی سوور. کارێکی دژوار دەبێت لاوانی ئەندامی پێشووی لاوانی ناسیۆناڵ سۆسیالیست بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە گوێڕایەڵ بن و ئەوان هەروا لە دونیای خەیاڵاتی خۆیاندا دەژین. بێ ئەوەی ئەو ئاگادار بێت، ڕۆژانە لە ژمارەی قوتابیەکانی کەم دەبێتەوە. بەشێکیان دەکەونە زیندان و بەشێکیشیان پێوەندی بە شانە بە جێماوەکانی نازییەوە دەگرن. باسی وەزعی حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان دەکات کە چکۆڵەترین شتیان بێ بڕیاری سوپای سوور    کا گ بێ٭٭٭، نەکردووە. بەشداری لەKGB هاڵبژاردن و دیاریکردنی کاندید، هەمووی ئەوانە دابووایە ڕەزامەندی سوپای سووری لە سەر بایە. هەموو ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان دەبووایە ڕاپۆرتی ڕۆژانە بدەنەوە. بە دوای شکانی ئاڵمانی نازی و هاتنی ئەرتەشی سوور شەپۆلێکی دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی ئاڵمانی دەستی پێکرد. هەر چەند هەموو ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان ئاگاداری ئەو کارەی سەربازانی ئەرتەشی سوور بوون، بەڵام مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیان نەبووە.  کاڕڵ، لەوێش بە هۆی نەدانەوەی ڕاپۆرتی ڕۆژانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناچار بە هەڵاتن بۆ بەشی ڕۆژئاوای شاری بێڕلین، کە ڵە ژێر چاوەدێری هێزەکانی ئەمریکادا بووە، دەبێت. دوایین جار ڵە سوئێد نیشتەجێ دەبێت.  لە وڵاتی سوئێدیش پێوەندی بە حیزبی چەپی ئەو وڵاتەوە دەکاتەوە، کە لەوێش دەرفەتی ڕەخنەگرتن لە شوڕەوی و ستالین نابێت.

نێوی کتێبەکان:

٭En värld att vinna;  Anna Fröding

Hopp och ruiner; Anna Fröding

٭٭ ڕێککەوتنی نێوان وەزیرانی دەرەوەی یەکێیەتی سۆڤیەت و ئاڵمانی نازی بۆ دابەشکردنی ئوروپای ڕۆژهەڵات و هێرش نەکردنە سەر خاکی یەکتر. دواتر ئاڵمان ئە ڕێککەوەتنەی وەژێر پێناو و هێرشی کردە سەر شۆڕەوی، کە هەر ئەوەش وەک گەۆرەترین هەڵەی هیتلێر لە شەڕی دووهەمی جیهاتیدا لە قەڵەم دەدرێت.

٭٭٭ سازمانی جاسوسی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی