"an independent online kurdish website

لەگەڵ زیادبوونی دیاردەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە نێوان گەنجان و لە زانكۆ و قوتابخانە و قاوەخانەكانەوە، فەرماندەی پۆلیسی بەسڕە رای گەیاند كە سەرچاوەی هاتنی  مادەی هۆشبەر بۆ بازاڕەكانی پارێزگاكە ئێرانە،


لەو كاتەی حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر دووپاتی دەكاتەوە كە ئێران و ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەكی هاتنی مادەی هۆشبەرن بۆ عێراق.

 

زاملی روونی كردەوە نزیكەی دوو هەزار و 650 بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەكانن، بەڵام بازرگانانی مادەی هۆشبەر بە بەردەوام لە سزال رزگاریان دەبێت، چونكە ئەوان سەر بە پارتە سیاسییەكانن. بۆیە چەند لایەنێكی سیاسی لەو كارە تێوەگلاون، ئاماژەی كرد، لەو پرسانەی پێوەستە بەو بازرگانییە بارستەیەكی سیاسی هاتە سەر خەت بۆ ئازادكردنی بازرگانێكی مۆز كە نیو تۆن مادەی كۆكایینی لە ئیكوادۆرەوە شاردراوە لەناو سندووقی مۆزەوە هێنابووە عێراق. بۆیە دەستوەردانی سیاسی چەند پارتێكی سوودمەند لەو كارە بوونە هۆی گۆڕینی دادوەری سەرپەرشتیاری دۆسییەی ئەو بازرگانە و ئازادیان كرد.

زاملی دەڵێت، تەنانەت قوتابخانەكانی كچانیش رزگاریان نەبووە لە مادەی هۆشبەر، بۆیە هێرشێكی رێكخراو بۆ سەر گەنجانی كوڕ كچ لە قوتابیانی ئامادەیی و زانكۆكانیش هەیە بۆ ئالوودەكردنیان.

 زاملی دووپاتی كردەوە كە لە ناوچەكانی قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای دیالە و لە دەوروبەری پارێزگاكانی سلێمانی و قادسییە و میسان كێڵگەی چاندنی رووەكەكانی خشخاش و قنەب هەیە، بۆیە پێویستە حكوومەت و هۆزەكان رووبەڕووی ئەو كارەساتە ببنەوە كە بەتایبەتی لەناو توێژی گەنج و رواڵەكان خەریكە بڵاو دەبێتەوە.

 سەرچاوەكانی تەناهی لە بەسڕە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رۆژانە 10-15 كەس لە نێوان بەكارهێنەر و بازرگانی بچووكی مادەی هۆشبەر دەگیرێن، بۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی خێرای ژمارەی بەكارهێنەران پۆلیس پێویستی بە بەهێزكردنی تواناكانی هەیە.

 فەریق روكن رەشید فلەیح، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسڕە بەم دواییە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرای كرد كە 80%ی بازاڕی مادەی هۆشبەر لە پارێزگاكە لە ئێرانەوە ئەو مادەی بۆ دێت، دووپاتی كردەوە كە فەرماندەیی پۆلیسی بەسڕە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە بۆ دەستكردن بە هەڵمەتێكی فرەوان لەسەر سنوورەكانی زەوینی بەسڕە كە 94 كیلۆمەترە.

 فلەیح ئاماژەی كرد كە هاوئاهەنگی لە نێوان سەركردایەتی كردەوەگەلی بەسڕە و فەرماندەیی پۆلیسی سنوورە و پێكهاتەكانی تری تەناهی كراوە بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكان، بۆیە پێویستە لایەنی دادوەری ئاستی سزاكان بۆ بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەرز بكەنەوە، جیا لەوەی پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێكردن سزای لەداردان بۆ بازرگانانی مادەی هۆشبەر ببڕێتەوە بە مەبەستی سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە نێوان گەنجانی ستەملێكراو، هەروەها روونی كردەوە كە رەزامەندی پارێزگاریشی بەدەست هێناوە بۆ دابینكردنی تەلارێك بۆ چارەسەركردنی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر و جیاكردنەوەیان لە بازرگانانی مادەكە لە گرتووخانەكاندا. 

 دوای چەند رۆژێك لەو لێدوانەی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسڕە بەوەی 80%ی مادەی هۆشبەری دێتە عێراق سەرچاوەكەی ئێرانە و 20%ی تری وڵاتانی ترن لەوانە كوێت، تاران بواری نەدا ئەو لێدوانە بێ وڵامدانەوە تێپەڕ بێت، ئەمڕۆ پێنجشەم لەسەر زاری محەمەد ئیسماعیل، بەرپرسی راگەیاندن لە كونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە بێزاری وڵاتەكەی لەو لێدوانانە دەربڕی و بە خراپەكاری بۆ ئێرانی لەقەڵەم دا كە زیان بە پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت.

 ئەو بەرپرسە ئێرانییە وای پێشان دا كە ئێران قوربانی داوە بۆ ئەوەی مادەی هۆشبەر نەگاتە عێراق و ئاماژەی بۆ كوژرانی پێنج هەزار كارمەندی تەناهی ئێرانی كرد لەسەر سنوورەكانی عێراق لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی قاچاغچییەكانی مادەی هۆشبەر بەوەی نەیەڵن بگات بە خاكی عێراق.

 هاوكات سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرای كرد كە ئێران لە لێدوانەكانی فەرماندەی پۆلیسی بەسڕە تووڕە بووە و لە بەرانبەردا بەڵێنی گۆڕین و گواستنەوەی لە نزیكترین كات وەرگرتووە.

 لای خۆیەوە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند كە زیاتر لە شەش هەزار و 700 گیراو هەن بەهۆی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق و دووپاتی دەكاتەوە كە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق بووەتە دیاردە و هەڕەشە بۆ سەر خێزان و كۆمەڵگا دروست دەكات، بەتایبەتی توێژی گەنجان دەكاتە ئامانج.

 فازڵ غەڕاوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە 20ی ئەم مانگە بڵاو كرایەوە دەڵێت، كۆمسیۆنەكە گوتەی زیاتر لە 100 بەكارهێن و بازرگانی مادەی هۆشبەری تۆمار كردووە و ئاماژەی كردووە كە رەگەزی نێر زیاتر بەكاری دێنن بە رێژەی 89.79% كە شەش هەزار و 672 گیراویان هەیە، هەرچی رەگەزی مێیە رێژەی بەكارهێنانیان 10.2%یە كە دەكاتە 134 گیراو.

 زیاتر گوتی، گەنجەكان زیاترینن كە مادەی هۆشبەر بەكار دێنن بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی 29-39 ساڵ بە رێژەی 40.95% و دوای ئەوەیش لە تەمەنەكانی 18-29 ساڵ بە رێژەی 30.23%.

 غەراوی دووپاتی كردەوە بەپێی لێدوانەكان هۆكاری پەنابردنی ئەوان بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر هاوڕێی خراپ و بەكارهێنەرانی تری مادەكە بووە بە رێژەی 41.66% و بۆ لەبیرچوونەوەی دۆخی خراپی دەروونی و ئابووری و سۆزداری بە رێژەی 29.1%.

 ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ئاماژەی كرد كە زیاترین ئەو مادە هۆشبەرانەی لە عێراق بەكار دەهێنرێن بریتیین لە كریستاڵ بە رێژەی 37.3% و حەبی “سفر-1” بە رێژەی 28.35% و جۆری تری دەرمانی هێوركەرەوە، دووپاتی كردەوە كە نەبوونی چاودێری خێزانی و هەژاری و بێكاری و خراپ بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا و لاوازیی رێوشوێنەكانی حكوومەت هۆكارن بۆ زیادبوونی دیاردەكە.

 

سەرچاوە:  وشە – مه‌حموود ئیسماعیل

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی