"an independent online kurdish website"

  ڕێککەوتن لە گەڵ فارس و نەتەوەکانی تردا و واژۆکردنی هەر لێكتێگەیشتنێك، لازمە ڕەنگدانەوەی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی هەر حیزبێکی سیاسی بێ و لادان لەو خاڵە جەوهەریە، ژێرپێنانی دەستووری گشتی ڕێکخراوەکە لە تەواویەتی خۆیدا دەگەیەنێت و ناکرێت ماف و خواستی نەتەوەیی لە بەرچاو نەگیرێت و بە خوانێکی بچکٶڵەیی بگۆڕدرێتەوە!


دیاریکردنی سنوور و سەراوردی جوگڕافایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لازمە نێوەرۆکی هەر لێكتێگەیشتن و ڕێککەوتنێك بێ و کورد وەك نەتەوەیەك کە وڵاتەکەی داگیرکراوە، بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و دانیشتن لە گەڵ هێز و لایەنی تری ئێرانیدا بکات.

 

چوونکی زۆر زەروورییە جەوهەری خواستی کورد ڕەنگاندانەوەی ئەو جۆرە پێکەوە کارکردنە بێت بۆ داهاتووی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

هێزە کوردیەکانی دژبەری ڕێژیمی ئاخوندی ئێران کە مێژوویەکی گەلێك تاڵوناخۆشیان لە گەڵ ئەو حکوومەتدا هەیە، سەبارەت بە بنەمای فیکری و تێڕامان و خوێندنەوەیان لەبابەت فرەنەتەوەیی بوونی وڵات و ماف و ئازادی گەلان، بەوڕادەیەش کورد ئەزموونی ناخۆشی لە گەڵ کۆی نەیارانی تاران کە نوێنەرایەتی بیری شۆڤێنیانەی فارس دەکات، هەیە و هەر ئەو ڕەوتەش دەتوانێت لە داهاتووی سیاسیدا گەورەترین زیان بە شۆڕشی سەرانسەری و پرسی نەتەوەی بگەیەنێتتەوە، ئەگەر بە وریای لە گەڵیاندا نەڕۆینە بەرەوە.


حیزبی دێمۆکڕاتی کوردسیانی ئێران وەك هێزێکی میللی دێمۆکڕات کە بە ئاڵاهەڵگری بیری نەتەوەیی ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕایی پابەندبوونی بەبەرنامەی سیاسی و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی خۆی، زۆر گرینگە ڕەچاوی ڕەساڵەتی مێژووی و ستڕاتیژی نەتەوەیی بکا و هەر جۆرە ڕێککەوتنێك کە ئەنجامدەدرێت لە گەڵ هەر لایەنێكدا، لەسەر ئەساسی خوێندنەوەیەکی زانستی و وشیاری سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە.


بارودۆخی سیاسی کوردستان بەداخەوە بە هۆی ئەو داگیرکارییەی کە بەسەریدا سەپێنراوە، بەشێکی زۆری خەکەکەی لەبەردەم هەڕەشەی شێواندن و مەترسی گەورەدایە و دانیشتن و کۆبوونەوە و پێك هاتن لە گەڵ نوێنەرانی گەلانی ئێران و یەك لەوانیش فارسدا، دەبێت لە سەر بنەمای جوگرافایی سیاسی و نەتەوەییدا ئەنجام بدرێت. سەرەتا لازمە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە سنوور و سەراوردە جوگرافیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەواوی دەست نیشان بکرێن و دیاری بکرێت سەروەری سنووری کوردستان لەکوێ وەدەست پێدەکات و تاکوێ درێژ دەبێتەوە.


بۆ مەبەست و ئامانجێکی لەو چەشنەش بێگوومان، بیرکردنەوە لە هێڵێکی تۆکمەی گشتی نەتەوەیی و کۆدەنگی و یەك بڕیاری سیاسی لە نێوان هێزە کوردیەکاندا، زەروورەتێکی گەورە و مێژوویە و نابێت کورد ئەو جارەیان دەرفەت لەدەستبدات و هەر هەنگاوێك دەیهاوێژێت گونجاوترە زۆر بە ژیری و هەستیارییەوە بێ و ڕەچاوی بارو دۆخی سیاسی و ململانەی نێوخۆی وڵات بکات.

کاتێك  باس دێتە سەر روخاندنی ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی و پرسی سیاسی و نەتەوەیی لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا و شکڵ و جۆرەکانی حوکمڕانی و چۆنیەتی بەڕێوەبرنی ئێرانی فرەنەتەوەیی. لانیکەم بەلایی گەلی  کوردەوە،  وەك پرسێکی گرینگ و هەستیار باسی گەرمی  لەسەردەکرێت و لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیا جیایی بەدوایخۆیدا هێناوە و بەشێك لە بژرادە و ڕۆشنبیرانی نێو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لەسەر ئەو بڕوایەن کەبەداخەوە بەرخۆدانی ڕزگاریخوازی خۆی لە یەك گوتاری رامیاری و بنچینەکانی مافی نەتەوەیدا نەدۆزیوەتەوە و لەوبوارەدا دەبێت بەڵێین بەداخەوە هێشتا لە قۆناخی دەڵەمەیدایە و بە تەواوی خۆی نەگرتووە.

سەرەتا دەبێت خوێندنەوەیەکی نوێ و ستڕاتیژی بە نێوکۆی پرۆسەی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکرێ و هەموو لایەك لەو ڕاستییە بگەن کە سیستمی کۆنفیدڕاڵی باشترین بژاردەی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتییە لە وڵاتێکی فرە پێك هاتەی وەك ئێراندا.  گەلی کورد کاتێك دەتوانێت ئامانجی ڕزگاری سیاسی و نەتەوەیی دەستەبەربکات کە بە سازانێکی نیشتیمانی لە گەڵ نەتەوەکانی وڵات لەسەر دەستوورێك ڕێك بکەون کە دەرفەتی جیابوونەوە بە هەر نەتەوەیەك بدرێت کە بە شێوەی دڵخوازانە بۆتە بەشێك لەحکوومەتی کۆنفیدڕالێ.

 دەستووری ئێران بە جۆرێك تەنزیم و ڕێکبخرێت کە مافی وەك یەك بە هەموو نەتەوەکانی پێك هێنەری قەوارەیی نوێی وڵات بدات و، کە هەر کات و ڕۆژێك مەیلیان هەبێت، بتوانن جیا ببنەوە و دەوڵەتی خۆیان ڕابگەیەنن بێ ئەوەی حکوومەتی دێمۆکڕاتیکی ئێران دژایەتی خواستەکەیان بکات.

 هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نوێنەرایەتی ئیدارەی گەل دەکەن، لازمە لەسەر پڕۆژە دەستوورێك کە ڕەنگانەوەیی  خواست و ئامانجی بنەڕەتی خەڵکی کوردستان بێت لە چەند خاڵێكدا ئامادە و بە ئاگاداری بیرورایی گشتی بگەیەنن.

 بەشێك لە بژاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی  و خۆش فیکرەکانی ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بە نائومێدیەوە ڕوانینی خۆیان سەبارەت بە پێشهات و ئەگەری گۆڕانکاری گەورە لە ئێراندا دەخەنە روو و هەموولایەك لەسەر ئەوەی کۆکن کە کورد گرینگە ئامانج و ستڕاتیژی دیاری نەتەوەیی خۆی هەبێ و ئەو بابەتەش وەك داخوازی سیاسی کورد گەڵاڵە بکرێ.

گەلی کورد لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی وەك ئێراندا چی دەوێ و چۆن مافی خۆی داوادەکات، خاڵێکی هەستیار و جەوهەرییە و نیازی بە ڕوانینی فراوان و وردی هێزە سیاسی و بژاردەکانی کوردستان هەیە.  بەسەرنجدان بە سروشتی سیاسی و پێك هاتەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ئێران، بەجێیە ئەگەر  هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات بەرنامەی روونی خۆیان کە ڕەنگدانەوەی کۆدەنگی سیاسی و نەتەوایەتی کوردە، لە چەند خاڵێكدا کۆنکرێت ڕابگەیەندرێت و بۆ بە ئاکام گەیاندنیشی،  زەروورییە کە بە سازانی نیشتیمانی بڕیار لە سەر چارەنووسی حکوومەتی داهاتووی ئێران بدرێت و هەر بە یاساش دەستی زاڵبوونەوەی نەتەوەیەك بە سەر پرۆسەی سیاسیدا بۆ هەمیشە دەمار بڕبکرێ.

  دیارە ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوکەیەش بەدڵنیایەوە  هەر لە خۆیەوە نابێت و بە بارودۆخی سیاسی و پەیوەندی هێزە کوردستانیەکانی گرێدەدەن و دەپرسن، ئاخۆ بڵێی شۆڕشی کوردستان ئەو جاریش بتوانێت شتێك بۆکورد بکا و مافەکانی زامن و دەستەبەربکات لە ئێرانێکی کۆنفیدڕاڵی و دێمۆکڕاتیكدا؟

 یان ئەوەتا بەشی کورد هەر ئەوەیە کە ژێردەستە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی تر لە گەمەسیاسیەکاندا بەشداری بکات و دەرفەتی ئەوەی نەبێت بپڕژێتە سەر ئامانجی ئەو خەباتەی کە لە مێژساڵە بە دژی داگیرکاری و ستەمکارەکان لە کوردستان تێدەکۆشن. هەموومان ئەزموونی زۆر ناخۆشمان سەبارەت بە جووڵانەوەی سیاسی و بزووتنەوەی  کورد بەگشتی  و هەوڵکەوتە سیاسی و  کۆمەڵایەتی و  شۆڕشەکانی کوردستان هەیە و زۆر جار مێژوو بەسەرکورددا دووبارەبۆتەوە و قەدەری ئەو گەلە  جۆرێك بووە، نەتوانێت دەستکەوتە بەدی هاتووەکانیشی وەك پێویست بەهۆی ناکۆکی و دژایەتی نێوخۆیەکانی بپارێزێت.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بارودۆخێکی هەتا بڵێی  هەستیاردا هەنگاو دەنێ و ، لە هەموو وەختێك زیاتر نیازی بە هاوپشتی و کۆدەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو خۆی  هەیە و یەکگرتنەوە یان لێك نزیكتر کەوتنەوەی هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستان ، ئەو دەرفەتە بۆ کورد دێنێتە ئاراوە کە بتوانێت بە هێزتر لە گەڵ گەلانی تری وڵاتدا سەبارەت بە پرسی نەتەوایەتی قسە و دیالۆگ و گفتوو گۆی ئەنجامبدات. 

مەبەستی ئەو چەند دێرە هەرگیز ئەوەنیە کە دژی  لێك نزیكبوونەوەی هێزێکی کورد لە گەڵ حیزبێکی غەیری کورد دابین، ئەوەی لێرەدا کاکڵی باسەکەیە و  مەبەستمانە باسی بکەین ئەوەیە کە پەیوەندەیەکانیان لە گەڵ هێزە ئێرانیەکانی تر دا لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی ستڕاتیژی نەتەوەیی بەردی بناخەی بۆ دابنرێت. ئەگەر  شتێکی  لەو جۆرە ئەنجام بدرێ بێگوومان هەنگاوێکی گەلێك جەوهەری وباش و زۆر بەسوود دەبێت  بۆ پڕۆسەی سیاسی لە  داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

 بەڵام ئەگەر بێت و لادان لەو چەمکە فیکریە رووبدات و پێمان وابێت موجاهیدین یان سەڵتەنەتخوازەکان دێن و هاسانکاری بۆ بەڕەسمی ناسینی مافی سیاسی گەلی کورد دەکەن، ئەوە هیچ کاتێك پێی ناگووترێت پەیوەندی ژیرانەی سیاسی هێزێکی تێکۆشەری کوردستان لەگەڵ هێزە ئێرانیەکانی تر. ئەو جار کورد دەبێت هەوڵی دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵی لە داهاتووی ئێراندا بدات و دەستووری نوێی وڵات، بەجۆرێك ئامادە و تەنزیمبکرێت کە زامنی پاراستنی مافی نەتەوایەتی گەلانی بەتەواوی تێدا ڕەچاو کرابێ و دەرفەتی بووژانەوەو  سەرهەڵدانەوەی حکوومەتێکی دیکتاتۆرپێك نە یەت.

 ئاخۆ چۆن دەکرێت، کورد داوا لە لایەنێكی ئێرانی بکات، کە مافی سیاسی و نەتەوەیی بەسەلمێنێت کە خۆی وەك کورد تایبەت مەندی مێژووی و نەتەوایەتی هەیە و ناکرێ لە سەر خۆمانی فەرزبکەینەوە و ئەو دیسان بێ و مافی کورد دابین بکات.

 ئەویش چۆن و بە چ شکڵێك؟

زۆرلایەنی تری وڵات هەن کە خۆیان بە دەمڕاست و براگەورە دەزانن کە وەك هێزێکی دێمۆکرات و مێژووی هەرگیز خەباتیان نەکردوە و بێ ئەوەی خۆیان هەستیان پێکردبێت، بەشێکی سیاسەت و تێڕوانینی ئەوانیش لە گەڵ حکوومەتی ناوەندیدا زۆر پێك دەچێت. بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندی بە پێك هاتەی نەتەوەیی و چۆنیەتی ئیدارەکردنی وڵاتدا هەیە لە پاش روخاندنی حکوومەتی ئاخوندیدا.

کەوابوو نەتیجەی خەباتی کورد لە وەها زروف و دەرفەتێكدا، بەرەو کوێ دەڕوات؟  لازمە لەوکاتەدا گوتاری سیاسی و یەکگرتووی نەتەوەیی ڕوون و دیاریکراوبێ و دووربکەوێتەوە لە هەڵوێستی مامناوەندی و شەرمێونی سیاسی لە پەیوەندی لە گەڵ ڕێکخراوە سیاسیەکانی تری ئێراندا کە هەرکامیان خۆیان بە نوێنەری نەتەوەکەیان پێناسە دەکەن.

کێشەی کورد بابەتێکی ئاینی و کولتوری نیە لە ئێراندا و بگرە بەتەواوی پرسێکی سیاسی و نەتەوەییە و بۆ چارەسەرکردنێکی جەوهەریانەی ئەو بابەتەش،  ڕێبەری جووڵانەوەی سیاسی کورد لازمە  هەنگاوی ژیرانەی بەهاوێژێ و بە ڕێککەوتن و دوو قسەی لووسکەی فارس نابێت هەڵ خەڵەتێن و گۆڕی سەربەخۆی هەڵقەنین. باشووریەکان لە کاتی نووسینەوەی دەستووری قێراقدا دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویان لە کیسدا و وەك پێویست نەیان توانی، مافەکانی خۆیان دەستەبەربکەن و بەدەسەڵاتی پارێزگاکان کڵاوێکی گەورەیان خرایەسەر. هەربۆیە ئەو رووداوە  نابێت بەسەر بەشەکانی تری کوردستاندا رووبداتەوە و ڕۆژهەڵات  و بزووتنەوەی سیاسی وەك ئەزموونێك لەو ڕەوتە سیاسی و مێژوویە، تیتوە پەڕۆیەك لە ئاڵوگۆڕەکانی هەڕێمی کوردستان دابڕن!!!

 ئەگەر بێت و لە ئێستاوە بەسەر جەمسەرە جیاواز و دژبەیەکەکاندا دابەشبین و لە هەندێك میحوەردا ناکۆکیەکانی نێوخۆی گەلی کورد دیسانەوە زەمینەی سەرهەڵدانەوەیان بۆ بڕەخسێتەوە و لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا بزووتنەوەی کورد خێرێکی ئەو تۆی بۆ پرۆسە سیاسی و نەتەوەیەکەی نابێت و هەمەن قەدەر دێتەوە بەر دەم سکۆی سیاسی کوردسیان.

محەممەد سلێمانی

27.11.2018

…..

پ م نیوز، هەر بابەتێک لە سایت بڵاو دەبێتەوە بۆچوونی نووسەر خۆیەتی .

نویترین هەواڵ و بابەت