"an independent online kurdish website

بۆ وەبیر هێنانەوەی خۆێنەرانی بەڕێز ، وەک پێشتر باسم کردوە ئە م بابەتە تایبەتە بەو ناوچەیەی کە لە سەرەتا وە تا کۆتایی لە نزیکەوە شاهیدی ڕەوتی روداوەکان و هەروەها هەڵس و کەوتی کۆمەڵەییەکان بووم .


 بۆ هێنانە بەر باسی ڕوداوێکی ماڵ وێرانکەری شەری ناوخۆیی ناکرێت تەنها باسی دەسپێک و شوێنی شەڕەکە و ئاکامە زیانبارەکانی بکەین ( کۆمەڵەییەکان ئەو باسانە زەق دەکەنەوە بۆ بێ تاوان نیشاندانی خۆیان) بەڵکۆ پێویستە بگەڕێینە دواوە بۆ هۆکار گەلێک کە پەیوەندی هەیە بە ئامادە کاری بۆ دروست بونی شەڕ.

 کۆمەڵێک خۆێندکاری ناڕازی لە دەسەڵاتی سیستمی پاشایەتی تێکەڵاوی بەرەی ناڕازیانی شارە گەورەکانی ئێران دەبن کە بە گشتی بە چەپ دەناسران. نوسراو و چاپەمەنیەکانی حیزبی تودە دەوری تەواوی هەبوە لە سەر شێوەی پەروەردە و تێگەیشتن لە خەبات و دژایەتی لەگەل زۆڵم و نا عەدالەتی.

 ئەم تێگەیشتنە چەپ و کومونیستیە دوژمنی سەرەکی و لە ئاشتی نەهاتویی ناسیونالیسم و نەتەوە خوازی بو .پێش لە هەڵسوڕانی ئاشکرای حدکا لە ناوچەکە ئەمانە بیر و هەست و توانای خۆیان تەرخان کردبو بۆ دژایەتی ئەو جەرەیان و لایەنە نادیارانە کە ئەوان بە دوژمنی لە ئاشتی نەهاتوی خۆیان دەزانی. دواتر بۆ هەڵرشتنی ئەو ڕقە پەنگ خواردوە پیرۆزە دەرونیە حدکا یان وەک نوێنەر و ڕێبەری ناسیونالیسم و‌ نەتەوە خوازی کردە ئامانج. کۆمەڵێک بەیت و بالورەیان لە نێو کتێبان بە ئەدەبیاتێکی سەقەت کردبوە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان و وەک جۆرێک جوێن و سوکایەتی لە بەرانبەر ئەوکەسانەی کە باسی کورد بون و کێشەی نەتەوایەتیان بکردایە دەبردە کار.

 لە لایەکی تریشەوە لە کاتێکدا کە بەو تێگەیشتەنە لە ئاشتی نەهاتوە لە ئاست کوردایەتی و نەتەوە خوازیدا بە و ڕادەیە کە ناویان نابو ڕقی پیرۆز ، دوژمنێکی وەحشی و دڵ ڕەق و بێبەزەیی و دواکەوتوو و کۆنەپەرەستیان لە زەینی خۆیاندا دروست کردبو بۆ خۆیان ، هەمو خەو و خەیاڵێکی خۆیان بە ڕاستییەکی بێ ئەم لا و ئەو لا دەزانی ( تئوری تەوتئە هەمو هەست و زەینیانی داگرتبو ) هەر بۆیە بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو دوژمنە بە پلانە خەیاڵییە پلان و بەرنامەی خەیاڵی و سەقەت دادەڕێژن بۆ بە چۆکدا هێنانی ئەو دوژمنە خەیاڵییە.

 هەر وەها بۆ بە کردە کردنی ئەو تێ گەیشتنە تئوریە کرچ و کاڵەی چەپی پرش و بڵاوی ئێرانی چاوێکیشیان لای ڕێنوێنی و یارمەتییە مەبەستدارەکانی ی ن ک بوو .

 ئەگەر بمهەوێت کورتی بکەمەوە ، دوو ڕوانگەی سەرەکی ، دوژمنی خەیاڵی و خۆ بە پاڵەوانی بەرەنگاربونەوەی ئەو دووژمنە زەبەلاحە یەکەم هەنگاوە بۆ ئاڵۆزی و بڵاو بونەوەی ڕق و قینێکی لە ئاشتی نەهاتوی نێوان دوو هێزی چەکدار.

 

لەم پەیوەندییەدا ئیشارە بە چەند نمونەیەک بە پێویست دەزانم.

 ڕقی پیرۆز ئەوەندە کارگەری نەرێنی لە سەر پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هەبوە کە بە شانازییەوە بەشداری ترور و کوشتنی باوک و برا و خاڵۆ و مامۆی خۆیان بکەن و ڕقی پیرۆز هەڵ ڕێژن بە سەر تەرمی خزمەکانیاندا (نمونەم زۆرن کە لێرەدا بە پێویستی نازانم یەک بە یەک باسیان بکەم.).

 لە خۆ بایی و‌لوت بەرز بون یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کۆمەڵەییەکان بو کە هەر کامەیان خۆی بە چگوارایەک دەزانی و بە نیاز بوون نەک کوردستان ،ئێران و کرێکارانی جیهان ڕزگار بکەن بەڵکو هەمو ناسیونالیست و نەتەوە خوازەکان تەفروتونا کەن.

 

نمونەیەک لە و لە خۆبایی بون و لوت بەرزییە

 ساڵی۱۳٦۲ لە فێرگەی سیاسی نیزامی بووم ، ئەودەمەش کۆمەڵە بڕیاری دروست کردنی گوردانی داڵاهۆ و کومیتە ی داڵاهۆی دابو .بەپێی خزمایەتی و دۆستایتی لەگەل هندێک لە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە کاتی گونجاودا دیداری یەکترمان دەکرد، لەو دیدارانەدا باسی چونی کۆمەڵە بۆ داڵاهۆ دەکرا. ئێمە کە شارەزایی تەواومان لە سەر داڵاهۆ هەبو پێمان وابو کە کۆمەلە بەو پێکهاتە ناشارەزایەی ناوچەکە سەرکەوتو نابێت زۆر بە دڵپاکی ئەوەی زانیاری پێوۍست بو پێمان دەدان و وتمان داڵاهۆ بۆ ئێوە نابێت، وەڵامیان ئەوە بو کە ئێمە بە هێزەوە دەچین. ئەوە لەکاتێک دا بو پێمان وتبون ئەوناوچەیە لانی کەم ۳۰- ٤۰ هەزار جاشی دڕی هەیە کە چی ئەوان لەلایەک پێیان وابو هێزێکی ۱٥- ۲۰ کەسی خۆیان هاوسەنگە لە گەل ئەو هێزە زەبەلاحەی ڕژیم و لە لایەکی ترەوە پێیان وابو ئێمەی ترسنۆک بەزیو بەرد ئەخەینە ڕێیان کە نەچنە داڵاهۆ .ئاکامی ئەم لە خۆ بایی بونە، یەکەم هەنگاو لە بناری بەمۆ چەند پێشمەرگەیەکیان لە نێو مەیدان مینەکاندا شەهید بون و دواتر تیمی بەڕێکراوی داڵاهۆ بە گشتی کۆمەڵ کوژ کران.

 بە گشتی وەک خۆم نمونەی زۆرم لەسەر کۆمەڵێک بابەت و ڕوداو و هەروەها هاوکاری و ئاسانکاری بۆ کۆمەڵەییەکان هەیە کە دواتر ئەوان پێچەوانەکەیان ئەنجام ئەدا، ئەگەر زانیارییەکیان لێمان وەردەگرت بە زیرەکی خۆیان و گەوجی و گێلی ئێمەیان دەزانی، لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەک کە ئێمە نەرمیمان دەنواند ئەوان بە نیشانەی ترسنۆکی و داماوی ئێمە و هەر کردار و هەڵویستێکی ئێمە دەبوە کردار و هەڵویستی پێچەوانەی ئەوان ئەگەر بە زیانی گیانی خۆشیان بوایە. جارێک لەسەر مەیدان مینەکان( ئێران و عێراق و خۆمان) زانیاری وردم دایە بەرپرسێکی کۆمەڵە ، دوو ڕۆژ دواتر تیمێکیان کەوتنە ناومەیدان مینێک کە من بە پڕ مەترسی ترین شوێن باسم کردبوو بۆیان.

 

شەڕ دوو لایەنی هەیە

 لایەنێک خۆی بە پێشکەوتو ، ڕۆشنبیر، لایەنگری کرێکار و هەژاران،شۆڕشگێر، ڕزگاری دەر، دژی ناسیونالیست و کۆمەڵێک پێناسەی دیکە خۆی پێناسە دەکات و لایەنی بەرانبەری خۆی بە دواکەوتو،نەخوێندەوار، دژی کرێکار و سەرمایەدار،دژە شۆڕش، چەوسێنەر و ناسیونالیست و کۆمەڵیک بەیت و بالۆرەی دیکە‌ ناوزەد دەکات. لە ئاوەها تێگەیشتن و لێکدانەوەیەک دا لە ناوچەیەکی بەرتەسک لە نێوان دوو لایەنی چەکدار( چەک وەک پارێزەری هوییەت و کەرامەتی خۆی پێناسە دەکات) پێشگیری لە شەڕ زۆر زەحمەت و دژوارە.

بێنیە بەرچاوی خۆت ، بەو پێناسەیەی کۆمەڵە لەسەر دیموکرات، ڕۆژانە سێ ژەمە بەبێ پرس و ڕاوێژ خۆت بکەیتە ماڵە دیموکراتەکاندا و بەو ئەدەبیاتە لەگەل خانەحوێ بدوێی و چاوەڕوان بیت کە خانەخوی بە گەرمی پێشوازیت لێ بکات و دواتر پێت وابێت دیموکراتەکان لە ترسنۆکی و هەلپەرەستی خۆیان مێواندارییان لێ کردویت ،ئەمە ئەگەر ئاژەوە گێڕی و شەڕ ساز کردن نەبێت دەکرێت چ ناوێکی لێ بنرێت .

 

ئەم بابەتە واتە هۆکارەکانی دروست بونی شەڕ پێویستی بە شیکردنەوەی وردی گەلێک هۆکاری دیکە هەیە لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و بەتوانا، کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و کار و توانای منیش نییە، ئەوەش کە باس کراوە ئەزمون و تێگەیشتنی خۆمە.

 

۲٦/ ۱۱/ ۲۰۱۸ یوتبوری

مەنسوور

درێژەی هەیە

 

بابەتەکانی تر

 کولانەوەی برینێکی پڕ ژان، شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات، بەشی ۲، مەنسور ئیراندوست

کولانەوەی برینێکی پڕ ژان، شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات بەشی 1، مەنسور ئیراندوست

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی