"an independent online kurdish website"

ڕۆژی ۱٦ی سەرماوەزی ۱۳٦٦، بە پێی ئەرکی پێسپێردراو، کە هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بووم، زۆرجار بۆ بەڕێکردنی هەواڵەکان هاتووچۆی کۆمیتەی شارستانی سەردەشتم لە “کونە مارێ” دەکرد.


تازە لە کۆمیتەی شارستان ڕا هاتبوومەوە. زۆرجار هەبوو یەک یان چەند پێشمەرگەیەک خانوویکی چکۆڵەیان بە دەوری بنکەکانەوە دروست دەکرد و زۆربەی کاتە بەتاڵەکانی خۆیان لەوێ تێپەڕ دەکرد.  ژوورەکەی من و (ک.ف.پ) کە بە یەکەوە دروستمان کردبوو، یەکێک لەو خانووە چکۆڵانە بوو. کە هاتمەوە، بە بەر ژوورەکەی مامۆستادا تێپەڕیم، دیار بوو میوانی هەبوو. چەند ڕۆژێک بوو چەند کەسێک میوانی مامۆستا بوون. مامۆستا ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزب و فەرماندەری هێزی گیاڕەنگ بوو. میوانی زۆر دەهات.

 ئاسمان هەوری بوو و بەفر دەباری. کلوە بەفرەکان بە بێوازی پاش ماوەیەک عەوداڵبوون لە هەوادا بەرەو زەوی دادەکشان. لە ژوورەکەی خۆم دانیشتبووم و خەریکی خوێندنەوە بووم. زۆری پێنەچوو، دەنگی تەقیننەوەیەکی بە هێز، ئەو ناوەی لەرزاندەوە. تۆپبارانی ئەو ناوچەیە وەک عادەتی لێهاتبوو، بەڵام دەنگی ئەو تەقینەوەیە هیچ لە دەنگی تەقینەوەی گوللەی تۆپ و خۆمپارە نەدەچوو. کونە تەیارە لە پاش بانی بنکەی هێز بوو و هەر کە تۆپباران دەستی پێدەکرد، هەموو پەنایان بۆ ئەوێ دەبرد.  پێشتر جاریک گوللە تۆپێک ڕاست لە پێش کونە تەیارەکە کەوتبوو و زەرەر و زیانێکی زۆری ماڵی پێگەیاندبووین. لە پەنجەرەی ژوورەکەم ڕا چاوێکم بە دەرەوەدا خشاند، دیتم لە ژوورەکەی مامۆستا تەپ و تۆز و دوکەڵێکی زۆر دێتە دەرێ. لە گەڵ تۆز و دوکەڵەکە، کلوی سپیش دەهاتنە دەر. ژوورەکانی پێشمەرگە لە باشترین حاڵەتدا بە گڵی سوور سواخ دەکران. هاوکات دەنگی گریانی پێشمەرگەکان و چەند ژنێک کە لەوێ بوون هاتە بەر گوێم، کە هێمای بۆ کارەساتێکی زۆر بە ژان دەکرد. هاتنی ئەو هەموو ورتکە کاغەزە جێگای لێ وردبوونەوە بوو. ورتکە کاغەزەکان بەردەوام دەهاتنە دەر. ئەوانە کە لە یەکەم ساتی تەقینەوەکەدا هاتبوونە دەر تێکەڵ بە کلوە بەفرەکان بووبوون و زەحمەت لێک جیادەکرانەوە. چاوە بە فرمێسک تەربووەکان، توانای لێک جیاکردنەوەی کلوە بەفر و ورتکە کاغەزەکانیان نەبوو. بەشێکیان لەوەش زیاتر لە هەوادا دەسوڕانەوە و لە نێو باخچە سپیدارەکەی ئەولاتردا دەکەوتنەوە. هێندە لە سەرخۆ دەهاتنە خوار، دەتگوت دەیانەوێ زیاتر لە هەوادا بمێننەوە، تا زیاتر ئەو دیمەنە دڵتەزێنە ببینن.

بە پەلە ڕامکردە دەرەوە و بۆ بەردەرکی ژوورەکەی مامۆستا. دیتم مامۆستا لەوێ داندرابوو. تازە لە ژوورەکەی خۆی هێندرابۆ دەرەوە. زۆر بە تووندی بریندار بوو و خوێن و وردە کاغەز سینگ و دەموچاوی مامۆستای داگرتبوو.

بەشێک لە برینەکانی بە وردە کاغەزی کتێبەکە گیرابوون، دوای خاوێنکردنەوە خوێنیان لێ دەچۆڕا. چاوەکانی وەک گۆمی خوێن بوون. هەر ئەوکاتە دیار بوو کە چاوێکی بە تەواوی لە دەست دابوو و دەستەکانی لە لەپی دەستەکانی ڕا پەڕیبوون.

تەوژمی تەقینەوەکە هێندە زۆر بوو بوو کە پەنجەرەی ژوورەکەی مامۆستای فڕێدابۆ دەرەوە. چاوێکمان بە میوانەکانیدا گێڕا، بەڵکو ئەوانیش بە هۆی تەقینەوەکە  بریندار بووبن یان کوژرابن. کەسێکی تر جگە  لە پێشمەرگەکان و چەند ژنێک، کە بە بانگ و ڕۆڕۆ دەگریان، لەو ناوە نەدەبیندران. نەمدەزانی میوانەکانی چەند کەس بوون. دیار نەبوونی میوانەکان لە کاتێکی ئاوادا جێگای پرسیار بوو؟!!! هیچکام لەوان دیار نەبوون. تا مامۆستا بۆ خۆی نەیگوت: ”  ئەمن کوێخا حەسەن ئەو کارەساتەی بەسەر هێنام”، کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو، هەر میوانەکان ئەو کارە قێزەونەیان بەرامبەر مامۆستا کردبێت. پێشتر کوێخا حەسەنێکی دیکەم دەناسی، کە دەیانگوت شەهید مەلا ئاوارە لە ماڵی ئەواندا بە دیل گیراوە یان ئاگاداری بە دیل گیرانەکەی بووە. هەر بەو بۆنەوەش زۆر خۆشەویست نەبوو. دیارە کاتی خۆی لێپرسینەوەی لە گەڵ کرابوو و دەیانگوت هیچی لە سەر ئیسپات نەبووە. ئەو زۆر هاتووچۆی لای بنکەکانی حیزبی دەکرد. بەڵام ئەو ڕۆژە لەوێ نەبیندرابوو. کە مامۆستا وایگوت، “مام مراد”، ڕوحی شاد بێت، گوتی؛” ئەوە بە حەسەنی ڕەمەزانی دیواڵان دەڵێت. دابچۆن بزانن لە لای تەویلەی ئێسترەکان نییە؟” ئەو کاتە هێز و کۆمیتە شارستانەکان چەند ئێسترێکیان  هەبوو، تا کار و باری گواستنەوەیان پێ ڕایی بکەن.

هەر کە مام مراد ئەوەی گوت، چەند پێشمەرگەیەک بەرەو لای شوێنی بەستنەوەی ئێسترەکان چوون. هەردووک ئەو کەسانە خەریکی سواربوونی ئەسپەکانیان و خۆ دەرباز کردن و دوورکەوتنەوە لەو شوێنە بوون. هەردووک کەسەکەیان هێنانەوە. ئەوان هیچیان لێنەهاتبوو. تەنانەت پریشکی چوکیشیان وێنەکەوتبوو. دیاربوو فێرکرابوون چۆن خۆیان لە تەقینەوەکە بپارێزن. دواتر دەرکەوت کە بۆمبەکە بە جۆرێک سازکرابوو، تا تەنیا زەرەر بەو کەسە بگەیەنێت کە بە دەستیەوە دەگرێت، نەک کەسانی دەورووبەری. بە هۆی بەرتەسکبوونی ژوورەرەکە، ئەوانیش نەیاندەتوانی بە ساخی دەربازیان بێت. هەر یەکه و پەتوویەکیان لە پێش خۆیان گرتبوو و بەمجۆرە خۆیان پاراستبوو. دیارە ئەوەش بە هەڵکەوت نەبوو کە بەو جۆرە خۆیان پاراستبوو. ئەوان زۆر بە باشی فێرکرابوون، چۆن خۆیان بپارێزن. ‌

یەکەم پرسیاری مامۆستا ئەوە بوو “ئەرێ پێم بڵێن داخوا دەستەکانم ماون”. برینێکی زۆر بە تەواوی جەستەیەوە بوو. هەموو زامەکانی بە وردە کاغەزی کتێبی “سپید دندان” ئاخندرابوون. یەک دووجار پرسیارەکەی دووبارە کردەوە، بەڵام کەس وڵامی نەدایەوە. کە هیچ وڵامێکی وەرنەگرتەوە، زانی کە بە داخەوە دەستەکانی پەڕیون. هەر کە زانی دەستەکانی پەڕیون، داوای لە پێشمەرگەکان  کرد: “ئەرێ بۆ نامکوژن، خۆ تازە هیچ کەڵکم نەماوە”. ئەو داوایەی چەند جار دووبارە کردەوە. لەو کاتەدا کە هەموو لەشی شەڵاڵی خوێن بوو، لە بیری ئەوەدا بوو کە تازە ناتوانێ هیچ سودێکی بۆ نەتەوەکەی و حیزبەکەی هەبێت.

مامۆستا بۆ خۆی ئاوا باسی ئەو کردەوە تیرۆریستیە دەکات: دوو شەو بوو “سەمەد کاژەیی”  و “خدری مێرێ” میوانم بوون و زۆرم ڕێزلێگرتن. سەمەد هەر دەیگوت بێسیم بۆ کۆمیتەی شارستان بکە با کوێخا حەسەنیش لەوێیە، بێت بۆ ئێرە. لێم دەپرسی بۆچی بێت بۆ ئێرە؟ دەیگوت کاری پێتە. لە سەر پێداگری سەمەدی، بێسیمم بۆ کۆمیتەی شارستان کرد، “حەسەنی ڕەمەزانی” و کەسێکی دیکە بە نێوی “ئەحمەد”یش هاتن. میوانەکان بوون بە چوار کەس. لە ژوورەوە دانیشتبووین و هەروا قسەمان دەکرد. دەمویست ئێستا کە هەموویان لەوێ کۆبوونەوە، باشتر خزمەتیان بکەم. کوێخا عەوڵای زێوکەی نێرییەکی بە دیاری دابوو بە من کە بۆ پێشمەرگەکانی بکوژمەوە. پێشمەرگەکانیش دەمێک بوو گۆشتیان نەخواردبوو و منیش ئەوەم بە دەرفەت زانی.

هاتمە دەرەوە تا داوا لە پێشمەرگەکان بکەم نیرییەکە بکوژنەوە. لە گەڕانەوەمدا بەرەو ژوورەکەی خۆم، دیتم سەمەد و دوو کەسی دیکە دێنە دەرەوە. سەمەد زۆر شڵەژاو دیار بوو. لە گەڵ قسەکردن لەشی دەلەرزی. داوای لێکردم ئەو کارەی بۆ کوێخا حەسەنی  جێبەجێ بکەم. لێم پرسی کاری چی؟ گوتی کاری پێتە. کە چوویە ژوورێ پێت دەڵێ. کە چوومەوە ژوورەوە کوێخا حەسەن بە تەنیا بوو، زۆر تێکچووم هاتە بەر چاو. کە دانیشتمەوە – گوتی کتێبەکەشم بۆ پەیداکردی. گوتم لە کوێت پەیداکرد؟ لە کتێبفرۆشیت کڕیوە؟ لە وڵامدا گوتی: نا هەر لە بازاڕیم کڕیوە. دەستێکی لە گیرفانی باڵتۆیەکەی نا بەستەیەکی دەرهێنا. نیزیکتر بۆوە و کەوتە سەر چۆکان، وەک ئەوە کەسێک خەریکی سوجدەبردن بێت، و دایە دەستم. کتێبەکەم لێوەرگرت. هەستم کرد کتێبەکە لە کتێبێکی ئاسایی قورسترە.   سەرەتا لە سەر پەنجەرەکەم دانا، دواتر ویستم هەڵیگرم و لە سەر تاقەی ژوورەکەمی دانێم، بەڵام چۆن بوو دانیشتمەوە. چاوێکم بە شێوەی پێچانەوەیدا گێڕا و دانیشتمەوە. کتێبەکە لە سەرکۆشم بوو.

 لە گەڵ ئەوانەشدا هۆشم بە لای کوێخا حەسەنەوە بوو. هەر کە کتێبەکەی دایە دەستم، هەستم بە ئاڵوگۆڕ لە ڕوخساریدا کرد. کە دیتی کتێبەکە لە ناو کۆشم دایە، ڕەنگی دەموچاوی زیاتر تێکچوو. دەتگوت ڕەشێنەی چاوەکانی هێدی هێدی لە ناو سپێنەی چاوەکانیدا ون دەبێت. لە ژیانی خۆمدا زۆر کەسم لە خنکان ڕزگار کردووە. زۆر باش لە بیرمە، چۆن چاوەکانیان تەواو سپی دەبوون. ڕەنگ و ڕووی کوێخا حەسەنم وەک کەسێکی ئاوا هاتە بەرچاو کە لە ناو ئاودا، دواین پەلە قاژە دەکات و هاکا دواین ساتەکانی ژیانی تێپەڕ کرد.

کتێبەکەم هەڵگرد و دەستێکم بە چەسپەکەی داهێنا. بە سێ جێگا چەسپ کرابوو. لە گەڵ ئەوە گوێم لە چرکەیەک بوو و دواتر تەزوویەک لە بەری پێم هەستا و لە تەوقی سەرم نیشتەوە. چاوەکانم هیچیان نەدی. وەک هەموو جارێ دەستی ڕاستم بۆ لای دەمانچەکەم برد، دیتم دەستم پەڕیوە. ویستم بە دەستی چەپ بۆ دەمانچەکەم بگەڕێم، بەڵام ئەویش پەڕیبوو. بە هۆی گەرمای لە ڕادەبەدەری تەقینەوەکە و سۆبە عەشتارەکە، هەڕەشەی خەفەبوونم لە سەر بوو، بەڵام  هەستمکرد توانای قسەکردنم نیە، تا هاوار بکەم. دیتم زارم پڕە لەتە پەڕیوەکانی قامکی دەستەکانم، ددانی شکاو و لەتە کاغەزی کتێبەکە. کە توانیم ئەوان لە زارم دەرهاوێم، توانیشم هاوار بکەم. پێشمەرگەکان هاتن و بردیانمە دەرەوە. هەرکە زانیم برینەکانم ئەوەندە کاریگەرن، داوامکرد بمکوژن. پێموابوو تەمەنی من تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە و نەمدەویست لەوە زیاتر ئازار بکێشم. بۆمبەکە لە ڕاستیدا بۆ کوشتنی من بوو نەک  تەنیا بریندارکردنم. بۆمبەکە بۆ کەسێکی ۸٥ کیلۆیی دروستکرا، بەڵام من ئەو کات کێشم لە سەرەوەی ۱۰۰ کیلۆ بوو و هۆی زیندوو مانەوەی من تەنیا ئەو جیاوازی کێشی لەشم بوو”، مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی.

دیمەنێکی تا بڵێی سامناک، هێشتا وردە کاغەزی لاپەڕەکانی کتێبەکەی “جک لندن” لە ژوورەکە دەهاتنە دەرەوە و تێکەڵ بە ئاپۆرای ئەو لەتە کاغەزانە دەبوون، کە هێشتا وەک کلوە بەفرێکی چڵکن عەوداڵی دۆزینەوەی شوێنێک بوون تا تێیدا بکەونە سەر ئەرز و لە سەرگەردانی خەلاسیان بێت. ئەوان لەو ڕۆژە پەشیمان بوون، کە لە گەڵ چەندان لەتی چکۆڵەی دیکە، لاپەڕەیەکیان پێک دێنا و بە دڵئاوەڵاییەوە ئیزنیان دابوو، سەدان وشەیان تێدا بنووسرێتەوە، تا خەڵکێکی زۆرتر تامەزرۆیی خوێندنەوەی “دان چەرمو” ی جەک لەندەنی پێ بشکێن. ئەوان کەی بیریان لەوە دەکردەوە، هەر ئەو لاپەڕانە بکرێنە هاودەمی تی ئێن تی  و هێلانەی ژمارەیەک “ماسوڕە” و چاشنی بۆمب و وێڵ و سەر لێشێواو، کلو کلو بە دوای کوت و لەتی ئەو پەنجانەدا بگەڕێن، کە دەبووایە یەک یەک لاپەڕەکانی دان چەرموویان هەڵدابایەوە و بە خەرمانی زانیارییەکانیەوە زیاد کردبایە.

دیمەنێکی زۆر دڵتەزێن بوو. لە لایەک هێورکردنەوەی  ئەو ژنانە کە بە بانگ و ڕۆڕۆ دەگریان و دوورخستنەوەیان لەو شوێنە بوو تا نەبنە هۆی تێکدانی زیاتری لایەنی ڕەوانی وەزعەکە. هەر ژنە بە جۆرێک بە سەر بەژن و باڵای مامۆستایدا هەڵدەگوت. یەک خۆی بە قوربانی پەنجە پەڕیوەکانی دەکرد، کە وەک مەلێکی باڵدار، لە شەقەی باڵیان داوە و ڕێگای گەڕانەوە بەرەو لانەی خۆیان لێ تێک چووە. یەک باسی لە چاوەجوانەکانی مامۆستا دەکرد کە بۆ هەتا هەتایێ لە ڕووناکی بیبەش بوون و تازە کێ بێت و بە چاوە جوانەکانی، دووربین بە دەستەوە لەو شاخ بۆ ئەو شاخ و لەو بن دەوەن بۆ ئەو بن دەوەن و شیو و دۆڵە خەریکی داڕشتنی بەرنامەی عەمەلیات بیت و چاوەکانی وێڵی دیتنەوەی هەموو پێشمەرگەکان بە سڵامەتی بێت. کێ بێت و بەو چاوە جوانانە فرمێسک بۆ شەهید بوونی پێشمەرگە هەڵڕێژێ. لە لایەکی دیکە هێورکردنەوەی چەند پێشمەرگەیەک، کە دەستەوەستان بوون و لە تاو فەرماندە هێزەکە لێوەشاوەکەیان، بە بێدەنگی دەگریان. هێورکردنەوەی ئەو پێشمەرگانەی کە تاوانبار حەسەنی ڕەمەزانیان لە بەر چاو بوو و دەیانویست لەوێ تۆڵەی مامۆستای لێ بکەنەوە، لە وانەش ئەستەمتر بوو. ڕاستە ئەو تاوانبار بوو، بەڵام بە کوشتنی وی ڕەنگە کەسانی پشت ئەو کردەوە قێزەونە ڕزگاریان بایە.

هەر دوای تەقینەوەکە بێسیم بۆ کۆمیتەی شارستان کرابوو و ئەوان لەوێڕا بەڕێوە بوون و هاوکات لە بیری هەرچی خێرا بەڕێکردنی بۆ نەخۆشخانەدا بوون. ئەو سەر و بەندانە بوو کە بە دیتنی هەر جموجۆڵێک لە نێوان مۆڵگەکانی ئەرتەشی ئێراق و بنکەکانی حیزب، ڕێژیم دەستی بە تۆپبارانی  ئەو شوێنە دەکرد. بەو هۆیەوە ماشێن نەدەهاتە لای بنکەکانی ئێمە.دەبووایە  لە بنکەی هێز ڕا بۆ شوێنی سواربوونی ماشێن بە سواری ئێستر گوێزابایەوە.

کاتێک ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە و  لە نێویاندا، شەهید فەتاحی عەبدولی، بەرپرسی  کۆمیتەی شارستان بەرەو بنکەی هێز لە سونێ دێن، “سەمەد”یش تێکەڵ بەو ئاپۆرایە دەبێت و خۆی دەگەیەنێتەوە بنکەی هێز. کۆمیتەی شارستان ئاگاداری ئەوە بوو، کە سەمەد و کوێخا حەسەن ڕۆژی پێشتر بە یەکەوە بوون. زۆرجاری دیکەش هەروا بە یەکەوە بوون. سەمەد، پێشتریش گومانی لێدەکرا. ناوبراو بە داخەوە برای شەهیدیش بوو. ئەو هێشا نەیزانیبوو کوێخا حەسەن و هاوڕێیەکەی دیکەی گیراون. بەڕواڵەت بۆ زانینی حاڵی مامۆستا دێت، بەڵام بە گەیشتنی بە بنکەی هێز ئەویش دەست بە سەر دەکرێت.

دوای بەڕێکردنی مامۆستا!

هەر دوای بەڕێکردنی مامۆستا، ئەوجار نۆرەی دەربڕێینی هەستەکان هات. ئەو پێشمەرگانەی تا ئەو کات، لە بەر بوونی مامۆستا لەوێ دانیان بە جەرگی خۆیاندا گرتبوو، دەستیان بە دەربڕینی هەستەکانیان کردبوو. تەمی خەمێکی قورس سەرتاپای وجودی پێشمەرگەکانی داگرتبوو. تا ئەو کاتە، ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و ژن و منداڵ لەوێ کۆببوونەوە. کۆستێکی یەکجار قورس بوو کە هەمووانی تاسەبار کردبوو، بەڵام ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەی ساڵانێکی زۆرتر بوو لە گەڵ مامۆستا  بوون، زیاتر هەستیان بە ژانی لە دەستدانی  مامۆستا دەکرد. بۆ ئەوان مامۆستا، هاوڕێی لە مێژینە و برای خۆشەویست، هاوکات فەرماندە لێوەشاوە بوو کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە گەڵی بوون. بێ دەنگیەکی تەواو باڵی بە سەر هەموو بنکەکاندا کێشابوو. مامۆستا، سەرەڕای کاری زۆری ڕۆژانەی، زۆرجار کە دەرفەتی دەبوو، بۆ چاخواردنەوەی عەسرانە، یا نانخواردنی شەوانە دەهاتە شوێنی نانخواردنی پێشمەرگەکان و پاش نانخواردن ماوەیەکی دیکە دەمایەوە. ئەو شەوە یەکەم شەوی بێ مامۆستایی لە نێو پێشمەرگەکاندا دابوو. نە کەس توانای خواردنی هەبوو، نە کەس توانای بیرکردنەوەی هەبوو. مێشک لە ئاست هۆی ڕوودانی ئەو ڕووداوە تاڵەدا توانای بیرکردنەوەی نەبوو. لەو لاوە بۆڵە بۆڵی ژنەکان و ئەو پێشمەرگانە کە بە گریان و لە خۆدانی خۆیان دیمەنەکەیان دڵتەزێنتر دەکرد، زیاتر مرۆڤی دەخستە دۆخێکی هەست بە خەتاباریکردنەوە. تەنانەت داوای لێبوردنیش دادی نەدەدا. لای ئێمە باو بوو،  کەسێک ناگری، ڕەنگە ڕوحمی نەبێت، بەڵام زۆرجار پێویستە پێ لە هەستەکانی خۆت بنێی و دان بە خۆتدا بگری و ئەوەی لەو کاتەدا پێویستە بکرێت، بیکەی. ئەگەر وانەبا هیچ دوکتۆرێک نەیدەتوانی نەخۆشەکانی بەردەستی چارەسەر بکات. من پێموایە ئەوەی دەگری و هەستەکانی دەردەبڕێ زۆر لە باری دەروونیەوە لەوەی کە ناگری ئاسودەترە.

دەرفەت دیتنی دوژمن!

لەو لاوە خەتەری هێرشی هێزەکانی حکومەتیش لە ئارادا بوو، کەوابوو دەبووایە چاوکراوە بین. هەموو لایەک ئاگادارکرانەوە تا زۆر بە وشیارییەوە بجوڵێنەوە. ڕێژیم بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتر کەسانی خۆی، لە ژێر ناوی دڵسۆزی بۆ مامۆستا و حیزبدا دەنێرێت.

شەوی خەونە ئاڵۆزەکان!

ڕۆژی دواتر، کە پێشمەرگەکان لە خەو هەڵستان، هەر کەس لە لایەکەوە خەونێکی دەگێڕایەوە و باسی لەو شەوە ترسناکەی ڕابردوو دەکرد. ئەوانەی ڕۆژی ڕابردوو زمانیان گۆی نەدەکرد، باسی دیمەنەکانی دوێنێ بکەن کەم کەم دەستیان بە گێڕانەوەی یەکەم ساتەکانی ڕووداوەکە دەکرد و هەمووان هاوکار بوون تا بتوانن ئەوەندی دەکرێ گێڕانەوەکە تەواوتر بکرێ. بەڵام ئەوەی هەمووان ئاواتیان دەخواست ڕووی نەدابایە، ڕووی دابوو…

 هەموو هیواکان بۆ زیندوو مانەوەی مامۆستا بوون….

 

نویترین هەواڵ و بابەت