"an independent online kurdish website"

ساڵی ۱۳۷۲ لە گەڵ تیمێکی ڕۆژنامەنووسی ئاڵمانی لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت دەگەڕایین. ئێمە لە ناوچە بوویین کە ئاگادارییان کردینەوە تیمێکی ئاڵمانی بە مەبەستی ئامادەکردنی هەواڵ لە سەر جموجۆڵی پێشمەرگە لە ناوچەدا و ژیانی خەڵکی کوردستان دێن و دەبێ وەرییان بگرن.


 ئەرکی پاراستنی هەواڵنێری خاریجی زۆر قورس بوو و هێزەکانی حکومەت زۆر بە دوای ئەو تیمانەی پێشمەرگەدا دەگەڕان کە ئەوانیان لە گەڵدا بوو. دەبووایە زۆر بە نهێنی هەڵس و کەوت بکرێت تا ڕێژیم بە شوێنی مانەوەی پێشمەرگە نەزانێ. ئێمە لە خوار گوندی بەردەسوور مابووینەوە کە ئەو تیمە لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک هاتنە لای ئێمە تیمەکە لە ژنێک بە ناوی Lissy Schmidt   و دوو پیاو پێک هاتبوو.  بۆ خۆمان نێومان  لە پیاوەکان نابوو، دەروێش خدر کە مووی سەری درێژ بوو و هەڵۆ کە بۆ خۆی باڵا بەرز بوو و زۆریش فشەی پێخۆش بوو. ژنەکەش، ناوی لەیلا. دەروێش خدر زۆر فەقیر حاڵ بوو، تا باسی پێڕاگەیشتن بە خۆی و باری ئابوری و شتی وات لە گەڵ دەکرد، هەر دەیگوت؛ “ئەمن پیاوێکی فەقیرم”. دەروێش خدری فەقیر لە باری غیرەتیشەوە هەر فەقیر بوو. دەتگوت زۆری هاتنەکە  بە دڵ نەبوو.

دوو شتی ئەوان لەو ماوەدا کە لە گەڵمان بوون، سرنجی ئێمەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا بوو. یەکەم هیچکات گلەییان نەدەکرد کە زۆر ماندوو دەبن. دووهەم چا خۆرەوەی چاک بوون، بەڵام کە ڕۆژێک دەیانزانی ئاو کەمە یان ئیمکانی چا لێنان نیە، زۆر بە باشی خۆیان ڕادەگرت تا دووبارە دەرفەتی چا لێنان هەڵدەکەوتەوە و ئەوان تێر چا دەبوون. لێک حاڵی نەبوونێکیش لە نێوان لەیلا و ئێمەدا هەست پێدەکرا. بە هۆی ڕێگا ڕۆیشتنەوە هەموو قامکی لاقەکانی ئاولکیان کردبوو و کەل و پەلیشی زۆر پێبوو. پێشمەرگەکان دەیانەویست یارمەتی بدەن، بەڵام ئەو هەموو جارێک ڕەتی دەکردەوە. ئەو پێیوابوو لە بەر ئەوەی ژنە و پێشمەرگەکان پێیانوایە ژن ئەو توانایەی نیە ئاوا لە ناوچەدا بگەڕێ. تا بەو قەناعەتە گەیشت کە مەبەستی پێشمەرگەکان زۆرتر لە بەر وەزعی لاقەکانییەتی نەک بە هۆی ژن بوونی. لیسسی ماوەیەکی زۆر لە ئیستانبوڵ ژیا بوو و زۆر باش کرمانجی دەزانی و وەک وەرگێڕ بۆ ئەوانی دیکەش کاری دەکرد. ئەو زاراوەی سۆرانیشی دەزانی. ئەو دووانەی دیکە تەنیا بە ئینگلیسی لە گەڵ ئێمه قسەیان دەکرد، ئەویش بۆ هێندێک شتی سەرەتایی.

 شەوێک، مانگە شەوێکی خۆش بوو و  دەبووایە بە نیزیک مۆڵگەیەکی هێزەکانی حکومەتدا تێپەڕ بین. چاوی لێبوو هەموو پێشمەرگەکان خۆیان نەوی دەکرد تا لە شوێنێکی ڕووتەندا کە بەرامبەر مۆڵگەیەک بوو، تێپەڕ دەبوون. هەڵۆ کە باڵا بەرز بوو قۆڵیشی هەڵکردبوو و سەعاتی لە دەست دابوو کە لە بەرشۆقی مانگە شەو، باش دەیبریقاند. بە ئیشارە پێمگوت پێویستە سەعاتەکەت یان داپۆشی یان دەری بێنی و بیخەیە گیرفانتەوە. پاشان دەبێ خۆت نەوی بکەی تا لەو مۆڵگەیە ڕا نەمانبینن. ئەو کاتە لە بەر هەل و مەرجەکە دروست شوێنی هەڵکەوتنی مۆڵگەکەم پێ نەگوت. بەڵام ئەو هەموو ئەو شتانەی کە پێمگوت کردی. دوای تێپەڕبوون لە مۆڵگەکە شوێنی هەڵکەوتنی مۆڵگەکەم پێ نیشاندا.  لەوە کە پێشمەرگە ئاوا بە نیزیک مۆڵگەکانی دوژمن دا تێپەڕ دەبن سەری سوڕ مابوو.

ڕۆژێک هەر لە گەڵ ئەوان، لە شوێنێک بە ناوی دۆڵێ “ئاشەدینەی” مابووینەوە. ڕاست لە خوار ماڵی کابرایەکی قسە خۆش بە نێوی “عەلی حەیران” مابووینەوە. مام عەلی کە زانی ئەوانە هەواڵنێری خاریجین دەستی بە باسی وەزعی ژیانی خۆیان لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا کرد و داوای دەکرد کە دەنگیان بە دەرەوە بگەیەنن. بە لەیلای قژ زەردی گوت؛ “دەبەر ئەو قژە زەردانەت مرم دەنگی مە بەوان حوکمەتان ڕابگەێنە، با پشتیوانین لێ بکەن، هەر لەوێ دۆڵێدا پەنجا هەزار نەفەر کوژراوە”.

لەو ناوچەیە دا ژمارەیەک ماڵی قەڵەباڵغ هەبوون کە بەرە بابێک واتە کوڕەکانی ئەو کەسە هەر بە یەکەوە بوون. نەوەکانی ناوبراو بە یەکەوە ژن و ژنخوازییان هەبوو و  بەو هۆیەوە ژمارەیان زۆر بوو. بۆ خۆم جارێک لە یەکێک لەو ماڵانە میوان بووم. لە سەر سفرەی نانخواردن زۆرکەس دانیشتبوون، کە چەند کەسێکیان ڕیش سپی بوون و زۆر جیاوازی تەمەنیان نەبوو. لە یەکێکیانم  پرسی ئەرێ دەڵێی هەرەوەزتان هەبووە؟ لە سەرخۆ وڵامی دایەوە؛ نا ئەوە هەمووی ئی خۆمانن. دەستی بۆ لای یەکێکیان ڕاداشت و گوتی؛ ئەوە بابمە و ئەوانی دیکەش مام و کوڕە ماممن. ئەوەی جێگای سرنج بوو لە سەر سفرەکە لانی کەم بیست کەس دانیشتبوون، بەڵام دەتگوت دوو کەسی لێ دانیشتوون، هەر کەس بە نۆرەی خۆی قسەی دەکرد و کەس قسەی کەسی دیکەی نەدەبڕی. کەسێک قسەی دەکرد هەموویان وەک ڕێزگرتن چاویان لە لای وی دەکرد. مەجلیسێکی تا بڵێی خۆش بوو لێی دابنیشی.

ئەوجارە کە لە گەڵ ئەو تیمە چووین، بەشێک لە ماڵەکان جوێ ببوونەوە، بەڵام هەر لە ناو ئەو خانووەدا مابوونەوە. نازانم چۆن کێشەی خواردن سازکردنیان چارەسەر کردبوو؟ هەموویان لە شوێنێک سازیان دەکرد و دواتر دابەشیان دەکرد یان چۆن؟  هەر لە نێو ئەو خانوەدا، من و هەڵۆ، چووینە ماڵێک و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش چوونە چەند ماڵی دیکە. “هەڵۆ” پێیوابوو ئەوە شێوەیەک ئاپارتومانی دێهاتیە کە ژمارەیەکی زۆر ماڵی تێدا دەژی؟! دواتر بۆم ڕوونکردەوە کە ئەوانەی لە ناو ئەو خانوەدا دەژین پێشتر هەموویان یەک بنەماڵەی گەورە بوون، بەڵام ماوەیەکە جیا بوونەوە و ماڵی سەربە خۆیان پێک هێناوە. هێشتا لە هێندێک شوێنی کوردستان لەو جۆرە بنەماڵانە ماون، بەڵام کەمتر و کەمتر دەبنەوە.

——

دوای ماوەیەک مانەوە لە ناوچە، ئەوان دەبووایە بگەڕێنەوە. پێشمەرگەکانیش ئەوانیان بەرەو بنکەکانیان هێنانەوە. زۆر بەو گەڕانە لە ناوچەدا کەیفخۆش بوون. بە هەگبەیەکی پڕ لە زانیارییەوە، ماڵئاواییان لە پێشمەرگەکان کرد.  

بە داخەوە لیسەی شمیت ساڵی 1994 لە ڕێگای نێوان سلێمانی بۆ هەڵەبجە لە گەڵ ڕانندەکەی ترۆر کران. ئەو ژنێک بوو، کە کوردستان و خەڵکی کوردی خۆشدەویست. لە کاتە سەختەکاندا هاتووچۆی کوردستانی کردبوو و دەیویست بە چاوی خۆی پێشکەوتنی کوردستان و بوژانەوەی کوردستان لە ئازادیدا ببینێ، بەڵام دەستی ڕەشی ترۆر ئەو دەرفەتەی پێ نەدا.  

 

نویترین هەواڵ و بابەت