"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ  2018-12-18کاک مەنسوور پیرۆتی ئەندامی دڵسۆز و تا ئاخر وەفادار بە بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و رێگای خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.


نەمر مەنسوور لە ساڵی 1360 هاتۆتە ریزەکانی حدکا و 3 جار بریندار بووە ، ئاخرین جار مۆرەی پشتی گوللەی وێکەوت و نەی توانی چیتر بە لاقەکانی بڕوات، بۆ خۆی دەڵێ :  لە بەر ئەوەی بۆ ئازادی میللەتی کوردە شانازی پێوە دەکەم.

لەم کورتە ڤیدیۆیە کە من گرتوومە، لە دەقەی 6 نەمر مەنسوور باسی خۆی دەکا و لە دەقەی 8 کاک حامید درودی باسی بریندار بوون و هێنانی نەمر مەنسور دەکا بۆ خەستەخانە .

 روحی شاد بێ

ڤیدیۆ

 

دەقی هەواڵ لە کۆمیتەی سوید

 

کاک مەنسوور پیرۆتی پێشمەرگەی دێرین و کەم ئەندامی حیزبەکەمان کۆچی دوایی کرد.

کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنێت کە کاک مەنسوور پیرۆتی ئەندامی لە مێژینەی حیزبەکەمان بۆ هەمیشە چاوەکانی لە سەر یەک نا و بە هەزاران ئاواتی بە دینهاتووەوە ماڵ ئاوایی لە بنەمالە و هاوڕی و هاوسەنگەرانی کرد. کاک مەنسوور یەکیک لە ئەو پێشمەرگە ئازا و بە جەرگەکانی حیزبەکەمان بوو کە سەرەڕایی دووری لە وڵات و کەم ئەندامبوونی لە ڕیزی شۆڕش لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا بەشداری چالاکانەی دەکرد.

کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید بۆ کۆچی دوایی هاوڕیی کۆچ کردوومان کاک مەنسوور پیرۆتی زۆر بە داخە و لە ئەو پێوەندییەدا سەرەخوشی گەرمی خومان ئاراستەی خێزانی، تاقانە کوڕەکەی کاکە  سۆران و خزم و کەس و کاری و هاوسەنگەرانی دەکەین و خومان بە بەشداری خەمی بنەماڵە دەزانین.

ڕۆحی کاک مەنسوور شاد

کومیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

…..

 

ئەرێ وەزعی حیزب چۆنە کوڕینە؟، چیا عەلیار

 

دوکتورەکان پاش ۳۳ عەمەل جوابیان کردبوو کە هیچیان لە دەست نایە و بە سەعات و ڕۆژی ماوە کە کۆتایی بە ژیانی بێ، خۆشی ئاگاداری ئەوە بوو کە هەر ئان ئیمکانی هەیە چاوەپڕ لە هیواکانی هەڵنەهێنێتەوە و دەیزانی کە ناتوانی بە چەرخەکەیەوە ئەوساڵ بەشداری جێژنی دوی ڕێبەندان بێ.

 

دەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیانی حیزبی چوینە نەخۆشخانە بۆ سەردانی مەنسور کوڕە خوێن شیرنەکەی سەقز، پێشمەرگە لاوەکەی کە زۆر بە منداڵی لە شەڕ دا بریندار دەبێ و حیزبی دێمۆکڕات وێڕای زۆر کەم ئەندامی دیکە دەینێرێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری برینەکانی کە دەگەڵ ئەوەی لە مەرگ نەجات درا بەڵام بۆ هەمیشە  کەم ئەندام  و لە سەر چەرخ دادەنیشت.

کە چووین بۆ سەردانی کاک ناسری سیاوەشی بە چەرخەکەیەوە هێنای، نەماندەزانی کە چۆن دڵخۆشی بدەینەوە و هەر کەسە شێر و ڕیویمان بۆ دەهێناوە کە ورەی بەرز بێ و دیار بو هەر ئان ئیمکانی هەیە نەمێنی،  ئێمە خەریکی دڵخۆشی دانەوەی بوین و ئەویش کە دوا چرکەکانی ژیانی تێدەپەڕاند لە بیری حیزب دابوو و هاتە نێو قسەکانمان و کوتی:

ئەرێ کوڕینە وەزعی حیزب چۆنە ؟

کوتمان بە خۆشیەوە حیزب لەوپەڕی باشی دایە، کوتی پێم خۆشە و خەیاڵم ئاسودە بوو.

 

کاک حوسێن کاوڵانی چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو و بە ئەسپایی کوتی: زۆر رەفیقم لە پەنا دەستم و لە سەنگەردا شەهید بوون و ئەوە چ ڕازێکە کە هەموویان لە دوا چرکەی ژیانیان دا بژی حیزبی دێموکڕات دەڵێن، بەڵام مەنسوریش بە هەمان شێوە لە بیری خۆی دا نیە و دەڵێ حیزبەکەمان وەزعی چۆنە.

 

کوڕێکی قسە خۆش و بە مانای وشە حیزبی و کوردپەروەر بوو کە حیزبی دێموکڕات بۆ ئەو جێگای

هەموو موقدەساتی گرتبۆوە.

سەرباری وەزعی تایبەتی ژیانی و کەم ئەندامی، بە سەرما و گەرما لە هەموو بۆنە و چالاکیەکانی حیزبی دا لەگەڵ تێکۆشەرانی وەک حوسێن خان و کۆمەڵێکی دیکە کەم ئەندامی تێکۆشەر لە سەفی پێشەوە بوو.

 

ئێستا هەواڵ گەییشت کە بەداخەوە مەنسوری پیروتی، کوڕە تێکۆشەرەکەی حیزبی دێموکڕات و هاوڕێ خۆشەویستەکەی هەموو ئەندامانی حیزب، لە مەڵبەندی سەقزی سەربەرزەوە بۆ هەمیشە مالاوایی لێ کردین و کۆڕی خەباتی لە حیزبە قارەمانەکەی بە هاوڕێیانی ئەسپارد.

 

حیزب وەزعی زۆر باشە تا تێکۆشەری وەفاداری وەک ئێوەی هەبێ مەنسور گیان

ئارام بنوو

 

روحت شاد هاوڕی

ڕێگاکەت درێژە دەدەین تا ڕزگاری کوردوستانی داگیرکراومان

 …

کۆتایی ژیانی گوڵێکی پەڕپەڕبووی نیو سەنگەر

قادر وریا

١٨/١٢/ ٢٠١٨

هەمووی ٢٠ چرکە لەمەو پێش لە سەر دیواری بەڕێزێک چاوم بە وێنەیەک کەوت. لە خۆوە وتم با بزانم ئەمە وێنەی کێیە و لە ژێر ئەم وێنەیەدا چی نووسراوە. بە سەر هەواڵی کۆچی دوایی کەسێک دا کەوتم کە ڕێک ٢٠ ساڵ لەمەوبەر(نوڤەمبری ١٩٩٨)، لە ماڵەکەی خۆی لە ستۆکهۆڵم سەردانیم کرد. دیارە من هیچ ئاشنایەتییەکی پێشووم لە گەڵی نەبوو. وا بزانم کاک سەید ئەحمەد حوسێنی رایسپاردبووم کە چوومە ستۆکهۆڵم سەردانی بکەم.

ئەو کەسەی سەردانیم کرد، ناوی کاک مەنسوور پیرۆتی و خەڵکی سەقز بوو. لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانەی‌دا، لە دەیەی ٦٠ هەتاوی، لاقێکی لە دەست دابوو. ئەو کاتەش کە چوومە سەردانی هەر لە سەر ویلچێر بوو. خاتوونێکیش کە وەک خۆی خوێنشیرین و ڕووخۆش بوو- وام لە بیرە فینلاندی بوو- هاوژیانی بوو. ئەوەندە دڵخۆشیی بەو سەردانە نیشان دا، کە هەر وا بزانە ئەو کەسەی لە کوردستان و لە نێو هاوڕێیانی پێشمەرگەی ڕا هاتووە بۆ لای، زاتێکی پیرۆزە و لە ئاسمانەوە ناردراوە.

کاتێک بۆم باس کرد کە هاوژیانەکەی منیش هاوشاریی ئەوە و لە مێژە ئاواتی دیتنی کەسوکارەکەی هەیە بەڵام ١٠ ساڵ زیاترە بە تەلەفۆنیش قسەی لە گەڵ نەکردوون، وتی ژمارەی کەسیانت هەیە؟ ژمارەی کۆنی خزمێکی “کوێستان”م پێ دا. دیاربوو ژمارەکە گۆڕابوو. بۆ ئەوەی بەو هەمووە تاسە و ئیشتیاقەوە، لە پێوەندیگرتنێکی تەلەفۆنی لە گەڵیان ناهومێد نەبم، تەلەفۆنی بۆ کەسێکی بنەماڵەیان یا هاوڕێیەکی خۆی لە سەقز کرد و وتی دا لە دەفتەری “ڕاهنمای تلفن”ی سەقزدا ژمارەی “…” بۆ بدۆزەوە. ژمارەکەیان دۆزییەوە و بۆیان نارد. دەسبەجێ پێوەندیی بە ژمارەکەوە گرت و ئەو کەسەی مەبەستم بوو، قسەم لە گەڵ کرد . لە دۆخی ئەو کاتی ئێمە و بە زەحمەتبوونی پێوەندیگرتن بە بنەماڵەوە، ئەویش بۆ کەسێک کە زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو، نەیتوانیبوو لە گەڵ خوشک یا برا و دایک و بابی قسە بکا، دەمزانی هەواڵی ئەو پێوەندیگرتنە، باشترین دیارییە کە بۆی دەبەمەوە. ئەوەندەم بە لاوە گرنگ بوو، کە پێوەندییەکەم لە سەر کاسێت زەبت کرد و بۆ کوێستانم بردەوە.

یەک دوو ساڵی هەوەڵی دوای ئەو سەفەرە، ئەگەر کەسی وام دەست کەوتبا کە ناسیاوێتی و لە ستۆکهۆڵم دەژی، نامەم بۆ دەنووسی و هەواڵیم دەپرسی. دوایە لە بەر کەم هاتوچۆیی، لە نامەنووسین دەستم هەڵگرت، بەڵام کەم و زۆر هەر ئاگاداری خەبەراتی بووم، ئەمەش دواتر لە کەمێی دا. ئیدی لە مێژ سال بوو لێی بێخەبەر بووم. ئەمڕۆ کە هەواڵی مردنی بە دوای ماوەیەکی زۆر ململانێی لە گەڵ نەخۆشیی و ئازارکێشانیم خوێندەوە، هەر لەو کاتە دا کە بۆ مەرگی ئەم پێشمەرگە لەمێژینەیە بە داخ بووم، خۆشم سەرکۆنە کرد کە بۆ چی ساڵانێک بوو هەواڵێکم لێی نەبوو و لەم ساڵانە دا بە بیرمدا نەهاتبوو هەواڵی بپرسم؟!

با مەرگی ئەو ئازیزە وریا کردنەوەیەکیش بێ بۆ خۆم و مەمانان، کە ناخۆشی و مەینەت و کوێرەوەرییەکانی ژیانی ڕۆژانە، غافڵمان نەکەن لەوانەی دەیانناسین و ناسیومانن. مردن لە کەمین دایە و هەتا بە خۆمان دەزانین، دەبینین کەسانێکی لێ ستاندووین کە پێمان وانەبووە بەو زووانە لە دەستیان دەدەین.

یادی گوڵە پەڕپەڕبووەکەی سەنگەری بەرگری لە کوردستان و نەتەوەی کورد، پێشمەرگەی لەخۆبوردووی دیموکرات، مەنسوور پیرۆتی بەڕێز و گیانی شاد.

سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و سەرجەم خۆشەویستانی دەکەم و هاوخەمیانم.

 

 حەمید تەیموری :  کاک مەنسور بە گلەییەوە کە لە رۆخساری دیار بوو، وتی: کوان ئەو هاوڕێیانە، دیار نین، ئێمە لە پێشمەرگایەتی پێکەوە بووین

لە ڕێکەوتی ٣٠/١١/٢٠١٨ لەگەڵ کاک ئەنوەر کاکایی و پێشتریش کاک ئازاد مامڵی مان ئاگادار کردو پێکەوە چووین بۆ سەردانی کاک مەنسوور کە ماوەیەک تووشی نەخۆشی هاتبوو. دیارە ئەوەش باس بکەم کە ئێمە دێر زانیمان بەو نەخۆشیەو بە زووترین کات سەردانمان کرد. ئەمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانم. پاش کەمیک بە گەیشتنی ئێمە، کاک عەباس یاریش هات. لە سەردانمان بۆ لای کاک مەنسور چاوەڕوانی ئەوە نەبوین کە وەها بە کەیف و بە ورە بێ. زۆر باش و دانیشت و بە بێ گوێدان بەوەی کە نەخۆش بووبێ. پاش هەواڵ پرسی و کۆمەڵێک گاڵتەو گەپ بە ڕۆخساری دیار بوو کە گلەیی لە کۆمەڵێ برادەری خۆی کرد سەردانیان نەکردووە و دیار نین. بەهێنانەوەی پاساو کار کردن و گرفتی ڕۆژانە، بەڵام کاک مەنسور ئەو پاساوانەی پێ قەبووڵ نەکرا. سەرەڕای ئەوەش زۆری پێخۆش بوو کە چووینەتە خزمەتی و لە بیریدا بووین، هەرچەند ئێمە بە ئەرکی خۆمانمان زانی و سەردانمان کرد. بەڵام بۆمان قەبووڵ نەدەکرا کە دوا کات و ساتی ژیانی ناوبراو بێ چوونکە زۆر بەدەماغ بوو. ..

بەداخەوە ئەم کەسانە سەردەمانێک ژیانی خۆیانیان قوربانی نەتەوەکەیان کردووە، دەبوایا رێزی تایبەتیان لێ گیرابا و ئابەو جۆرە پشت گوێ نەخرابان، مەبەستم ئەو خەباتگێڕانەیە کە ئاوا بیدەنگ لە نێومان کۆچیان کردووە. لەو ماوەیەدا کە کاک مەنسور نەخۆش بووە، زۆربەی پێشمەرگە بریندارەکان (خاوەن پێداویستیەکان) سەردانی ناوبراویان کردووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنی کە ئەندامانی حیزب وەک یەک بنەماڵە چاو لەیەک دەکەن، بە بێ گوێدان بەوەی کە ئەو ئەندامەی حیزب خەڵکی کام ناوچە و دەڤەری کوردستانە. هەر بۆیە ئەمەش پشتیوانییەکی زۆرە هەم لە بواری مەعنەوی و هەمیش لە باری دەروونی یارمەتی دەر دەبێ بۆ ئەو هاوڕێیە کە تووشی کێشە و گرفت و نەخۆشی بووە. هۆکارەکەش هەمووی لە دەوری خاڵێک کۆبوونەتەوە ئەویش کوردبوون، ئامانجی رزگاری نیشتمان و حیزبی بوونە. کاک مەنسور پێشمەرگەیەکی بەجربزەو ئازا بوو, سەرەڕای ئەو گرفتانەی هەیبوو، هەردەم لە چالاکی و خۆپیشاندانەکاندا دریغی نەدەکردوو ئامادەی چالاکیەکان دەبوو، ناوبراو تاکو ساتەکانی کۆتایی ژیانی کۆڵی نەداوەو بە سەربەرزی و دڵێکی ئاسوودە چووە نێو کاروانی شەهیدانەوە. شایانی باسە کاک مەنسور لە شەڕێک لەگەڵ سپای پاسداران و ئەرتشی داگیرکەری کوردستان بریندار دەبێ قاچەکانی بۆ هەمیشە لە کار دەکەون و ماوەیەکی زۆر لە سەر ویلچر بوو دوور لە بنەماڵەکەی، بەڵام هلێن خانمی خێزانی بە باشی یارمەتی دەدا و تاکو کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵی مایەوەو خزمەتی کرد. بەڕاستی ئەم جۆرە ژنانە واتە خاتو هلێن نموونەیان کەمە (هەرچەند خاتوو هلێن بەڕەگەز سویدییە) بەڵام شایانی باشترین پاداشتی چاکەیە. چونکە هەر هاوڕێیەک سەردانی کاک مەنسوری دەکرد بێ ئەندازە خزمەتی دەکرد و زۆریشی پێ خۆش بوو. ڕۆحی کاک مەنسور شاد و بەهەشتی بەرین جێگای بێ. سەرەخۆشی لە بنەماڵی ناوبراو و هاوڕێیانی دەکەم.

حەمید تەیموری

…….

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پ م نیوز، پڕ بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و هاسەنگەرانی نەمر مەنسوور دەکەین، روحی کاک مەنسوور شاد بێ .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی