"an independent online kurdish website"

دوای ئەوەی ئەمەریکا لە حوزەیرانی ٢٠٠٥ جڵەوی حوکمی رادەستی عێراقیەکان کردەوە و بڕیاریشیدا لە کۆتایی ٢٠١١ سەرجەم ھێزەکانی لە عیراق بکشێنێتەوە،


ھەر لەو کاتەدا بوو ھەریەک لە  بارزانی و تاڵەبانی یاداشتێکیان ئاراستەی  برێمەر کردو بە ئیلحاحەوە داوایان کرد ئەمەریکا کوردەکان بپارێزێت،  لەو کاتەدا بەندە شتێکم نوسی سەبارەت بە ھەڵوێستی دوور لە ئەخلاقی ئەمەریکا بەرامبەر دۆزی کورد، ھەر زوو ھەندێ لە  ناسۆنیلیستە توندڕەوەکان تەکفیری نەتەوەییان کردین ..!!! ‌   نەتەوەی کورد دادەنرێت بە یەکێک لەو گەورە نەتەوانەی کە تا ئێستا خاوەنی نیشتمانی خۆی نیەو قەوارەیەکی سیاسی دان پێدانراوی نیە . ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ فاکتەرگەلێک، گرنگترینیان : سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد ، پێگەی جوگرافی نەتەوەی کورد، سیاسەتی نێودەوڵەتی و نیازپیسی دەوڵەتانی زلھێزو کۆلۆنیالیزم بە تایبەت روسیا وئەمەریکا و رۆژئاوا .

 

لە گەرمەی ئەو دۆخە قەیراناویەی کورد وەک نەتەوە تێیکەوتووە ، دەیان پرسیار یەخەی سەرکردایەتی و سیاسەتمەدارانی گرتووە و بێ وەڵام لە بەر دەرگایان خێمەی نائومێدی ھەڵداوە . گرنگترین پرسیاریش بە لای بەندەوە ئەوەیە : ئایندە و چارەنوسی کورد بەرەو کوێ ؟؟ . وە ئاخۆ  روسیا و رۆژئاواییەکان و بە تایبەت ئەمەریکا ھەمان گورزی گورچک بڕ لە باشور و رۆژھەڵاتی کوردستان دەوەشێنن کە پێشتر ھەر یەک لە یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا و ئەمەریکا لە مەلیک مەحموود و قازی موحەممەد و مەلا مستەفای بارزانیان وەشاند ؟؟؟!!! .

 

ئەگەر لە کڵاو رۆژنەیەکی مێژوویی – سیاسیەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمانی ھەردوو حکومەتی مەلیک مەحمود و قازی موحەمەد کە لە دوو ھەل و مەرجی سیاسی – سەربازی جیاوازدا دروستبوون و بە گۆڕانی نەخشەی سیاسی و کۆتایی ھاتنی ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و جەنگی جیھانی دووەم ئەستێرەی ئەو دوو حکومەتەش ئاوابوو .

 

یەکەم – حکومەتی شێخ مەحموود لە باشوری کوردستان:

 

   لە رۆژی ١٥-١١-١٩١٨  – واتە چوار رۆژ لە پاش وەستانی جەنگی جیھانی یەکەم –  مەلیک مەحمود حکومەتی کوردی راگەیاندو بەریتانیەکانیش دوای دانانی مێجەر نۆئێل دانیان بە حوکمداری مەلیک مەحمود دا نا . دواتریش کۆلونێل  لی تی ویڵسن حاکمی بەریتانی لە بەغداوە گەیشتە سلێمانی لە ١-١٢-١٩١٨ تا لە گەڵ مەلیک مەحموود کۆبێتەوەو گفتوگۆ بکەن سەبارەت بە ئاییندەی سیاسی  کوردستانی عێراق.

 

  مەلیک مەحموود ھەر لە سەرەتاوە بەد گومان بوو لە سیاسەتی دووفاقی بەریتانیەکان و گومانی ھەبوو لە ھەڵوێست و بەڵێنەکانیان . چونکە ئەوان ھەردەمەو بە شێوازیک نمایشی ھەڵویستەکانیان دەکردو زۆر جاریش بەڵێنەکانیان نەدەبردە سەر  . تا ئەوە بوو مەلیک مەحموود سەربەخۆیی حکومەتەکەی راگەیاندو دواجاریش جەنگ لە نێوان سوپای مەلیک مەحموودو ھێزەکانی بەریتانیا روویداو بە بەدیلگرتنی مەلیک مەحموود و نەفی کردنی بۆ ھیندستان کۆتایی ھات . وە بەھۆی ناجێگیری بارودۆخی باکوری کوردستانەوە مەلیک مەحموود ھێنرایەوە سلێمانی و لە پاییزی ١٩٢٢ حکومەتی دووەمی راگەیاندو ھەر یەک لە حکومەتی بەریتانیاو حکومەتی مەلیک فەیسەڵی یەکەم دانیان بە مافی کورددا نا بۆ پێکھێنانی قەوارەی سیاسی خۆی … بەڵام پاش ئەوەی مەلیک مەحموود نامەیەک ئاراستەی قونسولی یەکێتی سۆڤیەت لە تەبرێز دەکات ، بەریتانیەکان توڕە دەکات و ئەوانیش زۆر بە پەلە کار بۆ لە ناوبردنی مەلیک مەحموودو حکومەتەکەی دەکەن و ئەوە بوو لە جەنگی ئاوباریک دوای روبەڕووبوونەوەی سوپای عێراق وە بە پشتیوانی بەریتانیا مەلیک مەحموود بەدیلی دەگیرێت وئەمجارەیان حکومەتەکەشی لەناو دەچێت .

 

دووەم – کۆماری مەھاباد :

 

  لە گەرمەی جەنگی جیھانی دووەم وە دوای ئەوەی ستالین فەرمانی دا بە داگیرکردنی ئێران لە ساڵی ١٩٤٥ بە بیانووی ھاوسۆزی رەزا پەھلەوی بۆ ھیتلەر ، زەمینە ساز بوو تا کوردانی رۆژھەڵات بە ئاگاداری و پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران قەوارەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆیان رابگەیەنن .وە ئەوەبوو کۆماری مەھاباد لە ٢٢- ١- ١٩٤٦ لە لایەن قازی موحەممەدەوە راگەیەنراو خەونی چەند ساڵەی کوردان ھاتەدی . بەڵام بەداخەوە ئەم جارەش داگیرکەران خەنجەری ژەھراوییان لە پشتەوە لەو کۆمارە ناوازەیە وەشاندو کۆمۆنیستەکان  چەشنی سەرمایەداران  لە بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوەو دوای پاشەکشەی ھێزە سەربازییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران سوپای ئێران ھاتە مەھابادوو دوای یازدە مانگ لە تەمەنی ، کۆماری مەھابادی لە بێشکەیدا خنکاندو رابەری مەزنیش – قازی موحەممەد – لە بەرەبەیانی ٣١ی ئازاری ١٩٤٧ لە سێدارە درا . ئەوەی  جێی سەرنج وشایانی وتنە نامەی قونسوڵی یەکێتی سۆڤیەت بوو  – وەک نەوشیروان مستەفا لە کتێبی کورد لە گەمەی سۆڤێت دا نوسوێتی – لە ئازەربایجان بۆ قازی و ھاورێیانی  کە بۆتان نیە رووی چەکەکانتان بکەنە حکومەتی ئێران  !!!!؟؟؟؟ .

 

سێیەم – باشور و رۆژھەڵاتی کوردستان کوردستان :

 

   لە پاش داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ ئەمەریکاو رۆژئاواییەکان ھەستیان بەمەترسی سەددام کردو دوای دەرکردنی چەندین بڕیار لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دواجار ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی لە پرۆسەی گەردەلولی بیاباندا لە شوباتی ١٩٩١ سوپای عێراقیان وەدەرناو ئەمەش رێخۆشکەربوو تا گەلانی عیراق  بە تایبەت کوردو شیعە لە باکورو باشوور ھەلی راپەڕینیان بۆ بڕەخسێتو دوا جاریش بە ھۆی خەمساردی رۆژئاواییەکان لە گەڵ شیعەو ھاوسۆزی  سیاسی و بەرژەوەنیخوازی کاتی لە گەڵ کورد  حکومەتی ھەرێمی کوردستان  لە دایکبوو .

 

بەڵام بەدرێژایی بیست و سێ ساڵەی تەمەنی ئەم حکومەتە رۆژئاواییەکان ھیچ بڕیارێکی سیاسی روونیان سەبارەت بەم  قەوارە سیاسیە  نییە و ھەردەمیش – بە تایبەت دوای پرۆسەی رزگاری و داگیرکردنی عێراق لە نیسانی ٢٠٠٣ – رۆژئاوایەکان بە تایبەت ئەمەریکا (تا) ی تەرازووی لایەنی حکومەتی مەرکەزی قورس دەکەن و دوا جاریش ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕییە ئەو ھەواڵە بوو کە ھەندێ لە میدیا حزییەکان رایانگەیاند کە تا ئێستا  پارتی و یەکێتی  لە لیستی رەشی ئەمەریکا دان ؟؟؟!! .

 

ئێستا حکومەتی ھەرێم لە نێوان کەڵبەی حکومەتی عێراق و بێباکی رۆژئاواو فراوانخوازی ئێران دایە ، بە تایبەت کە سیاسەتمەدارانی ھەرێم دان بەو راستییە تاڵەدا دەنێن کە ئەمەریکا فریوی داون و پشتی تێکردوون . وە بە تایبەت کە بەرپرسە ئێرانیەکان – لە ناویشیان دا بەرپرسە ئەمنی و موخابەراتیەکان – راشکاوانە رایدەگەیەنن کە  ئەمەریکا عێراقی بۆ ئەوان بە جێھێشتووە.

 ھەمان شت سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان؛ ئەمەریکیەکان سەرەتای جەنگی داعش ھێزە کوردیەکانیان لە رۆژھەڵات و باشوری کوردستان وەک پاڵەوان و جەنگاوەری بەتوانا وکەموێنە ناوزەند دەکرد و تەنھا پاداشتێکیش بۆ ئەوجەنگاوەرانە تەنھا   سوپاسێک نەبێت شتێکی تر نەبوو، وە بە تێپەڕبوونی کات و لاوازبوونی داعش، تورکیا فشاری زیاتری بۆ سەر ھێزە کوردیەکان کرد  لەرامبەریشەوە ئەمەریکا نازی تورکیای بەلاوە گرنگترە، نەک ھێزە کوردیەکان . بۆیە بەردەوامە لە پشتکردنە ئەو ھێزانە ..!!

  لە کۆتایی دا پرسیارە تاڵەکەی سەرەوە دوو بارە دەکەمەوە : داخۆ چارەنووسی باشور و رۆژھەڵاتی کوردستان کوردستان بەرەو کوێ ؟؟؟ وەڵامەکەش ئەوەیە کە ئەگەرەکان – بە بۆچوونی بەندە – پێمان دەڵێن ھەمان چارەنوسی  حکومەتی مەلیک مەحمودو کۆماری مەھاباد  دوور نیە ، بە تایبەت کە لێکچوونێکی زۆر ھەیە لە نێوان ھەلو مەرجی سیاسی و سەربازی پێکھێنان  و  لە ناوبردرنی  حکومەتی مەلیک مەحموودو قازی موحەمەد لە گەڵ ھەلو مەرجی سیاسی و سەربازی باشور و رۆژھەڵاتی کوردستان کوردستان : وە بە تایبەت ئەگەر زانیمان کە پێوەری رۆژئاواییەکان بۆ ھەر مامەڵەیەکی سیاسی و مرۆیی  بەرژەوەندییە .  چەرچڵ کاتی خۆی وتویەتی :  لە سیاسەت دا نەگۆڕ نیە بەڵکو بەرژەوەندی ھەیە.

 

سەرچاوە:  NRT

نویترین هەواڵ و بابەت