"an independent online kurdish website"

پێشه‌کی:

* پێناسەیەک لە هەڵکەوتی ناوچەی شەڕی حدکا و کۆمەڵە کە بە شەڕی هەورامان ناسراوە:


لە ڕاستیدا ئەو شوێنە ناوچەیەکی بەرتەسکی هەورامانە کە ئەودەم لە نێوان بەرەی شەڕی دوو داگیرکەردا هەڵکەوتبوو. ( ئێران و عێراق ). ” ئەوەی کە کۆمەڵەییەکان زەینی خەڵک و لایەنگرانی خۆیانی پێ چەواشە دەکەن، کە گوایە هەورامان ناوچەیەکی بەربڵاوه‌ بە کۆمەڵێک گوند، کە دانیشتوانەکەی ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خۆیانیان تێدا بردووەتە سەر و کۆمەڵەش بە ئەرک و مافی خۆی زانیوە، کە لە نێو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هەڵسوڕانی سیاسی و نیزامی خۆی هەبێت، ئەو چەواشەکارییەیە بۆ پاساوی ناڕەوا “.

 

بۆ بەرچاوڕوونیی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە شارەزای ناوچەکە نین و دەمارگرژانە دەچنە ناو بابەتی شەڕی هەورامان و دوور لە زانیاری و پسپۆڕی و شارەزایی بە گەزی خۆیان دەیپێون، کۆمەڵێک زانیاری وێنەم بەپێویست زانی بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی به‌جێ و کونجاو.

—————————————

شاخی ملەندوو وەک کەلەقەندێک لە قەراخ چۆمی سیروان هەڵکەوتووە و چۆمی سیروان نیوە بازنەیی دامێنی گرتووە. قۆپی شاخی ملەندوو بە چەند ڕیزە تەپۆڵکەیەک، دادەخشێتە سەر چۆمی سیروان. شاری نەوسوود لە نێوقەدی ئەم شاخە و لە نێوانی دوو لەم ڕیزە شاخانەدا هەڵکەوتووە. شاری نەوسوود و دەور و بەری، ناوچەیەکی شاخاویی پڕهەڵدێرە. ئاوی سیروان و سەختیی ناوچەکە هات و چۆی دانیشتوانەکەی بەرەو لای پاوە دژوار و بەرتەسک کردووە. تاکە ڕێگای هات و چۆ، جادەی نەوسوود بۆ ” دووئاوە “.

 

پاش شەڕی ئێران-عێراق، ناوچەی نەوسوود بوو بە مەیدانی ململانەی ۲ هێزی داگیرکەر و شاخی ملەندوو بوو بە بەرەی شەڕ: ” ریزەشاخی لای ڕاست ( باشوور) هێزەکانی ئێران و ڕیزە شاخی لای چەپ (باکوور) ی شاری نەوسوود هێزەکانی عێراقیان لێ جێگیر بوون “.

 

بە جێگیر بوونی دوو هێزی شەڕکەری دژ بە یەک، ڕێگای هات و چۆی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە چەند قات دژوارتر و پڕ مەترسیتر بویەوە. بە هۆی کاناڵ و سەنگەر و تێلدڕوو و مەیدانی مینی بەر فراوانی دوو بەرەی شەڕ، ڕێگای هات و چۆ بە تەواوی بەربەست کرابوو. ۲ ڕێگای بەرتەسک بەنێو مەیدانی مین و تێڵدڕووەکان هەبوو لەکاتی تایبەت و لە تاریک و ڕوونی بەیانیان بۆ لای هێزەکانی ئێران ( ” ملەسەروا ” بۆ ” دووئاو ” لەسەر چۆمی سیروان لای ” قەڵاگا ” بۆ ” دووئاو” ).

 

بەرەو لای هێزەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە دوو ڕێگای ( نەوسوود بۆ لای شۆشمێی سەروو، لە دەرەتوێوە بۆلای هاواری تازە) هات و چۆ هەبوو. بۆ نێو شاری نەوسودیش دوو ڕێگا هەبوو ( شۆشمێ بۆ نەوسوود و ” قەڵاسمۆکە ” بۆ نەوسوود) کە ئەوانەش تەنیا بە شەو له‌باربوو. هەر دوو ڕێگاکە لە ژێر چاوه‌دێریی پایەگاکانی ملە سەروا و دەکەڵدا بوو، بۆیە بە ڕۆژ ڕێگای هات و چۆ گونجاو نەبوو.

 

پاش شەڕی پاوە و فەرمانی جەهادی خومەینی، بەشی زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچەیە پەڕیوەی باشووری وڵات و له‌وێ نیشتەجێ ببوون. ” دوای درووستبوونی ئۆردووگای زۆره‌ملیی روومادییه‌، به‌شێک له‌م خه‌ڵکه‌ و خه‌ڵکانی ناوچه‌ جیاجیاکانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ئاواره‌ی باشووری وڵات بووبوون، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی عێراقه‌وه‌، ڕاپێچی ئه‌و ئۆردووگایه‌ کران “. بەشێکی دیکەش پەڕیوەی شارەکانی مەریوان و پاوە و جوانڕۆ و ڕوانسەر ببوون. گوندەکانی لای باشوور ( وەزڵی، تەشار، نەیسانە، تەڵووکێ، شێخان ) ی نەوسوود بوونە بەرەی شەڕ و بە تەواوی چۆڵ کران.

 

لای باکووریش شۆشمێی سەروو، شۆشمێی خواروو بە تەواوی چۆڵ کران و گوندی قەڵاگاش بە هۆی نزیکبوون لە پایەگای هێزەکانی ئێران چۆڵکرا و لە شوێنێکی نەدیو لە پایگاکان گوندی تازەیان درووست کردەوە. دواتر بە هۆی خۆڕاگری پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان و مانەوەیان لەم ناوچە بەرتەسک و پڕ مەترسییە، کۆمەڵێک بنەماڵەی دیکە ( ئەندامی حدک) لە ناوچەکانی دیکەوە ڕوویان لەم ناوچەیە کرد و هەر چەند ماڵێک لە پەنا و پەسیوێک گیرسابوونەوە.

 

۹۹% لە سەدی ئەو خەڵکە پێشمەرگە و هێزی بەرگری و ئەندامی حدکا بوون. هێزی شاهۆ و کومیتەی شارستانی هەورامان لەم ناوچە بەرتەسکەدا کۆمەڵێک بنکە و بارەگای هەبوون؛ ” بارەگای هێز، بارەگای کومیتەی شارستان، باره‌گای ۳ ده‌سته‌ی جیاواز ( ده‌سته‌ی شه‌هید نووری، ده‌سته‌ی شه‌هید نادری، ده‌سته‌ی ۲۵ گه‌لاوێژ )، ۲ ئەنباری چەک و تەقەمەنی، ۲ دەرمانخانە، زیندان و بارەگای بێسیم، ۲ ئەنباری خواردەمەنی و پیداویستیەکان و کۆمەڵێک سەنگەر و کونەتەیارە، لە شوێنی جیا جیا “.

 

ئەگەر کەمێک بە وردبینی و شارەزاییەوە سەیری هەڵکەوتی ئەم ناوچەیە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شوێنە زۆرتر وەک ئۆردووگایەکی نیزامی دێتە بەرچاو، تا شوێنی ئاسایی ژیان.

 

لە ئا وەها ناوچەیەکی بەرتەسک کە بەردەوام لە ژێر ئاگری توندی تۆپخانە و چەکە قورسەکان و هێرشی بەردەوامی ڕژیمدایە، کۆمەڵە وەک هێزێکی تا سەر ئێسقان نەیاری دیموکرات بەبێ هیچ پرس و ڕاو دانیشتنێک، دێتە ناوچەکە و ماڵ بە ماڵ و سەنگەر بە سەنگەر لە هات و چۆ دایە و بە هەموو توانایەوە هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەموو نەزم و بڕیارەکانی حدکا ( شەورای گوندەکان، قوتابخانەکان، بەرنامەی پاراستن ئاسایشی ناوچەکە، ئاسانکاریی ڕێگای هات و چۆ بۆ لای هەڵەبجە ) دەدات و بە نیازە دەسەڵاتی ناسیونالیست و کۆنەپەرەستی لەم ناوچەیە تەفر و توونا بکات.

————————————–

هەوڵم داوە لە سەر وێنە و نەقشە، زانیاریی ورد بخەمە بەر دەست خوێنەرانی ئەم بابەتە:

وێنەی ژمارە ۳

ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی شاهۆ و کومیتە شارستانی هەورامان لە دوو دیوی سنووری دەسکرد.

نێوان هێڵی زەرد: مەیدانی مینی دوو لایەن – ئێران و عێراق. هێڵی بەنەوش، سەنگەری هێزەکانی ئێران لە قۆپی ملەندوو وە بۆ تراشەی بەلەبزان.

هێڵی سوور و سپی: سەنگەری هێزەکانی عێراق لە قۆپی ملەندوو وە بۆ بەنەنی پەروینی. هێڵی سپی: سنووری نێوان ئێران و عێراق.

 

ژمارەکانی ۱، ۲، ۳، ٤، ٦ سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگەی دیموکرات.

ژمارەکانی ٥، ۷ سەنگەری تایبەتی بۆ کاتی هێرشی دوژمن.

ژمارە ۸ مەقەڕی دەستەی شەهید نوری ( هدکا) و ژمارە ۹ مەقەڕی کومیتە ناوچەی کۆمەڵە و پێشمەرگەکانیان.

ژمارەکانی ۱۰، ۱۱، ۱۲، ۱۳، ۱٤، ۱٥، ۱٦ بنکەو بارەگاکانی هێزی شاهۆ و کومیتەی شارستانی هەورامان و کومیتە ناوچەکانی پاوە و نۆدشە لە سەر خاکی باشوور.

ڕێگای هات و چۆ بۆ لای هێزەکانی ئێران لە ملە سەروا (۱) بۆ پێڵی دووئاو.

لە قەڵاگاوە (۳) بۆ پێڵی دوو ئاو، ڕێگای هات و چۆ بۆ ناو شاری نەوسوود.

لە شۆشمێ بۆ نەوسوود و لە قەڵاسمۆکە (۲) وە بۆ نەوسوود .

 

 

 

مه‌نسوور ئیراندوست

2018/12/22

بۆ زانیاری زیاتر سرنج بدەنە نوسراوەی ژێر وێنەکان کە وەک کومنتار دانراوە

تکایە بۆ بەشەکانی تر ناوی نووسەر کلیک بکەن 

نویترین هەواڵ و بابەت