"an independent online kurdish website

خالید عەزیزی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لاینگرانی وەک “سەرکردەیەکی لاو” و “رووناکبیر” بە خەڵکی کوردستانی دەناسێنن دەکرێت وەک ئۆپۆرتۆنیستێکی کورد سەیری کردەوە و ڕوانگەکانی بکرێت.


بەگشتی عەزیزی وەک خۆیشی بەشانازییەوە باسی لێدەکات لە چاوپێکەوت و کۆڕەکانیدا وەک ڕەخنەگرێکی سیاسی دەردەکەوێت.

لە قسەکانی عەزیزیدا لە دەرەوەی ئەوەی چی باس دەکات دو تایبەتمەندی بەردەوام دووپات دەبێتەوە:

یەکەم: رەستەکانی عەزیزی “کار”کەیان(فێعلکانیان) لە ڕووی زەمانییەوە بۆ داهاتووە واتە هەمیشە عەزیزی باس لەوە دەکات کە دەبێ ئەوە بکرێت یانی لە داهاتوودا دەبێ بکرێ ئەوە لە کاتێدایە عەزیزی ١٠ساڵی رابردوو سکرتێری حیزبێکی کارا لە گۆرەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتدا بووە! و دەبوو ئێستا باس لەوە بکات کە کردوویەتی نەک ئەوەی بە تەمایە بیکات!

دووهەم: ڕەستەکانی عەزیزی هیچ کات بکەرەکەیان دیار نییە واتە کە دەگوترێ ئەوە بکرێت دیار نییە ئەو بکەرە کێیە ئەو ئەوەیە کێ دەبێت بیکات هێندێ جاریش عەزیزی ئاوەڵناوی “ئێمە” بەکار دینێ کە ئەوە ئێمەش ڕوون نییە کێیە، خۆی و لایەنە سیاسییەکەیەتی یان بزوتنەوەی کوردە یان .هتد

سەرەڕایی ئەوە ڕەخنەکانی عەزیزی ناچنە چوارچێوەی ڕەخنەوە چون ئەو هەم بە گشتی هێندێ بابەت دێنێتە گۆرێ و هەم بە ڕوونی باسەکان تاوتوێ ناکات و زیاتر دەیەوێت بە شێوەی داخراو و سەرهەمبەندی باسێک وەک رەخنە بێنێتە گۆرێ و هێندێ قسەی کە زۆر جار هاودژیشن لە پاڵ یەک دانێ!

بە کورتی ئەوە تایبەتمەندی عەزیزییە وەک ئۆپۆرتۆنیستێک کە ١٠ ساڵ سکرتێری حیزبێکی کوردی بووە و ئامادە نییە هیچ هەڵەیەکی ئەو حیزبە لە ماوەی ئەو دەسەڵاتە بگرێتە مل بەڵکوو خۆشی وەک کەسێکی قوربانی و بێ‌تاوان نیشان دەدات.

بەو باسە گشتییە دەمەوێت بەشێوەیەکی سەرپێی سووکە لەنگەرێک لەسەر دوایین کۆری خالید عەزیزی بگرم کە لە فەنلاند بۆی گیراوە لە باسەکەی عەزیزیدا لەو کۆرەی کە لە فەنلاند گرتوویەتی:

سێ خاڵ سەرنجی من ڕادەکێشێ:

یەکەم: بزوتنەوەی چەکداری کوردستان بە “خەبات” ناو ناهێنێ و پێی دەڵێ : “شەر” و چەند جار ئەوە قسەیە دووپات دەکاتەوە!

دووهەم: عەزیزی باس لە سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی دەکات و زاراوەی جیاواز لە زمانی کوردیدا بە مەترسی بۆ سەر بابەتێک بەناوی “نەتەوە سازی” دەزانێ!

سێهەم: عەزیزی بەشێوەیەکی مانادا مێژووی خەباتی مەدەنیی کوردستان دەگەرێنێتەوە بۆ ١٠ ساڵ لەوە پێش ١٠ ساڵێک کە لەگەڵ مێژووی سکرتێری خۆی لێک نزیکن.

لەسەر خاڵی یەکەم هیچ قسەیەکم نییە دیارە ئەوە خۆی دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی لەباتی “خەبات”، وشەی “شەر” بەکار دێنی؟! ئایا تەنیا دەیەوێت بزوتنەوەی چەکداری لە ڕەوایی بخات یان ئامانجی‌تریشی هەیە؟

بەڵام ڕوانگەی عەزیزی لەسەر باسێک بەناوی “نەتەوەسازی” ڕوانگەیەکی ئێرانییە ئەوەی ئێستا کەوتۆتە سەرزمانی هێندە بۆڕە خوێندەواری کورد و بەردەوام دەڵێن دەبێت “نەتەوەسازی” بکەین ڕوانگەیەکی فاشیزمی ئێرانییە کە ئەوانیش لە تورکەکانیان وەرگرتووە و لەو ڕوانگەیەدا هەموو نەتەوەی جوغرافیای دەسەڵاتداریان دەبێت لە شوناسێکی باڵادەستی حکوومەتیدا بتوێتەوە.

لە ئێران ئەو شوناسەی کە دەبێت هەموو نەتەوەکانی ئێران تێدا بتوێنەوە ئەوە شوناسی فارس_شێعەیە.

نەتەوە سازی لەڕاستیدا دیاردەیەکی رۆژهەڵاتییە(شرقی)!

ئەوەی لە ئەروپا و رۆژئاوا لە سەردەمی رۆشنگەرییەوە ڕوویدا ناکرێت ناوی بنێین نەتەوە سازی چون بنەمایی دیارە ئەروپاییەکە “گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان”ی رۆسۆ بوو واتە لە ئەروپا شارۆمەندسازی بە مانا ئەرستووییەکەی کرا لە رۆژئاوا و لە سەردەمی رۆشنگەرییەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێ کە “مرۆڤ” وەک بوونەوەرێکی سیاسی کە خاوەنی “ماف” و “بریارە” پێناسە بکرێت بەڵام لە نەتەوەسازی رۆژهەڵاتییەکەدا مرۆڤ هیچ مافێکی نییە بەڵکوو کۆمەڵە بوونەوەرێکی خێل وخوارە کە دەبێت بە پێی پێوەرێکی تایبەت ڕاست بکرێتەوە!

لەسەر باسی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی نازانم چۆنە عەزیزی خۆی لەو بوارە دەدا چون هەر لەو چەند دەقەیە کە لەو بوارەدا قسەی کرد دەردەکەوێت عەزیزی نەتەنیا شارەزایی لە سیاسەتی زمانی نییە بەڵکوو شارەزایی لەسەر تایبەتمەندی زمانی کوردی و فارسیش نییە!

من ناچمە سەر باسی زمانی کوردی و زاراوەکانی نێو ئەو زمانە و بابەتی سیاسەتی زمانی پێویست بۆ زمانی کوردی ، تەنیا ئاماژە بەوە دەکەم کە سیاسەتی زمانی لە ئێران توانەوەی زمانە نافارسییەکان لە زمانی فارسییدا بووە و هەیە نەک توانەوەی زاراوەکانی فارسی لە یەک زاراوەدا عەزیزی نازانێ کە تالشی خۆی زمانێکی سەربەخۆیە وەک چۆن زمانی کوردی، ئینگلیسی، عەرەبی و هتد… لەگەڵ فارسی فەرقیان هەیە و یەک نین زمانی تالشی و گیلەکیش لەگەڵ فارسی یەک زمان نین و فارس ١٠٠ ساڵە دەیەوێت ئەو زمانانەی که لە جوغرافیای دەسەڵاتەکەیدا هەیە بتوێنێتەوە! گەچی عەزیزی لە قسەکانی خۆیدا بۆ ڕەوای داسەپاندنی زاراوەیەکی کوردی بەسەر زاراوەکانی‌تردا زمانی فارسی و تیداچوونی زمانی تالشی بۆ نمونەی جێگای پەسند دێنیتەوە!

هەر بۆ ئاگاداری بەرێزیان هیچ زاراوەیەکی فارسی لە سەردەمی دەسەڵاتداری فارس لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو یەک وشەی لێکەم نەکراوەتەوە و هەموو وشەکانیشی لە فەرهەنگی کراوەی دێهخدا دا رۆژانە خەریکە کۆ دەکرێتەوە و سەرەڕایی ئەوە بەدەیان سەریاڵ هەیە کە بە زاراوەی جیاوازی فارسی بڵاودەبێتەوە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە سیاسەتی زمانی فارس لە ئێران ئەوەیە زمانی نافارسی لە زمانی فارسیدا بتوێنێتەوە نەک ئەوەی زاراوەکانی فارسی لە یەک زاراوەدا بتوێنێتەوە!

لەسەر باسی خەباتی مەدەنی یان بەرخۆدانی مەدەنی کە چەمێکی زۆر ئالۆز و بەربڵاوە من وەک کەسێک کە ١٠ ساڵ ئەزموون ڕاستەوخۆم لەو بوارەدا هەیە بە پانەوە بە عەزیزی و حیزبەکەی و هەموو حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەڵێم خەباتی مەدەنی یان ئەوەی حدکا پێی دەلێ خەباتی شار بە هیچ حیزبێک قەرزدار نییە و بەڵکوو ئەوە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتن کە بە خەباتی مەدەنی قەرزدارن و هەر کامەی کەلکی خۆشی لێوەردەگرێ و لێوەرگرتووە!

لەسەر خەباتی مەدەنی تەنیا دەمێنێتەوە ئەوە بڵێن کە خەباتی مەدەنی لە هەر کۆمەڵگایەک بە پێی جۆری توندوتیژی سیستماتیک کە لەو کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە پێناسە دەکرێت.

گرێدانی مێژووی پڕ لە شانازی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات بە سکرتێربوونی عەزیزییەوە ئەو پەڕێ لە خۆبایی بوونی عەزیزی نیشان دەدات. هەڵبەت لەخۆبایی بوونی عەزیزی شتێکی نوێ نییە ئەو ساڵی ٩٦ کە تازە لە سکرتێری کەتبوو لە ڕووداو کاتێ لێیان پرسی تۆ قاسملووی نە تەنیا ئەو قسەی بە توندی بەرپەرچ نەداوە بەڵکوو بە بزەیەک نازناوی قاسملوو بوونی نازناوێکی پڕ بە باڵای خۆی دانا.

دوایین خاڵ کە سلمێنەری ئۆپۆرتۆنیستی عەزیزییە و دەبێت باسی لەسەر بکەم ڕوانگەی عەزیزی لەسەر سۆشیال میدیاوەیە!

عەزیزی کە بۆ کەمتر لە سێ دەقە لێدوان ئامادەیە لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا بەشداری بکات بەردەوام لە قسەکانی فەنلاندی پانتایی سۆشیال میدیای وەک پانتاییەکی سووک و چرووک باس دەکرد بە کورتی ئەو روانگەیەی عەزیزی یانی میدیا و کۆروکۆبونەوە باشە بەڵام بەمەرجێک بۆ بەرێزیان بێت نەک بۆ خەڵکی‌تر.

ڤیدیۆی قسەکانی کاک خالید 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی