"an independent online kurdish website

 هونەر، لەم ژیانە جەنجاڵ و پڕ لە گێژاوەدا لای مرۆڤی شەکەت و ماندوو، یان حەساوە و خۆشبەخت ، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر هۆگر و لایەنگرە.


هونەر ئەو بوارەیە، کە “پانتایی” ئارەزوو و حەز و ئەندێشە خۆش و بەلەزەت و ئاواتەکانی تێدا تێکەڵ بەیەکتر بوون و یەکتر دەبیننەوە. هونەر ئەو دەرمانەیە کە حەسرەتی  دڵ دادەمرکێنێتەوە و تام و سەبوورییەکی تایبەت بە جەستە و هەناو و گیانی مرۆڤ دەبەخشێ . هونەر بنەمایەکی بەهێزی گەل و نەتەوەیە و میللەتی بێ هونەر، چەشنی باخی بێ گوڵە. لەباری سەرنجێکی دیکەشەوە، هونەر چەکێکی کاریگەر و ناسنامەی هەبوون و تاجی شانازی و سەروەرییە و گەر بخوازێ دەتوانێ، گشت سنوورەکانی ئاستەنگی بەردەم ویستتەکانی ببەزێنێ.

هونەری ڕاستەقینەش بێ مەرج و داوای کەس، زیندوویی و گەورەیی خۆی وا لە هەناودا و بۆتە هێزێکی مەزنیش لە بەشداریکردنی، هەر هەوڵ و گۆڕانێکی سیستەماتیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا!. هونەری ڕەسەن و ناواخن پڕ لە کەلەپووری میللی و خۆشەویستی مرۆڤ و سروشت، ئەو هونەرەیە کە بەدرێژایی تەمەنی مرۆڤایەتی درێژە دەکێشێ و دەمێنێتەوە، ڕەگ لەسەر ناسنامەی خۆی دادەکوتێ پەل و پۆدەهاوێژێ. لەهەر دەم و ساتەوەختێکدا دەنکە مرواری و چەپکە گوڵی ڕازاوە و هەستی گەرم و ئاوازی بەجۆش و خرۆشی خۆی دەخاتە بەردەستی گوێگر و عاشقانی.

هونەریی کوردیش، بە بەراوود بە باڵای هەنجن هەنجنکراوی ژیانی ژێردەستی و وڵات دابەشکراوی، هونەرێکە بە قەوارەی ئازار و ژان، خۆشی و شیرینییەکانی نەتەوەی کورد، خۆی بەرجەستە کردووە و پارێزگاری لە هەبوونی خۆی کردووە و ڕەهەندی ڕەسەنایەتی خۆی پاراستووە و سەلماندوویەتی کە لەو هەموو کەین و بەینەدا، ڕەنگ و بۆی خۆی هەیە. هونەری کوردی بەتایبەتی (ئاواز و گۆرانی)ژێی هەست و نەستی هەر گوێگرێک بەجۆش و خرۆشێکی ئەفسووناوییەوە دەهەژێنێ و مرۆڤ حەیرانی جوانی وڵات و ئافرەت و وەرزە دڵفڕێنەکان و بۆن و بەرامەی گوڵزاری بەهار و دەنگ و جریوەی باڵندە و ڕەنج و ئارەقەی ماندبوون و شادی و گەمەی مرۆڤی کورد دەکات. لەنێو مێژووی سەدەیەکی ئەم هونەرەدا دەیان کەڵە هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی لێهاتوومان بەرچاو دەکەون، کە بۆ هەتا هەتایە بە زیندوویی ” ناو و بەرهەمەکانیان” لەناو دڵ و هەستی گشتمان و مێژوودا دەژین.

ماملێ” ناوی ئەو کەڵە ھونەرمەندە میللییە ھەرە بە ناوبانگ و شۆڕەسوارە ھەرە لێھاتووەی ئەم بوارەیە و ئەستێرەیەکی ھەرە مەزن و پڕشنگداری جیھانی گۆرانی و مۆسیقای کوردیتە و نیو سەدەیرەبەق زیاترە بە ھەموو دڵ و کوڵێکەوە بە ھەموو حەز و خواستێکەوە بەوپەڕی ئەمەکداریی و دڵسۆزییەوە بەوپەڕی ھۆشیاریی و لێزانییەوە سەرقافڵەچێتی قوتابخانە و ڕێبازە ھونەرییە تایبەتەکەی خۆی لە گۆرانی و ئاھەنگی کوردی گێڕان و داھێنانە ھونەرییەکانی دەکات و نزیکەی ٧٠٠ گۆرانی ھەرە دانسقە و پڕ لە مانا و تابلۆی بەرزی ھونەریی ھەستفڕێن بۆ چڕیوین و بەئاواتی زۆری دیکەش بوو، مەخابن نەخۆشی چەپەڵ و مەرگی ناھەموار بوونە ئاسەنگی بەددەم گەیشتنە ئاواتەکانی .

ماملێ، ھەبوونێکی ھەرە زێڕین و دەریایەکی ھەرە بەربەرینی وشە و گۆرانی کوردییە و ھەزاران بەیتی رەسەن و فۆلکلۆری لەئامێزگرتووە و سەدان ئاوازی ژیاندۆتەوە و داناوە و دەیان شیعری شاعیرە بەرزەکانی کوردی وەک{ وەفایی و مسباح الدیوان و ھێمن و ھەژار و کامیل} و…ھتدی بۆ کردووین بە چەپکە گوڵی ڕازاوە و عەشقی خۆشەویستییەکی بە کەفوکوڵ و ھەست گەرم و بۆی وتووینەتەوە و گیانێکی ئەفسووناوی کردووە بە بەرشیعرەکان دا. لەتەک ئەم لایەنانەدا گۆرانییەکانی ماملێ، ھێزێکی دینامیکی شۆڕشگێڕی و کوردایەتیش و ڕۆڵ لە ھۆشیاری نەتەوەیی و ھونەری بەرگریدا دەبینن. ئەو مانا ئامێزییەی بەرهەمەکانی  ماملێ جۆرە شەقڵ و ڕەسەنایەتییەکی بەگۆرانییەکانی  بەخشیوە و بوونەتە سیمبۆڵ و ناسنامەی ھونەرەکەی ماملێ و کورد.

زنجیرە گۆرانییەکانی ” بازی بێریان، زەمانە، یادی بەخێر، من دەڵێم شاری دڵم، زێنەبێ، شیرین تەشی دەڕێسێ، جوانێ گیان بۆ وات لێکردم، مریەم سابڵاخی” و سەدانی دیکە لە زیھن و خەیاڵ و سەرزمانی کەسمان سپی نابنەوە. ھەربۆیە مامۆستا ھێمن ساتێ وا ھەست دەکات، ئەو لەبیرچۆتەوە و فەرامۆش کراوە، ئاخر چونکە باش لەوە ئاگادارە، کە دەنگی ” ماملێ”  ھەردەم میوانی ئامادەی گشت کەس و ماڵێکمانە، بۆ تکای وایە و داوامان لێ دەکات و دەڵێ: ئا لەو چرکەساتەدا یادی بکەن.

لەو دەمەی دا گوێ ھەڵدەخەن بۆ تارێ

لەو دەمەی دا مامـلـــــــێ دەڵێ قەتارێ

دڵدارانی گۆرانی خۆماڵی کوردی، عاشقانی دەنگ و ئاوازی (( سەید ئەسغەری کوردستانی، خارە تایەر تۆفیق، جووتە جەزراوی، کاوێس ئاغا، مامۆستا عەلی عەلی مەردان، رەسول گەردی و حەسەن زیرەک )) و… دڵنیان کە ماملێ نامرێ و بەھەشتی بەرین و دڵی ھەموو کورد و لاپەڕەی گەشی مێژوو و ھێلانەی خۆشەویستی مرۆڤدۆستی مەنزڵگای دەبێت. ھەتا دوا زایەڵە و نووزەی ھونەری کوردی، ماملێ زیندووە.

 محەمەدی ماملێ لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەندە و مام سەعید ھونەرمەندی سەردەمی سەید ئەسغەر بووە و ئێستاش پاش کۆچی خۆی وەچەیەک ھونەرمەندی دڵسۆز و لێھاتووی  خۆی پێ سپاردووین. ماملێ کوری شارەکەی قازی محەمەد و ھێمن و ھەژار و کۆمارە جوانەمەرگکراوەکەی کوردستانە لە مەھاباد و چوارچرای مەیدانی ئاڵای سەربەخۆیی ھەڵکردن و لەسێدارەی (قازی) یانە. ھونەرمەندی پاش کۆمارە و لەسەر ھەڵوێست و ھونەر و بەرھەمەکانی، تووشی ئازار و کولەمەرگی و زیندانی بووە. وەلێ کۆڵی نەداوە و ڕاستەوخۆ بەشداری خەباتی نەتەوەکەی کردووە و باجی سەروەریی و تێکۆشانی خۆی داوە. ماملێ دۆستی دەیان ھەڵکەوتووی دیکەی گەلەکەمانە و ھاودەمی زۆربەی ھەڵکەوتووانی کوردی کردووە و لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی کوردستاندا، پەیوەندی ھەبووە و پێکەوە گۆرانییان وتووە و ئاھەنگیان سازداوە. لەڕادیۆکانی تاران و کرمانشان و سنە و مەھاباد گۆرانی پێشکەش کردووە.

ماملێی ھونەرمەند خاوەنی ھەستێکی زۆر پاک و بێگەردی کوردایەتی بووە و چەندین جار گیانبازی بە ژیانی خۆیەوە کردووە، دەیان سروودی نەتەوەیی بەدەنگە زوڵاڵەکەی تۆمار کردووە . سەرقافڵەی ئەمانەش وتنەوەی مارشی نەتەوەیی (ئەی رەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان)ە. ئەمانەش  بەڵگە و دەلالەتی جەسووری و باوەڕی پتەو و بەتینی کوردایەتییەکەیەتی.ھونەرمەندی هەڵکەوتوو و هێژا، خاوەنی کەسایەتییەکی گەورەی خۆی بووە. لەنێو خەڵک دا و لای میللەتەکەی گەلێ خۆشەویست و ڕێزلێگیرواو بووە.  ساڵی ١٩٢٥ لە سابڵاخ لەدایک بووە. دوا ڕۆژەکانی ژیانی بەئازارەوە بەسەر دەبات و تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێت و تا دەھات لاواز و بچووک دەبۆوە.
لە ڕۆژی ١٩٩٩/١/٢٣ پاش یادکردنەوەی جەژنی ڕێبەندانی ئەمساڵیش لەگەڵمان دا ماڵئاوایی لێکردین.
ھەواڵەکە بروسکەئاسا بەسەرتاسەری کوردستان دا بڵاوبۆوە و ھەزاران ھەزار کەسی ھەژاند و چزەی لەدڵ و دەروونی یەکپارچەی نەتەوەی کوردەوە ھەڵسان. مەرگە تاڵ و ناخۆشەکەی، ژینگەیەکی خەمناکی دەروونی هێندە بەئازاری خوڵقاند، خۆی وتەنی: شایی و شینمان تێکەڵ بوو.

ماملێ، سەرلەنوێ بێ پەیمان شکاندن!! لەگەڵ ھاوبیرەکانی دەست لەملی ھێمن و ھەژار بووە. چونکە لە ھیچ شوێنێ و ھیچ کەسێ فێری پەیمان شکاندنی نەکردبوو. باش دەیزانی لە نێو کورد دا پەیمان شکێنی نییە. دواتر بەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شکۆوە، لە گۆڕستانی شاری سابڵاخ بە بەشداری ھەزاران کەس  بە دایکی نیشتمان بە ڕوو سووری و سەرکەشییەوە سپێردایەوە. ئەفسووس و ھەزارجار ئەفسوس نەتوانرا ژیان و ئەزموون و کارەکانی ئەو ھونەرمەندە ھەڵکەوتووەمان، بەتەواوی خزمەت بکرێت و تۆمارێکی جوانیان بپارێزرێ.  تەنها یادگارێک ئەوەیە ھونەرمەندێکی لاو بەناوی( شارامی عەلیدی) کورتە فلیمێکی لەسەر ژیانی تۆمار کردووە.بە ھیوای ئەوەی بەھیمەتی وەچە دڵسۆزەکانی خۆی و تەواوی ھونەرمەندانی بەئەمەک و خەمخۆری کوردمان، ئەو کەلێنە مەزنەی کەوتە باڵەخانەی ھونەری ئاواز و گۆرانی و ئاوازی کوردیمانەوە پڕ بکەینەوە.ب اس و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ھونەرمەندە ھێژایە بێکۆتاییە و ئەرکی دڵسۆزانی پسۆڕی ئەم مەیدانەیە، ئاوڕی بەپەرۆشی لێ بدەنەوە.ھێندەی لەسەر بابایەکی وەکو ئێمە بێت، وا بەقسەی بەدکاری لەگەڵ ناکەین و بەڵێنیان دەدەینێ:

ئەگەرچی ڕۆیین قەت ناچن لەیادمان…. دەکەین یادتان بە یادی ئەوانەوە شادین

بۆ دەستکاریکردنی ئەم بەیتە شیعرە،داوای لێبووردن لە ڕەوانی بێگەردی مامۆستا ھێمنی گەورە دەکەم.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ.

سەرنج: ئەم بابەتە گۆڤاری “خوێندکاری کورد” ژمارە ٢٧ نەورۆزی ١٩٩٩ بڵاوکراوەتەوە بەناوی هاوبیرەوە. هەڵەکانی چاککراوە و بەکەمێک دەستکارییەوە لێرەدا پێشکەشتان دەکەمەوە. بۆ مەرگی ماملێ گەورە دەستەی نووسەرانی خوێندکاری کوردیش بروسکەی خەمباری نارد. پێش مەرگی مامۆستا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەک، نامەیەکی دوورودرێژ و کۆمەڵی پرسیارم ئاڕاستەی مامۆستا ماملێ کرد. بەداخەوە چ وەرامێکم بەدەست نەگەشتەوە. ئیدی نازانم نامەی ناوبراو گەیشت یاخود نا!؟. دەنا ئێستا زانیاری زیاترمان دەربارەی هزر و کار و خزمەتی هونەر و گۆڕانی خۆیی و کوردی  لەبەردەستدا دەبوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی