"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، بەرنامە و شوێنی بەشێک لە پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە، کە تێدا ئاماژە بە تێرۆری ڕێبەرانی کورد کراوە.


مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی بەفرانبار، لە تویتێکدا، لە لاپەڕەی تویتی خۆیدا، بەرنامەی و شوێنی بەشێک لە پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داون، بڵاو کردووەتەوە و تێدا ئاماژە بە تێرۆری ڕێبەرانی کوردیش کراوە.

مایک پۆمپێئۆ، لە بەشێکی تویتەکەیدا، پلان و بەرنامەی و شوێنی چواردە کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتانی ئورووپایی، کە وەکوو تێرۆری کەسایەتییە کاریزما و پێگەدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەژمار دەکرێن، بڵاو کردووە و تێدا ئاماژەی بە تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە شاری ڤییەن و تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی لە شاری بیرلین کردووە.

ناوبراو لە بەشێکی تری تویتەکەیدا، وێڕای ئاماژەکردن بە ئاشکراکردنی دوو پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی هوڵەند، لەسەر گەمارۆوەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، نووسیویەتی: “ئەمڕۆ یەکیەتیی ئورووپا پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، بۆ یەکەمجار گەمارۆی خستە سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە“.

دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆزی نەتەوەی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای وتووێژەوە بوو، لە ڕێکەوتی ۲۲ی پووشپەڕی ۱۳٦۸ی هەتاوی، لە لایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمەوە، لەگەڵ هاوڕێ عەبدوڵڵا قاردی ئازەر نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئوتریش و د. فازڵ ڕەسوول خەڵکی باشووری کوردستان، تێرۆر کران.

هەروەها دوکتور سەعید شەرفکەندی، سکرتێری حیزب پاش دوکتۆر قاسملوو، کە لە ۲۶ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە شاری “بیرلینـ”ـی ئاڵمان بەشداری کردبوو، لە لایەن تیمە تێرۆریستییەکانی ڕێژێمی ئێرانەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێری و لە ڕیستۆرانی میکۆنۆسی ئەو شارە لەگەڵ هاوڕێیانی تێرۆر دەکرێن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی