"an independent online kurdish website

رۆژی هەینی 2019/01/11 لە گۆڕستانی Järrfälla Kyrka / Kyrkplan 15  بە خاک سپێردرا و لە شیستا ترێف پرسەکە بەڕێوەچوو.


لەم پرسەیەدا هاوڕێ کاک حامید درودی کۆمەڵێک وێنەی گرتوون . لە رۆژانی داهاتوو ڤیدیۆی مەراسیمەکەش بڵاو دەکرێتەوە.

 بۆ دیتنی وێنەکان تکایە ئێرە کلیک بکەن

ڤیدیۆ 

کورتە ژیاننامەی کاک مەنسوور پیرۆتی

 

کاک مەنسوور لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی واتە ١٩٦٧ی زایینی لە دێی میرەدێی ناوچەی سەقز لەناو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەدا چاوی بەدنیا هەڵینا.

تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵی هەر لەو دێیە تێپەڕ دەکات. بەگەورەتربوونیشی وەک زۆربەی منداڵانی کورد لەو سەردەمەدا هاوشانی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ بژێوی ژیان دەست دەداتە کاسپی.

 کاک مەنسوور لە تەمەنێکی کەمدایە کە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ڕوودەدات و لەهەمووشی گرنگتر کە دەبینێ نەتەوەی کورد دەسەڵاتی داگیرکەر و زۆرداری پاشایەتی لە خاکی خۆیدا دەردەکات و هێزی پێشمەرگە لەسەرجەم شار و دێهاتەکانی کوردستان بڵاو دەبنەوە و خۆشی و شادی دەبەخشنە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەو ڕووداوە وا لە کاک مەنسوور دەکات کە زیاتر ئۆگری کوردایەتی و پێشمەرگەبوون بێت. هەر دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کاک مەنسوور دەبینێت کە چۆن ڕێژیمی ئاخووندی بەدەسەڵات گەیشتوو کوردستانی تووشی شەڕێکی داسەپاو کردووە و بە بیانووی کۆنەپەرستانە و ملهوڕانە دەیهەوێ خاکی کوردستان داگیر بکات و شوناس و پیرۆزییەکانی گەلی کوردیش بەرەو توانەوە بەرێت. لەبەرامبەردا بەرگری قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە دووژمنی پۆشتە بە تانگ و تۆپ و تەیارەی بەچۆکدا هێنابوو، هێز و ورە بە کاک مەنسوور دەدات و هانی دەدات کە ڕێگای بەرگری لە کەڕامەت و شووناسی نەتەوەکەی هەڵبژێرێت. لەلایەکی دیکەوە کاک مەنسووری تازە لاو و خوێن گەرم دەیدیت کە خۆبەختکردنی ڕۆڵە قارەمانەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران چ شانازییەکی گەورەیە و خەڵکی کوردستان چەند پیرۆز لێی دەڕوانن. هەربۆیە کاکە مەنسووری بیرتیژ و بەهەڵوێست دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە هەڵبژاردنی مەتەرێزی بەرگری و داکۆکی لە نیشتمانی داگیرکراو ئەرکی سەرەکی و لەپێشینەیەتی و بڕیار دەدات کە ببێتە هاوڕێی ئەو پێشمەرگانەی کە لە ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەدی نەمرەوە وانەی کوردایەتی و خۆنەویستی فێربوونە. بڕیار دەدات کە ببێتە پشتیوانی ئەو خەڵکە بەشخوراو و مەینەت دیدەی کوردستان کە سەرباری هەموو سەرکوت و چەوساندنەوەیەک خۆشەویستی حیزبی دێموکڕات لە دڵ و مێشکیاندا هەر بڵێسە دەدات.

ئەو خۆشەویستی و ئۆگریە بۆ پێشمەرگە لەلای کاک مەنسووری تازەلاو و پێگەیشتوو نەک هەر هەستێکی گڕگرتوو بوو بەڵکوو بە باوەڕ و لێکدانەوەی درووستی خۆی بڕوایەکی قووڵی بەوەهەبوو کە ڕزگاریدەر و دڵسۆزی ڕاستەقینەی ئەو خاک و نیشتمانە هەر پێشمەرگەیە.

ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوییە و بنکەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لە ئاوایی پیرۆمەران هەڵکەوتوو لە گەورکی یەکی ناوچەی سەقز میوانداری تازەلاوێکی باوەڕمەند بە دێموکڕات و شەیدای ناوبانگی پێشمەرگە دەکەن. بەڵێ ئەوە سەرەتا و یەکەم مەڵبەندی پەیوەستبوونی کاکە مەنسوورە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا.

 

سەرەتا لە لکی یەکی هێزی (شەهید عەزیز یوسفی) سازمان دەدرێ و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشێ و چەکی بەرگری لە مان و بوونی نەتەوەکەی دەکاتە شان. پاش ماوەیەک دەگوازرێتەوە بۆ لکی دوو کە چالاکیەکانیان لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز بوو. لەو ماوەیەدا کاک مەنسوور کە بە مەنسوورە چکۆڵیش دەناسرا لەناو هاوڕێکانیدا ئەوپەڕی وریایی و ئازایەتی و بوێری لەخۆی نیشان دەدات و لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەدا لەو ناوچەیە وەک بازێکی باڵ ئاگرین چاو و لووتی داگیرکەر وەبەر گڕی هەڵمەتی قارەمانانەی دەدات و تامی تاڵی شکستیان پێ دەچێژێ. هەر لەبەر ئەو ئازایەتی و لێوەشاوەیانەیەتی کە لەلایەن لکی سێ واتە لکی (شەهید ئەسەد سلێمانپور)ەوە داوا دەکرێت و هەر زوو لەو لکەشدا جەسوورانەتر درێژە بە ئەرکە حیزبییەکانی دەدات و جێپەنجەی لە ڕاوەدوونان و شکستی پەلامارەکانی دوژمنی داگیرکەردا دیارە.

 

ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە ناوچەی گەورکی یەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان تووشی شەڕێکی قورس دەبێ لەگەڵ داگیرکەرانی جەماران، کاک مەنسوور و هاوڕێ گیان لەسەردەستەکانی هەر زوو لێیان دێنە دەست و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە پەیکەرەی لەشکری کۆنەپەرستی شپرزە دەکەن و تاڵاوی مەرگیان بە گەروودا دەکەن. دووژمن لەو شەڕەدا دەیان پاسدار و نیرووی نیزامی خۆی بەکووشت دەدات و بەناچاری لەبەرامبەر خۆڕاگری و بەرگری ئازایانەی پێشمەرگەدا پاشەکشە دەکات. لەو شەڕەدا کە دووژمن لە بەر هەڵمەتی ئازایانەی کاک مەنسووری چاونەترس سەری لە بن ڕێژنەی گوولە بەرز نابێتەوە، هەردوو قاچەکانی دەکەنە نیشانە و دەیپێکن.  بە برینداری و بە بێ جووڵەش دەست لە بەرگری هەڵناگرێت، ئەو گیانبازی و زیرەکییەی کاک مەنسوور دەبێتە مۆتەکەی دووژمن و ناوێرن لێی نزیک ببنەوە.

دوای پاشەکشەی دووژمن پێشمەرگەکان کاک مەنسووری زامدار دەگەیەننە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی حیزبی لەو ناوچەیە. دوای نزیک بە ساڵێک کە هێشتا برینەکانی بەتەواوی ساڕێژ نەببوونەوە بڕیار دەدات بگەڕێتەوە ناو هاوڕێکانی لە بەرەی پێشەوەی بەرگری و هەڵۆئاسا دوژمن بخاتە بەرشاڵاوی گەردەلوولی باڵەئاگرینەکانی و تەورە ڕیشدارەکانی کۆماری ئاخووندی پێ ڕاماڵێ. کاک مەنسوور بەبێ دوودڵی هەردەم ئامادەبوو بۆ بەشداری لە هەر چالاکییەکی پێشمەرگانەدا، لەزۆربەی شەڕەکاندا کە بەرۆکی هێزی پێشمەرگەیان دەگرت کاک مەنسوور یەک لە پێشمەرگە هەرەئازاکانی ڕیزی پێشەوە بوو.

لە ساڵی ١٣٦٢دا و هەر لە گەورکی یەک دیسان بۆ جاری دووهەم بریندار دەبێتەوە. ئەم جارە گولەیەک لە شانی دەدرێ. بە شاهیدی هاوڕێکانی لەو شەڕەشدا ڕۆڵی کاریگەری دەبێت و لەگەڵ هاوڕێکانیان پێکەوە وەک قەڵایەکی پتەو لێشاوی چەکدارە تاریکپەرەستەکانی تاران بەئەژنۆشکاوی لەناوچەکە دوور دەخەنەوە. دووبارە کاک مەنسوور دەبرێتە نەخۆشخانەیەکی حیزبی دێموکڕات لە ئاوایی هەرمێدۆڵ و لەوێ چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت. زامی ئەوجارەی کاک مەنسوور هێشتا بەسۆیە و سارێژ نەبووە، ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویە و دووژمن ئەوجار بە لەشکرێکی زۆر و چەکی قورس و پشتیوانی هێلیکۆپتەر و تۆپی دوورهاوێژەوە هێرشێکی بەرینی بۆسەر ناوچەی (سەقز بەتایبەتی ئاوایی هەرمێدۆڵ کە بنکەی نەخۆشخانەی حیزبیشی لێبوو) دەستپێکردووە و لەچەند لاوە ناوچەکەی داوەتە بەر ئاگری تۆپ و کاتیۆشا. زۆر ترسەنۆکانە چیا و پێدەشتەکان تۆپباران دەکات و بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤانە ڕەشە کووژی دەکات. حیزب بڕیار دەدات بە زووترین کات نەخۆشخانە بۆ شوێنێکی سەلامەت بگوازرێتەوە و پێڕاگەیشتنیش بە بریندارەکان بکرێت. کاک مەنسوور لەگەرمەی شەڕ و لەژێر ڕەهێڵەی ئاگربارانی خوێنڕێژانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێراندا، بە کۆڵی پێشمەرگەیەکەوەیە تا دەربازی بکات بۆ ناوچەیەکی دیکە. بەڵام بەداخەوە گولەیەک وە پشتی دەکەوێت و بۆ جاری سێیەم بریندار دەبێت.

ئەمجارەیان گولەکە بڕبڕەی پشتی دەگرێت و دوای چەند نەشتەرگەری دەرکەوت کە ئیتر قاچەکانی لەکار کەوتوون و توانای ڕۆیشتن و ڕاوەستانیان نییە. ئەو هەواڵە هیوا و ئومێدی مەنسووری قارەمانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو سەنگەری گیانفیدایی کردە خۆزگە ونیگەرانی. بەدڵ حەزی دەکرد برینەکانی زوو ساڕێژ ببنەوە و هاوشانی پێشمەرگەکانی هاوڕێی داستانی نەبەزی و دلێری تۆمار بکەن تا نیشتمان نەکەوێتەوە ژێر پۆستاڵی ڕەشی داگیرکەرانەوە. بەڵام سەد حەیف و مەخابن کە ئەو بریندارییە نەیهێشت کاکە مەنسوور جارێکی دیکە ئەو ئاواتە بێنێتە دی.

لەساڵی ١٣٦٤ی هەتاویدا لەسەر بڕیاری رێبەرایەتی حیزب لەگەڵ ٤ کەمئەندامی دیکە لە هێزەکانی تری حیزب بە مەبەستی چارەسەری نێردرایە دەرەوەی وڵات و لەوکاتەشەوە تا کاتی ماڵئاوایی لە وڵاتی سوئێد دوور لە زێدی نیشتمان و ئازیزانی دەژیا.

لە وڵاتی سوئێدیش هەر زوو هەوڵی خۆپێگەیاندن دەدات و خۆی فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی سوئێدی دەکات. لەساڵی ١٩٩١ی زایینیدا لەگەڵ هێلێن خانمی بەڕەچەڵەک فینلەندی دانیشتووی سوئێد ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و بەرهەمی ئەو ژیانەشیان کوڕێکی ژیر و وریایە بەناوی سۆران. لێرەدا جێی خۆیەتی کە زۆر سوپاسێکی تایبەتی خاتوو هێلێنی هاوسەری کاک مەنسوور بکەین کە بەدرێژایی ئەو ساڵانەی بەیەکەوە بوونە هەردەم پشتیوان و هاوکارێکی بەوەفای ژیانی بووە و بەوپەڕی ڕێزەوە لە ڕابردووی کاک مەنسووری ڕوانیوە و هەمیشە هانی داوە بۆ سەرکەوتنی بیروباوەڕ و ڕێبازەکەی تێبکۆشێ و لەوبارەوە هاوکاریشی کردووە.

کاکە مەنسوور لەبەر ئازایەتی و جوامێریی چەندین جار پێشنیاری فەرماندە پەل و جێگری فەرماندە لکی پێ کرا، بەڵام لەبەر خاکی بوون و سادەبوونی رۆحی پێشمەرگانە هەرگیز قەبووڵی ئەو بەرپرسایەتیانەی نەکرد و تاکوو سەر وەک پێشمەرگە مایەوە.

کاکە مەنسوور لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە بەر غیرەتی پێشمەرگانە و دەستوبرد کردنی لە باری نزامییدا، چەندین جار بە نووسراوە لە لایەن فەرماندە نزامییەکانی خۆیەوە نامەی ئازایەتی و تەشویقنامەی وەرگرت.

 

کاک مەنسوور لە وڵاتی سوئێدیش لەناو تەشکیلاتی حیزبەکەیدا کەسێکی دیار و ناسراو بوو. لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا بەشدار بوو. هەردەم لە خەمی پێشمەرگەکان و حیزبەکەیدا بوو. هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە ورە و وزەی پێ دەبەخشی، بە زیانەکانی هێزی پێشمەرگە و حیزبەکەشی پەرۆش و ئاهی حەسرەتی هەڵدەکێشا. تا دواساتەکانی ژیانیشی بەدڵ و گیان، بە بیر و بڕواوە لەگەڵ حیزبەکەی خۆی مایەوە و بۆ چرکەیەکیش بێ هیچ چاوەڕوانییەک لەو ڕێباز و ئامانجەی هەڵیبژاردبوو و بۆی تێدەکۆشا گوومانی لا درووست نەبوو و خۆنەویستانە تێدەکۆشا و شەیدای سەرکەوتنی خەباتی حیزب و نەتەوەکەی بوو.

بەداخەوە چەند مانگ لەمەوبەر دووچاری نەخۆشییەک دەبێت کە هەوڵی چڕوپڕی پزیشکەکانیش ناتوانێ هیچ ئومێدێک بۆ درێژەدانی ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ کاک مەنسوور. بەداخەوە ئێوارەی ١٨ی دیسامبری ٢٠١٨ی زایینی ئەوکاتەی ساڵ خۆی کۆدەکاتەوە و ماڵئاوایی دەکات، پیرەهەڵۆی شاباڵ بریندار بە ئاواتی ڕزگاری نیشتمانەکەی و خۆزگەی لەباوەش گرتنەوەی ئازیزانی لێکدابڕاوی، بەرەو ئاسمان لە شەقەی باڵ دەدا و بەرز بەرز بەرەو تەشقی ئاسمان دەفڕێت تا لەوێوە لە زێدی داگیرکراوی بڕوانێت و رۆحی هەرگیز نەمری هەروا لەو بەرزییە لەنگەر بگرێ و بۆ ئەبەد ئارام بخەوێ.

بەڵی کاکە مەنسوور لە ئێوارەیەکی ساردی غووربەتدا تەزوویەکی بە لەشی هەمووماندا هێنا. هەموومانی تاسەبار و غەمگین کرد. بەڵام کۆڕی ئەمڕۆمان هەم ڕۆحی کاک مەنسوور ئاسوودە دەکات و هەم نیشانەیە بۆ وەفاداربوون بە ئامانجەپیرۆزەکانی کاک مەنسوور. 

بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە هێلێن خانمی هاوسەری و کوڕەکەی سۆران و بنەماڵەی بەڕێزی پیرۆتی لە کوردستان و هاوسەنگەران و دۆستانی دەکەین و خۆمان لە خەمی کۆچی دوایی کاک مەنسووردا بە شەریک دەزانین.

 

ڕۆحی کاک مەنسوور شاد بێت و بنەماڵە و کەسوکاری سەلامەت بن.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی کاک مەنسووری کۆچکردوو.

ڕێبازی زیندوو و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.

 بەسوپاسەوە/

قادر مێهفەر – لەلایەن کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە

١١/١/٢٠١٩ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی