"an independent online kurdish website

نەتەوەی کورد لەم قوناغە پڕمەترسیە دا، کە تیا تێپەڕی زۆر دژوارە بۆی بتوانی داوودەزگەی هێزی نەرم دامەزرێنی وەکو هەندی وڵات و قەوارە لە سەر گۆی زەوی،


تا لە ڕێگای ئەم هێزە نەرمە دا بە بەرنامەی ئاراستەکراو ئەو بابەتە کۆنە نەرێیە لە سەر گەلی کورد لای ئەو نەتەوانە کە لە دەوروبەری کوردستان دەژێن، هەر وەها لای ئەو کەمایەتیانە و ئەو هۆز و تایفە ئاینیانە کە لە ژێر سایەی کورد دەژێن بگۆڕی بۆ وێنەیکی جیاوازتر و جوانتر؟. ئەگەر دەرفەت بۆ گەلی کورد ڕەخسا، دەتوانی لە ڕێگای داوودەزگای “هێزی نەرم” (Soft power) شاڵاوی بیر و ئاوەزی ئەو گەلان و کەمایەتیانە بکا.

خوێنەری هێژا، لەو داهێنانە نەرێە دا کە لە هەگبەی “مام سام” دەرچوو (Uncle Sam) ئەو شتەیە کە پێ ئەڵێن “هێزی نەرم” کە ڕێگا خۆش دەکا تا ئەوەی لە پشتیەتی زاڵبێ بەسەر بییر و باوەڕی ئەو گەلە دەستنیشانکراوە، تا قیبلەنمای ئەندێشەی بگۆڕی بەو ئاقارە کە دەیەوێ، پاشان ئاسان بێ بۆ ئەو هێڕش کەرە دەست بگری بەسەر نیشتمانەکەیان و سەروەت و سامانیان تاڵان بکا. واتە، لە ئاکام دا دەست دەگری بەسەر تایبەتمەندی ڕەفتاری ئەو دەستنیشانکراوە، وەکۆ لە سەرەوە هێمام کرد، شێوەی بیرکردنەوەی سنووردار دەکا، مەبەستی وایە، کە لە کۆتایی دا ڕووی بیکا بەو ڕووگەیە (قیبلە) کە ئەو لایە ئەیەوێ؟.

چاودێری بەرێز، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پرۆفیسۆری زانکۆی “هارڤارد”ی ئەمریکی              (Harvard University) یاریدەدەری ڕابردووی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبردنی سرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا “بیل کلینتۆن” (جۆزێف س. نای) داهێنەری ئەم هێزە نەرمە بوو، کە لە ڕێ ئەمەوە ئەو خالانەی هێز بەبێ زۆرەملەی ناساند، ئەوەیش لە ڕی ئەدەب و هونەرەوە، دیسان ئەڵێ: جار بە جاریش لە ڕێ دەبلۆماسێ نەرم و نیاییش.     

بێ گومان کاریگەریەتی هێزی نەرمی ئەهریمەنی لە سەر کۆمەڵگاکان دا زۆر زۆرترە لە کاریگەریەتی هێزی ڕەق (سوپا) یان هەر هێزێکی تر لە سەر ڕووی ئەرز، ئەزانی بۆ چێ، لە بەر ئەوەی کە ئەمە بیر،هۆش، کولتوور هتد تێک دەدا؟. بەڵام لەنێوان هێزی نەرم و “جیوپۆلەتیک” (Geopolitics) دا شتێک هاوشێوە هەیە، وەکو ئەزانن، ئەم دواهمینە پەیوەندیی بە ئەرزەوە هەیە، چەن و چونیەتی و جێگەی ئیستراتیجی جیوگرافی شێدەکاتەوە، ئەوەی کە پەیوەندیی هەیە لە گەڵ سەری زەوی و ناخی زەوی؟ بەڵام ئەوی تر – هێزی نەرم- پەیوەندیی بە مرۆڤەوە هەیە، بەتایبەت بە  کۆکراوەی بیروڕای، بۆیە هەوڵ ئەدا بۆ ئەو ئامرازانە کە هەیەتی چ وەکو ئامێر یان وەکو ئەو مرۆڤانە کە ئەو داوودەسگانە بەڕێیەو دەبەن بە ئەوپەڕی دەستبڵاوی پارە و خانوو لە سەریان دابەش دەکا. ئامانج ئەوەیە، تا ئەمانە بە هەوڵ و هیمەت و دڵ گیانی کاری خۆیان ئەنجام بدەن بۆ گۆریینی ناوەڕۆکی تووشبوو بۆ بەرژەوەندی ئەو لایەنە کە خاوەنی سەرمایەی داوودەسگای ئەو هێزە نەرمەیە؟.

خۆشک و برای خوێنەر،یەکێک لەو وڵاتە زلهێزانە کە لەم بوارەوە خۆی گەیان بە جیهانی ڕۆژئاوا وڵاتی “ڕووسیای فیدراڵ” بوو، کە سەرۆکەکەی “فلادیمێر پۆتین” لە یەکێک لە لێدووانەکانی لەم بوارەوە گوت: هێزی نەرم، لە کۆمەڵیک ئامێر و ئامراز و چۆنیەتی پێکهاتووە بۆ بەدێهێنانی ئامانجە ڕامیاریەکان (سیاسەکان)بە بێ  بە کاربردنی هێزی ڕەق، ئەشێ لە ڕێ زانیاری و ئامرازی دەسەڵات.

دیسان، یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەنجوومەنێکی تایبەت پێکهێنا بۆ هێزی نەرم ئەویش “وڵاتی  میر نشینی یەک گرتووی عەرەب = الإمارات العربية المتحدة” بوو. ئەم وڵاتە بچووکە بە ڕێژەی ژمارەی دانشتوانی، بەڵام گەورەیە بە کاریگەریەتی دەبلۆماسێ و ئابووری لە جیهان دا. باش چاودانە سەربابەتەکە تا بزانی ئەم ئەنجوومەنە لە چ کاردێر و لێپرسرا و بەڕێوەبەر پێکهاتووە: ١- وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران. ٢- وەزیری وڵات بۆ کاروباری یارمەتی نێو دەوڵەتی. ٣- وەزیری وڵات (دەولت). ٤- وەزیری وڵات بۆ کاروباری دەرەوە. ٥- وەزیری وڵات بۆ کاروباری ئەنجوومەنی نەتەوەیی فیدراڵ. ٦- سەرۆکی دەزگای ئەنجوومەنی ئەبو زەبی بۆ کولتووری وگەشتیاری. ٧- بەڕێوەبەری گشتی بواری پەرەپێدانی ئابووری لە بەرێوەبەرایەتیی دووبەی. ٨- بەڕێوەبەری گشتی بواری گەشتیاری و کڕین وفرۆشتنی بازرگانی لە میر نشینی دووبەی. ٩- بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی دەبلۆماسێ گشتی، ئەندام و بڕیاردەری ئەنجوومەنەکە. ١٠- بریکاری بواری پەرەپێدانی ئابووری بریکارێتی لە میر نشینی دووبەی. بۆ زانیاری، لەم دە کەسە سێیانیان ژنە.  ئەت بینی خوێنەری هێژا، وڵاتی میر نشین (وڵاتی ئیمارات)، باش دەزانی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی لە جیهانی فیلەکان چەندە، ئەلەبەر ئەمە، جووڵانەوەی ئەنجوومەنە هێزە نەرمەکەی سنووردار کردووە لە بواری زانست، کولتوور، ئابوور، گەشت، مڕوڤایەتی و هونەر.  دوور لە پڕوپاگەندە بۆ دژکاری ڕامیاری و جەنگاوەری، کە بوو بە بەربەست لە زۆر وڵاتانی عەرەب تا گەشە بکەن بەرەو دێمۆکراسی ، کە ئەوەبوو هەندی دیکتاتۆر لایان دروست بوو خۆیان کرد وەکو (خوا) نە پڕسیار ونە لێکۆڵینەوە ڵێان ناکرێ، نموونەیکیان سەدام حوسەینی گۆربەگۆر بوو، هەرئەم دیکتاتۆرانە بوون ئابووری وڵاتەکانیان وێران کرد و هێزی مرۆڤ تیا بەفیڕۆدا، لە کۆتایی دا نە خورمای شام بەدەستیان کەوت و نە ترێ یەمەن. بەڵام سەرکردەکانی “میر نشین” (ئیماراتی عەرەبی) زۆر باش دەزانن کە ناتوانن ببن بە ڕکابەری هێزە تەقلیدیەکان، ئەمەیش ئەو پەڕی ژیریە، کە مرۆڤ بزانی لە چ کێڵگەی کەڵک لێوەردەگری و گەشەدەکەی و سەردەکەوی و نابێ وەکۆ ئەو کەرە کە ترێ لەسەر پشتی هەڵدەگری و لە تام و چێژی بێبەشە؟. مەبەست ئەوەیە، کە هەر وڵاتێک یان لایانیک هێزی نەرمی خۆی ئاڕاستەی ئەو کێڵگەیە بیکا  بەگوێرەی ئەو توانایە کە هەیەتی و کارتیگەرە تیا بەشێوەیکی ئەرینی، ئە بەم جورە دەتوانی چێژ وەربگری لە خورمای شام و ترێ یەمەن.

کوردی هێژا، پاش جەنگی جیهانی یەکەم، بە گوێرەی بڕیاری پەیمانی لۆزانی نەفرین کراو لە دەڤەرەکەمان دا قەوارەییک دروستکرا بە ناوی تورکیا، یەکێک لە ئامانجە دروستکردنەکەی ئەوە بوو کە وەکۆ خەنجەری غەدر لە قەبرغەی گەلی کورد دایبنەن، دیسان هەر ئەم قەوارە نا یاساییە، باکووری کوردستانی داگیر کرد و کۆتایی پێ نایا لە دەستتێخستن لە بەشەکانی تری کوردستان، ئەو بەشانە کە لەلایان عەرەب و ئێرانەوە داگیرکراون. سەرکردەکانی ئەم قەوارەیە لە برواری دروستکردنی تا چڕکەی نووسینی ئەم ووتارە بێشەرمانە و بە ئاشکرا هاوار دەکەن کە دژی گەلی کوردن و هەرگیز قایل نیین بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان وەکو دەوڵەتانی جیهان ئەگەر لە سەر مانگیش بێ. بەڵام ئەم قەوارە لۆزانیە، لە ڕێ ئامرازەکانی هێزی نەرم سەرکەوت بۆ تێپەربوونی سنووری هەندی وڵات کە ساڵەها دوورودرێژ قەدەغە بوو چونەنانەوەی بۆی. بەڵام ئەوەی دەرگای ئەو وڵاتانە لە بەردەمی کردیەوە هێزی نەرم بوو. ئەویش لە ڕێ ڕامیاری و ئابووری و گەشتیاری، کە زنجیرە دراماکانی تورکی دۆبلاژ کراو بەزمانی کوردی و عەرەبی و زمانەکانی تر، کە جوانترین کوڕ وکچی باڵا چنار و مەمک هەنار و شێوە ڕووت هەڵدەبژیرن بۆ نواندن، کە ئامانجەکەیان دەستبەسەرگرتنی هزری لاوی عەرەب و کوردە. وێڕای، سەرەنج ڕاکێشی گەشتیارە بۆ قەوارەی تورکیای لۆزانی،ئەمجا کامیرای دراماکان تیردەکەن بە سەر هەندی شوێن کە کەمی سەوزایی تیایە، تا  تورکیا نیشان بدەن وەکۆ وڵاتێکی سەر سەوزە. بۆ زانیاری، راپۆرتەکانی ساڵی پێشوو نیشان دا کە دراما تورکیەکان لە جیهان دا لە پلەی دوو هاتن، ئەویش پاش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟. لەم بوارەوە تورکەکان ئەڵێن: ئێمە بۆ ١٠٢ وڵات دراما دەنێرین، وڵاتە عەرەبیەکان لە پێشەوەیانن؟. خوێنەری هێژا، سەرڕای کە ئەم درامانە پڕۆپاگەندە دەکەن بۆ قەوارە تورکیا، سامانیکی زۆر بۆ تورکیا دابین دەکا کە لەگەڵ ناوەڕۆکی دراماکان ڕامیاری ئەهریمەنی تورکیا ئەنێری؟، کە ڕوومەتی زەمکراوی تورکەکان لە جیهان دا بریسکەدار دەکا، بە وێژە لای عەرەب، کارتێکردنی ئەم درامانە گەیشتە سنووریک کە ئەکتەری بەناو بانگی قەوارەی سووریا “عەباسی نووری” هاتەدەنگو لە لێدوانیک دا گوت: دراما تورکیەکان ئەمانگۆڕی لە ئومەت محەمەد بۆ ئومەت موهەنەد. موهەنەد ئەو لاوە تورکە ناڕەسەنیە – بە ڕەچەڵەک بۆسنیە، ناوی: کیتانش تاتلیتوغە- کە بەناوبانگ بوو لە یەکێک لەو درامانە دووبلاژ کراوە تورکییەکان بە عەرەبی بەناوی موهەنەد.

مەبەست لە وتارەکەمان دا ئەوەیە، کە لە ساڵانی ڕابردوو دا لە وتارە عەرەبیەکانم دا چەند جار هێمام کرد بەو هێزە ئەهریمەنیە، کە پێ دەوتری “هێزی نەرم” گوتم با جاریکێش بەزمانە شیرینەکەی خۆمانیش باسی بکەم. هەرکەس پێ خۆشە چاوێک بەو وتارانە بەخشێ بەم ناونیشانەن:١-  “الفن هوية القومية 1/3″ ساڵی ٢٩١٣ بڵاوم کردەوە. ٢- ” إطلالة على الصحافة الالكترونية والمواقع الإخبارية” ساڵی ٢٠١٦ بڵاوم کردەوە. دیسان جارێکی تر لە ساڵی ٢٠١٨ لە وتاریکی تر بە ناوی: ” متى تولد الروح الوطنية الكوردستانية الحقيقية في ضمير عموم الشعب الكوردي” دیسانەوە تکام کرد لە خوێنەری بەڕێز، بە تایبەت ئەو کوردە فەیلی و شیعانە کە لە بەغدا و شارەکانی ترن، بە تایبەت ئەوانەی مووچە لە یەکێتییەکەی جەلال تاڵەبانی وەردەگرن بەداخەوە لە عەرەب عەرەب ترن و لە شیعە عەجەمەکان کە ئەمرۆ لە عێراق دەسەڵاتیان هەیە شیعە ترن!! هەر وەکۆ جاران هیچ گوێ نەدان بە قسەکانم؟!، بێجگە لە ئەمەیش، لە لاپەرەکانیان لە “فێسبووک” (Facebook) پڕۆپاگەندە بۆ عەرەب و شیعە دەکەن، هەر ناوی کورد بەخەیاڵیان دا نایە!! سەرڕای ئەوەیش، ئەو فیلم و گۆرانیە عەرەبیانە لە لاپەرەکانیان بڵاو دەکەنەوە کە بە شێوەزاریکی ئەهریمەنی تەعریبی لاو و منداڵی کورد دەکا!!.

ئەوەی کە خەم و خەفەت ئەدا، جارێک بە یەکێکیان گوتم بۆ گوێ دەگری لەو گۆرانیانە.. و پەخشی دەکەیتەوە لە لاپەرەکەت کە وڵاتی فلانی.. پەخشی دەکا، کە یەکێکە لەو وڵاتانە بەشێکی کوردستان داگیرکردووە و دان بە کورد دا نانا وەکۆ گەل و خاوە نیشتمان؟، وڵامم دایەوە بەم شێوە: نە مامۆستا من بە هۆشم، ئەوان ناتوانن من بتوانەوە لە ناو خۆیان دا. بەڵام بەداخەوە، ئەو کوردە نەزانە (ناشیە)، دەرک ناکا کە کاتی گوێە لەو گۆرانیە دەگری بە هەستەوە ئەبێ بە ئامرازی پڕۆپاگەندە بۆ ئەو داگیرکەرە بە خۆڕایی، (هەڤاڵ) نازانی بووە بە جاش  بە بەلاش؟؟!!. تکایە، با هاووڵاتی کورد لەم بوارە دا تۆزی بە ئارامی بیربکاتەوە، تا باش بزانی لە نێوان داگیرکەر و نیشتمان لە کوێ ڕاوەستاوە؟.

وەکۆ گوتم، ئەرکی نەتەوایەتیە لە سەر شانی هاووڵاتی کورد کە لەم بوارە دا تۆزێک بیربکاتەوە، بۆ وڵاتەکان سەدها ملیۆن دۆڵار خەرج دەکەن بۆ داوودەزگای ڕاگەیاندن وکۆ ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆ هتد؟. خوێنەری هێژا، باوەرت بێ کەناڵ هەیە ٢٤ کاژێر پەخشی هەیە بۆ منداڵان، تایبەتە بە فیلمی کارتۆن (Cartoon films)، ئایا بۆ؟ ئەگەر ئامانجیان ئەوە نییە بیان بەن بە بچووکی و مێشکیان پڕ بکەن بە کولتووری ئەو وڵاتە کە لە پشتی ئە کەناڵەیە؟، بۆ نموونە “تۆم و جێری”  (Tom and Jerry) هەتادوایی. ئاخر ئەگەر کاریگەری هێزی نەرم نەبێ لە سەر زاری چەندان مەلا و شێخی عەرەب کەی ئیسلام گوتووە مرۆڤی کورد بە زمانی خۆی قسە نەکا، یان کەی گوتووە ناوی منداڵەکەی بنەی “حذيفة”!! کاتی سدای دەکا ئەڵێ هوزەیفە، چۆنک پیتی “ح” و “ذ” لە زمانی کوردی دا نییە، یان ناوی ئەنەس هتد.

هیوادارم ئەم قسانە کە لە سەر کاخەز نووسیم بە شێوەیکی دروست و بێخەوش بگا بە ئەقڵ و هزری هاووڵاتی کورد، تا باش تیبگا و نەبێ بە نەرمەقووت بۆ ئەو گەلانەی لەدەوروبەری نیشتمانەکەمانن، کوردستان، کە جەستەیان مرۆڤە، بەڵام لە ناوەوە کەمتیارن.  دیسانەوە، وەکۆ هاووڵاتێکی کوردستانی، هیوادارم لە میری هرێمی کوردستان و پارتەکانی کوردستان هەوڵ بدەن مرۆڤی کورد بپارێزن لە دەرەوەو ناوەوەی هرێم؟ لەو هێڕشە کولتوور و ئابووری و ڕامیاریەی بێگانانە، کە ئەیانەوێ مرۆڤی کورد بتیوانن لەناو خۆیان دا. بەداخەوە، لەم بوارەوە نموونەی کوردی زۆرمان هەیە لە بەغدا و تەهران ودیمەشق و ئەنقەرە کە لە ڕێ کارتێکردنی هێزی نەرمەوە پێستەکەیان گروو و بوون  بە عەرەب و فارس و تورک و دژایەتی  گەلی و نیشتمانی خۆیان دەکەن، دژایەتی کورد و کوردستان دەکەن؟؟!!.

 

2019 01 12

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی