"an independent online kurdish website

ئێمەی کورد هەر بە منداڵی  لە گەڵ سیاسەت تێکەڵاو دەبین. هێشتا زمانی دایکی خۆمان نازانین، کە پێش چوونمان بۆ قوتابخانە، دەبێ فێری زمانێکی  دیکە بین.


 لە گەڵ دەست پێکردنی قوتابخانە زمانی خۆمان دەخرێتە پەراوێزەوە و دەبێ هێندە لە سەر زمانی خوێندنی زۆرەملی کار بکەین تا لە دەرسەکانماندا سەرکەوتوو دەبین. هەر ئەو کاتەش مێشکی منداڵانمان بەو  پرسیارەوە سەرقاڵ دەبێ، بۆچی بە زمانی خۆمان ناخوێنین؟ کەمی تەمەن ڕێگای بدابا، هەر ئەوکات بە تاوانی خستنە ژێر پرسیاری یاسای پەروەردە و فێرکردنەوە، دەخراینە زیندانەوە.

ئەوەندە ئازادی قسەکردنە کە لە گوند و شارە بە تەواوی کوردییەکاندا هەیە، لە شارە تێکەڵاوەکاندا نیە، یان زۆر کەمترە. منداڵە کوردەکە  دەبێ هەوڵبدات لە گەڵ هاواڵانی لێک تێ بگەن، کە لە وێش زۆرتر بە زەرەری کوردەکە تەواو دەبێت. هەموو شتێک بە دەست غەیری کوردەکەوەیە و کوردە هەر دەبێ مەجبور بێت بۆ ڕاییکردنی کارەکانی ڕوو لەوان بکات.  تەنیا چەکێک بە دەست کوردەوە، ڕاکێشانی سرنجی نەتەوەکانی دەورووبەری بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە پەنای یەکتردایە.

مێژوو پێماندەڵێ کە ئەو نەتەوە و کەمە نەتەوانەی لە گەڵ  کورد لە شارەکاندا دەژین، بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندیان بە دەوڵەتێکی جیرانەوە هەیە، کە پشتیوانیان لێ دەکەن. لە گەڵ گوڕینی ڕێژیمەکانیش پاشماوەی ڕێژیمی پێشوو هەر زوو دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و لە گەڵ ڕێژیمی تازە بە دژی داخوازییەکانی کورد یەک دەگرن. چوونکی ئەوان باش دەزانن کە ئەوان هاتوونە نێو ماڵی کوردەوە و هەر داخوازێکی کورد لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە مانای جێ پێ لەقکردنی ئەوان دێت. لە زەمانی کۆماری کوردستان دا ئازەرییەکان لە لایان ئازەربایجانی شوڕەوییەوە پشتیوانیان لێدەکرا. ئێستا ئازەرییەکان لە ورمێ و نەغەدە و باقی شارە تێکەڵاوەکان لە لایان دەسەڵاتەوە پشتیوانیان لێدەکرێ. ئەوەتا لە کەرکوک تورکمەن لە لایان تورکیە و عەڕەبی هێندراو لە لایان هەموو وڵاتانی عەڕەبیەوە پشتیوانی دەکرێن، بەڵام کوردە تەنیا و تەنیا خۆیەتی. لەو بارەوە کورد ناتوانێ یەک لایانە بڕیار لە سەر ئەو ناوچانە بدات. نمونەی هەرە بەرچاو لەو بارەوە بڕیاری میتینگی نەغەدە و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە لە لایان ئاژاوەگێڕانەوە و سازبوونی شەڕی نەغەدە بوو. بێگومان ڕوونەدانی ئەو شەڕە لە قازانجی کورددا دەبوو. کوردیش دەبێ لەو بارەوە بۆ خۆی دەستپێشخەر بێت. نمونەی کەرکوک با لە ڕۆژهەڵاتیش دووبارە نەبێتەوە. پارتی و یەکێتی ئەوەندەی لە بیری سەپاندنی هێژموونی خۆیاندا بوون هێندە لە بیری ئەوەدا نەبوون عەرەبی ڕەسەن و تورکمان لە دەسەڵاتدا بەشدار بکەن. هەرچی کردیان، دوای زەختی هەمەلایانەی ئەملا و ئەولا بوو لە سەریان.

 

ئارەزووی هەموو منداڵێکی کورد ڕزگاربوون لەو نەهامەتیانە و خۆ دیتنەوە لە قالبی مرۆڤێکی بە تەواوی  ئازاد دایە. زۆر شاعیر هەڵبەستیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی خەڵکانی دیکە هۆنیوەتەوە. تەنانەت ئەوەی کە تا ئێستاش داوای سەربەخۆیی نەکردووە، لە ناخی خۆیدا لە گەڵ سەربەخۆیییە و لاری نیە، ئەو مافەی هەبێت ڕۆژێک بێت وڵات و ئاڵای خۆی هەبێت.

لە مێژووی گەلی کورددا زۆر کەس و حیزب لە ڕێی سەربەخۆیی کوردستاندا تێکۆشاون. زۆر جوڵانەوە سەرکوت کراون و زۆریشیان تا ئەوڕۆش هەر بەردەوامن. هەر حیزبە بۆ چارەسەری نەهامەتیەکانی گەلی کورد بەرنامەیەکی هەیە و هەرکەس ئازادە کام حیزب هەڵدەبژێرێ.  هەڵبژاردنی ئەو حیزبەش بەو مانایە نیە، هیچ نەقشێکمان لە بەرەو پێشچوونی حیزبدا نەبێت. بە پێچەوانەوە حیزب ئەو کات دەتوانێ بە زیندوویی بمێنێتەوە کە ئەندامی زیندووی هەبێت. ئەوەش بەو مانایە نیە کە هەرچی پێش ئێمە کراوە پێمان هیچ بێت و پێمانوابێ هەر ئێمە هەموو شتێک دەزانین و خەڵکی دیکە نە هیچ دەزانن و نە هیچیان پێدەکرێ. کە بۆخۆمان لە مەیدان دا نەبووین پێمانوابێ دەبێ خەڵکی دیکە هەرچی بۆ ئێمە ئاستەم بووە، بیکەن و چاومان لە ئاست ڕاستیەکانی مەیدانی خەبات بنوقێنین.

پێمانوابێ بە هەڵکەوت چەقی خەباتی گەلی کورد بەشیکی کوردستان بووە، ناوچەکانی دیکە پەڕاوێزخراون. دەبێ لە بیرمان نەچێت خەبات بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا بە پێی هەلومەرج بووە. هەستی نەتەوایەتی ئێستا لە هەموو کات زیاتر لەو بەشانەی کوردستاندا، کە پێمانوابووە پەڕاوێز خراون لە ئارادایە و قوربانیشی بۆ دەدرێ.  تەنانەت هاومەزەب بوون لە گەڵ دەسەڵاتیش نەیتوانیوە پێش بەو هەستە ڕوو لە گەشەیە بگرێ. ئەوەی لەو نێوەدا لە سەر هەموو دڵسۆزان پێویستە، خۆ بە بەشێک زانین لەو هەستە نەتەوایەتیەیە، بێ گوێدان بە ناوچە و زاراوە و بن زاراوە….هتد.

 

بە دەست هێندێک کەس بێت، حیزب هەر ڕۆژەی لە گەڵ حیزبێک و وڵاتێک بە شەڕ دەدەن و پاشان خەتاکەی دەخەنە ئەستۆی حیزب. نە هیچ پێکهاتنێکیان دەوێ و نە نایانەوێ. لە دەرەوە زیاتر لە هەموو کەسی دیکە لایەنگری خەباتی چەکدارین و بە هیچ شتێک جیا لە سەربەخۆیی ڕازی نابن. هەر کە نێوبانگێکان دەرکرد لە بیری دروستکروونی حیزبێک دەکەون و خەباتی پێشووی هەموو حیزبەکان دەبەنە ژێر پرسیار.  

لایەنێکی دیکەی کاری ئێمە بەرپەرچدانەوەی هێندێک هێرشە کە دەکرێتە سەر حیزب. لە هەر حیزبێکدا ئۆرگانی پێوندیدار دەتوانێ لە کاتی خۆیدا وڵام بداتەوە. کەس ناتوانێ، بێ ئاگاداری لە سەر چارەنووسی ئەندامانی حیزب، کەسێک لە ئەندامەتی بێبەری بکات یان هێرش بکاتە سەر کەسێک و دواتر دەرکەوێ کە هەڵوێستی حیزب ئەوەندەی لە زاری هێندێک بەرپرسەوە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێتەوە توند نیە.

با تەنیا لە بیری وەدەرنان دا نەبین. هەوڵبدەین لە ڕێگای دروستەوە کارێگەری پێویستمان لە سەر ئەندامان هەبێت و لە بەشینەوەی تۆمەت و بێحورمەتی کردن بە سەر خەڵکانێکدا کە بە ڕاستی پێوەندیان بە ڕێژیمەوە نیە خۆ ببوێرین.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی