"an independent online kurdish website

 زۆربەمان کە ھاتووینەتە ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات، زیاتر تەنیا ھەست و سۆزێکی کوردانەی ستەم چێشتوومان بە ھەندێ زانیاری نیوەخاوەوە پێ بووە کە رقی پیرۆزمانی ئاراستە کردووە.


 ئەتوانین بێژین: ھەست و باوڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان راست وەک قوڕە سوورەیەک بووە کە ئەبێ مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی لێ درووست بکرێ. کارگای نەتەوەیی دیمۆکرات ئەو قوڕە دەشێلێ و شعوور و باوڕ و ویستەکانمانی پێ بونیات ئەنێ و بۆ گەییشتن بە ئامانجە باڵاکانمان ئامادەمان ئەکات.

 

داخڵ بوونت بە پرسگەی حیزبی دیمۆکرات ، تامی یەکەم تەجرۆبەی سازمان و رێکخراوی خۆماڵیت پێ ئەچێژێ. یەکەم رێکخستنێ کە بە ھی خۆتی ئەزانی، یەکەم رێکخستنێ کە بەرامبەر بە ئەمر و فەرمانەکانی ھەست بە چەوسانەوە و ستەم و زۆرگویی ناکەی، لەدڵەوە حەزئەکەی و پێتخۆشە ئەو پێکھاتە رێکخراوەییە بەھێزتر بێ، توندو تۆڵ تر بێ، بێ کەموکوریتر بێ، پێشکەوتوو و مودێڕنتر بێ. ئەم خۆزیا و بریایانەت لە دڵەوەن و بۆیان ھیوائەخوازی.

 

کە ھاتینە پێشمەرگایەتی، سەرەتا نزیک بە سێ مانگ لە پەزیرش ھێشتینیانەوە، لەم ماوەیەدا بەردەوام ھەم وانەی فێربوونی زمانی کوردییان بە شێوەی زانستیانە پێ ئەوتینەوە، ھەمیش فێری نەزم و دسیپلینیان ئەکردین و ھەمیش لە سەر کاری بەکۆمەڵ و دڵفراوانی لە کاری بەکۆمەڵا رایان دێناین و لەگەڵ ئەوەشدا فێریان ئەکردین راشکاوانە رەخنە بگرین و دڵفراوانانەش رەخنە قەبوڵ بکەین.

 

لە قۆناغی پەزیرشدا رۆژانە زیاتر حەزت ئەکرد کە لەوێی، ھۆگرتر ئەبووی بە سیستمە خۆییەکەت. ھیچت نەبوو بەڵام ھەستت ئەکرد لە ھیچت کەم نیە. بۆ من یەکەمجار بوو تامی سیستمی خۆیی بکەم، رێکخستنی کوردی ببینم و کاریگەریی لێ وەرگرم. حەزم ئەکرد شەوانە زووتر رۆژ ببێتەوە و بزانم بەرنامەی تازەمان چیە. بڕۆم کتێب بگۆڕمەوە و کتێبی نوێ وەرگرم. ئاخر زۆر کتێب لەوێ بۆ یەکەمجار ئەخرایە بەردەستمان کە پێشتر زۆر قەدەغە بوون لامان. حەزت ئەکرد زیاتر تام لەو قەدەغە شیرینانە بکەی.

 لەوێ بە ئیمکاناتێکی کەمەوە، ھەستت ئەکرد تەمرینی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و رێکخستن ئەکرێ. کاتەکان بە وردی بۆ نان خواردن و چایی خواردنەوە و پاک و خاوێنی و شتەکانی دیکە بە خەوتن و ھەستانەوە دەستنیشان کرابوون.

 

پاش سێ مانگ چاوەڕوانی، براینە قۆناغی فێرگە. ئەتوانم راشکاوانە بیژم: چرکەمان ئەژمارد بۆ چوونە فێرگە. لە دوورەوە نیشانیان ئەداین، زۆر تامەزرۆیانە چاوەڕێی قۆناغی فێرگە بووین. کاتێ بەڕیزیان کردین بۆ چوونە فێرگە، ھەستێکی زۆر شکۆدار سەرتاپای مرۆڤ دائەگرێ. لەوانەیە وەسف کردنی ئاسان نەبێ.

 

لە حیزبی دیمۆکرات دا شۆڕشگێڕ پەروەردە ئەکرێ کە نەتەوەیی بێ، نیشتیمانی بیربکاتەوە و بیرو باوڕەکانی لە کاناڵی خەبات بۆ مافی چارەنووسی نەتەوەکەیا رێکبخات. بۆیە، گەر حیزبی دیمۆکراتا شۆڕشەکانی رابردووی کورد بە شۆڕشگێڕی دیمۆکرات ئەناسێنرێن، دەستنیشانی لاوازییەکانیان ئەکرا و ھۆکاری شکەستەکانیان روون ئەکرایەوە. لە کارگای نەتەوەیی دیمۆکراتا، بێلایەنانە باس لە سەرۆک و رێبەرانی شۆڕشەکان ئەکرێ و لاوازی و بەھێزییەکانیان ئەناسێنرێ.

 

بۆ چوونە ناو کارگای نەتەوەیی دیمۆکرات، تەنیا پێویستە مرۆڤی شۆڕشخوازی کورد، تاکی خەباتخوازی کورد ھەستی بە چەوسانەوە و ستەمی نەتەوەیی کردبێ و باوڕی بەوە ھەبێ کە دەبێ لەو پێناوەدا تێبکۆشێ. لەو کارگایەدا مرۆڤی خەباتخواز وەک خشتی ناو کوورخانە بە پەروەردەی نەتەوەخوازانە تین و تاو ئەدرێ و وەک خشتێکی ئامادە بەکار، بۆ بیناکردنی نەتەوە و وڵات و کیان و ئامانجەکانی ئامادە ئەکرێ.

 

کەوابوو حیزبی دیمۆکرات زۆر گەورەترە لەوەی لە کۆمەڵە بابەتێک وەک ناوچەگەرایی و باڵ و جەناح بازی بتوانن وەک خۆرە ئەستوونەکانی بکرۆژن و ئەو بینا شکۆمەندەی نزیک بە سەدەیەکە خوێن و تەمەن و باوڕ و وزەی بۆ ئەدرێ، بڕووخێنن. ئەکرێ رەخنەمان لە کار و ئاکاری کەس و کەسانی ناو حیزب، لە سەرەوە بۆ خوارێ ھەبێ، بەڵام ئەوە لە کارگای مەزنی نەتەوەیی حیزب کەم ناکاتەوە، بەڵکوو بگرە ئەستون و پایەکانی قاییمتر ئەکات.

 

ئەو کارگا نەتەوەییە کە حیزبی دیمۆکراتە، دەستکەوتێکی نەتەوەییە کە ئەتوانین ھیوادار بین رۆژێ بەو یەکە نەتەوەییانەی پەروەردەی کردوون، نەتەوەیەکی مودێڕن و کیان و نیشتمانێکی شاییستە بۆ کورد دەستەبەر بکات.

بۆیە بە دڵنیاییەوە مامۆستا ھێمنی شاعیر لە خۆڕا نەیوتووە:

کوردە لە سایەی، حیزبی دیمۆکرات

مزگێنیم دەیە، ئەگەی بە ئاوات

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی